(نصر)ی ئەمریكی
January 16, 2018
وتار و بیروڕا
رۆژەكان زوو تێپەڕین و گەیشتینە دەورانی هەڵبژاردن و وەرزی چنینەوەی بەرهەمی سیاسەتەكانی دوێنێ، ئەوەی جگە لە كورد، كەس پێشبینیی نەدەكرد، رویدا. عەببادی و حەشد، دۆستانی ئێران و دۆستانی ئەمریكا!! خوازیارانی عێراقی دیموكرات و خوازیارانی عێراقی مەزهەبی نەبوون بە دوو جەمسەری دژ بەیەك، بوون بە یەك لیست و یەك سەنگەر. ئەو حەشدەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای دەكرد هەڵبوەشێتەوە تا بەرنامە (دیموكراتخوازەكەی عەببادی!!) سەركەوێت، بوونە هاولیست و برابەشی عەببادی، ئەو عەببادییەی جیهانی دیموكرات گرەویان لەسەر كردبوو تا هەژمونی ئیران لە عێراقدا كەم كاتەوە، بوو بە سەرۆكی ئەو لیستەی قاسم سلیمانی پێكیهێنا. ئەوانەی گرەویان لەسەر عەببادی كرد و لەپێناو سەرخستنیدا، كوردیان سزا دا، لەلایەن خودی عەببادییەوە دەسخەڕۆ كران، ( ئەگەر ئەمە سەودای نێوان ئیران و ئەمریكاش بێت دیسان لایەنی دەسخەڕۆ هەر ئەمریكایە).
لیستی ( نەصری عێراق) بە موبارەكەی ئێران پێكهێنرا. (نصر)ێك وەك هەموو جار بە پارە و چەك و تانك وتەیارەی ئەمریكا بەدی هات و بەڵام خێر و بێرەكەی نەك هەر بۆ ئەمریكا نەبوو، بەڵكو دۆستێكی سەرڕاستی وەك كوردیشی تێدا بە هەلاكەت چوو.
بەم حكایەتە دەگوترێت ( نەصری ئەمریكی) و لە دەیان ساڵی رابردوودا نموونەی زۆرە.