كێشەی راستەقینەی جمهوریی ئیسلامی

كێشەی راستەقینەی جمهوریی ئیسلامی
سیاسەت و جیهانبینیی جمهوریی ئیسلامیی ئیران، روئیای مەزهەبی و مەیلی فراوانخوازیی و دەستوەردان بە بەهانەی شیعەپارێزی لە كاروباری ناوخۆیی دەوڵەتانی ناوچەكە و سەنگەرگرتنی ئایدیۆلۆجی لە رۆژئاوا و دیموكراتخوازانی جیهان، زۆرترین ناحەزی بۆ ئەو ووڵاتە پەیداكردووە و كەمترین دۆستی بۆ هێشتۆتەوە. ناوچەكەشی بەسەر سەنگەربەندی و توندئاژۆییەكی تائیفی ترسناكدا دابەش كردووە.
كێشەی راستەقینەی جمهوریی ئیسلامی ئەمەیە نەك هەرێمی كوردستانی بێ زیان. هەرێمێك كە هەردەم قەدری جیرانەتی زانیوە و پایەندییەكانی لەگەڵ ئیران و غەیری ئێران پاراستووە و هەرگیز نەیهێشتووە بۆ هیچ لایەك ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە. بە پێچەوانەشەوە هەردەم هەوڵیداوە رایەڵە و روانگا و بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ دەرو جیران ببینێتەوە و هەرگیزیش پەیوەندییە پتەوەكانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نەكردۆتە ئەلتەرناتیف بۆ پەیوەندییە ئیقلیمییەكانی و لە كەس بێ منەت نەبووە. بە تایبەتیش لە هەمبەر ئیران كە لە رابردوودا دۆست و هاوخەباتێكی دێرین ولە ئێستا و داهاتوشدا جیرانێكی هەمیشەیی كوردستانە.
بۆیە هەڕەشەی هەندێك كاربەدەستی ئیرانی كە ناوبەناو دەكرێتە سەر كوردستان و تۆمەتباركردنی بە دژایەتی ئەمن و بەرژەوەندیەكانی ئیران، جیا لەوەی بێ بنەما و نادروست و بێ بەڵگەن، ناهەقییە و شكاندنی ناڕەوای كاسەكەیە لەسەری كوردستاندا لە كاتێكدا كێشەكانی ئیران دەرەنجامی سیاسەت و دونیابینی ناوخۆیی و دەرەكی خۆیەتی و دوور و نزیك خەتایەكی كوردستانی تێدا نییە. هاوكات دەخاڵەتێكی ئاشكرایە لە كاروباری نێوخۆیی هەرێمێكی دانپێدانراودا كە دەسەڵاتێكی میللی سەرپشك لە لایەن گەلی كوردستانەوە سیاسەتی بۆ دادەڕێژێ و هەڵوێستەكانی بۆ نەخش دەكات.
گرەو لەسەر ترساندنی هەرێمی كوردستان، هەر كەس بیكات، گرەوێكی دۆڕاوە چ جای دەوڵەتێكی كوردناسی وەك ئێران كە نزیكترین شاهیدی هەموو ئەو فاجیعە و زوڵم و ستەمەیە كە گەلی كورد لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا سەرسەختانە بەرگەی گرتوە و ئامادە نەبووە و نییە دەست لە داواكانی هەڵگرێت. گرەویش لەسەر ناكۆكییە نێوخۆییەكانی هەرێم كە لە لێدوانی بەرپرسەكانی ئێراندا هەستی پێدەكرێت، دیسان گرەوێكی بێ هودەیە و ئێرانییەكان لەهەر كەس باشتر دەزانن ئازادی و سەربەخۆییخوازی ئاوات و داوای تێكڕای خەڵكی كوردستانە نەك حیزبێك و لایەنێك بە تەنیا.
بۆیە لێدوانی ئاگرین و دژایەتی ناهەق و دەخاڵەتی ناڕەوا لە كاروباری نێوخۆیی كوردستان لەلایەن ئەو بەرپرسانەی جمهوریی ئیسلامییەوە، جگە لە قەدرنەگرتنی پەیوەندی دێرین و زیان گەیاندن بە دۆستایەتی و جیرانەتی و بەرژەوەندی هاوبەشی هەردولا، هیچ سوود و قازانجێكی نییە وهیچیشی لێ شین نابێت.
كوردستانییان و حكومەتی هەرێم لە كاتێكدا ئەم هەڕەشانە بە هیچ جۆرێك لە هیچ لایەنێك قبوڵ ناكەن، دەستیشیان بۆ دۆستایەتی و لێكگەیشتن لەسەر بنەمای رێزلێكگرتن و ریعایەتی بەرژەوەندی هاوبەش و پەیوەندی هاوسەنگ، بۆ هەموو لایەك درێژە بە جمهوری ئیسلامیی ئێرانیشەوە.
Top