لە خەڵوەتی ویژداندا .

لە خەڵوەتی ویژداندا .
ئەم هەراو زەنا و هات وهاوارە، بە باش و خراپییەوە دوو هەفتەی تركۆتایی دێ، بەرەبەیانی 25ی ئەیلول، لە كابینەیەكی یەك كەسی و لە پشت پەردەیەكی ئەستور و لە بەردەم سندوقی ریفراندۆمدا، هەر خۆت و كوردستان، دوو بە دوو دەمێننەوە. جگە لە خودا و ویژدانی خۆت، هیچ كەس و لایەن و هێز و فشارێكت لەسەر نابن، نە حزبەكان و نە پیاوچاكان و نە پیاوخراپان. لەو خەڵوەتەدا جگە لە كوردستانێكی بریندار و ماندووی دەستی رەقیبە بێ رەحم و رۆڵە بێ ئەمەكەكانی، جگە لە نیشتمانێكی تینووی ئازادی، كەسی دیكە قەڵەمەكەت ئاڕاستە ناكات. لەو خەڵوەتی ویژدانەدا تەنیا خۆت و كوردستان خاوەن بڕیارن. خۆت و كوردستان شایستەی چیین، ئەو بڕیارە بدە. جگە لە كوردستان و شەهیدەكانی، كوردستان و ئازار و مەینەتییەكانی، كەسی دیكە ناتوانێ لێت بپێچێتەوە. جگە لە ئازاری ویژدانی خۆت، لە هیچ ئازارێك سڵ مەكەوە. جگە لە ئاسودەكردنی ویژدانی خۆت، بۆ ئاسودەیی هیچ كەس بڕیار مەدە. جگە لە دەنگی ویژدانی خۆت، گوێ لە دەنگی كەسمان مەگرە. جگە لە كوردستان لەگەڵ هیچ كەس مەسازە.
Top