هۆشیاری و پەروەردەی ژینگەیی وەك پێویستییەكی نیشتمانی

هۆشیاری و پەروەردەی ژینگەیی وەك پێویستییەكی نیشتمانی
بەڵگەنەویستە كە گەڕانەوە بۆ پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی ژینگەوە، هەنگاوێكی بەرایی و گرنگە بۆ چوونە نێو جیهانی پاراستنی ژینگەوە لە دەروازەی پەروەردەی ژینگەییەوە.
سیمیناری جیهانیی (بەلگراد) بۆ پەروەردەی ژینگەیی چوارچێوەیەكی جیهانیی چاكی بۆ ئەم رەهەندە داڕشت، كە پێویستە ئێمەی كورد ئاگاداری ئامانجەكانی پەروەردەی ژینگەیی بین.
ئامانجی پەروەردەی ژینگەیی بەرچاوڕوونكردنی مرۆڤەكانە لە سروشتی ئاڵۆزی ژینگە كە لەكارلێكردنی نێوان لایەنە بایۆلۆژی و فیزیكی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانی ژینگەوە سەرچاوەی گرتووە. هەروەها پەروەردەی ژینگەیی لەهەوڵی دروستكردنی رۆشنبیرییەكی نیشتمانییە لەبارەی گرنگی ژینگە لەبواری پەرەپێدان و لەخەمی بەشداریپێكردنی هەموو ناسنامەكانی خەڵكیشدایە بەشێوازێكی مەسئولانەو كاریگەر لە داڕشتنی ئەو بڕیارانەی كە پەیوەستن بە ژینگەی ئەو كەسانەوە.
بۆیە پەروەردەی ژینگەیی دەبێت لەهەوڵی بڵاوكردنەوەی زانیاریی ئەوتۆ بێت لەبارەی پرۆژەی جێگرەوە بۆ ئەوانی پێشوو، بە شێوەیەك كە ئەو پرۆژانە ئاسەواری زیانبەخش بەسەر ژینگەوە بەجێ نەهێڵن. هەروەها دەبێت بانگەواز بكات بۆ گرتنەبەری رێگایەك بۆ ژیان كە بواربدات بە دامەزراندنی پەیوەندییەكی دۆستانە لەگەڵ ژینگەداو، هەوڵیش بدات بۆ پێكهێنانی هۆشیارییەكی روون سەبارەت بە رۆڵی تەواوكاریی ژینگە لەجیهانی ئەمڕۆدا، بەشێوەیەك ئەو بڕیارانەی كە وڵاتێك دەیدات، لەسەر ئاستی هەموو جیهان ئاسەواری زۆری لێدەكەوێتەوە.
بۆیە پەروەردەی ژینگەیی لەهەوڵی پەرەپێدانی گیانی لێپرسراوێتی و هاوكاریشدایە لەنێوان وڵاتانی جیهاندا بەبێ گوێدانە ئاستی پێشكەوتنی هەریەك لەو وڵاتانە، ئەمەش بەمەبەستی پێكهێنانی زەمینەیەك بۆ سیستمێك كە ژینگەی مرۆڤ بپارێزێ و چاكیشی بكات و پەرەشی پێبدات. هەموو ئەم ئامانجانەش بەوە بەدیدەهێنرێن كە پرۆسەیەكی پەروەردەیی بەڕێ بخرێت بۆ بڵاوكردنەوەی (رۆشنبیری) و (بەها) و( پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی رەفتاركردن) بەشێوەیەك كەمرۆڤ بە گرفت و چارەسەرەكانی ژینگە ئاشنا بكات.
سەبارەت بە (رۆشنبیری) پێویستە بەرپرسان لە (فێركردن و پەروەردە) هۆكاری پێویست ئامادە بكەن بۆ ئاستە جیاجیاكانی خوێندن و پەیوەندیی نێوان ئەو هۆكارە بایۆلۆژی و فیزیكی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییانە روون بكەنەوە كە كۆنتڕۆڵی ژینكە دەكەن، هەروەها پێویستە ژینگە تایبەتەكان بخەنە بەر باس و لێكۆڵینەوەو ئەزموونی مەیدانی، هەموو ئەمانەش بە مەبەستی پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی رەفتارو چالاكییەكان بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگە.
سەبارەت بە (بەها)كانیش پێویستە پەروەردەی ژینگەیی لە هەوڵی چاككردنی جۆری ژینگە بێت، چونكە ناكرێت گۆڕانكاریی ریشەیی لە رەفتاری تاكەكانی كۆمەڵ بەرامبەر بە ژینگە ئەنجام بدرێت، تا ئەو كاتەی زۆربەی ئەو (تاك)ـانە ئازادانەو هۆشیارانە (بەها)ی ئەوتۆ پەسند نەكەن كە جۆرێك لە خۆكۆنتڕۆڵكردنیان تێدا بڕوێنێ بۆ ئەوەی ژینگە پارێزبن.
بۆیە پەروەردەی ژینگەیی لەهەوڵی ئەوەشدا دەبێت كە ئەوە روون بكاتەوە بۆ (تاك)ـەكانی كۆمەڵگە كە (بایەخ) و (بەها) ئەخلاقی و جوانكاریی و ئابورییەكانی ئەوان رۆڵی ئیجابی لەسەر پاراستنی ژینگە هەیە.
سەبارەت بە (پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی رەفتار)یش ئامانج ئەوەیە كە تەواوی تاكەكانی كۆمەڵگە زۆرێك لەتوانای پراكتیكی و تەكنەلۆژی بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی چالاكیی ژیرانە لەبواری ژینگەدا ئەنجام بدەن، واتە هەل رەخساندن لە گشت قۆناغەكانی خوێندندا بۆ دەستەبەركردنی زانیاری و رۆشنبیرییەكی ئەوتۆ كە هانیان بدات بۆ بەشداریكردن لە دانانی چارەسەری گونجاو بۆ گرفتە تایبەتییەكانی ژینگە. هەموو ئەم ئامانجانەش پێكەوە پرۆسەیەكی پەروەردەیی یەكگرتوو پێك دێنن، چونكە ناكرێت بە چالاكی پەروەردەیی تاك و تەرای لێرەو لەوێ بچووك بەتەنیا، بەرنامەیەكی گشتگیرو نوێ بۆ ژینگە پەرەپێبدرێت.
بۆ بەكرداریكردنی ناوەڕۆكی ئەم پەیماننامە جیهانییەو ئەوانی دیكەش زۆر هەوڵی نێوخۆییمان هەبووە لەهەرێمی كوردستاندا كە دیارترینیان یەكەمین كۆنفرانسی ژینگەیی بوو كە بە چاودێری بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو پێش چەند ساڵێك و لەلایەن دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستانیشەوە رێكخرابوو، كە بە كۆمەڵێك راسپاردەی گرنگەوە كۆتایی بە كۆنفرانسە دوو رۆژییەكەی هێنا لەپێنج بواردا، ئەم خاڵانەی لای خوارەوەش گرنگترین راسپاردەكانی بواری هۆشیاری و پەروەردەی ژینگەیی بوون:
- پەروەردەی ژینگەیی لە ناوەندكانی خوێندن و خوێندنی باڵادا بخوێندرێت.
- تۆڕێكی ژینگەیی سەرتاسەری بۆ رێكخراوەكان دابمەرزێت و بە پلانێكی ستراتیژی كار بكات.
- دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە كار لەسەر ئەوە بكات داهاتی سزادان (غرامە) بخرێتە سندوقی پاراستنی ژینگەوە.
- داواكردن لە خوێندنی باڵا بۆ زیاتركردنی ژمارەی ماستەرنامە و دكتۆرانامە لە بواری ژینگەدا.
- كاركردن لەسەر تەرخانكردنی بڕێك لە بودجەی نووسینگەی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكان (NGO)كان بۆ رێكخراوەكانی ژینگەپارێزی.
- كاركردن بە بڕگە و ماددەكانی تایبەت بە غەرامەكردن لە چوارچێوەی یاسای ژمارە (8) ی ساڵی (2008).
- كردنەوەی كەناڵێكی تایبەت بە ژینگە لەلایەن دەستەوە. یان بەرنامەی ژینگەیی لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە.
- دروستكردنی تۆڕێكی میدیایی ژینگەیی بۆ رێكخراوەكان بۆ ئەوەی ببێتە پردی پەیوەندیی نێوان رێكخراوەكان و دەستە.
- گرنگیدان بە رێكخراوەكانی ژینگەپارێزی.
- كردنەوەی زیاتری یانەی ژینگەیی لە قوتابخانەكاندا.
- رێكخستنی كەمپینی ژینگەیی بۆ یارمەتیدان و بیرخستنەوەی حكومەت بە كێشەكانی ژینگە.
- كاركردنی رێكخراوە ژینگەییەكان لەسەر هۆشیاركردنەوەی زیاتری ئەندامەكانی خۆیان لە پێشدا.
- هەوڵدان بۆ رازیكردنی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت بۆ بەخشینی بەشێك لە یارمەتییە داراییەكانیان بە رێكخراوە ژینگەییەكان.
- بردنە دەرەوەی كۆڕ و سیمیناری ژینگەیی لە شارەوە بۆ دەرەوەی شارەكان بۆ نێو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە.
- داهێنانی پێشبڕكێی ژینگەیی لە نێوان قوتابخانەكاندا.
- رێكخراوە ژینگەییكان باشتر چاودێریی كارەكانی كەرتی گشتی و تایبەت بكەن.
- تەرخانكردنی بەشێك لە چالاكییەكانی ساڵیادو بۆنەی حزبەكان بۆ هۆشیاریی ژینگەیی.
- دەستپێكردن بە پڕۆسەی پەروەردەی ژینگەیی لە باخچەی ساوایانەوە.
- تەرخانكردنی كاتێك لە كۆبوونەوەی هەفتانەی پێنج شەممەی قوتابخانەكاندا بۆ هۆشیاریی ژینگەیی.
- هەوڵدان بۆ بەخۆماڵیكردنی ئەزموونە جیهانییەكان لە بواری هۆشیاریی ژینگەییدا .
- هاندانی كەناڵەكانی راگەیاندن بۆ ئامادەكردن و پێشكەشكردنی زیاتری بەرنامە ژینگەییەكان.
- تێكەڵبوونی زیاتری رێكخراوە ژینگەییەكان لەگەڵ چین و توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگەدا.
- هەوڵدان بۆ دروستكردنی سەنتەرێكی ژینگەیی لە زانكۆكان بە هەماهەنگی لەنێوان دەستەی پاراستن و چاككردنی - ژینگەو وەزارەتی خوێندنی باڵادا.
- گەیاندن و خستنەڕووی زیاتری مەترسییە ژینگەییەكان بە ئاستە باڵاكانی ناوەندی بڕیاری سیاسی بۆ زیاتر ئاگاداربوونیان بە گرنگی و بایەخی پاراستن و چاككردنی ژینگە.
- هەمواركردنەوەی ئەو ماددە و بڕگانە لە یاسای ژمارە (8)ی (2008) بەمەبەستی تۆكمەكردن و گشتگیركردنیان بۆ زیاتر چەسپاندنی هۆشیاری ژینگەیی.
- بایەخدانی زیاتر بە هونەری فۆتۆگرافی وڤیدیۆیی لە بواری ژینگەپارێزیی و بایەخدان بە ژینگە.
- بایەخدان بە دەستخستنی زانیاریی ژینگەیی و داتابەیس لە بواری ژینگەپارێزیدا.
- پەیوەندیكردن بە نووسەران و شارەزایانی بواری ژینگەیی بۆ نووسین لە بواری ژینگەدا.
- بە چاپگەیاندنی زیاتری كتێب و نامیلكەی منداڵان لە بواری ژینگەپارێزیدا.
- سوودوەرگرتنی زیاتر لە مامۆستایانی زانكۆ و كەسانی پسپۆڕ لە بواری كاری ژینگەییدا.
- پێكهێنانی تۆڕی سپۆنسەر بۆ چالاكییەكانی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لەبواری هۆشیاریی ژینگەییدا.
- بایەخدان بە تەرخانكردنی توانای دارایی بۆ ژینگە هۆشیاریی لە گشت ناوەندەكانی كاردا.
- ئەنجامدانی خولی بەردەوامی راهێنان بۆ چالاكوانانی ژینگەپارێزی.
- هەوڵدان بۆ دابینكردنی سەرچاوەی زانستی لە بواری ژینگەدا بە زمانی كوردی.
- پەیڕەوكردنی سیستەمی خەڵاتكردن بۆ منداڵان لە بواری ژینگەپارێزیدا وەك خەڵاتكردنیان لەگێڕانەوەی ماددە بەكارهاتووەكان.
- هەوڵدان بۆ زیاتر كاراكردنی پرۆژەی یانەی ژینگەیی لە رووی دابینكردنی كادری پسپۆڕ و بودجە و شوێن و كاتەوە.
- بیرخستنەوەی ناوەندەكانی بڕیار بۆ بەكارهێنان و سوودوەرگرتن لە سەرچاوەكانی وەزەی خاوێن و نوێبووەكانی وەك تیشكی خۆر، ئاو، با، گەرما.
- پێدانی رێنمایی ژینگەیی بە گەشتیارانی بیانی لە هەرێمی كوردستاندا بۆ باشتر پاراستنی ژینگە.
- هاریكاری لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی بۆ تێهەڵكێشكردنی بابەتی ژینگەپارێزیی لەگەڵ وتارەكانی رۆژانی هەینیدا.
- پێدانی كورسیی تایبەت بە فەرمانبەرانی دەستەی پاراستنی ژینگە لە بەشی ژینگەی سەر بەكۆلێژەكان.
- كردنەوەی خولی راهێنانی راگەیاندنی ژینگەیی بۆ كادیرانی دەزگاكانی راگەیاندن.
- نوێكردنەوەو كاراتركردنی سایتی ئەلكترۆنی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە.
- بیركردنەوەی ژینگەدۆستان لە بیرۆكەی دامەزراندنی پارتێكی ژینگەیی.
- هەوڵدان بۆ بنبڕكردنی دیاردەی فڕێدانی شتومەك لە ئۆتۆمبێڵەكانەوە لە رێگەی هەڵمەتی زیاتری هۆشیارییەوە.
- پێویستیی هەبوونی هێڵێكی گەرم بۆ پەیوەندیكردنی خێرا لە نێوان دەستە و هاووڵاتییان بەبێ بەرامبەر.


Top