پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی كوردستان
October 9, 2016
وتار و بیروڕا
هیچ ئایینێك چ ئاسمانی بێت، یان ئایینی سەرزەوی بێت، بە هیچ شێوەیەك دوور نابێت لە كۆمەڵە توندڕۆو پەڕگیرێك كە هەوڵ دەدات پڕۆژەی گفتوگۆ لەبین بەرێت، بە بیانووی ئەوەی كە گفتوگۆ پاشگەزبوونەوەیە لە بیروباوەڕە بنەڕەتییەكان، داننان بە بەرامبەر داننان نییە بە ئایینەكەی، پێویستیش بە تەنازول ناكات لە بیرو باوەڕ، ئەو شتە زیاتر بەندە بە دۆزینەوەی زەمینەیەكی لەبار بۆ پێكەوەژیان و رێككەوتن لەسەر بنەما هاوبەشەكان، كە ئاشتی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیانی ئایینی سەقامگیر مسۆگەردەكات، خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكمْ مِنْ ذَكرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكرَمَكمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ) واتا خوای گەورە هەموو خەڵكی لە شێوەی جودای رەنگ و زمان و نەتەوەو بیروباوەڕو ئایین دروستكردووە، لە هەمووی گرنگتر گفتوگۆی نێوانیانە، لەگەڵ كاری هاوبەش و كێبڕكێ بۆ كاری باش. كاتێ باس لە گفتوگۆ دەكەین مەبەستمان تەنیا لەنێو ئایینەكان نییە، بەڵكو لەنێوان دوو لا، لە نێوان ئایین و ئاییندا، لە نێوان مەزهەب و مەزهەب، نەتەوەو نەتەوە، لەنێوان وڵات و وڵاتدا، چونكە ئامانجی سەرەكی بەدیهێنانی ژیانێكی سەقامگیرە بۆ هەموو لایەك.
كۆمەڵگەی دووەمی فاتیكان بانگهێشتی گفتوگۆی نێوان ئیسلام و مەسیحی راگەیاند، ئەمەش لەپێناو لەبیركردنی رابردوو بوو، هەروەها رووكردنە لێكگەیشتنێكی بەرامبەر بە شێوازێكی دڵسۆزانە، جۆرافسكی روونی كردەوە كە ئەم بانگهێشتە لەنێوان لایەنەكانی كڵێسای كاسۆلیكی سێ جۆرە هەڵوێستی مەیلی لەم گفتوگۆكردنە هێنایە دی، واتا گفتوگۆی ئیسلام و مەسیح، یەكەمیان زۆرینە كە پشتیوانی لەو گفتوگۆیە كرد لە روانگەی بڕیارەكانی كۆمەڵگەی فاتیكان و بەڵگەنامەكان و نامەكانی دواتری پاپا، بەڵام لایەنگرانی مەیلی دووەم، ئەوانە لەرووی پرەنسیپەوە لاریان نییە، بەڵام مەرجەكانیان تەنیا ئەوەی كە دەبێت لە چوارچێوەی ئاییندا بێت، هەڵوێستی سێیەم لە روانگەی نامەی قەشەی لوبنانی،ب. بەسیم بۆ كاردیناڵ بینیدۆلی كە سەرۆكایەتیی لیژنەی تایبەتیی كاروباری ئایینی (غەیرە مەسیحی) كرد لە ساڵی 1977، بەڵام مەیلی یەكەم بەسەر مەیلەكانی دیكەدا سەركەوت ئەویش ئەوەیە كە گفتوگۆ پێویستە، ئەمەش دەرفەتێكی زێڕینە بۆ ناساندنی رەوتێكی توندڕەو لە ئایینە جیاجیاكاندا بۆ لەناوبردنی سەرەتای گفتوگۆ و بنەماكانی، لە راستیدا ئەم گفتوگۆیە لە رووی زانستییەوە زەحمەتە، بەڵام لەگەڵ بوون و بڕواپێبوونیدا هەنگاوێكە بەرەو ئاراستەی راستدا، ئەگەر بەراورد بكەین لەنێوان ئەو ساڵانەی پێشتر، دەبینین كە پێشكەوتنێكی بەرچاو لە گفتوگۆو هاوكاری هاتۆتە ئاراوە، نكۆڵی لە هەندێ ئاستەنگ و لەمپەر ناكرێت، بەڵام ئاساییە كە شوێنكەوتووانی دوو ئایین چەند سەدەیەك لە ململانێی سەختدا بووبن.
پێویستە ئاماژە بە هەندێ هەوڵ بكرێت كە لەم ساڵانەی رابردوودا دراون بۆ بەدیهێنانی گفتوگۆی راستەقینە لە نێوان ئایینەكان و بەتایبەتیش لەنێوان ئیسلام و مەسیحیدا، لە ساڵی 1955 كاردیناڵی كەنیسەی كاسۆلیك ف. كینیگ لەبەردەم زانایانی موسڵمان لە زانكۆی ئەزهەر وتاری خوێندەوە، بۆ یەكەم جاریشە لەوەتەی هەزار ساڵە لەم زانكۆیەدا زانایەكی مەسیحی قسەبكات، لەو كاتەوە بەردەوام دیدارو دیبەیت لەنێوان ئیسلام و مەسیحدا ئەنجام دەدرێت، لە ساڵی 1974 رازگری ئەمیندارێتی كاروباری ئایینە نامەسیحییەكان كاردیناڵ بینیدۆڵی سەردانی سعودیەی كردو چاوی بە شا فەهد كەوت، لەهەمان ساڵیشدا شاندێكی زانایانی ئیسسلامی لە سعودیە سەردانی فاتیكانی كرد، دەتوانین گرنگترین كۆنگرەو دیدارەكان دەربارەی گفتوگۆی نێوان ئایینەكان بەتایبەتیش لەنێوان ئیسلام و مەسیح بەم شێوەیە بخەینەڕوو:
1) ئیتاڵیا (1973ز) و (1985ز).
2) قورتوبە (1974ز) و(1977ز)، هەروەها لە مەدرید (1978ز).
3) تونس (1974ز) و(1979ز).
4) تەڕابلوس (1976ز).
5) سویسرا (1977ز).
6) نەمسا (1977ز) و(1978ز).
7) پورتوگاڵ (1977ز) بەستنی كۆنگرە لەنێوان سێ ئاییندا.
8)بەیروت (1977ز).
9) فەرەنسا (1979ز).
10) ئوسترالیا (1979ز)و (1980ز).
11) مالیزیا (1979ز).
12) یوگوسلافیا (1981ز).
13) سیریلانكا (1982ز).
14) قودس(1984ز).
15) سەردانی پاپا یوحەننا پۆڵسی دووەم بۆ مەغریب بە بانگهێشتی شا حەسەنی دووەم لە ساڵی 1985.
16) سەردانی پاپا یوحەننا پۆڵسی دووەم بۆ نایروبی و گانا بۆ دیداری نوێنەرانی گرووپە ئیسلامییەكان لە ساڵی 1980.
17) سەردانی پاپا یوحەننا پۆڵسی دووەم بۆ فلیپین بۆ دیداری كەمینەی ئیسلامی لە ساڵی 1981.
دێینەوە سەر باسەكەو چەند دێڕێك لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایینەكان لە كوردستان دەخەینەڕوو، هاووڵاتیانی موسڵمان و جوولەكەو كریستیان و ئێزیدی و كاكەیی بە درێژایی سەدەكانی رابردوو بە ئاشتی و سەقامگیری و خۆشەویستی بەیەكەوە ژیاون، هەموویان بەشداریان لە بنیادنان و دەوڵەمەندكردنی كەلتووری كوردستاندا كردووە، مێژووی كوردستانیش پڕیەتی لە رووداوی قوربانیدانی ئەو هاووڵاتیانە، هەموویان وەك یەك گەل لەسەر یەك نیشتمان ژیاون.
لە راستیدا كوردستان بەشێكە لە جیهانی ئیسلامی و لەو واقیعە دانابڕێت، بەتایبەتیش كە هەڕەشەی گرووپە تەكفیرییەكان دژی شوێنكەوتووانی ئایینەكانی دیكە بووە، بەتایبەتیش كریستیانەكان، كە ناچاربوون عێراق جێبێڵن و روو لە كوردستان بكەن و بە ئاسوودەیی بژین. مێژووی كوردستان گەواهیدەرە لەسەر راستیی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایینەكان.
گومانی تێدا نییە كە هەندێ حاڵەتی نەخوازراو لە مێژووی كوردستان روویداوە، تایبەت بە شەڕو دەستدرێژیكردن و ستەم دەرحەق ئایینەكانی دیكە، بەڵام زۆربەیان ماڵباتیی یان كۆمەڵایەتیی و ئابووری بوونە، دواتر بوونەتە ململانێی ئایینی، بەڵام هێڵە گشتییەكە و هۆشیاریی خەڵك دژی ئەم هەوڵە پووچەڵانە بووە، بەتایبەتیش دەبینین رۆڵی شێخ و زانایانی ناوچەكە بەرچاوو دیار بووە لە كوژاندنەوەی ئاگری ئەو فیتنەیە، بەم شێوەیە:
هەڵوێستی شێخ عەبدولقادر نەهری لەهەمبەر كریستیانەكان
لە پاییزی ساڵی 1909دا، شێخ عەبدولقادر گەشتێكی بە سەرتاسەری شەمدیناندا كرد، وەك سەرۆكی ئەنجومەنی دەوڵەت كۆنگرەیەكی كورد – ئەرمەنی سازكرد، وتارێكی خوێندەوەو و دڵسۆزیی خۆی بۆ ئیتحادییەكان پیشان دا، دواتر هاوخەمیی خۆی خستەڕوو سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئەرمەن و گەلی كورد و گوتی: پێویستە لەسەرمان وەك برا لەگەڵ ئەرمەن بژین و ئەو زەوییانەیان بۆ بگێڕینەوە كە داوای دەكەنەوە، كاردەكەین بۆبەهێزكردنی لێكگەیشتن و یەكێتی لەگەڵ برایانی دیكەی عوسمانی. دیارە شێخ عەبدولقادر نەهری سیاسەتی باوكی خۆی بەرامبەر كریستیانەكان پەیڕەوكرد، كاتێ شێخ عوبەیدوڵای نەهری شۆڕشەكەی بەرپاكرد، لایەنگرانی ئەو داوایان لێكرد كریستییانەكانی ورمێ قەتلوعام بكات، بەڵام ئەو گوتی: ئێمەی كورد لەیەك شتدا سوود بە تورك دەگەیەنین، ئەویش ئەوەیە كە ببینە چەك بەدەستیانەوە دژ بە كریستییانەكان، كاتێكیش هیچ كریستیانێك لە گۆڕەپانەكەدا نامێنێت، ئەوان دواتر رووی چەك لە ئێمە دەكەن و هەموومان لەناودەبەن.
هەڵوێستی شێخ سەعید نەورەسی لەهەمبەر كریستییانەكان
شێخ سەعیدی پیران فەرماندەیەكی سەربازیی هێزەكانی سواری حەمیدیە بوو لە ناوچەی موش، لەو كاتەدا نوری وەیسی كە جەنەڕاڵێكی تورك بوو فەرمانی پێ دا كە هەموو ئەرمەنەكانی ئەو ناوچانە لە پیاوو ئافرەت و منداڵ كۆبكاتەوەو بیانكوژێت، بەدیعولزەمان نزیكەی 1500 كەسی لە ئەرمەنەكان كۆكردەوە و بە دزییەوە بردنییە پێشەوەی بەرەی شەڕ لەگەڵ رووس و فەرمانی پێدان نانیان پێ بدەن، كە عەسر داهات، فەرمانی بە ئەرمەنێك دا بچێتە لای سوپای رووسەوە و ئامۆژگاریشی كرد كە بەردەوام هاواربكات: (ئەرمەن،ئەرمەن) تا نەیكوژن، بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئامادەن رێگا لەبەردەم ئەرمەنەكاندا بكەنەوە، ئەو پیاوە ئەرمەنییە گەیشتە لای سوپای رووس و فەرماندەی سوپاكە بەخێرهاتنی كردن بەم رێگەیە بەدیعولزەمان توانی گیانی نزیكەی 1500 ئەرمەنیی سڤیل لە مردن رزگاربكات.
هەڵوێستی شێخانی بارزان لەهەمبەر كریستییانەكان
نوێنەری قونسڵی بەریتانیا لە دیاربەكر لە نووسینێكیدا دەڵێت: شێخ عەبدولسەلام بە راستی چاكترین شێخەكانی ناوچەكە بوو، ئەندرانیك كە ئەرمەنی بووە لە ساڵی 1920 نامەیەكی ئاراستەی شێخ ئەحمەد بارزانی كردو داوای لێكرد خانەوادەكەی لە هەڕەشەی قەسابخانەی تورك رزگاربكات، ئەویش داخوازییەكەی بەجێ هێنا و كەرتێكی بە سەرۆكایەتیی وەلید بەگ پێكهێنا، مەلا مستەفاش ئەو كاتە لاوێك بوو لەریز ئەو كەرتە چەكدارە، كەرتەكە بەنێو ئەو عەشیرەتانەدا گوزەری كرد كە لایەنگری تورك بوون كە گوایە بە رێگەوەن بۆ قەسابخانەكەی ئەرمەن، بەم فێڵە توانیان خانەوادەی ئەندریك رزگاربكەن، لەم هەڵمەتەدا 14 كەس لە شۆڕەسوارانی بارزانییەكان گیانیان لەدەست دا.
دوای ئەوەی كە كوردستان لە رووی ئیدارییەوە سەربەخۆ بوو، گەلی كوردستانیش بووە خاوەن پەرلەمانێكی سەربەخۆو حكومەتێكی سەقامگیر، گرنگیدان بە ئایینەكانی دیكە بووە سیاسەتێكی ستراتیژیی حكومەت و سەركردایەتیی كورد، دەبینین لە پێكهاتەی ئیداریی گشتی وەزیرو ئەندام پەرلەمان و بەڕێوەبەر و پارێزگار لە هەموو ئایینەكان هەیە، تەنانەت لە وەزارەتی ئەوقافیش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كریستیان و ئێزیدی و جوولەكە هەیە، كە لایەن هەمووانەوە مایەی دەسخۆشییە، تەنیا لای هەندێ گرووپی توندڕۆ نەبێت، بەڵام ئەوانە گوێیان پێ نادرێت، بۆیە پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە پەرەسەندن و پێشكەوتنی بەردەوامدایە و جێ پەنجەی بەرچاوو كاریگەری لە هەموو ناوچەكانی كوردستانەوە بە ئەرێنییەوە بەرزو دیارە.
* پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق