ژینگەو ژاپۆن: چارەسەری نوێ بۆ گرفتی كۆن

ژینگەو ژاپۆن:  چارەسەری نوێ بۆ گرفتی كۆن
لە دواهەفتەی مانگی ئاداری ساڵی (2004) وەك وەزیری ژینگەی ئەوسای عێراق، هاوڕێ لەگەڵ وەزیرانی ژینگەی وڵاتانی عەرەب لە سیمیناری هاوبەشی وەزیری ژینگەی ژاپۆن و وەزیرانی ژینگەی وڵاتە عەرەبییەكان لە تۆكیۆی پایتەخت بەشدار بووم.
ئەوەی لای من جێگەی سەرنج بوو، ئەو راستییە ساكارە بوو كە دەڵێت:
هەمیشە پیسبوونی ژینگە زادەی پێشكەوتنێكی بێ بەرنامەیە لە بواری پەیوەندیی نێوان ژینگەو گەشەپێدانەوە.
خاتوو (یۆریكو كۆیكە)ی وەزیری ژینگەی ژاپۆن لەو سیمینارەدا سەەرەتا تیشكی خستە سەر مێژووی ژاپۆن لەدوای تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهانی و دەستپێكردنی هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی ژاپۆن بەشێوەیەكی زۆر خێرا.
لەو فیلمە دۆكیۆمێنتییەی كە پیشانیانداین، بینیمان لە ساڵانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی، هەڵمەتێكی فراوانی دروستكردنی كارگەو هۆكاری گواستنەوەو بنیادنانی فراوانی خانووبەرە هەموو گۆشەیەكی ژاپۆنی گرتبۆوە .
بەڵام هێدی هێدی و لە ئەنجامی تێكەڵبوونی ماددە پیسكارەكانی كارگەكان بە ئاوی رووبارو دەریاچەكان، زۆر گرفتی ژینگەیی سەریان هەڵدابوو لەچەشنی نەخۆشییەكەی كەنداوی (مینامۆتا) كە جیوەی نێو پاشماوەی كارگەكان لە جەستەی ماسییەكانی كەنداوەكە جێگیر بوون و، بەخواردنی ئەو ماسییانەش ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان گیانیان لەدەست دابوو، ژمارەیەكی زۆریشیان ئەودوای تەمەنیان بە نەخۆشیی درێژخایەنەوە بەڕێكردبوو.
وێڕای كارەساتەكەی كەنداوی (مینامۆتا)ی ساڵی (1950)، دووكەڵی كارگەكان و گازە ژەهراوییەكانی دیكەش تێكەڵ بە هەناسەی زۆرێك لە دانیشتووان ببوو، ژمارەیەكی زۆریشی لێ نەخۆش خستبوون .
خاتوو (كۆیكە) ئاماژەی بەوەدا كە چۆن دانیشتووان دژی ئەو كارگانە داوای یاساییان لە دادگا تۆمار كردووە، ئاماژەی بەوەشدا كە كەسوكاری قوربانیانی كەنداوی (مینامۆتا) هەتا ئێستاش قەرەبووی زیانەكانی ئەوسا وەردەگرنەوە!
خاتوو (كۆیكە)ی وەزیری ژینگەی ژاپۆن باسی ئەوەشی كرد كە ئەو دەزانێت لە دەرەوە زۆرینەی خەڵك سەرسام بوون بە ژاپۆن و پێشكەوتنەكانی، بەڵام – وەك ئەو دەیگوت – زۆربەی پێشكەوتنە تەكنەلۆژی و ماددییە بەراییەكانی ژاپۆن لەسەر حیسابی ژینگە بووەو، دوای دەیان ساڵی دی رێڕەوی پێشكەوتن و پەرەپێدان بەئاراستەی پاراستنی ژینگە راستكراوەتەوە، پاش ئەوەی لەنێوان ماوەی دەساڵی نێوان (1950- 1960) ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بەهۆی پەرەپێدانی بێ بەرنامەوە گیانیان لەدەست دابوو. لە ئێوارەخوانێكی سەرۆك وەزیرانی ئەوسای ژاپۆنیشدا (جۆنشیرو كۆیزومی) لە وتەیەكدا ئێمەی لەهەمان راستیی ئاگادار كردەوە كە پێشكەوتنە سەرەتاییەكانی ژاپۆن باجی گەورەی بەدواوە بووە لە بواری پیسكردنی ژینگەداو كات و بودجەو كاری گەورەی بەدوادا ئەنجام دراوە، هەتا رێڕەوی گەشەپێدان بەئاراستەی پاراستنی ژینگەدا راست كراوەتەوە.
ئەم راستییە بۆ ئێمە ئەمڕۆ و داهاتووش لە هەرێم و لەعێراقدا زەنگێكی وریاكردنەوەیەو دەبێت لە بیری دروستكارانی بڕیاردا بێت، چونكە گرنگە سوود لە ئەزموونی گەلان وەربگرین لە بواری ژینگەدا بەتایبەت لە وڵاتێكی وەك ژاپۆن، بۆیە لە كۆی ئەو دیدارو كۆبوونەوانەی كە بۆم رێكخرا لەگەڵ هەر یەك لە بەڕێزان:
(جۆنشیرۆ كۆیزۆمی) سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن
خاتوو یۆریكۆ كۆیكە وەزیری ژینگەی ژاپۆن.
خاتوو یۆریكۆ كاواگۆچی وەزیری دەرەوەی ژاپۆن.
كۆیچی ئۆباتا باڵیۆزی ژاپۆن لە شانشینی ئوردن.
ماسا میتسۆ ئۆكی باڵیۆزی ژاپۆن لەعێراق.
سوچی كاتۆ بریكاری وەزیری ژینگەی ژاپۆن.
ساتۆشی تاناكا بەڕێوەبەری نوسینگەی هاوكاری ژینگەیی لەوەزارەتی ژینگەی ژاپۆن.
ئیشینۆ كۆیا بەڕێوەبەری نوسینگەی نێودەوڵەتی ژینگەیی لەوەزارەتی ژینگەی ژاپۆن.
موخلیس عەلی رەجەب: كارمەند لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ژاپۆن.
ئەم بەڕێزانە جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە ئەزموونی ژاپۆن لەبواری ژینگەپارێزیدا شایانی چاولێكردنە.
بۆیە لێرەوە گرنگ ئەوەیە كە ئێمەش ژینگەپارێزیی بكەینە ئەركێكی هەمەلایەنە، بەمەرجێك هەر لایەنەو ئەركی دیاركراوی خۆی بزانێت و جێبەجێشی بكات.
بۆ نموونە دەتوانین چوارچێوەیەك وەك رێگەچارە گشتییەكان بۆ رەواندنەوەی هەڕەشە ژینگەییەكان دابنێین، لەم خاڵانەی لای خوارەوە:
1- داڕشتنی ستراتیژیەتێكی كوردستانیی بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگەو گەشەپێدان و كوالێتی ژیانی دانیشتوووان، بە بەشداریی حكومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی و هاووڵاتییان.
2- كاركردن بە چەمكی گەشەپێدانی بەردەوام و نەخشەكێشان بۆ دانانی سیاسەت و پلانێكی ژینگەیی بە هاریكاری لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە بۆ چەسپاندنی مافی ژیان لە ژینگەیەكی سەلامەت لە دەستووردا.
3- بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزەی خاوێن و نوێبووەوە و پشتبەستن بە چەمكی ئابووریی سەوز و تەكنۆلۆژیای هاوڕێی ژینگە.
4- كاركردن بە سیستمی ریسایكڵینگ بۆ رزگاربوون لە پاشەڕۆ و خاشاك، بە مەبەستی دووبارە بەكارهێنانەوەیان.
5- ئەنجامدانی (هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ژینگەیی) (EIA) بۆ گشت پڕۆژەكان.
6- ئەنجامدانی رووپێوێكی ژینگەیی بۆ دامەزراندنی بنكەیەكی زانیاریی ژینگەیی و دیاركردنی نەخشەی شوێنە پیسبووەكان و پاشماوە مەترسیدارەكان.
7- بایەخدان بە بەرنامەی هەڵگرتنەوەی مین و پاشماوەی تەقەمەنییەكانی جەنگ و هەوڵدان بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی كە لە ژینگەی كوردستان كەوتوون.
8- پاراستنی زیندە جۆرەكان (بایۆدایڤێرسیتی)و دامەزراندنی ناوچە پارێزراوەكان و پاوانە سروشتییەكان.
9- هاوكاریكردن لەگەڵ دامەزراوە ژینگەییە جیهانی و هەرێمایەتییەكان.
10- هەوڵدان بۆ پاراستنی ناوچە سروشتییەكان و شوێنەوارە كەلتوورییەكان لە چوارچێوەی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و یاساو رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان.
11- چاوخشاندنەوە بە دیزاین و ماستەرپلانی شارەكاندا لە رووی پێداویستییەكانی دانیشتوووان و پاراستنی ژینگە و پشتگیریكردنی پڕۆسەی گەڕانەوە بۆ گوندەكان.
12- پاراستنی سامانە سروشتییەكان و بەكارهێنانیان بە رەچاوكردنی بەرژەوەندیی ئێستای هاووڵاتییان و نەوەكانی ئایندە.
13- ئیمزاكردنی پەیماننامەیەكی نیشتمانی بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان، سەرجەم لایەن و كۆمەڵە و رێكخراو و تاكەكانی كوردستان بەشداری تێدا بكەن.
ئەو ئامانجانەش دەكرێن بێنە جێبەجێكردن لە رێگەی زۆر میكانیزمەوە وەك:
1- پەروەردەی ژینگەیی لە باخچەی ساوایان و ناوەندكانی خوێندن و خوێندنی باڵادا بخوێنرێت.
2- ئامادەكردن و پێشكەشكردنی زیاتری بەرنامە ژینگەییەكان لە میدیاكاندا.
3- چەسپاندنی چەمكی كاری خۆبەخشیی لە بواری ژینگە پارێزیدا.
4- كردنەوەو كاراكردنی پەیج و سایتی ئەلكترۆنی بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگە.
5- بەخشینی ئارەزوومەندانەی بەشێك لە یارمەتییە داراییەكانیان وەك سپۆنسەر بە رێكخراوە ژینگەییەكان.
6- هەوڵدان بۆ دامەزراندنی كارگەی تایبەت بە ریسایكڵینگ و پڕۆژەكانی دۆست بە ژینگە.
7- جێكردنەوەی بابەتی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەكاندا.
8- تەرخانكردنی بەشێك لە چالاكییەكانی ساڵیادو بۆنەی حزبەكان بۆ هۆشیاریی ژینگەیی.
9- جەختكردنەوە لەسەر پێكهێنان و كاراكردنی لیژنەی ژینگە لە پەرلەماندا.
10- پشتگیریكردنی ئەو یاساو بڕیارانەی كە لە بەرژەوەندی پاراستن و چاككردنی ژینگەدان.
11- چاودێریكردنی وردی چالاكییەكانی هەردوو كەرتی گشتیی و تایبەت لە رووی ژینگەوە.
12- كاراكردنی سندوقی پاراستنی ژینگە.
13- داهێنانی خەڵاتی دیاركردنی پاكترین و جوانترین شارو شارۆچكە و گوند.
Top