گاڵتەجاڕیی لێپرسینەوە لە پەرلەمانیی عێراقدا!!

گاڵتەجاڕیی لێپرسینەوە  لە پەرلەمانیی عێراقدا!!
مافی هەموو پەرلەمانتارێكە كە لێپرسینەوە لە سەرۆك وەزیران یان هەر وەزیرێك بكات دوای وەرگرتنی رەزامەندیی 25 پەرلەمانتار، چونكە ئەمە ئەركی پەرلەمانتارە بەپێی بڕگەی حەوت لە ماددەی (61)ی دەستووری عێراق، پەرلەمانتار رۆڵی سانسۆر دەبینێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای حكومەت یان وەزارەت، لێپرسینەوە بەواتای موحاسەبەكردن، چونكە تۆمەتێكی پەرلەمانی لەخۆدەگرێت نەك دادگایی، پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق لە ماددەكانی( 56، 57، 58، 59، 60، 61) چارەسەری ئەم كێشەیەی كردووە.
بێ گومان سەركەوتووترین رێگە بۆ زانینی ئەدای حكومەت یان هەر وەزارەتێك لێپرسینەوەیە، لە بڕگە حەوتی – أ- ی ماددەی (61)دا هاتووە: هەر پەرلەمانتارێك بۆی هەیە پرسیار ئاراستەی سەرۆك وەزیران یان وەزیرەكان بكات دەربارەی هەر بابەتێك كە لە چوارچێوەی پسپۆڕییاندا بێت و ئەوانیش دەتوانن وەڵامیان بدەنەوە، تەنیاش پرسیاركار مافی بەدواداچوونی وەڵامەكەی هەیە، دواتر دەكرێ پەنا بۆ رێگەی دیكە ببات، ئەویش خستنەڕووی بابەتەكەیە بۆ گفتوگۆكردن، هەر وەك لە بڕگە حەوتی- ب – ی ماددەی(61)دا هاتووە بۆ روونكردنەوەی سیاسەت و ئەدای ئەنجومەنی وەزیران یان هەر وەزارەتێك، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش چارەسەری ئەو ماددە دەستوورییانەی لە ماددە( 50) تا (55) دا كردووە.
لە بڕیاری ژمارە 35 / 2012 ی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە 2/5/2012 و (28) لە 30/5/2014دا هاتووە كە لەبەر مەترسیی شێوازی لێپرسینەوە لە شێوازەكان و سانسۆری دەسەڵاتی یاسادانان بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردندا، بۆیە پێویستە ئەو لێپرسینەوەیە هەموو مەرجەكانی نێو دەستووری تێدابێت لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بە پێچەوانەوە دەبێتە پرسیارو روونكردنەوە.
دوو نموونەمان لەبەردەستدایە سەبارەت بە راستیی ئەو لێپرسینەوانە لە پەرلەمانی عێراقدا، یەكەمیان دەربارەی وەزیری بەرگریی عێراقی كە سەر بە فراكسیۆنی( موتەحیدون)ە بە سەرۆكایەتیی ئوسامە نوجەیفی، كە بووە قوربانیی رێكەوتنی سیاسیی نێوان سەلیم جبوری و تاقمەكەی و نێوان لایەنگرانی وەزیری بەرگری لە نەیارانی سەلیم جبووری، نموونەی دووەمیش هۆشیار زێباری وەزیری دارایی بوو.
كاتێ دكتۆر حەیدەر عەبادی بوو بە سەرۆك وەزیران، ئەو كاتە گوتم: گەورەترین كێشە كە رووبەڕووی دەبێتەوە تەحەدییەكانی نوری مالیكییە، چونكە زۆر زەحمەتە كە ئەو پیاوە ئەم دۆخە تازەیە قبوڵ بكات، بەتایبەتیش كە سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەست هێنا لەگەڵ بڕوای تەواوم كە دەستی ساختەكاریش لە سەندووقەكانی دەنگداندا لە بەرژەوەندیی ئەوو پاڵێوراوانیدا هەبوو، بۆیە مالیكی بە پشتیوانیی بەهێزی ئێران دەستی كرد بە پڕۆژە تایفەگەرییەكی خۆی، مالیكی قەناعەتی وا بوو كە ئەستەمە بگەڕێتەوە دەسەڵات، بەتایبەتیش دوای ئەوەی وەك جێگری سەرۆكی كۆمار لە كارەكەی لادرا، بۆیە لە رێگەی هەندێ پەرلەمانتارەوە لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا كەوتە لێدانی حكومەت، هەروەها هەموو ئەو كەسانەی بوونەتە لەمپەر لەبەردەم تەماعكاریی سیاسیی خۆیدا، دیارە كە سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە سەر بە حزبی ئیسلامییە پیاوێكی لاوازە لە رووی سیاسییەوە، بەڵام شارەزایی هەیە لە چۆنێتیی پارێزگاریكردن لە پۆستەكەی، لە سەرەتادا جبوری هەستی كرد كە مالیكی كۆتایی هاتووە، بۆیە رووی لە حەیدەر عەبادی كرد تا هاوپەیمانیی لەگەڵدا بكات و بە هەموو هێزێك پشتگیریی بكات، بەڵام لە كۆتاییدا دەركی بەوە كرد دوای ئەوەی كورسییەكەی لەق بوو، كە مالیكی تا ئێستاش هەر بەهێزە و خاوەن سامان و لایەنگرە بۆ كاراكردنی پڕۆژە تایفەگەرییەكەی، لێرەوە بەرەی چاكسازی لە پەرلەمانی عێراق پەیدابوو، زۆربەی ئەندامانیشی لە دەوڵەتی یاسایە و لەسەروویانەوە پەرلەمانتار هەیسەم جبوریی نازدارەكەی مالیكی، كە شەوو رۆژ كاری دەكرد بۆ لێپرسینەوە لە هۆشیار زێباری، چونكە یەكێكە لە سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامانجەكە سیاسی بوو نەك ئامانجێكی پیشەیی، دەگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵەش كاتێ جبوری زانی كە پۆستەكەی سەرەولێژە، لە پشتیوانیكردن لە عەبادی پاشگەز بووەوە و دەستی كرد بە هەڵمەتێكی توند لەدژی حكومەت، لە ئەنجامدا خۆپیشاندان سەری هەڵداو ئاراستەكەی بەرەو پەرلەمان بوو، نابێ ململانێی توندی سیاسیس لە نێوان مالیكی و موقتەدا سەدر لەبیربكەین، دواتر ململانێی نێوان هەردووكیان دوای هەوڵی بەردەوامی ئێران تا رادەیەك هێوربووەوە، بەڵام ئەمجارە چاوسووركردنەوە بوو لە موقتەدا سەدر.
سەلیم جبوری دەركی بەوە كرد كە گەڕانەوەی ئەستەمە، بۆیە سەردانی نوری مالیكی كردو بەڵێنی پێدا كە پشتیوانی لە پڕۆژەكەی بكات بە مەرجێ تاكو كۆتایی خولەكە هەر بە سەرۆك پەرلەمان بمێنێتەوە، كار گەیشتە ئەوەی كە ئەسیل نجێفیش بە فەرمانی مالیكی لە كارەكەی لاببرێت، وەك تۆڵەیەك لە ئوسامە نجێفی سەرۆكی فراكسیۆنی موتەحیدون، هەروەها خالد عوبێدی وەزیری بەرگری لە فراكسیۆنەكەی نجێفی لادرا، بەم شێوەیە جبوری رازی بوو كە لێپرسینەوە لە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی بكرێت، كاتێ داوامان لێی كرد كە ئەم بابەتە دوابخات هەرچەندە بەڵێنی پێداین، بەڵام نەیبردەسەر، لەگەڵ ئەوەی كە زێباری هەر سوور بوو كە ئامادەبێت تا هەڵوێستی لاواز نەبێت، لێپرسینەوەكە بە شێوەیەكی ئاسایی و شارستانی بەڕێوەچوو، زێباری زۆر سەركەوتوو بوو، لێپرسینەوەكە كۆتایی هات، دوای حەوت رۆژ هەیسەم جبوری كە لێپرسینەوەكەی بەڕێوەدەبرد داوای دەنگدانی كرد، ئێمە داوامان لە سەلیم جبوری كرد كە دوایبخات، تا پەرلەمانتاران بیر لە وەڵامەكانی هۆشیار زێباری بكەنەوە، بەڵام جبوری لە ترسی هەڕەشەكانی بەرەی چاكسازی بابەتەكەی خستە گۆڕەپان و قەناعەتی پەرلەمانتارانەوە، بۆ جاری دووەم جبوری خاوەنی بەڵێنی خۆی نەبوو، دواتر مشتومڕ لەنێوان پەرلەمانتارانی ئێمەو پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا درووستبوو، ئێمەش لە هۆڵەكە هاتینە دەرەوە، سەلیم جبوری دانیشتنەكەی دواخست، بەڵام دواتر دەستی پێكردەوە بۆ فشار خستنە سەر پەرلەمانتاران تا زێباری لابەرن، ئێمە لە فراكسیۆنی خۆمان روونمان كردەوە كە ئەم دانیشتنەی 27/8/2016 نەدەستوورییە و نە یاساییشە، زێباری تانەی لە دانیشتنەكە دا، ئێمەش 102 دەنگمان كۆكردەوە بۆ جارێكی دیكە دەنگدان لەسەر ئەم مژارە، دوای جەژنی قوربان و لە رۆژی 21/9/2016 دانیشتەكە ئەنجامدرا و مژاری زێباری لە بەرنامەی دانیشتەكەدا بوو، بەڵام بۆ جاری سێیەم سەلیم جبوری بەڵێنەكەی خۆی نەبردەسەر، بەڵكو هاتەپاڵ مالیكی لەپێناو لابردنی وەزیری دارایی، ئەوە بوو 158 پەرلەمانتار دەنگیان بە لابردنی دا 77 پەرلەمانتاریش بە مانەوەی و 14 پەرلەمانتاریش بە بێ دەنگدان، ئەوەی كە مایەی داخە هەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكانە، ئەوەش مانای وایە هیچ هاوپەیمانییەكی كوردستانی بوونی نییە، گوتاری سیاسیی كوردی لە پەرلەمانی عێراق نییە، ئێمە لە فراكسیۆنی خۆمان زۆر تەنازولمان پێشكەشكرد لەوانە پێدانی پۆست بە لایەنە كوردییەكان لە پێناو یەكخستەوەی نێو ماڵی كورد، بەڵام ئەوانە رەچاوی ئەو رێكەوتنە سیاسییانەیان نەكرد، بۆ نموونە كاتێ ئارام شێخ محەمەدی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن بەرەی چاكسازییەوە هەڕەشەی لابردنی لێكرا، ئێمە لەگەڵیدا وەستاین، بەرەیەكی بەهێزمان بەرامبەر ئەو كەسانە كردەوە كە دژی دەوەستان، بەڵام كە بابەتەكە هاتە سەر هۆشیار زێباری، هەڵوێستیان نابەرپرسیارانەو شەرمەزاریانە بوو، پەرلەمانتارانی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و زۆربەی پەرلەمانتارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەنگیان بۆ لابردنی دا، گلەیی لە كۆمەڵ و گۆڕان ناكرێ كە رق و دوژمنایەتییان بەرامبەر پارتی روون و ئاشكرایە، بەڵام هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی نائومێدانە بوو تەنیا یەك پەرلەمانتاری ئافرەتیان نەبێت لە دهۆك كە دەنگی نەدا، بەڵام گورزە گەورەكە لە پەرلەمانتارانی یەكێتییەوە بوو، كە پێشتر پێیان گوتین سەركردایەتیی ئەوان دووپاتی كردۆتەوە كە دەنگ بۆ مانەوەی زێباری بدەن، بەڵام لەكاتی دەنگداندا زۆربەی پەرلەمانتارەكانیان بە بڕیارەكەی حزبەكەیانەوە پابەند نەبوون، جگە لە هەندێ پەرلەمانتارانی (ناوەندی بڕیار) كە هەڵوێستێكی نیشتمانیی روونیان هەبوو، ئەمەش وای لێكردم كە بە توندی وەڵامی پەرلەمانتار ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی بدەمەوە لە كەناڵی ئەلشەرقیە، ئەو پەرلەمانتارە قسەی بێسەروبەر دەكات وهەڕەشە دەكات، كێشەی ئەو ئەوەیە كە لەسەر هەڵوێستەكانی جێگیر نییە، كاتێ هاتە لامان رای وابوو كە لەگەڵماندایەو هۆشیار زێباری هێڵی سوورە، بەڵام دواتر لەگەڵ پەرلەمانتارە عەرەبەكان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوو كە لاببرێـت تەنانەت بە دەنگدان نەوەستا، بەڵكو لە كاغەزەكە نوسیبووی(بەڵێ) بۆ لابردنی زێباری و كاغەزەكەی بە زەردەخەنەوە لەبەردەم پەرلەمانتاراندا بە ئاشكرا خستەڕوو، ئەوە بوو كە پەرلەمانتارانی بەرەی چاكسازی دەستخۆشییان لێكرد، من كۆمێنتەكە بۆ خوێنەری بەڕێز جێدێڵم، بۆیە دەڵێم ئەمە پیلانێك بوو مالیكی سەركردایەتیی كرد و فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمارلە ئاستیدا بێ دەنگ بوو، ئارام شێخ محەمەدیش چەپڵەی بۆ لێدا بە مەبەستی رووخانی عەبادی، سەلیم جبووریش لە پۆستەكەی مایەوە، ئێرانیش سەرپەرشتی ئەم سیناریۆیەی كرد بۆ لێدانی پڕۆژەی سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام با لایان ئاشكرا بێت كە لابردنی هۆشیار زێباری دوا بازنە بوو لەنێوان بەغداو هەولێر، ئەو گورزەی نەتكوژێت بەهێزت دەكات، پارتی بەم جۆرە شێوازانە لاوازنابێت، بەڵكو ئێمە لە دیدی هەمووان بەهێزتر دەبین، زێباری كە خزمەتی عێراقی كرد و وێنەیەكی گەشی دیبلۆماسیی عێراقی لە نێو دەوڵەتاندا پیشان دا، بەم شێوە ناشارستانییە لادەبرێت، دەبوایە لەنێو حكومەتی عێراق بەرزتر بوایە، لابردنی زێباری سیاسیی بوو نەك پیشەیی و یاسایی و دەستووری، هەرچەندە وەزیری دارایی لە دادگای فیدڕاڵی تانەی لە بڕیارەكە داوە بە ناڕەوایی دانیشتنەكەی 27/8/2016، بەڵام پێموایە كە دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندیی زێباری بڕیارنادات، هەرچەندە دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق نهێنییە، بەڵام ئەوە داهێنراوێكی نوێیە و دەستووری عێراقی ئاماژەی پێ نەكردووەو لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیشدا نەهاتووە، بەڵام پەرلەمان خۆی سەروەرە، دادگای فیدڕالیش سەربەخۆ نییە، بەتایبەتیش سەرۆكەكەی مەدحەت ئەلمەحمود كە لە مالیكییەوە نزیكە، لە كۆتایی ئەم وتارەدا بۆ مێژوو ئاماژە بە هەندێ پرسی گرنگ دەدەم:
1- ئێمە لە فراكسیۆنەكەماندا نەمانتوانی پەیوەندیی باش لەگەڵ كوتلە پەرلەمانی و سیاسییەكاندا درووست بكەین، هەر چەندە سەركردایەتیی بەردەوام جەختی لەسەر ئەمە دەكردەوە كە پێویستە گرنگیی بە پەیوەندییەكان بدەین.
2- هەماهەنگیی نێوان پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكەمان لاواز بوو، هەر یەك لە پەرلەمنتاران گرنگیی بە خۆی دەدا تا ببێتە پاڵەوانی سەر شاشە بەتایبەتیش لە كەناڵە كوردییەكان و گوێی بە كەناڵە عەرەبییەكان نەدەدا.
3- هەندێ لە پەرلەمانتارانی ئێمە پەنایان بۆ شێوازی ناشارستانیی دەبرد لەگەڵ كەسانی دیكەدا، تاكو لە شەقامی كوردی وەك پاڵەوان دەربكەون، ئەوانە نەیاندەزانی كە ئەم شێوازە زیان بە حزب دەگەیەنێت هەروەك لە دانیشتنی 27/8/2016 روویدا.
4- پەرلەمانتاران گلەیی ئەوەیان هەبوو كە زێباری گرنكیی بە داخوازییەكانیان نادات و پێشوازییان لێ ناكات و وەڵامی پەیوەندییەكانیان ناداتەوە، هەرچەندە ئەمە موبالەغەیەكی روونە، بەڵام رەنگە ئەمانە پاساو بن بۆ پاكانەكردن لە هەڵوێست دژ بە زێباری.
5- هەڵوێستی نائومێدانەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان، هەموویان رێككەوتن جگە لە هەندێ پەرلەمانتار و بەتایبەتیش لە یەكێتی كە متمانەی لێ بسەنرێتەوە، بۆیە بە قەناعەتی من، ئەمە دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانییەوە و بە درێژایی مێژوو وەك پەڵەیەكی رەش هەمیشە بە ناوچەوانی ئەو پەرلەمانتارانەوە دەمێنێتەوە، بۆ یەكەم جاریشە دوای رووخانی سەدام، پەرلەمانتارانی خۆمان خیانەت لە میللەتەكەیان بكەن، هەرچەندە پارتی قوربانییەكی زۆری داوە لەپێناو یەكخستنی رێزی نیشتمانی.
6- لاپەڕەكەی هۆشیار زێباری كۆتایی هات، بەڵام لاپەڕەی تازە لەگەڵ بەغدادا دەكەینەوە، هەروەها لەگەڵ ئەوانەی دژی زێباری دەنگیان دا، بەتایبەتیش لەگەڵ پەرلەمانتارانی كورد، ئێمە داكۆكی لە زێباری ناكەین، كەسی بە توانامان زۆرەو ئامادەیە بێنە گۆڕەپانەكەوە، بەڵام ئێمە داكۆكی لە مافی كورد و نێوماڵی كورد و رێكەوتننامە سیاسییەكان دەكەین.
7- پێموایە كە ئەم لابردنە دەبێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی لە قۆناغەكانی داهاتوودا هەڵوێستێكی روون بگرینەبەر، بەتایبەتیش پەیوەست بە سەربەخۆیی كوردستان، چونكە مەبەستی ئەم لابردنە مانای وایە بڕۆنەوە كوردستان و شوێنتان لێرە (لە بەغدا) نەماوە و بەغداش شوێنی ئەوانەیە كە بڕوایان بە یەكێتیی عێراقە و ئەوەی بڕوایشی پێی نییە لێرە جێی نابێتەوە.

Top