ئیسلامییەکانی نێو گۆڕان چ زیانێکیان بە بزووتنەوەکە گەیاندووە؟

ئیسلامییەکانی نێو  گۆڕان چ زیانێکیان بە بزووتنەوەکە گەیاندووە؟
کێشەی زۆربەی ئیسلامییەکان لە کوردستان و جیھانی ئیسلامیدا ئەوەیە کە زۆر راڕان، چونکە ئەوانە بە قەناعەتی خۆیان و بە فیکرو بیروباوەڕو پڕۆگرامەوە نەچوونەتە نێو جیھانی ئیسلامەوە، بەڵکو لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان، کە وا دەخوازێ بچنە ریز ئەو جیھانەوە، ئەگەرنا موسڵمانی راستەقینە نابێ ئیسلامی بێت، چونکە ئیسلامی مرۆڤێکی حزبی و سیاسییە، ئایین دەکاتە ئامراز بۆ بەدیھێنانی مەرامی سیاسی، یان حزبی، یان ئایدیۆلۆژی، لەجیاتی ئەوەی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ خوا چاک بکات، ھەوڵدەدات پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ خوا چاک بکات، ئەمەش کارەساتە، چونکە کەس ناتوانێ ئەمە بکات، تەنانەت پێغەمبەرانیش نەوێراون خۆیان لە قەرەی ئەم کارە مەترسیدارە بدەن، بەڵکو ئەرکی پێغەمبەرو رەوانەکراوان ئەوە بووە کە پەیامی خوا بە خەڵگ بگەیەنن، چونکە بناغەی ئایین بریتییە لە پەیوەندیی بەھێزی نێوان مرۆڤ و خواکەی بەبێ ناوبژیکار جا ھەر کەس بێت، مرۆڤی موسڵمان پەیوەندیی خۆی لە ڕێی نزیک بوونەوە لە خوا چاکدەکات بەبێ ئەوەی کەس پێی بزانێت، لە ھەمان کاتیشدا لە رێی مامەڵەی چاک و ڕەوشتی بەرزو شێوازی جوان پەیوەندیی لەگەڵ خەڵک چاکدەکات، بۆیە توندڕەویی ئایینی ئەو کاتە سەرھەڵدەدات کە ئیسلامی ناتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ خواکەی چاکبکات، جا ھەوڵدەدات پەنا بەرێتە بەر ھێزو توندوتیژی تا ئەو پەیوەندییە بە زۆرەملێ و رق و کینە چاکبکات، زانراویشە کە پەیوەندیی مرۆڤ بە خوای خۆی لە رێگای قەناعەتی خۆیەوەو بە بیرکردنەوەی دروست و عەقڵێکی ساغڵەم چاکدەبێت، کاتێکیش خەڵک بەم رەفتارە سەرکێشانە رازی نابێت، ئەوا کاردانەوەی ئیسلامی بریتی دەبێت لە رقلێبوونەوەی کۆمەڵگە، تەنانەت ھەوڵدان بۆ دروستکردنی ئەو رق و کینەیە لەنێوان خەڵکدا، بۆیە دەبینین دەستدەکات بە بەشینەوەی تۆمەتی مەترسیداری وەک تەکفیرو کوشتن و ھەڵگەڕانەوە، لە کۆن و نوێشدا نموونەی ئەمانە زۆرن، خوای گەورە دەفەرمووێت: [لا إکراە فی الدین] ھەروەھا کاتێ روو لە پێغەمبەر محەمەد(دخ) دەکات بە گلەییەوە پێی دەڵێت [ڕفڕنت تکرە الناس حتی یکونوا مۆمنین]، کەواتە فەلسەفەی ئیسلامی راستەقینە لەسەر بنەمای ئازادیی ئایین دامەزراوە، مرۆڤیش ئازادە لە ئیرادەو بیرکردنەوەی خۆی تا رێگەی راست ھەڵبژێرێت، لەبەر ئەوە ئیسلامییە پەڕگیرەکان ھەمیشە پەنادەبەنە بەر سەپاندنی بیروباوەڕی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەکان لە رێگەی لۆژیکی ھێز بان ھێزی لۆژیک، بۆیە کۆمەڵگەکانمان گەیشتوونەتە ئەو زەلکاوە فیکریی و مەعریفییە و داڕووخانی زانستی، چونکە ئەوانە مەرامیان تەنیا بەدیھێنانی بەرژەوەندیی تایبەتی و حزبی و سیاسیی خۆیانە، کاتێکیش لە پرۆژە سیاسییەکاندا شکست دێنن پەنادەبەنە بەر پلانی دوومیان (پلانی چارەنووسساز)، کە بریتییە لە بەکارھێنانی ھێزو بەشینەوەی تۆمەت و تەکفیرکردنی خەڵک و ناردنیان بۆ دۆزەخ، دەبنە بریکاری خوا و خەلیفەی ئەو و بە ناحەق بە ناوی خواوە قسەدەکەن، لە رێی فتوادانی ستەمکارانەو چەوتدا، ئەگەر ئەوانە راستگۆ بوونایە لەگەڵ خواو کۆمەڵگەکانیاندا دەبوونە دوورترین کەس لە پەڕگیر و توندوتیژی و زێدەڕۆیی ئایینی و توندڕەوی، چونکە چاکترین خەڵک بەزەییترینیانە.
ئەم پێشەکییە پێویست بوو بۆ ئەوەی لە جیاوازیی نێوان ئیسلامی سیاسی و حزبی و ئایدیۆلۆژی و نێوان موسڵمانی بڕواداری ئاسایی تێبگەین، دەگەڕێیینەوە سەر باسەکەمان، ئەوانەی تا ئێستا لە ریز رێکخراوە ئیسلامییەکاندا کاردەکەن دوو جۆرن، جۆرێکیان لە رووی فیکرییەوە پێشنەکەوتووە بەڵکو تەرکیزی لەسەر کاری حزبی و رێکخستنی سیاسی کردووە، خەمی خۆی تەنیا خۆپێگەیاندنە لە رووی ماددییەوە نەک فیکری، ئەم جۆرەش ھەتا ئەگەر بە خێرا پێشبکەوێت و پۆستی باڵا بەدەست بھێنێت ھەر لە رێکخستەکانی حزبدا دەمێنێتەوە، ئەگەر لە شوێنی خۆیشی مایەوە و سەرنەکەوت بۆ پلەیەکی باڵاتر ئەوا دەچێتە نێو حزبێکی دیکەوە، کەواتە مرۆڤێکی بەرژەوەندخواز و ماددی و ھەلپەرستە، ئەو پێش ئەوەی بێتە نێو رێکخستنەکانی ئیسلامی سیاسییەوە لە راستیی ئیسلام تێنەگەیشتووە، چونکە ئەگەر تێبگەیشتایە نەدەچووە نێو ئیسلامی سیاسییەوە، ھەروەھا لە ئیسلامی دروست تێنەگەیشتووە لەنێو رێکخستەکانی ئیسلامی سیاسی، چونکە ئیسلامی سیاسی قوتابخانەیەکی فیکری یان فەلسەفی یان مەعریفی نییە، بەڵکو بەرەیەکی سیاسی و حزبی و ئایدیۆلۆژییە، چونکە فیکرو فەلسەفەو مەعریفەت ئەلفوبێی ئیسلامی سیاسی نین، بەڵکو مۆرکی مەزھەبی و ئایدیۆلۆژی و حزبی بەسەر فیکرو فەلسەفەو مەعریفەتدا دەنەخشێنێت، تاکو بتوانێت ببێتە ئەلفوبێی ئیسلامی سیاسی، جۆری دووەم: ھاتوونەتە نێو ئیسلامی سیاسییەوە و لە ناخەوە راستگۆ بوونە، تەرکیزیان لەسەر بەدەستھێنانی زانست و گەڕانە بەدوای مەعریفەو نوێخوازیی لە ئایین و فیکردا، لەپێناو چاککردنی کۆمەڵگەو بنیادنانی مرۆڤ، کاری حزبی و رێکخستنی سیاسی لەمپەر نەبووە لەبەردەم رێگایان لە رووی زانست و مەعریفەو فیکرەوە، ئەوانە لە دۆخێکی نامۆیی فیکریدا دەژین لە ریزەکانی ئیسلامی سیاسیدا، لەوەشدا بەردەوام بوون تا بۆیان دەرکەوت کە جێگەیان لەو بازنە تەسکەو زیندانییە نیگەرانییەی حزبدا نەماوە، بۆیە رێکخستەکانی ئیسلامی سیاسییان جێھێشت، چوونە نێو مزگەوتەکانەوە یان نێو مەڵبەندە فیکرییە سەربەخۆکان، رەنگە ھەندێکیان گەیشتبنە ئەو قەناعەتەیی کە لە ریزی ھەندێ حزبی نەتەوەیی و نیشتمانیدا کاربکەن، لە کوردستانیش نموونەی ئەمانە زۆرن، لەوانە بۆ نموونە ھاوڕێمان مامۆستا عەبدولرەحمان سدیق کە بۆ ماوەیەکی زۆر سەرکردەیەکی ئیسلامی بوو لە ریز یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا، بەڵام وازی لێھێنا، نەچووە نێو ھیچ حزبێکی دیکەی سیاسییەوە، بەڵکو لە ریز زانست و فیکرو زانیاریدا مایەوە، کاتێکیش دەست لەکارکێشانەوەکەی پێشکەشکرد، پێمگوت: ئێستا ئازادیت، وەکو تۆ نابێ لەنێو چوار دیواری حزبێکی ئیسلامیی سیاسیدا کۆت بیت، چونکە ئیسلامی سیاسی بواری زۆر نادات تا بیربکەیتەوەو تێبکۆشیت، بەڵکو سنووردارت دەکات، بەڕێز عەبدولڕەحمان سدیق زۆر کەیفی بە قسەکەم ھات، لەئێستاشدا ئەو لەگەڵ ئێمەدا لە دەزگایەکی فیکری سەربەخۆ کاردەکات کە ناوی کۆڕبەندی فیکری ئیسلامی کوردستانە، ھەروەھا بەرنامەیەکی فیکری سەرکەوتوو لە کەناڵێکی کوردی پێشکەشدەکات.
دیاردەیەکی نامۆ لە کوردستان بەدیدەکەم، خەریکە بڵێم دیاردەیەکی دەگمەنە و زۆرکەم نموونەی لە جیھانی ئیسلامیدا ھەیە، ئەویش بوونی ئیسلامییەکانە لە ریز بزووتنەوەی گۆڕاندا، لە راستیدا ئەوانە نەیانتوانیوە رۆڵی بەرچاویان ھەبێت لە ریزی ئیسلامی سیاسیدا، بەڵکو پەراوێزخرابوون، چونکە گرنگییان بە زانست و زانیاری و فیکر نەداوە، بەڵکو گرنگییان بە رێکخستن و کاری حزبی وباڵباڵێن دابوو لەپێناو وەدیھێنانی مەرامی ئایندەیان، کاتێکیش ھیچیان وەدی نەھێنا لە شوێنی خۆیان مانەوە، پۆستی باڵای حزبییان وەرنەگرت، وازیان لە ئیسلامی سیاسی ھێنا، چوونە نێو بزووتنەوەی گۆڕانەوە کە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵگەڕاوە، لەوێ مەرامەکەیان دۆزییەوە، مایەی سەرنجە ئەوانە نەھاتنە ریز پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، چونکە باش دەزانن کە جێی ئەو توندڕۆیانەو نموونەی ئەوانە لە ریز حزبێکی مەدەنی و دیموکراسیی میانڕەوی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان نابێتەوە، تەنانەت ھەندێ لە ئیسلامییەکان کە چوونە نێو پارتییەوە وازیان لە پەڕگیریی و بیرە توندڕۆکانیان ھێنا، چونکە ژینگەی فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو جۆرە فیکرانە قبوڵ ناکات، بۆیە دەبینین کە ئەو ئیسلامییانە بە تێپەڕبوونی کات دەبنە میانڕەو، ئەمەش مانای وا نییە کە وازیان لە ئایینەکەیان ھێنابێت، بەڵام دەستبەرداری توندڕۆییەکانیان بوونە. ئەوەی مایەی سەرنجە ئەو ئیسلامییانە کە لە ریز بزووتنەوەی گۆڕاندان چوونەتە جیھانێکی دیکەوە کە بە تەواوی لەگەڵ جیھانەکەی پێشوویان جیاوازە، جیھانێک کە خەڵکەکەی پەیوەندییان بە ئایینەوە نییە، بەڵکو ھەندێ ئەندامیان بەوە ناسراون کە دوژمنایەتیی ئایین دەکەن، ھەندێکی دیکەشیان تائێستاش لەسەر ئەو رێڕەوە بەردەوامن، نازانم ئەوانە چۆن توانیویانە پاشخانە ئیسلامییەکەیان و بزووتنەوەی گۆڕان بەیەکەوە کۆبکەنەوە، ئەوە بەرژەوەندیی ماددییەو پەیوەندیی بە قەناعەتەوە نییە، دیارە ھەموو ئیسلامییەکان کە لەئێستادا لە ریزی بزووتنەوەی گۆڕاندا کاردەکەن لە دۆخێکی نیگەرانیی ئاشکرا و گومان و سەرلێشێواویی بەردەوامدا دەژین، ھیچ شتێکی ئەوتۆیان بەدەست نەھێناوە کاتێک لە ریزی ئیسلامی سیاسیدا بوونە، ھەروەھا ھیچ شتێکیشیان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بەدی نەھێناوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە (گۆڕان) یان خستۆتە نێو ئەو تەنگژەو کێشانە، ئەگەر لێدوان و ھەڵوێستی ئەوان نەبووایە، رەنگە نەرمی و ئاسانکاریمان لە ھەندێ سەرکردەو کادیری گۆڕانی نا ئیسلامی ببینیایە لەھەمبەر کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان و پرسە نیشتمانی و ستراتیژییەکان، ئەوانە رق و کینەو دژایەتیی دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان کوشتوونی، دژایەتیی ھەموو پڕۆژەیەک دەکەن کە پارتی ئەنجامی بدات، رەنگە ھەندێ ھۆکار ھەبێت وای لە ئیسلامییەکانی نێو بزووتنەوەی گۆڕان کردبێت ئەم ھەڵوێستانە بگرنەبەر:
١- پەڕگیری و زێدەڕۆیی و توندڕەوی و رق و کینە بەشێکن لە سروشتیان، کە بە نەرێنی لە رەفتارو ھەڵوێست و لێدوان و نووسین و گوتارەکانیان رەنگ دەدەنەوە، ئەمەش رۆژانە تێبینی دەکرێت.
٢- بۆ ئەوەی ھەموو گومانەکان بڕەوێننەوە کە رووبەڕوویان دەبنەوە لە دروستیی ئینتیمایان بۆ گۆڕان، چونکە ھەندێ کەس گومان دەکەن لە دروستیی ئینتیمایان بۆ ئەو بزووتنەوەیە و تا ئێستاش سۆزیان ھەر بۆ رابردووی فیکری و سیاسییانەو لە دۆخێکی دووفاقی تاکەکەسیدا دەژین.
٣- ئەوانە لە ناخەوە رق و کینەیان بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەیە، دەرفەتی گونجاویشیان نەبووە کاتێ لە نێو ئیسلامی سیاسیدا بوون، بۆیە کاتێ لێی دەرچوون و چوونە نێو گۆڕانەوە رق و کینەکانیان دەرکەوت، لەوانەش ھۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری عێراق، کە مێشکی ھێور نابێتەوەو ھیچ بڕیارێکی چەسپاویشی نییە، تەنیا بە درکاندنی وشەی بریندارکەرو ناشیرین ئاسوودەدەبێت، کە لە خۆی و ھاوتاکانی دەوەشێتەوە بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆیە دەبینین کە لە کەناڵە عەرەبییەکان بە زمانێکی لاوازو بازاڕیانە قسەدەکات، بزووتنەوەی گۆڕانیش پێیوایە کە ئەو پەرلەمانتارە بۆ سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ناشێت، چونکە سەرئێشەی زۆری بۆ دروستکردوون و ئەگەر بشمێنێتەوە وەک سەرۆکی فراکسیۆن لە داھاتوودا کێشەی زۆریان بۆ دروستدەکات، لەبەر ئەوە یەکێکی دیکەیان لە شوێنی ئەو دانا، ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنییە بەڵگەی لاوازی و داڕووخانی رەوشی ناوخۆی گۆڕانە، ھەروەھا قەناعەتی ئەو بزووتنەوەیە بەوەی کە چاکترین چارەسەر رێککەوتنە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بە تایبەتیش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.
٤- ھەوڵی ھەندێکیان بۆ تۆمارکردنی ھەڵوێستی مێژوویی بۆ خۆیان و بۆ گۆڕان، چاکترین نموونەش دکتۆر یوسف محەمەد سەرۆکی لەکارلابراوی پەرلەمانی کوردستان، کە ئیسلامییە و ھەوڵیدا یاسایەک لە پەرلەمان تێپەڕێنێت، ھەموو رێکەوتنە سیاسییەکانی وەلاوە نا، ئەو بەستەزمانە نەیدەزانی کە تا ئێستا لە رووی سیاسی و فیکری و مەعریفییەوە پێنەگەیشتووەو پرسەکە لەو گەورەترە، نموونەی وەک ئەوو ئەوانەی لەگەڵیدان ناتوانن ھیچ رێکەوتنێکی سیاسی بەم شێوازە پیلانگێڕییە ھەڵوەشێننەوە، بۆیە ھەموو حزبە کوردستانییەکان لەوانەش نەوشیروان مستەفای سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕان کە ھیچ دانیشتێک نەکەن، چونکە ئەنجامدانی ھەر دانیشتنێک پێشێلکردنی رێکەوتنی سیاسییە، بەڵام ئەو پیاوە ھەر لەسەر ئەمە سوور بوو، ئەمەشی وەک پیلانێکی راستەقینە بوو بۆسەر ئیرادەی ھەموو حزبە کوردستانییەکان، سزای ئەوەیشی کە پیلان دژی رێکەوتنە سیاسییەکان بگێڕێت رێگەگرتنە لەوەی کە سەرۆکایەتی دامەزراوەیەکی شەرعی و گرنگی وەک پەرلەمان بکات، چونکە سەرۆکی پەرلەمان دەبێ سەرۆکی ھەموو فراکسیۆنەکان بێت کە نوێنەرایەتیی گەل دەکەن، نەک ببێتە ئامرازێک بۆ تێپەڕاندنی ئەجیندای سیاسی و تەسکی حزبیی خۆی، بۆیە رێکەوتنی سیاسی چاکترین چارەسەرە بۆ پاراستنی نێوماڵی کورد لە پەرتەوازەیی، ئەگەر ئەمە نەبێ ئەوا دەکەوینە نێو کێشەو ململانێ، بەتایبەتیش کە ئێمە دەوڵەتی سەربەخۆ نین، بەڵکو ھەرێمێکین و تائێستاش بەشێکین لە عێراق، ھەرێمیش پێویستی زۆری بە سازانی سیاسییە، دیارە حزبە بچووکەکانیش ھەمیشە جەخت لەسەر سازانی سیاسی دەکەنەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەی کە گەورەترین حزبە کەچی لە گوتاری سیاسیی خۆیدا جەخت لەسەر پاراستنی سازانی سیاسی دەکاتەوە، تاکو بگەینە کەناری ئارام کە سەربەخۆیی تەواوە، بەتایبەتیش دوای ئەنجامدانی راپرسیی چارەنووسساز بۆ ئایندەی نەتەوەکەمان، وەک ھەموو ئەو دەوڵەتانەی دوای راپرسی سەربەخۆ بوون.
٥- ھەندێکیان ھەوڵدەدەن تۆڵە بۆ یوسف محەمەد بکەنەوە، ئەمەش ھەوڵێکی دیکەیە بۆ رازیکردنی سەرکردایەتیی گۆڕان، کاتێ کێشەی پەرلەمانی کوردستانیان لە پەرلەمانی عێراق خستەڕوو، ئەویش ئیسلامییەکی دیکەیە کە ناوی ئەمین بەکرە و پەرلەمانتاری عێراقە، پێیم وت: ئەم باسە لێرە مەخەرەڕوو، بەڵام ھەر سووربوو، پێیم وت: کەی عاقڵ دەبن؟ ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێوە نییە، بەھەرحاڵ باسی کرد، جارێکی دیکە بە زمانێکی عەرەبیی سەقەت کە شەرمم دەکرد گوێی لێبگرم، بەشداریم کرد، دووپاتم کردەوە کە پەرلەمان پەک نەخراوە، لیژنەکان ئیشی خۆیان دەکەن، ئێمە سەرۆکێکی تازەمان دەوێت کە نیشتمانپەروەر بێت و حزبییەکی بەرتەسکی وەک یوسف محەمەد نەبێت، زۆربەی سەرۆک فراکسیۆنەکان جەختیان کردەوە لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان، کە پرسێکی ناوخۆیە، دانیشتنەکە کۆتایی ھات، ئەمەش ھەوڵێکی شکستخواردووی ئەو پەرلەمانتارە بوو، چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد لە ھەفتەکانی دواتردا بڕیارێک دەرچێت کە کوردستان ناچاربکات پەرلەمان کارابکاتەوە، لە راستیدا بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق پابەند نین بە کوردستان، چونکە کوردستان ھەرێمێکەو پەرلەمانی خۆی ھەیە، مافی پەرلەمانی عێراق نییە دەستتێوەردان بکات، زۆربەی ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق دەریاندەکات لە ھۆڵەکە ناچنە دەرەوە، مایەی سەرنجە کاتێ گفتوگۆ لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرا، ھەندێ پەرلەمانتاری گۆڕان گلەییان ھەبوو و ھاتنە لام و گوزارشتیان لە ناڕەزایی دەکرد بەرامبەر ئەم کارە، ھەندێکیان چوونە دەرەوە، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئامادەنەبوو و چووە دەرێ، کەواتە ھەموو پەرلەمانتارانی گۆڕان لەنێو خۆیان رێک نەکەوتبوون لەبەرامبەر ئەم بابەتە، چونکە قەناعەتیان وابوو کە پەرلەمانی عێراق شوێنی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان نییە.
ئەوەی دەمەوێ کۆتایی پێ بھێنم ئەوەیە کە: ئایا بزووتنەوەی گۆڕان بە بوونی ئەو ئیسلامییە پەڕگیڕانە لەنێو ریزەکانیدا چ زیانێکی پێگەیشتووە؟ پێموایە کە سەرکردایەتیی گۆڕان ھەست بەو تاڵییە دەکات، چاکیش دەزانێت دەرھاویشتەکانی ھەڵوێست و لێدوانەکانی ئەو ئیسلامییانە چین، ئەگەر نا رەنگە پەرەسەندن لە ھەڵوێستەکان بھاتایەدی، گفتوگۆ سیاسییەکان کاراتر بوونایە، زەمینەیەکی گونجاویش بۆ وتووێژی راستەقینەی رووبەڕوو فەراھەم بوایە، بۆیە پێویستە بزووتنەوەی گۆڕان بەخۆیدا بچێتەوە، ئەو عەقڵە نەخۆشانە لە ناوەندی بڕیار دووربخاتەوە، بەدوای سەرکردایەتیی عاقڵ و شارستاندا بگەڕێت، بە تایبەتیش کە بزووتنەوەکە دووچاری چەندین کێشەی راستەقینە بۆتەوە دوای مردنی سەرۆکەکەی، لە ھەمان کاتدا بەدەست ململانێیەکی راستەقینە دەناڵێنێت لەنێوان ئیسلامییەکانی پێشوو و رۆشنبیران کە ھەمیشە ھەوڵدەدەن بۆ ھەموو کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان بەدوای چارەسەری سەرکەوتوودا بگەڕێن.

سپۆت:
موسڵمانی راستەقینە نابێ ئیسلامی بێت، چونکە ئیسلامی مرۆڤێکی حزبی و سیاسییە، ئایین دەکاتە ئامراز بۆ بەدیھێنانی مەرامی سیاسی یان حزبی یان ئایدیۆلۆژی، لەجیاتی ئەوەی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ خوا چاک بکات، ھەوڵدەدات پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ خوا چاک بکات، ئەمەش کارەساتە، چونکە کەس ناتوانێ ئەمە بکات، تەنانەت پێغەمبەرانیش نەوێراون خۆیان لە قەرەی ئەم کارە مەترسیدارە بدەن


مرۆڤ ئازادە لە ئیرادەو بیرکردنەوەی خۆی تا رێگەی راست ھەڵبژێرێت، لەبەر ئەوە ئیسلامییە پەڕگیرەکان ھەمیشە پەنادەبەنە بەر سەپاندنی بیروباوەڕی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەکان لە رێگەی لۆژیکی ھێز بان ھێزی لۆژیک، بۆیە کۆمەڵگەکانمان گەیشتوونەتە ئەو زەلکاوە فیکریی و مەعریفییە و داڕووخانی زانستی، چونکە ئەوانە مەرامیان تەنیا بەدیھێنانی بەرژەوەندیی تایبەتی و حزبی و سیاسیی خۆیانە


دیاردەیەکی نامۆ لە کوردستان بەدیدەکەم، کە دیاردەیەکی دەگمەنە ، ئەویش بوونی ئیسلامییەکانە لە ریز بزووتنەوەی گۆڕاندا، ئەوانە نەیانتوانیوە رۆڵی بەرچاویان ھەبێت لە ریزی ئیسلامی سیاسیدا، بەڵکو پەراوێزخرابوون، چونکە گرنگییان بە زانست و زانیاری و فیکر نەداوە، بەڵکو گرنگییان بە رێکخستن و کاری حزبی و باڵباڵێن دابوو لەپێناو وەدیھێنانی مەرامی ئایندەیان


پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی کە گەورەترین حزبە کەچی لە گوتاری سیاسیی خۆیدا جەخت لەسەر پاراستنی سازانی سیاسی دەکاتەوە، تاکو بگەینە کەناری ئارام کە سەربەخۆیی تەواوە، بەتایبەتیش دوای ئەنجامدانی راپرسیی چارەنووسساز بۆ ئایندەی نەتەوەکەمان، وەک ھەموو ئەو دەوڵەتانەی دوای راپرسی سەربەخۆ بوون


ھەموو ئیسلامییەکان کە لەئێستادا لە ریزی بزووتنەوەی گۆڕاندا کاردەکەن، لە دۆخێکی نیگەرانیی ئاشکرا و گومان و سەرلێشێواویی بەردەوامدا دەژین، ھیچ شتێکی ئەوتۆیان بەدەست نەھێناوە کاتێک لە ریزی ئیسلامی سیاسیدا بوونە، ھەروەھا ھیچ شتێکیشیان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بەدی نەھێناوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە (گۆڕان)یان خستۆتە نێو ئەو تەنگژەو کێشانە



ئەوانەی وازیان لە ئیسلامی سیاسی ھێنا، چوونە نێو بزووتنەوەی گۆڕانەوە، لەوێ مەرامەکەیان دۆزییەوە، مایەی سەرنجە ئەوانە نەھاتنە ریز پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، چونکە باش دەزانن کە جێی ئەو توندڕۆیانە و نموونەی ئەوانە لە ریز حزبێکی مەدەنی و دیموکراسی و میانڕەوی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان نابێتەوە
Top