ئەوساى سەردەمى ڕاپەڕین

ئەوساى سەردەمى ڕاپەڕین
یەکێک لە دیاردەکانى سەردەمى پێش ڕاپەڕین، ئەوکاتەى کە دیکتاتۆر لەوپەڕى هێزى خۆیدابوو و کورد لەوپەڕى بێدەسەڵاتیدا بوو، بگرە شەکەت و ماندوو و خوێناوى و نیوە مردووش ببوو، ئەوەبوو کە جیاوازى فیکرى لەنێوان تاکەکانى کۆمەڵگاى کوردەواریدا، لەژێر فشارى بەردەوامى ڕژێمدا، بەردەوام کاڵ دەبوەوە، بگرە خۆى دەدا لەوەى هەستت بەبوونی نەدەکرد. ئەو شەڕە بەناو هزریانەى لەنێوان لایەنگرانى حزبەکاندا کە تا ناوەڕاستى هەشتاکان رۆژانە گەرم و گەرمتر دەبوو، گوێبیستى نەدەبوویت. پارتى و یەکێتى و شیوعى و ئیسلامى بوون زۆر کاڵببوەوە، هەموو قوربانى بووین، هەستی بەکۆیلەبوون و زیندانى بوون زاڵبوون بەسەرماندا، ئیتر جیاوازى فیکرى چى و چى و چى، چ مانایەکى مابوو؟!! ئێمە بەکۆمەڵ دەکوژراین و ڕادەگوێزراین و سەرنگوم دەکراین، چ جیاوازیەکى دەبوو گەر وەک پارتیەک یان یەکێتیەک یان چى و چیەک بیرمان بکردایەتەوە؟ یەک مەترسى و یەک کێشە و یەک چارەسەر هەبوون و بەس، هیچ رێگایەکی ناوەند لەنێوان کورد و بەعسدا نەمابوو، جگە لە مان یان نەمانى یەکێکمان.
ئەم ڕاستیە تەواو تەواو لە ڕاپەڕین و پاشانیش کۆڕەودا هەستى پێکرا، بەوەى کە لە رۆژانى ڕاپەڕیندا هەموو کورد ڕاپەڕى، چەک و تفەنگى پێشمەرگە و شۆڕش و خەڵک لەپال یەکدا تەقەیان لە بەعس دەکرد، گرنگ ئەوەبوو تەقە لە بەعس بکەیت و ڕاوەدووى بنێى، بۆیە هەموو ئاشت بووینەوە. ئەوێ رۆژێ تەنها کوردستانیبایت بەس بوو، تاکە ناسنامە کوردستانى بوون بوو، باوکم بەبەرچاوى خۆمەوە رەفیق حزبیەکانى موەنەزەمەى شارۆچکەى خەبات، کە لەژوورێکى بچووکدا دەست بەسەربوون، ناردنیەوە ماڵى خۆیان، بەخاتری ئەوەى کوردبوون، گوێم لێبوو تەنها پێى ووتن : لەمەودوا پیاوبن، ئەوانیش ووتیان: پەیمان. ڕاستگۆش دەرچوون.
ئەوساى ڕاپەڕین پتر لە جەخت کردنەوە و نوێکردنەوەى گرێبەستێکى کۆمەڵایەتى دەچوو کە لەنێوان هەموو تاکێکى کورددا لە هەرێمى کوردستاندا دەبەسترا، گرێبەستێک بەشێوازێکى نوێ و لەکۆمەڵگایەکى نوێدا. بۆیەکەم جار لەدواى شۆڕشى ئەیلول کۆمەڵگاى کوردى، لانى کەم لە بەشێکى فراوان و ئەکتیڤى وەک هەرێمى کوردستانى ئەمڕۆدا، یەکدەنگ بەهەموو جیهانى ووت: هێشتا ئێمە وەک نەتەوەیەک و کۆمەڵگایەک ماوین و دەمێنین، هێشتا بەرهەمى سەدو ئەوەند ساڵەى کوشتن و بڕین و سوتماکردنى خۆمان و خاکمان چۆکمان پێ دانادات، هێشتا لەگەڵ هەموو جیاوازى و ناکۆکیەکانماندا لەبەردەم مان و نەمانى نەتەوەکەماندا یەک دەست و ڕەنگ و دەنگین.
ئەوسا، هەموو دەمانتوانى لەچوارچێوەى کوردایەتیدا هەر حزبێک بین، بیرمان لەکەمینە و زۆرینە نەدەکردەوە، هەموو حزبێک دەبوایە لە بەرەى کوردستانى کورسى ببوایە، دەنگى ببوایە، چەمکى حزبی بچوک و گەورە پەیدانەببوو. ئەوسا لە سەردەمێکى ڕەهاى ئازادى دەچوو.
ئەوسا بڕیارماندا بەیەکەوە ووڵاتێک دابمەزرێنین، چى تر لەژێر سایەى داگیرکاریدا نەژین، بەهەرنرخێک بێت بەیەکەوە بین باشترە وەک لەوەى جیاوازبین، نەڕۆین باشترە وەک لەوەى یەکترى بەجێبهێڵین، سەردەمێکى نوێى حوکمڕانى کوردى، لەدواى پتر لە سەدەو نیوێک لە لەبەین بردنى میرنشینە کوردیەکان، دابمەزرێنین.
ڕاپەڕینى کوردستان، هەرچەندە وەک ڕووداوێکى کوردى ڕووت دەردەکەوت، بەڵام ڕووداو و وەرچەرخانەکانى دوایی و ئێستاى ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، سەلماندیان ڕاپەڕین تەنها یەکەم ئەڵقەى زنجیرەى گۆڕانکارى گەورەى ناوچەکەیە، هەنگاونانە بەرەو ئەو ئازادى و یەکسانیەى کە گروپ و تاکەکانى ناوچەکە دەمێکە و لەسەردەمانێکى زۆر زۆر لەمێژەوە خەونى پێوەدەبینن. هێشتاش ئەم زنجیرەیە لەسەرەتایدایە و گەلێک ئەڵقەى ترى ماوە.
پرسیارى سەرەکى ئەوەیە، چى لە ڕاپەڕین بکەین؟
*************************
ئەگەر دەرفەت هەبوو بە ووتارێکى تر لە داهاتوودا تەواوى دەکەم، یان دەکرێت هەر کەسێکى تر تەواوى بکات.
Top