مەگەر پێشمەرگە شايسته‌ى خه‌ڵاتى نۆبڵ بۆ ئاشتى نيه‌؟!*

مەگەر پێشمەرگە شايسته‌ى خه‌ڵاتى نۆبڵ بۆ ئاشتى نيه‌؟!*
مالالا يوسف زارى ته‌مه‌ن (17) ساڵ و كايلايش ساتۆراسى چالاكڤانى بوارى مافه‌كانى منداڵان ته‌مه‌ن (60) ساڵ، به‌يه‌كه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنى خه‌ڵاتى نۆبڵ بۆ ئاشتى بۆ ساڵى 2014 دياريكران.

خه‌ڵاتى نۆبڵ بۆ (ئاشتى) يه‌كێكه‌ له‌و خه‌ڵاتانه‌ى بۆ كه‌سێک، داموده‌زگايه‌ك، ڕێكخراوێكى نێوده‌وڵه‌تى ته‌رخان ده‌كرێت كه‌ له‌پێناو به‌ديهێنانى ئاشتى و ئاشته‌وايى مرۆڤايه‌تيدا كارى كردبێت.

(مالالا) ئه‌و كچه‌ پاكستانيه‌يه‌ كه‌ ‌ساڵى 2012 له‌پێناو داكۆكى كردنى له‌مافى خوێندنى كچان له‌لايه‌ن توندڕه‌وانى تاڵيبانه‌وه‌ درايه‌ به‌ر ده‌ستڕێژى گوللـه‌، خۆشبه‌ختانه‌ نه‌مرد. له‌وساكه‌شه‌وه‌ بوه‌ته‌ سيمبوڵى به‌رخۆدانى به‌گژداچونه‌وه‌ى هێزه‌ توندڕه‌ و كۆنه‌په‌رسته‌كان له‌سه‌رجه‌م جيهاندا.

(كايلايش) يش چالاكڤانێکى هيندیە، كه‌ بۆ پاراستنى مافه‌كانى مندالان له‌ ووڵاته‌كه‌يدا، ڕێچكه‌ى ئاشتيانه‌ى گاندى گرتۆته‌ به‌ر.

مالالا و كايلايش ، بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و خه‌ڵاته‌ جيهانيه‌ مرۆڤانه‌يه‌، ڕكابه‌رى كۆمه‌ڵێك ناوى به‌هێزى وه‌ك پاپاى ڤاتيكان و سه‌رۆكى روسيا ڤلادمير پۆتينيان دەكرد .

له‌ساڵى 2010 شدا (ته‌وه‌كه‌ل كه‌رمانى) له‌يه‌مه‌ن، له‌پاى به‌شداريه‌ چالاکانەکەى له‌ ڕاپه‌ڕينى ووڵاته‌كه‌يدا له‌به‌گژداچونه‌وه‌ى ڕژێمى ديكتاتۆرى على عبدالله صالح، بۆ وه‌ديهێنانى ئازادى و ديموكراسى بۆ ووڵاته‌كه‌ى، ئه‌و خه‌ڵاته‌ى پێ به‌خشرا.

ئەو دامەزراوانەشى ئەم خەڵاتەیان پێ بەخشراوە وەک: لیژنەى خاچى سوورى نێودەوڵەتى لە ساڵانى ١٩١٧و ١٩٤٤ و ١٩٦٣، کۆمسیۆنى باڵاى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروبارى پەنابەران لە ساڵى ١٩٨١، ڕێکخراوى قەدەغەکردنى چەکى کیمیاوى لە ساڵى ٢٠١٣.

لێره‌وه‌ بيرم بۆ ئه‌وه‌ چوو، تۆ بڵێيت بۆچى ئێمه‌ى كورد،وه‌ك نه‌ته‌وه‌، كه‌ پترين له‌ تاكه‌كه‌سێك و كه‌متر نين له‌ڕێكخراوێكى نێوده‌وڵه‌تى، شايسته‌ى ئه‌و خه‌ڵاته‌ نه‌بين؟!

له‌سه‌ر ئاستى مێژوويى، له‌وه‌ته‌ى ده‌وڵه‌ته‌ ديكتاتۆره‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوەڕاست دامه‌زراون، هه‌ميشه‌ کورد یەکیک بووە له‌و كۆمه‌ڵگايانه‌ى كه‌ كه‌وتۆتە به‌رهێرشى دڕندانه‌ى ڕه‌وته‌ شۆڤێنى و ديكتاتۆريه‌كانى ئه‌و ووڵاتانه‌ى كه‌ كوردستانيان داگير كردوه‌. بۆیە هه‌ميشه‌ هێزى پێشمەرگەى کوردستان هێزى له‌پێش و ڕێكخراوى يه‌كه‌م بووە له‌به‌گژداچونه‌وه‌ى ديكتاتۆريه‌تدا و خه‌باتێكى نه‌پساوه‌ و درێژخايه‌نى له‌پێناو وه‌ده‌ست هێنانى مافه‌ ڕه‌واكانمان و چه‌سپاندنى ديموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ له‌و ووڵاتانه‌دا كردوه‌، بگرە گه‌وره‌ترين قوربانیشى بۆ داوە‌.

له‌سه‌ر ئاستى نزيكيش، لانى كه‌م له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵانەى ڕابردوودا، ئه‌وه‌تا له‌پێناو چه‌سپاندنى ئاشتى و ديموكراسيدا، هه‌رێمى كوردستان باوه‌شى بۆ مليۆنان ئاواره‌ى شه‌ڕ و شۆڕه‌كانى ناوچه‌كانى عێراق و سوريا كردۆته‌وە و بەهێزى پێشمەرگەى کوردستان پاراستوونى . به‌بێ موچه‌يى و نه‌دارى ده‌يانحه‌وێنينه‌وه‌، ئه‌و له‌ته‌ نانه‌ى هه‌شمانه‌ كردومانه‌ته‌ ملێۆنان پارچه‌ و وه‌ك برا له‌گه‌ڵمان به‌شكردون. په‌ناگه‌يه‌كى ئارامين بۆ پاراستنيان له‌ دڕندايه‌تى سه‌رجه‌م هێزه‌ دڕنده‌كانى ناوچه‌كه‌، به‌وه‌حشى گه‌راييه‌كانى داعشيشه‌وه‌.

ئه‌وه‌تا پێشمەرگە له‌ كوردستاندا به‌گشتى و له‌پارچه‌كانى باشور و رۆژئاوا به‌تايبه‌تى، تاكه‌ هێزى كاريگه‌رى سه‌ر زه‌وين، له‌سه‌نگه‌رى پێشه‌وه‌ى به‌رگريدابوون له‌ به‌هاكانى ديموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ له‌به‌رامبه‌ر داعشدا، ئه‌و هێزه‌ى كه‌ سه‌رجه‌م مرۆڤايه‌تى ته‌نها له‌ئاسمانه‌وه‌ شه‌ڕى دەکردن و ئێمه‌ش به‌ته‌نها و به‌و كه‌مه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى و لاوه‌ خوێن گه‌رمانه‌ى هه‌مانه‌، له‌سه‌ر زه‌ويدا دژیان دەجەنگاین.

به‌ دانپێدانانى سه‌رجه‌م سه‌رانى ووڵاتانى رۆژئاوا و ووڵاتانى به‌شدار له‌ هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى داعشدا، هێشتا ئه‌م شه‌ڕه‌ شه‌ڕى مرۆڤايه‌تيه‌ له‌پێناو چه‌سپاندنى ديموكراسيدا، شه‌ڕى پاراستنى به‌ها هه‌ره‌ جوانه‌كانى مرۆڤه‌ له‌ هێرشى له‌ناوبردنيدا. شه‌ڕى چه‌سپاندنى ئاشتيه‌.

بۆيه‌ به‌بێ كه‌مكردنه‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌سه‌رده‌مى كۆن و نوێدا خه‌ڵاتى نۆبڵ بۆ ئاشتيان پێ به‌خشراوه‌ ده‌پرسم، شه‌ڕى هێزى پێشمەرگەى کوردستان له‌سه‌رجه‌م پارچه‌ داگير كراوه‌كانى كوردستاندا، له‌ سه‌رده‌مى كۆن و نوێدا، له‌پێناو چه‌سپاندنى ئاشتى و ديموكراسى له‌ناوچەکە و جيهاندا، به‌له‌به‌رچاو گرتنى ئه‌و هه‌موو خه‌بات و تێكۆشان و قوربانيانه‌ى له‌و پێناوه‌دا داو‌یەتى، نایکاتە دامەزراوەیەکى شايسته‌ى خه‌لاتى نۆبڵ بۆ ئاشتى؟!!

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ى كورد لەڕێگەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان شايسته‌ى ئه‌م خه‌ڵاته‌ نه‌بين، ئه‌وا بێگومان ده‌بم له‌وه‌ى كه‌ دياريكردنى پاڵێوراو بۆ ئه‌م خه‌ڵاته‌ بەپێى معيارى ڕاسته‌قينه‌ و مه‌وزوعى ئه‌نجام نادرێت.

لێره‌وه‌ داوام له‌سه‌رجه‌م ڕێكخراو و ناوه‌نده‌ سياسى و كه‌سايه‌تيه‌ كوردى و دۆسته‌كانى كورده‌، كاربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هێزى پێشمەرگەى کوردستان ببێته‌ پاڵێوراوى بێ ڕكابه‌رى ئه‌م خه‌ڵاته‌ بۆ ساڵى ٢٠١٨.
Top