شنگالی نوێ، میكانیزم بۆ جێبەجێكردنی پێشنیارەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان

شنگالی نوێ، میكانیزم بۆ جێبەجێكردنی پێشنیارەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان
بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 3/8/2016 و لەساڵیادی كارەساتی شنگالدا پێشنیاری كرد شارێكی نوێ دروست بكرێت بەناوی شنگالی نوێ و شنگالی ئێستاش وەك خۆی بهێڵدرێتەوەو ببێتە هێماو سیمبوڵ بۆ قوربانییانی شارەكەو بۆ پێشاندانی دڕندەیی و وەحشیگەریی تیرۆریستانی داعش.
ئەم پێشنیارە زۆر گرنگەو زۆرێك لەوڵاتانی جیهانیش بۆ هێشتنەوەی ئاسەواری كارەساتەكان شاری نوێیان لەنزیك شارە وێرانەكە دروست كردووە، بەمەش توانیویانە خزمەتی دانیشتووانی شارەكە بكەن، لەهەمان كاتیشدا شارە وێرانكراوەكە بكەنە هێمایەك بۆ پیشاندانی قەبارەی كارەساتەكەو بۆ زیندووڕاگرتنی گیانی قوربانییانی شار.
ئێمە ئێستا كە هێدی هێدی نزیك دەبینەوە لەكۆتاییهێنان بەداعشی تیرۆریست، جێگەی خۆیەتی لەئێستاوە كاربەدەستان و لایەنە پێوەندیدارەكان لەخەمی جێبەجێكردنی ئەو پێشنیارەی جەنابی سەرۆكی هەرێم بن و، میكانیزمی كرداریی و خێرای بۆ ئامادە بكەن لە رێگەی چەند هەنگاوێكی وەك:
یەكەم: پێكهێنانی تیمێكی باڵا لەلایەنە پێوەندیدارەكان بەناوی تیمی باڵای بنیادنانی شنگالی نوێ.
دووەم: پێوەندیكردنی تیمی باڵا بەكەسایەتی و دامەزراوە خۆماڵییە خاوەن ئەزموونەكان لەم بوارەدا.
سێیەم: بەپارێزگاكردنی شنگال و جیاكردنەوەی لەموسڵ.
چوارەم: وەك وەفایەك بۆ ئافرەتانی شنگال كە قوربانیی سەرەكیی كارە دڕندانەكانی داعش بوون، پێگەی سیاسی و ئیداریی ئافرەتان لەشنگالی نوێدا بەرز رابگیرێت و، لەحاڵەتی بەپارێزگاكردنی شنگالی نوێدا، پۆستی پارێزگاری پارێزگای شنگال بدرێتە ئافرەتێكی خاوەن توانای ئیداریی، بەمەش ئافرەتی شنگالی دەبێتە یەكەم پارێزگار لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا.
پێنجەم: كردنەوەی سندوقێكی تایبەت بە كۆكردنەوەی یارمەتیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی بۆ دووبارە بنیادنانەوەی شنگالی نوێ.
شەشەم: قەرەبووكردنەوەی كوردانی ئێزدیی لەلایەن عێراقەوە لەسەر ئەو هەموو زیانە ماددی و مەعنەوییەی بەریانكەوتووە.
حەوتەم: داواكردن لەدامەزراوە جیهانییە كاریگەرەكان بۆ بەشداربوون لەم پڕۆژەیەدا.
هەشتەم: داواكردن لەناوەندەكانی بڕیاری جیهانیی بۆ بڕیاردان لەسەر سەربەخۆیی باشووری كوردستان، چونكە هەموو نەهامەتییەكانی سەدان ساڵی رابردوو لەئەنجامی پێكەوەلكاندنی كوردستان بووە بەدەوڵەتانی ناوچەكەوە.
نۆیەم: سوودوەرگرتن لەئەزموونی بنیادنانی شارە هاوشێوەكانی دوای جەنگی یەكەم و دووەمی جیهانیی بۆ ئاسان و خێرا بنیادنانی شنگالی نوێ.
دەهەم: خستنەخزمەتی تواناكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو وەزارەتە پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پرۆژەی بنیادنانی شنگالی نوێ.
هاوكات و لەگەڵ بەڕێوەچوونی بنیادنانی شنگالی نوێ، زۆر گرنگە لەسەر ئاستی كوردستانیدا لەخەمی دووبارە بنیادنانی لایەنە واتایی و مرۆیی و ئینسانییەكانیشدا بین وەك:
یەكەم: بەردەوام كاركردن لەسەر پەرەپێدانی گیانی مرۆڤدۆستانەی خەڵكی كوردستان كە بێگوێدانە جیاوازیی ئایینی، هەموویان خەمخۆری شنگال و شنگالییان بوون لەماوەی ئەو دوو ساڵەداو تا ئێستاش.
دووەم: بەدیكیۆمێنتكردنی كارەساتی شارەكە، بۆ ئەوەی هەمیشە وەك سەرچاوەیەكی زیندوو ببێتە شایەدی راستەقینەی ئەو كارەساتە.
سێیەم: ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ بڕیاردان لەسەر سەرپشككردنی دانیشتووانی شنگال لەسەر مانەوە لەگەڵ عێراقدا یان هاتنە سەر هەرێمی كوردستان.
چوارەم: دروستكردنی رێكخراوی تایبەت بەجینۆسایدی كوردانی ئێزیدی.
پێنجەم: بەردەوامبوونی كوردانی تاراوگە لەسەر فشارخستنە سەر حكومەتانی جیهان بۆ زووترو زیاتر هاتن بەدەم كێشەو كارەساتی شنگالەوە.
شەشەم: هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی باری دەروونیی زۆرێك لەزیندووانی پاش ئەو كارەساتە چ لەنەخۆشخانەكانی ناوخۆدا، چ لەدەرەوەدا.
حەوتەم : كردنەوەی چەند خولێكی پێكەوەژیانی ئایینی لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە بۆ زانایانی ئایینە جیاوازەكانی ئەو ناوچانەو باسكردنی تێگەیشتنی كوردانە لەئایین و ئەزموونی زۆر جوانی پێكەوەژیان و تەساموحی ئایینی لەكوردستاندا.
هەشتەم: بەئیلزامیكردنی خوێندنی منداڵان و مێرمناڵانی ئەو ناوچانە لەقوتابخانەكاندا، بۆ سڕینەوەی ئەو هەموو فكرو بیرە توندڕەوەی كە داعش لەمێشكیاندا چاندوویەتی لەو دوو ساڵەدا.

Top