لێكگەیشتنی هەولێر و بەغدا. بۆ ئێستا دوو هاوكار و بۆ داهاتوش دوو دراوسێی باش
October 3, 2016
وتار و بیروڕا
ئەوكات بەشێك لە نوخبەی سیاسیی كورد لە بری ئەوەی بچنە ژێر باری ئەو ئەركە، ناكۆكی نێوخۆییان هەڵتۆقاند و دواجاریش ئەو تەفرەقەیە، سەری كێشا بۆ دەستتێكەڵی لەگەڵ مالكی و رێی بڕینی موچەیان نیشاندا و تەقەللاكانیان لەگەڵ كرد بەیەك تا كوردستان لاواز بكەن و ناچار بە تەسلیم بوونی بكەن و روانگای بارزانی بشكێ. مالكی شۆڤێنی جگە لە موچەبڕین، كەوتە دژایەتی پێشمەرگە و بە ئێف شانزە و قواتی دیجلە و حەشدی شەعبی هەڕەشەی لە كوردستان كرد.
مالكی بە پشتی پارەی زۆری دزراوی سەروەختی (بەرمیلی نەوتی سەد و بیست دۆلاری) و بە دەستلەپشتدانی ئیقلیمی كەوتە كڕینی ویژدانی سیاسییەكانی بەغدا و ئیستغلالی ناكۆكییە نێوخۆییەكانی سوننە و كورد و هاندانی گیانی شۆڤێنیزمی، كەوتە دروستكردنی بەرەی (سوننەی مالكی) و (ئەكرادی مالكی) و پێكهێنانی میلیشیا و عەسسابە و دانانی پیلان بۆ روخاندنی حكومەتی عەببادی و بەدەردی بەغدابردنی هەولێرو دواجاریش گەڕانەوە بۆ دەسەڵات. پیلانێك گەر سەریگرتبا كوردی دەگەڕاندەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و بەغدای دەكردە دەستەمۆی مالكی و هاوپشتە ئیقلیمییەكەی و بەرنامەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشی پەكدەخست. وێنای مالكی بۆ عێراق سەریدەگرت، عێراقێك تێیدا باشترین شیعە ئەوانەدەبوون كە دژەكوردن و سوننەش شایستەی قەتل وعام و بەشی كوردیش هەر پاشكۆیی دەبوو.
سەردانی ئەم دواییەی مالكی و فەتلاوی بۆ سلێمانی بۆ دڵنیابوون بوو لە كاریگەری موچە بڕین و گەورەكردنی دەلاقەی نێوان سلێمانی و هەولێر و ووردەكارییەكانی سەرخستنی ئینقلابی بەغدا و هەڵوەشاندنی حكومەتی هەرێم و رێكەوتن لەسەر دواهەنگاوەكانی پیلانە ئیقلیمییەكە و گێڕانەوە سەركاری مالكی بوو.
سەردانی سەرۆكی هەرێم و وەفدی باڵای كوردستان بە بەشداری هەردوو باڵەكەی یەكێتی و حیزبەكانی دیكە، وەك نوسەرێكی عەرەب دەڵێ ( ضربة معلم) بوو لە ئان و ساتی خۆیدا و توانی ریسی مالكی و ئەكرادی مالكی و هەموو پاشكۆكانی بكاتەوە بە خوری و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ئێستا و داهاتووش بخاتەوە سەر ڕاستەڕێ. مشەوەشی و لێدوانی تێكەڵ وپێكەڵ و پەلامار و جنێودان و هیستریای مالكییەكان دژ بە سەردانەكە، ئاماژەی هەڵوەشانەوەی پیلانەكەیانە.
ئایندەی پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق و شەڕی تیرۆر و رەوشی ئاوارەكان و قەیرانی ئابوری، چوار تەوەری سەرەكیی سەردان و گفتوگۆیەكە بوون. هەردولا لەسەر چارەسەریی كێشەكان و هەماهەنگیی و هاوكاری بۆ ئێستا و دانانی بناغەی دراوسێتییەكی باش بۆ داهاتوو، وەك دوو ووڵات كە بۆ یەكدی قوڵایی ستراتیجین، پێكهاتن و لێكگەیشتن.
كۆی ئەم لێكگەیشتنەش بە قازانجی گوزەرانی ئێستا و ئومێدی ئایندەیی خەڵكی كوردستانە.