كورد 87 ساڵە داوای یارمەتی لە ئەمریكا دەكات
October 18, 2016
وتار و بیروڕا
بەم پێشەكییە دەچینە لای چەند ژمارەیەكی رۆژنامەی ژیان لەساڵی 1929 واتە 87 ساڵ لەمەوبەر كە تیایدا دەبینین كەسێكی ئەمریكی بە ناوی دكتۆر ستاوت (ئەو سەردەمە دەنووسرا دۆقتۆر نەك دكتۆر) لەگەڵ هاوسەری خۆیدا لە بەغداوە بە گەشتێك بۆ سلێمانی و دەوروبەریدا، دێتە كوردستان و پاشان یادەوەرییەكانی ئەم گەشتەی لە رۆژنامە ئەمرییكییەكاندا بڵاودەكاتەوە، رۆژنامەی ژیانیش دەیكات بەكوردی و لەچەند ژمارەیەكیدا بڵاوی دەكاتەوە، منیش حەزمكرد خوێنەران لەكورتەی ئەو یادەوەرییانە ئاگادار بكەمەوە.
سەرەتا لە ژمارەی 184 بەرواری 8/7/ 1929، ئەم ناونیشانە نووسراوە:
بابەتێكی دۆقتۆر ستاوت، كە تیایدا هاتووە دكتۆر ستاوت:
(مدیر مەكتەبەكانی ئەمریقایە لە بەغداد كە پار لە ئۆگۆستۆسدا لەگەڵ میسز ستاوت بۆ سیاحەت و تەماشاكردنی وەزعییەتی كوردستان تەشریفیان هێنابووە سلێمانی ... ئەم مەقالەیە لە مەجموعەیەكی ئەمریقادا نەشر كراوەو، لەبەر ئەوەی سەراپا بەحسی ئەخلاق و جیبللیەتی كوردەكان دەكات، ویستمان بە تەرجەمەكراوی نەشری بكەین).
ئنجا مستەر ستاوت دەڵێت:
«لەگەڵ میسز ستاوت-دا بۆ مانگێك چووینە كوردستانی جەنوبی كە مەركەزی حەیاتی سیاسیی و قەومی كوردەكانە. ئەهالی ئەم ناوە ئێمەیان زۆر بە گەرمی ئیستقبال كردو داوایان لە ئێمە، كردنەوەی مەكتەب و ئیبرازی موعاوەنەت بوو.»
دواتر لە ژمارەی 185 بەرواری 11/7/1929، دكتۆر ستاوت دەڵێت: «بۆ هەر كوێیەك ئەچووین، لەهەر جێگایەك دائەنیشتین، ئەوەی كە پێمان ئەگوتراو بەر گوێمان ئەكەوت، ئەم قسانە بوون: وەرن بەهاوارمانەوە، ئەمریقا بێت و معاوەنەتمان بكات، مەكتەبمان بۆ بكەنەوە، ئیحتیاجمان بەئێوە زۆرە، موحتاجی یارمەتی ئێوەین..»
ئنجا دەڵێت: «لە ئەسنای عەودەتمانا لە ئاخر دێی كوردستانی جەنوبییەوە هاوارێكم بەر گوێ كەوت، كەتا بمێنم لەبیرم ناچێتەوە. وەقتێ كە زانرا ئۆتۆمۆبێلەكەی ئێمە گەیشتووە، كوێخای دێیەكە بە هەڵەداوان سەركەوتە سەر شاخەكەو بە دەنگێكی تەنگەنەفەسی پێی گوتم: (تكاتان لێ ئەكەم مەكتەبێ لەسلێمانی بكەنەوە. لەو وەقتەدا كە ئۆتۆمۆبێلەكەمان كەوتە رۆیشتن، پێم وت كە لەم مەسئەلەیە تێئەفكرین. لەئاخریا گوێم لێبوو بانگی ئەكرد : ڕجا ئەكەم لەفكرتان نەچێ...»
دكتۆر ستاوت دەڵێت: «كوردەكان قەومێكن شایانی معاوەنەتن، لەگەڵ ئەمەدا هیچیان بۆ نەكراوە.»
دواتر لە ژمارەی 186 بەرواری 15/7/ 1929
دكتۆر ستاوت دەڵێت: «ئەم میللەتە لەگۆشەی ئیهمالدا ماوەتەوە، تا ئێستا ئێمە هیچمان بۆ نەكردووە.»
ئنجا دەنووسێت: «خولاصەت الخلاصە كورد ئارییەو برای خوێنینی ئێمەیە، داوای موعاوەنەتمان لێ ئەكاو ئەڵێت: ئێمە ئیهمالمان كردووە ..... لەنەتیجەدا داوای یارمەتی و عیلم و مەعارفی ئێمە ئەكا.
مدیر مكتبەكانی ئەمریقا لە بەغداد/ دوقتۆر ستاوت»