میدیای باڵی قۆرخكار و یاریكردن بە ئارامیی سلێمانی

میدیای باڵی قۆرخكار و یاریكردن بە ئارامیی سلێمانی
ئەفرادی باڵی قۆرخكاری یەكێتی (كە بە بە قسەی ناوەندی بڕیاری یەكێتی نەك پارتی) بەرپرسیار و بەشداری بڕینی موچە و قوتی خەڵك و تاڵانچی نەوت و زەوتكاری بە ملیار دۆلاری داهاتی گشتی كوردستانن، میدیای دەستبەسەرداگیراوی یەكێتییان بە یەكجاری بۆ دژایەتی پارتی و ئاواتە رەواكانی نەتەوەی كورد تەرخان كردووە ( ژمارەی دوێنێی رۆژنامەی كوردستانی نوێ بە نموونە) .


ئەو باڵە نامەسئولە بە پەرێزی پڕشەرمی پاشكۆیەتی بۆ مەرجەعیەتی مالكی و فەتلاوی و دژایەتی و لاقرتێ بە سەربەخۆیی و خەباتی سەد ساڵ و سەدان هەزار شەهید و قوربانی لەو پێناوەدا، پێیان وایە بە پەلاماردانی پارتی و حكومەتی هەرێم دەتوانن ئەو پەرێزە عەیبدار و ئەو هەموو راستییە لە بیرخەڵك ببەنەوە و رای گشتی بەلاڕێدا ببەن.


ئەو باڵە پێیوایە بەوەی بڕژێتە سەرجادە و ئەنارشیستانە پەلاماری حكومەت بدات، ئیدی لەبیرخەڵكی دەباتەوە كە خۆی حكومەتە و لەوەتەی هەیە نیوەی دەسەڵات و داهات و موقەدەراتی هەرێمی لە بندەستدایە و لە هەموو كەموكورتییەك سەبەبكار و بەشداری سەرەكییە . پێیوایە گەر سەری خۆی بكات بەژێر خۆڵدا، ئیدی كەس نایبینێ تا لێی بپرسێ كوا داهاتی نەوتی بەقاچاغ براوی كەركوك، كوا داهاتی سنورەكان و داهاتی نێوخۆیی سلێمانی و دەوروبەری، كوا ئەو سەدان ملێۆن دۆلارەی میللەت كە بە ئیعترافی ووتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەكێتی لای ئەفرادی دەستدرۆیشتووی ئەو باڵەیە.


كوا بە ملیار دۆلاری بە ناهەق خەرجكراو بۆ دەیان هەزار عەقید و عەمیدی خانەنشینی ساختە و بندیوارانی ناڕەوا كە نیوەی پشتی حكومەت و دارایی ووڵاتی شكاند. دواجاریش كوا بەرهەمی سەركردن بە كۆشی بەغدا و مالكی و فەتلاویدا و چی بۆ خەڵكی بەشمەینەتی سلێمانی لێ شین بوو. كوا نرخ و پاداشتی دەستبەردان لە ئومێدی ئیستقلال و دەستتێكەڵی لەگەڵ فەتلاوی، چەند لەو نرخ و پاداشتە شەرماوەرە هاتە گیرفانی خەڵكی سلێمانییەوە. ئەگەر دهۆك و هەولێر باجی سیاسەتی سەربەخۆییخوازیی پارتی دەدەن، ئەدی خۆ ئێوە دژی سیاسەتی پارتی و لەگەڵ پاشكۆیەتی بۆ مالكی و بەغدان، ئایا بەو سیاسەتە چ خێر و خۆشییەكتان بۆ سلێمانی هێنا.


دەستبەسەرداگرتن و ئاڕاستەكردنی شەڕانگێزانەی میدیای یەكێتی لە لایەن باڵی قۆرغكار بە دژی پارتی و بۆ شانی خۆ تەكاندن و خۆ دزینەوە لە مەسئولیەت و سڕینەوەی زاكیرەی خەڵك و ئیستغلال و بەلاڕێدابردنی مەینەتییەكانی هاوڵاتیان، جگە لە بارگرژی زیاتر و تێكدانی زیاتری ئارامیی كوردستان، هیچ ئامانجێكی دیكە ناپێكێ. ئەم هەڵوێستە نامەسئولانە و گاڵتەجاڕییە ئاكامی خراپی لەسەر پەیوەندی پارتی و یەكێتی و كۆی كایەی سیاسیی و بارودۆخی كوردستان و لەسەر خودی یەكێتیش دەبێ. هەر بۆیە رەوشەكە وا دەخوازێ سەركردایەتی عاقڵمەند و بەرپرسیاری نێو یەكێتی نەهێڵن ئەفرادی ئەو باڵە بێباكە گەمە بە سلێمانی و بە كوردستان و بە سەقامگیریی ووڵات بكەن و پێویستە بە هۆشیان بێننەوە و بیانخەنە بەردەم عەواقیبی خراپی سەركێشییەكانیان.
Top