شەڕ و هەڕەشەی داعشمان لە كوردستان دورخستەوە.
November 29, 2016
وتار و بیروڕا
ئیتر پێ دەنێینە قۆناغێكی دیكە. قۆناغی تەرجەمەكردنی ئەو سەركەوتنە سەربازی و مەعنەوییە بۆ دەسكەوتی سیاسی بەرجەستە و مەزن. پەیامی بارزانی و دەسپێشخەری پارتی و بەدەنگەوەهاتنی لایەنەكان، ئاماژەی تیگەیشتنی هەموو لایەكە لە پێداویستییەكانی قۆناغە نوێیەكە.
تا دوێنێ هیچ ئەركێك لە پاراستنی كوردستان و شكاندنی دوژمن لەپێشتر نەبوو، لێرە بەدواوە رێكخستنەوەی ناوماڵ و گەڕان بە دوای چارەسەری گوزەرانی خەڵك ئەركی لە دواخستن نەهاتووە.
لێرە بەدواوە تەجاوزی ناكۆكییە نێوخۆیەكان و سوككردنی باری گرانی خەڵك و خۆسازدان بۆ قۆناغە نوێیەكە ئەولەویەتە.
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە سازدانی زەمینەی هاریكار بۆ لێكگەیشتن و پێكهاتنەوەی لایەنەكان، رۆڵیان لە میدیای تەقلیدی زیاتر نەبێ كەمتر نییە. چالاكانی فەیسبووك وەك رۆژنامەنوسان بەرپرسیارییان لە ئەستۆیە. دەبێ هەر كەس لە ئاستی خۆی هاریكار و بەشداری سەرخستنی دانوستانی نێوان حیزبەكان بێت. گوێ بە هەندێ لێدوانی تاكەكەسانی نابەرپرسیار نەدرێ . دەبێ چاومان دیمەنە گەورەكە و قۆناغە مەزنەكە ببینێ نەك لێدوان و قسەی ئەم و ئەو و شتی بچوك و بێ ئەرزش .
ئەوە باوەڕی منە . حەزیشم لێیە هاورام بن .
ئاریان فەرەج