کوڕی خاک

کوڕی خاک
کە گوێی لە فاتیحای کۆتایی بوو، ئیتر دونیا کش و مات بوو، بێدەنگ. ئەوە بۆ ئەو نامۆ نەبوو، گەلێک جار هەر خۆی و لەناوخاکدا بەوشێوەیە ڕاکشابوو و ئەستێرەی دەژماردن. ئینکیر و مونکیر هاتن، سەریان لەوە سوڕما کە ئەو هیچ نەپەشۆکا و نەدەترسا. ئینکیریان دەستی کرد بەپرسیارکردن و ووتی: - تۆ کێی و کوڕی کێی؟ ئەو بەو پرسیارە بیری چوەوە بۆ ئەو سەری ژیانی، بیری نەدەهات بەڵام لەدایکی بیستبوو کە بەرەبەیانێکی زوو لەناو دێراوێکدا لەدایک ببوو، چونکە هیچ نەبوو تێیەوەپێچێت بۆیە خۆڵاوی ببوو.


پاشان بیری کەوتەوە کە بەمنداڵی هەمیشە یاری بەخۆڵ دەکرد، خۆڵی دەخوارد، خۆشترین یاری ئەو فلیقە پێکردنی قوڕە خەستەکەی گۆماوی بەرماڵان بوو. دواتر چەند بیری کردەوە، سەیری کرد هەر خەریکی خاک بووە، گڵ و ئاو و کا ی تێکەڵ دەکرد، وازی لێ دەهێنان تا دەترشان، ئەوسا بەپێی ڕووتی دەکەوتە ناوی و دەیشێلا، هەر دەیشێلا، لەو کاتانەشدا هەر سەری لەبەرخۆی دەنا و تەماشای قوڕەکەی دەکرد، چۆن خەست دەبێتەوە! چەند پەیت دەبێتەوە، تا وەک هەویری لێ دەهات، ئەوسا دەیکردە خشت خشت، یەکێک و دووان و دە و سەد. لەبەر هەتاو هەڵیدەخستن و رۆژانە دەستی پێدادەهێنان تا بزانێت کەی تەواو ووشک و پتەو دەبن. ئەوساش وەک کۆرپە لەباوەشی دەکردن و دەیخستنە سەر یەک، هەر بەخاک و قوڕ لێکی گرێ دەدان و دیوار و خانووی لێ دروست دەکردن.


کە بەدەشت و دەردا دەڕۆیشت، هەمیشە سەیری خاکی دەکرد، خاک ببووە خولیا و مەراقی، هەمیشە بەدوای خاکی پتەو، کە بۆ خشت و دیواری پتەو دەست بدات، دەگەڕا. شوێن گڵنجانی باشی دەدۆزیەوە، دەیزانی خۆڵی چ گڵنجانێک قوڕی باشی لێ دەشێلرێت. ئەو هەمیشە لەگەڵ خاکدا ژیابوو، بۆیە لەخاک نەدەترسا، بەپێخواسی بەڕێگادا دەڕۆیشت، بەڵکو چێژی لەخاک و بەرد و قوڕ و لیتەکەی وەردەگرت. خۆی لەقوڕاو و لیتاوی سەرڕێگای لانەدەدا، قوڕی سەر دەست و پێ و شەڕواڵەکەی نەدەشتەوە، لەمنداڵیەوە چێژی لەوە دەبینی کە لەبەر خۆرەتاودا، بۆ خۆخافڵاندن، قوڕە ووشکەی دەپرواند و دەیتەکاند. هاوینانیش لەسەر زەوی ڕادەکشاو سەیری ئاسمان و ئەستێرەکانی دەکرد، لەو ساتانەشدا هەر یاری بە خاک و خۆڵی ژێر دەستی دەکرد، وەک ئەوەی بیەوێ دڵنیابێت کە خاک ماوە، هێشتا لەسەر خاکە. هەروا بیری هێناو برد، بیری کەوتەوە کە دوا پیشەشی هەر پەیوەست بوو بەخاکەوە، لەدووتوێی خاکدا دەژیا، هەمیشە باوەشی بەخۆڵ و گڵی بەردەمیدا کردبوو، ئەو ساتانەشی لەبێدەنگی و چاوەڕوانیدا بوو، سەیری توێ توێی خاکە هەڵکەنراوەکەی بەردەمی دەکرد.


زۆر جار دیقەتی لە ڕەگی گیاکان دەدا کە لەخاک ڕووت ببونەوە، هێندەی خۆش دەوویستن دیسانەوە بەتف قوڕی بۆ دەگرتنەوە و تێی هەڵدەسون تا بەگەرمای هاوین یان کزەبای ساردی ئەو پێدەشتە کاکی بەکاکیە ووشک نەبن. هەمیشە لەناو خاکدا بوو، یاری بەخاک دەکرد و سەیری خاکی دەکرد تا ئەوەی عاشقی خاک ببوو. بەرەبەیانی ئەو رۆژەی بیر کەوتەوە چۆن لەگەڵ ئەوانی تردا ڕاپەڕین و باوەشیان بەخاکەکەی بەردەمیاندا کرد، توند توند لەئامێزیان گرتبوو، یەکتریان دەپاراست، لەهێکڕاوە سەری تاسا و کەوتە باوەشی خاکەوە و چاوی تاریک بوو، بەفاتیحاکە هۆشی هاتەوە بەر، تومەز بۆ ئەبەد ئاوێزانی خاک ببوو، ئیتر ئەو ساتە بوو کە ئینکیر و مونکیر هاتن.


بۆیە نەیزانی چۆن وەڵامیان بداتەوە و بڵی من کێم، ئەو تەنها خاکی بینیبوو و لەگەڵیدا ژیابوو، بۆیە تەنها ئەوەی زانی بڵێت: - کوڕی خاکم. مونکیر بەسەرسوڕمانەوە ڕووی لە ئینکیر کردو ووتی ئەوە دەبێتە چی؟ ئینکیر ووتی: بنووسە پێشمەرگەیە. مونکیر زۆر وورد و بەدیقەتەوە نووسی: (پ ێ ش م ە ر گ ە) یە. خەریک بوو پرسیاری تری لێ بکات، بەڵاکم ئینکیر شارەزاتر بوو، بۆیە پێی ووت: - پرسیاری تر مەکە، ئەوەندە بەسە، ئەوانە زۆر پیرۆزن، لەئاست ئێمەدا نین، بگرە پیرۆزتریشن، پرسیاریان لەسەر نیە. ئیتر ئەویش ڕاکشایەوە، بۆ هەمیشە دەستی بەتوانەوە لەخاکدا کرد .
Top