ساڕێژی برینی هەڵەبجە

ساڕێژی برینی هەڵەبجە
بێ سنور و بێ ئاسمان و بێ پەرژین و بێ شورە بوین، بۆیە لە شەوەزەنگیی تەنیاییدا لە سەحراوە سەگوەڕ پەلاماریداین و لە ئاسمانەوە ژەهرباران كراین. كە جەللادانی مێژوو شمشێریان لە رووی رۆحماندا هەڵكێشا، نە دەرگامان هەبوو بە روویاندا داخەین و نە پەنجەرەیەك تا مناڵە زارەترەك و مەلولەكانمان لە گەلەگورگی بەدترین شەوگاری سەردەم بپارێزین. رووت و تەنیا بوین لەبەردەم تۆفانی گازی ژەهراوی و تەنیاتر بوین لە شینی شارە شەهیدەكەماندا.
هەڵەبجە ووڵاتی بێ ووڵاتان و هەرێمی بێ ناسنامە و سەرزەمینی تاقیكردنەوەی ژەهر و گاز و سامناكترین چەك بوو لەسەر میللەتێكی بێ كەس و بێ دەوڵەت و بێ پەنا. میللەتێك كە لەعنەتی بێ دەوڵەتی لە مرۆڤبوونی كەمكردینەوە بۆ ئاستی مەخلوقاتێك كە بۆ تاقیكردنەوەی ژەهری كۆكوژ بگونجێین.
هەڵەبجە تەنیا پێی نەگوتین فاشیزم دڕندە و دڵڕەقە، هەڵەبجە پێی گوتین: میللەتانی بێ دەوڵەت هەمیشە و هەموو ئان و زەمانێك پرۆژەی لەنێوچوون و قەتل وعام و مەحفبونەوەن. هەڵەبجە لە شەوەزەنگیی بێ باكی و بەدئاكاریی جیهانی بێ ئینسافدا خنكێنرا و كەس دەستی جەللادەكەی نەگرت. دوای مەرگی ئەو بە نیو سەدە و لە دونیایەكی نوێی بەئاگاهاتووی ویژدان زیندوودا هەڵەبجەیەكی دیكەمان بەسەرهات، شنگالمان كەوتەوە بەر فرمان و قەتل و عام و تۆفانی سەحرا. ئەو دەمەی هەڵەبجە خنكا ئێمە جگە لە خودا و چیا، هیچمان شك نەدەبرد، بەڵام كاتێ شنگال بە دەردی هەڵەبجە چوو، پشتمان بە فیدرالیزم و عێراقێكی نوێ قایم كردبوو، لە هیچمان كەم نەبو تەنیا لە سەربەخۆیی نەبێ، كەچی لە نەبوونی سەربەخۆییدا، لە نەبوونی پەرژین و شورای سەربەخۆییدا هەمان كارەسات یەخەی گرتینەوە.
هەڵەبجە راستی كرد، نەفرەت و بەدبەختی و تراژیدیای بێ كۆتای كورد، بندەستی و پاشكۆیەتی و بێ ناسنامەیی و بێ دەوڵەتییە. تا وا بین هەمیشە هەڵەبجەین، هەردەم رووت و تەنیا و بێ پارێزگاری و دەشتی كاكی بەكاكی بەر پەلامار و لافاوی غەدرین. هەمیشە شانۆی كەرنەڤاڵی سەربڕین و ئەنفال و سوتماك و مەرگی بەكۆمەڵین.
هەڵەبجە برینێكە باڵای هێندەی باڵای كوردستانە، ساڕێژی ئەو برینە هەتوانێكی دەوێت ئاودامانی كوردستان، لاواندنەوەی هەڵەبجە ئامێزێكی دەوێ گەرمتر لە ئامێزی عومەری خاوەر كە نەیتوانی كۆرپەكەی لە ژەهر بپارێزێ. هەڵەبجە شورەیەكی دەوێ پڕ بە بەژنی شەهیدستانی كوردستان، شورەیەك لە هەموو تۆفان و ژەهرباران و سەگوەڕ و گەلەگورگێك، لە هەر زریان و رەشەبایەك لە هەر كوێوە هەڵكات، بمانپارێزێ و نەهێڵێ جارێكی دیكە هەڵەبجەكانی دیكەمان بخنكێن.
ساڕێژی برینی بەسۆی هەڵەبجە، لایلایەی ئەبەدی بۆ كۆرپە خنكاوەكانی هەڵەبجە، قەرەبۆكردنەوە و شەهیدانەی شایستە بە شەهیدانی هەڵەبجە، تەنیا و تەنیا سەربەخۆییە، دەوڵەتبوونە، مەرگەساتی هەڵەبجە پێی گوتین ئینسان بوون یەكسانە بە دەوڵەت بوون. لەدەوڵەتبوون كەمتر یەكسانە بە مرۆڤبونێكی كەمتر.
Top