سەرووتاری سبەی رۆژنامەی هەولێر ئاغای ویلایەتی، دەزانین كوێت دێشێ !
October 1, 2017
وتار و بیروڕا
ویلایەتی لە ناماقوڵییەكدا بە ئێمە دەڵێ دەڵاڵی زایۆنیزم وئیسرائیل و دابەشكاری ئوممەتی ئیسلام، داواش دەكات بگەڕێنەوە بۆ رێبازی باپیرە گەورەمان سەلاحەدینی ئەیوبی.
بە ویلایەتی دەڵێین:
تۆ كەی توانیت بە دروستی مەسڵەحەتی نیزامی خۆت تەشخیس بكەیت و دونیای دوژمن لە ئیران بكەیت بە دۆست، ئەوجا رێنوێنی ئێمە بكە. كە رێنوێنییشت كرد بە زمانی ئەدەب بدوێ. دۆزی میللەتی ئێمە رەگی لە مێژوودایە و پێش ئیسرائیل و پێش ئێوە و پێش شاهەنشای ئێوە هەبووە. مەزڵومیەت و ئەنفال و كیمیاباران و نانبڕینی میللەتی ئێمە، مافی زەوتكراوو داوای رەوای ئێمە چ پەیوەندییەكی بە ئیسرائیلەوە هەیە، ئەوە ئێمە نین، ئەوە ئێوەن كە مەگەر خوا بزانێ ژێراوژێر چ كەین و بەینێكتان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.
ئێمە دابەشكاری عێراق نین، ئێوە و نۆكەرەكانتان لە بەغدا یەكپارچەیی عێراقتان هەڵوەشاند، دەستێوەردان و خۆسەپاندن و مەزهەبچییەتی و بەدكاری ئێوە بوو عێراقی كردە ووڵاتێكی بێ شیرازەی لەبەریەك هەڵوەشاوی تابع و زەلیل و بێ ئیرادە.
ئێمە كە رێگای سەربەخۆییمان گرتەبەر، دەمانزانی بە دیاری پێشكەشمان ناكرێ، بۆیە چاوەڕوان بووین ووڵاتان تێبینی و نیگەرانی و تەنانەت ناڕەزایی دەرببڕن، دەشمانزانی ئەوانەی بە خوێنی سەری كورد تینوون، كاردانەوە و هەڵوێستیان چی دەبێ، بەڵام بۆ دەبێ زمانی ئیعترازی ئێوە بەم ئاستە نزم و زبر و بێ لیاقەت بێ؟ تۆ بە حساب دكتۆر و دیبلۆماتكار و كۆنە وەزیر و پیاوی دەوڵەتی، هەموو ئەمانە فێریان نەكردی بە ئەدەب و لیاقەت و رێزەوە هەڵوێستی خۆت دەربڕی؟
بە چ رویەك داوامان لێدەكەی پەیڕەوی سەلاحەدینی ئەیوبی بین، ئەگەر سەلاحەدین لای ئێوە ئەوەندە پەسەندە، ئەدی بۆ نەوەكانی بە موفسدینی ئەرز ئەزانن و رۆژانە لە سێدارەیان دەدەن؟.
بە چ روویەك دەرسی دیموكراسیمان پێ دەفرۆشی و تانە لە پرۆسەی بێگەردی ریفراندۆمی ئێمە دەدەیت و دەڵێی گەلی كورد ئەنجامی ریفراندۆم قبوڵ ناكات! ئاوڕێك لە (میر حوسین موسەوی و كەڕووبی) بدەوە كە تەنیا لەسەر ئەوەی بەرامبەر دزین و تەزویری دەنگی دەیان ملیۆن ئێرانی، ئیعترازێكیان نواند، تا ئێستاش گۆشەگیر و بەند و دیلن!!
ئاغای دكتۆر تۆ دەزانی ئێمە بۆ ریفراندۆمان كرد؟ بۆ ئەوە بوو لە هەڕەشە و زماندرێژی و دەستدرێژی ئێوە و نۆكەرەكانتان رزگارمان بێت. ئایا دەشزانی ئێمە باش دەزانین بۆ هێندە توڕە و عەسەبانیت، باش باش دەزانین كوێت دێشێ!!!!