دابەشنەکردنی عێراق.... سەربەخۆیی کوردستان (٦)

دابەشنەکردنی عێراق.... سەربەخۆیی کوردستان (٦)
لەم سەروەختەدا کە هاوپەیمانیی عێراقی هاتوون پێکەوە چارەسەری کێشەکان بکەین و پێکەوە عێراق بنیات بنێینەوە. ئینجا باسی زۆرینەی هەڵبژاردن دەکەن!! باسی هەرگیز دابەشنەکردنی عێراق دەکەن!! تەنانەت نەیانتوانیوە دڵنەواییمان پێ ببەخشن و هێندەی تۆزقاڵێ هاوسۆزی خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەکانمان و پاڵپشتی پێشمەرگەکانی کوردستان بن. ئەوان لە پرۆژەکەیاندا ئەوەیان نادیدە گرتووە کە دوو ساڵ زیاتر پێشمەرگەی کوردستان تاکە هێزی شەڕکەری کردەنی بوو بەرامبەر بە داعش و ئەو ئەفسانەیەی تێکشکاندو هەموو دەروازەکانی بۆ سوپای عێراق کردەوە کە هێرش ببات بۆ ناو موسڵ، بۆیە ناوی پێشمەرگە لە دواوەی هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی و رۆڵەکانی عەشایەر هاتووە. ئەمە کەمکردنەوەیە لە رۆڵی پێشمەرگە و قوربانییەکانی. کەمکردنەوەیەکی بەئەنقەستە و پەیامێکیشی پێوە نێردراوە بۆ گەلی کوردستان.
خاوەنانی ئەم پرۆژەیە زۆریان پەیام ناردووە بۆ گەلی کوردستان. ئەوان بەهیچ کلۆجێ بەرپرسیارێتی ناوهێنان یان قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان و راگواستن و تەعریب ناخەنە ئەستۆی خۆیان و تەنانەت هیچ میکانیزمێکیش بۆ چارەسەری ئەو رابردووە لەبیرنەکراوە دانانێن. تەنانەت کێشەی رابردوو و ئێستای فەیلییەکان جێی بایەخی برا عەرەبە هاو مەزهەبەکانیان نییە لەم پرۆژەیەدا چونکە بە نەتەوە کوردن.
Top