پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم و وەرچەرخان لە دەوڵەتی دیفاكتۆەوە بۆ دەوڵەتی خاوەن سەروەریی
April 24, 2017
وتار و بیروڕا
لەسەر ئەم پرسە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان گەیشتوونەتە دیدێكی هاوبەش و پێكەوە سەردانی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانمان كردووە، هەموویان بێجگە لە بزووتنەوەی گۆڕان پێشوازییان كردووین و جۆرێك لە كۆدەنگی لەسەر پرسی ریفراندۆم هاتۆتەئاراوە، بۆ قسەكردنیش لەگەڵ بەغدا شاندنی هاوبەشی سەرۆكایەتی هەرێم و پارتی و یەكێتی سەردانی بەغدایان كردووەو راشكاوانە لەگەڵ پەرلەمان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی شیعە باسی پرسی ریفراندۆمیان كردووە، ئەوان بیروبۆچونیان سەبارەت بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان هەرچۆنێك بێت، بۆ ئەم پرۆسەیە گرنگییەكی ئەوتۆی نییە، بەڵكو ئەوە گرنگە كە راشكاوانە لەگەڵ بەغدا باس لە پرسی سەربەخۆیی و ریفراندۆم لەگەڵ بكەین و مەبەستمانە بگەینە جۆرێك لە لێكتێگەیشتن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە دیالۆگ و ئاشتییانە لەگەڵیان یەكلایی بكەینەوە.
بێگومان دەستپێكی قسەكردن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە سەربەخۆیی كوردستان، لەو سەردانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەست پێدەكات كە سەردانی بەغدای كردو راشكاوانە لەگەڵ حكومەتی بەغدا باسی ئەوەی كرد، پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا بەو میكانیزمەی ئێستا بەڕێوەناچێت و دەبێت بەدوای میكانیزمێكی دیكەدا بگەڕێن، بۆیە ئەگەر نەمانتوانیبێت لە هاوبەشی و پێكەوەژیاندا سەركەوتوو بین، دەبێت هەوڵبدەین دوو دراوسێی باشی یەكتری بین. دوای ئەمەش كە سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی حزبە كوردستانییەكان سەردانی بەغدای كرد، لەگەڵ حكومەتی بەغدا و تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانی شیعە و لەگەڵ سەرۆكی ئەو هاوپەیمانییە زۆر بە راشكاوی باسی ئەوەی كردووە كە كوردستان دەیەوێت بەشێوەیەكی ئاشتییانە و بەرێگەی دیالۆگ بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو هەڵبگرێت و پرەنسیپی دوو دراوسێی باش لە نێوان كوردستان و عێراق دابڕێژین.
ئەم دوو سەردانە وەرچەرخانێكی گەورەی لە وتووێژی نێوان هەولێر و بەغدا دروستكردووەو قۆناخێكی تازە دەستی پێكردووەو لایەنی كوردستانی بە ئاشكرا لەگەڵ بەغدا باسی ئەوە دەكات ئەو شەراكەتی راستەقینەی بۆ پێكەوەژیانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراق باسی لێوە دەكرا، شكستی هێناوەو ئیدی بێجگە لە بڕیاری گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی هیچ رێگەیەكی دیكە نەماوە و ئیدی كاتی ئەوە هاتووە كە زەمینە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بەشێوەی كردەیی دەستی پێبكرێت و هەموومان پێكەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییە چارەنووسسازە شانی بدەینەبەر.
رێگەی سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ هیچ نەتەوەیەك گوڵڕێژ نەكراوە، هەروەها سەربەخۆیی بۆ هیچ نەتەوەیەك لەسەر سینییەكی زێڕ پێشكەش نەكراوە، بۆیە لەم روانگەیەوە ئێمەش باش دەزانین بۆ كوردستانیش ئەم رێگەیە ئاستەنگ و تەحەددی دێتە بەردەم و دەوڵەتانی دراوسێی كوردستان بەعێراقیشەوە، هەموو هەوڵێك دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی گرفت و ئاستەنگی بۆ دروست بكەن و شكست بە پرۆسەكە بهێێنن، هەر بۆیە سەركردایەتی سیاسی و حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەوڵەكانیان بەو ئاراستەیە دەست پێكردووە كە زۆر بە وردی باردۆخەكە بخوێننەوەو، گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی راستە گرفت و تەحەددی رووبەڕوومان دەبێتەوە، بەڵام بەدرێژایی مێژوو زەمینەی لەبار بە هاوشێوەی ئێستا بۆ كوردستان هەڵنەكەوتووە و بۆیە دەبێت ئەم هەلە لە دەست نەدەین.
لێرەوە ئەگەر بەشێوەیەكی خێرا بارودۆخی ئێستا بخوێنینەوە، ئەوا لەسەر ئاستی تەواوی حزبە سیاسییەكانی كوردستانی باشوور بە نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانیشەوە، تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان و بەرەی توركمانی هەتا ئێستا خۆیان لەم ئیجماعە نیشتمانییە بردۆتەدەرەوەو، تەنانەت ئەوانیش بە راشكاوی ناڵێن ئێمە لەگەڵ پرۆسەی ریفراندۆم نین، بەڵكو بیانووی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە دەبێت بە مەرجی خۆیان پەرلەمان كارابكرێتەوە و بەرەی توركمانیش دەیەوێت بە جیا لە پارت و لایەنە توركمانەكانی دیكە كۆبوونەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
لەسەر ئاستی حزبە كوردستانییەكانی پارچەكانی دیكەش، بەداخەوە پەكەكە زۆر بە ئاشكرا و بەوەكالەتی دەوڵەتانی دراوسێ زۆر بەسەختی هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان شكست بهێنێت، ئەمەشی نەشاردۆتەوە و لە لێدوان و قسەكانی بەرپرسانی پەكەكە بە ئاشكرا پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن كە سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەر چووە و ناهێڵن توركیا و سوریا و عێراق و ئێران دابەشبكرێت، ئێمە دڵنیاین دەوڵەتانی دراوسێی كوردستان لەم بارودۆخەی ئێستا خۆیان ناتوانن راستەوخۆ دەستێوەردان بكەن و ئەم كارە بە پەكەكە دەكەن.
لەسەر ئاستی دەوڵەتی عێراق، ئاشكرایە ئێستا دەوڵەتی عێراق وەك دەوڵەت كێشەی هێجگار گەورەو مەحاڵی هەیە و تەنانەت زۆر كەس دەڵێت عێراق گەیشتۆتە حاڵەتێكی شكستخواردووی ئەوتۆ كە ناكرێت پێی بگوترێت دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی، لەمەش زیاتر دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ دەبێت سەرلەنوێ پرۆسەی سیاسیی عێراق لە نێوان شیعە و سوننە و كوردستان رێكبخرێتەوە و میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەیەكی تازەدا یەكبخرێتەوە، ئێمەش وەك لایەنی كوردستانی دەزانین كە تاقیكردنەوەی ئەزموونی دابەشكردنی دەسەڵات و هاوبەشیی راستەقینە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا شكستی هێناوە و ناكرێت جارێكی دیكە ئەزموونێكی شكستخواردوو دووبارە بكرێتەوە، بۆیە باشترین میكانیزم و بەدیل بۆ شێوازی ئایندەی پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق ئەوەیە كە گەلی كوردستان ریفراندۆم ئەنجام بدات و پاشان لە بەر رۆشنایی ئاكامی ریفراندۆم درێژە بە وتووێژەكانمان دەدەین، ئەو شاندەی پێكهێنراوە بۆ ئەم مەبەستە لەسەر وتووێژو دانوستاندن لە ئێستا بەردەوامن.
لایەنێكی دیكە كە بۆ ئێستای كوردستانی باشوور زۆر گرنگە ئەوەیە كەلەسەر ئەم پرسە لەگەڵ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵ و نوێنەرانی دەوڵەتان لە كوردستان قسەمان كردووەو كۆبوونەوەیان لەگەڵدا كراوە، هەروەها سەرۆك بارزانی لەمیانەی ئەو شاندانانەی سەردانی كوردستان دەكەن، هەروەها ئەو سەردانانەشی كە خۆی ئەنجامی دەدات، لەگەڵ سەرۆك و پادشا و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی دەوڵەتانی دۆست و هاوپەیمان لە ناوچەكە و جیهان باسی كردووە و جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە گەلی كوردستان وەك تەواوی گەلانی جیهان ئەو مافەی هەیە كە خۆی بریار لە چارەنووسی خۆی بدات، لە ئاكامی ئەم دیدار و كۆبوونەوانەش ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، نوێنەری هیچ وڵاتێك راستەوخۆ دژایەتی ئەم هەنگاوەی نەكردووە، بەڵام هەوڵیانداوە لەسەر وردەكاریی پرۆسەكە پرسیار بكەن.
سەبارەت بە پرۆسەی ریفراندۆمیش كە زۆر جاران گوێبیستی ئەوە دەبین و ئەو پرسیارە دەكرێت، ئایا راستەوخۆ ئاكامی ریفراندۆم دەبێتە بڕیاری راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانی باشوور؟ دیارە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پرسیارێكی دیكەو لەخۆمان بپرسین: ئایا ئەو میكانیزم و نەخشەڕێگەیەی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەیگرێتەبەر چۆنە و بە چ رێگەیەك دەستی پێدەكرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەچەند خاڵێك دەدەمەوە:
1- لەسەرەتای ساڵی 2014ـەوە حكومەتی عێراق بەبڕیارێكی كەسی لەلایەن نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقەوە، بودجە و مووچەی كوردستانی بڕیوە، هەر هەمان ساڵ دوای ئەوەی لە حوزەیرانی 2014 تیرۆریستانی داعش موسڵیان داگیركردو سوپای عێراق لەبەریەك هەڵوەشا، هێزەكانی سوپای عێراق لەبەشێكی كوردستان كشاوەتەوە و هێزی پێشمەرگە دەیپارێزێت، پاشانیش كە تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر كوردستان، حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق بە ئەركی سەرشانی خۆی هەڵنەستاوە كە چەك و مووچە بۆ پێشمەرگە دابین بكات، بۆ ئەوەی شەڕی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش پێبكات، لەگەڵ دروستبوونی كابینەكەی د.حەیدەر عەبادی-یش لەگەڵ ئەوەی بە گوشاری ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان لایەنی كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانیی شیعە رێككەوت بۆ ئەوەی بەشداری حكومەت بكات، بەڵام د.عەبادی-یش بە رێككەوتنەكەوە پابەند نەبوو، بۆیە عێراق لەسەر ئاستی ئابووری و سەربازی و سیاسی خۆی ئارەزوومەندانە لەكوردستان كشاوەتەوەو كوردستان ئەوە ماوەی سێ ساڵە وەك دەوڵەتێكی ئەمری واقیعی خاوەن سەروەریی خۆی هەموو كاروبارە دەوڵەتییەكانی خۆی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پیادە دەكات، بۆیە كوردستانی باشور وەك دەوڵەتی دیفاكتۆ بوونی هەیە و لەسەر ئاستی جیهان و دەوڵەتانی ناوچەكە و عەرەبی و ئیسلامی و جیهان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بۆیە مەبەست لە پرۆسەی سەربەخۆیی كە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم و دیالۆگ لەگەڵ بەغدا دەستی پێكردووە، بۆ ئەوەیە دەوڵەتی كوردستانی باشوور لە دەوڵەتێكی دیفاكتۆوە بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێكی ددانپێدانراوی خاوەن سەروەریی لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بۆیە كاتێك دەچینە ناو ئەم پرۆسەی وەرچەرخانەوە، ئەوا رای گەلی كوردستان و رێككەوتنی نێوان كوردستان و عێراق دەبێتە ئەو دیكۆمێنتەی كە لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دیالۆگی لەسەر دەكەین.
2- سەرۆك بارزانی كە لە ئایاری 2015 بەسەرۆكایەتی شاندێكی هاوبەشی حكومەت چووە كۆشكی سپی و پرسی سەربەخۆیی راشكاوانە لەگەڵ باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكا باسكردووە، ئەوە یەكەمین جار بووە لە مێژوودا كە ئەمریكا دژی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان نەبێت، بۆیە سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری باسیان لە میكانیزم و نەخشەڕێگەی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە كردووە، هەر بۆیەشە كە سەرۆك و شاندەكە گەڕانەوە كوردستان، سەرۆك بارزانی لەگەڵ هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستانی باشوور كۆبووەوە و ئاكامی سەردانەكەی پێڕاگەیاندن و داوای كرد ژوورێكی عەمەلیات دروست بكرێت بۆ ئەو پرسە و هەموو پێكەوە هەنگاو هەڵبگرن و زەمینەی دەستپێكردنی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا دەست پێبكرێت و زەمینە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان ئامادەبكرێت. ئەمەش مانای ئەوەیە نەخشەی رێگە بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان، لەسەر بنەمای دیالۆگ و بەشێوەیەكی ئاشتییانە لەگەڵ بەغدا داڕێژدراوە بۆ ئەوەی جیهانیش رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرێت.
3- لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئاستی هەندێك لە لایەنە سیاسییەكانی هاوپەیمانی شیعە و لە ژێر گوشاری دەوڵەتانی دراوسێدا، هێشتا وەك پێویست لە بایەخ و گرنگیی ئەم پرۆسەیە تێناگەن، بەڵام پاش ئەوەی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ تەواو دەبێت و پرۆسەی سیاسی بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق لەلایەك و رێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان عەرەبی شیعە و سوننە لە بەشە عەرەبییەكەی عێراقدا بەسەرپەرشتی ئەمریكا و هاوپەیمانان دەست پێدەكات، ئەوكات تێدەگەن نەخشەڕێگەی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دەبێتە بەشێكی گرنگ لە پرۆسەی رێكخستنەوەی عێراقی عەرەبی لە نێوان شیعەو سوننەدا، خۆ ئەگەر نەتوانن میكانزمێك بدۆزنەوە بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان سوننە و شیعە و سەقامگیری و ئاشتی دروست نەبێت، لەوانەیە شیعە و سوننەش بەشێوەیەك لە شێوەكان لەیەكتری جیابكەنەوە، لێرەدا نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، كاتێك شەڕێكی گەورەی جیهانی وەك شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە رووی سەربازییەوە تەواو دەبێت، هاوپەیمانان دەبنە بەشێك لە چۆنیەتی بەدیهێنانی ئاشتی و بردنەوەی شەڕەكە لەسەر ئاستی سیاسیش، بۆیە هەر رێگەیەك ببێتە هۆكاری بەدیهێنیانی ئاشتی و سەقامگیری لە نێوان كوردستان و عێراق لەلایەك و عەرەبی شیعە و سوننە لەلایەكی دیكە ئەو رێگەیە دەگرنەبەر و مێژووی كۆتایی شەڕەكانی كۆن و نوێ ئەوەمان پێدەڵێت، لەشەڕە جیهانییە گەورەكاندا، تەنیا رێگە بۆ كۆتاییهێنان بەشەڕ و چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری، دەستكاریكردنی جوگرافیا و دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ بووە، بۆیە لەئێستا كە كوردستان و عێراق بە كردەیی و دیفاكتۆ لەیەكتری جیابوونەتەوە، ئەو ئیرادەیە لای هەردوولامان دروست بووە كە رێككەوتنی سەربازی بكەین دژی دوژمنێكی هاوبەش كە داعشە، بەڵام ئەگەر ئەم جیابوونەوە دیفاكتۆیە ئەم زەمینەیەی دروست نەكردایە، دەبوو هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەبری ئەوەی پێكەوە لەیەك سەنگەردا شەڕی دوژمنێكی هاوبەش بكەن، ئێستا دەبوو دژی یەكتری شەڕ بكەن، كە ئەمەش یەكەمجارە لە مێژووی دروستبوونی عێراقەوە ئەم هاوكارییە سەربازییە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست ببێت.
4- ئێمە كاتێك لەسەر پرۆسەی سەربەخۆیی راشكاوانە لەگەڵ بەغدا وتووێژ دەكەین، مەبەستمان ئەوە نییە تەواو ئیدی هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ بەغدا نەمێنێت، بەپێچەوانە ئەگەر كوردستان و عێراق بە شێوەیەكی ئاشتییانە لەسەر ئەم پرسە رێكبكەوین، ئەوا ئومێدی ئێمە ئەوەیە كە لەگەڵ عێراق و تەواوی دەوڵەتانی دیكەی دراوسێمان لە ناوچەكەكە دراوسێی باشی یەكتری بین، ئێمە رێز لە ئیرادەی گەلانی ئەوان دەگرین، بۆ ئەوەی ئەوانیش رێز لە ئیرادەی گەلی ئێمە بگرن، پاشانیش چۆن ئێستا لەگەڵ توركیا و ئێران پەیوەندییەكی زۆر باشی ئابووری و بارزگانی و سیاسیمان هەیە، بەهەمان شێوە دەخوازین لەگەڵ عێراقیش وەك دەوڵەتێكی دراوسێ لەوانیش زیاتر پەیوەندیی ئابووری و بارزگانی و سیاسیمان هەبێت.
5- لایەنێكی دیكە ئەوەیە، ئێمە لەگەڵ عێراقدا هەتا ئێستاش كێشەی خاك لە نێوانماندا هەیە، پێشتر لە نووسینەوەی دەستووری عێراقی 2015 كێشەی خاك لەنێوان كوردستان عێراق لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستوور رێگەچارەی بۆ دەستنیشان كرابوو، بەڵام ئێستا بەشی زۆری ئەو ناوچانە بە قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئازادكراون و دەپارێزرێن، بەڵام بەشێكیشی ماوە و پێویستی بەوەیە رێككەوتنی لەسەر بكەین، ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە ئەنجامدانی دیالۆگ و دانوستاندن هەیە.
لە دوماهی ئەم نووسینەدا، دەمەوێت راشكاوانە ئەوە بڵێم، كە ئێستا كوردستانی باشوور بە دیفاكتۆ دەوڵەتە و ئەم دیفاكتۆیە قبووڵ كراوە و كوردستان بەشدار دەبێت لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و سەرۆكی دەوڵەتی دیفاكتۆی كوردستانی باشوور وەك سەرۆكی دەوڵەت پێشوازی لێدەكرێت و بە دانانی ئاڵای كوردستان پێشوازی لێدەكرێت، بۆیە گرنگە ئەو دەستكەوتانەی بە خوێنی پێشمەرگەی كوردستان بەدەستهاتوون و كوردستانی باشووریان كردۆتە دەوڵەتی دیفاكتۆی رێزلێگیراو لەسەر ئاستی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەكەم سەیری نەكەین و خۆشمان واقیعی ئێستامان وەك نەتەوەیەك سەیر بكەین كە خاوەنی دەوڵەتی دیفاكتۆی خۆیەتی و پرۆسەی سەربەخۆیی بەوجۆرە بخوێنینەوە كە پرۆسەیەكە بۆ وەرچەرخان لە دەوڵەتی دیفاكتۆوە بۆ دەوڵەتی خاوەن سەروەریی، ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە ئەنجامدانی ریفراندۆمە، چونكە لە ئێستادا دەوڵەتانی ناوچەكەو جیهان و عەرەبی و ئیسلامی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ئامادەباشییان پیشانداوە كە رێز لە ئەمری واقیعی كوردستان بگرن، ئەمەش ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە زەمینەیەكی لەبار هەیە بۆ ئەوەی رێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن، بۆیە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی دەست بەم پرۆسە نیشتمانی و نەتەوەییە پیرۆزە بكات و ئەسپی خۆی تاو بدات لەبەر رۆشنایی ئیرادەی گەلی كوردستاندا دیالۆگ و وتووێژ لەگەڵ عێراق و تەواوی دەوڵەتانی جیهان دەست پێبكات، بۆ ئەوەی ئەم وەرچەرخانە دروست بكەین كە لە ئێستا دەوڵەتی كوردستانی باشوور دوای پشتیوانی خوا، بێجگە لەم وەرچەرخان قۆناخی دیكەی لەبەر دەمدا نەماوە.