دیموكراتستانی بەغدا

دیموكراتستانی بەغدا
لەبەر ئەوەی بەشە موچە و بودجەكەی كوردستانی بڕیوە و خستویەتیە سەر بۆدجەی خۆی و شەش هێندەی هەرێمیش نەوت دەفرۆشێ و هەموو یەدەگی بانكی مەركەزیی عێراقیشی لوشداوە و بەوەش دەتوانێ موچەی زەبەلاح بۆ حەشد و موچە بۆ موچەخۆرانی عەربستانی عێراق دابین بكات، لە چاوی كاڵفام و موحەلیللە بەرچاوتەنگەكانی كورددا بەغدا لە كوردستان دیموكراتتر و سەركەوتوترە و دەبێ هەرێم لە بەغداوە دەرس و ئەزمونی دیموكراتی وەربگرێ.

لەبەر ئەوەی تەسفییەی حساباتی سیاسی و تائیفی و كینەی شۆڤێنی و ئیملائاتی ئیقلیمی بە ناوی لێپێچانەوەی پەرلەمانیی و مومارەسەی دیموكراسییەوە پیادە دەكات، لە چاوی موحەلیللە توێژاڵی و بەغداخوازەكانی زۆنەكەی ئەولادا بەغدا دیموكراتستانە و دەبێ ووڵاتانی دەوروبەری دوعا بكەن لەو نوری دیموكراسی و لیبرالیزمەی لە بەغداوە شەوق دەداتەوە، تیشكێكیان بەركەوێت.

ئەو بەغدایەی برادەران پێی سەرسامن و بە شان و باڵیدا هەڵدەدەن و بە تایبەت لەو رۆژەوە گێچەڵی پەرلەمانیی !! بە وەزیرە پارتییەكە دەكات، لێیان بۆتە قیبلەی ئومێد، بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان فاشلترین ووڵاتی سەر گۆی زەمینە.

گەندەڵترین ووڵاتی جیهانە. خاكی هەمیشە كەربەلا و سەری بڕاوی شیعە و سوننەیە بە دەستی یەكدی. ووڵاتی حوكمی میلیشیا و مافیا و حەشد و پەسیج و شەڕی ئەهلی و یەكتر مەحف كردنەوەیە.

هەرچی بڕیار و ئیرادەیە لە دەستی خۆیدا نییە و فەرمانڕەواكانی هیچ نین جگە لە فەرمانبەر لای هێزێكی ئیقلیمی. پاشكۆیەكی زەلیل و ووڵاتێكی شپرزە و لەگرێژنەدەرچووی بێ شیرازەیە كە هەر پارێزگایەكی سەرۆك میلیشیایەك و عەمامەدارێك ئامر و ناهییەتی.

ئەو پەرلەمانەی به‌غدا كه‌ هەرزە سیاسییەكانی كورد بە پەرلەمانێكی زیندووی دیموكراتی دەزانن، لە هەر چركەیەكدا عەمامەدارێك دەتوانێ بە خۆی و غەوغایەكی لە مێژووبەجێماو هەڵكوتێتەسەری و تەخت و بەختی تێكدا و چاكەت و پێڵاو و جانتا بە پەرلەمانتارەكانی بەجێبێڵێ كە بەحساب نوێنەرو دەنگی زوڵاڵی گەل و دەسەڵاتی هەرە باڵای ووڵاتن و دەتوانن لە هەموو كەس بپێچنەوە.

لە روانگەی ئێمەی كوردیشەوە( ئەگەر روانگامان كوردانە بێت)، بەغدا چ نییە جگە لە نان بڕ و بەڵێن شكێن و پەلاماردەر و هەڕەشە بۆ سەر كوردستان . چ نییە جگە لە نكۆڵیكارێكی شۆڤێنی و تائیفی كە خۆی بۆ كوردستان مەڵاس داوە. چ نییە جگە لە پاشكۆی سەنگەربەندییەكی ئیقلیمی رێگر لە ئاواتە رەواكانی مییلەتەكەمان.

لە روانگای بینینی دیمەنەكەشەوە (وەك خۆی و دوور لە گرێی خۆخۆری) دیموكراتستانی عێراق ئەو سیستمەیە كە نەیتوانی كەمترین ئاستی شەراكەت و هاوڵاتییبوون و نامەركەزیەتی حوكم و لێبوردەیی كۆمەڵگەیی و عەدالەت و یەكسانی نێوان پێكهاتە ئیتنی و ئایینی و ئاینزاكان لە عێراقدا بەدیبێنێ. نەیتوانی ووڵات لە هەڕەشە و داگیركاری بپارێزێ. نەیتوانی تەنانەت بەغداش كۆنترۆڵ بكات وكارێك بكات هەر گەڕەكەی بەدەست میلیشیایەكەوە نەبێت. نەیتوانی تەنانەت خۆی لە ملیۆنان ئاوارەی جەنگزەدە بەخاوەن بكات. نەیتوانی ببێتە دەوڵەت هەر بۆیەش لەبەردەم لەبەریەكهەڵوەشانی حەتمیدایە. ئەدی كامەیە ئاماژەكانی سەركەوتنی دیموكراسییەتی عێراق!!!
لە راستیدا ئەوانەی موعجب و سەرسامی بەغدان و بە شان و باڵیدا هەڵدەڵێن، دیموكراتخواز نین. بەڵكو بەغداخوازن گەر بەغدا زۆر لە ئێستاش خراپتر بێ. دژە كوردستان و سەربەخۆیین گەر كوردستان زۆر لە ئێستاش باشتر و پێشكەوتوتر بێ.
Top