پێوەرە زانستییەكانی پۆلێنكردنی حزب و بەرەی سیاسی

پێوەرە زانستییەكانی پۆلێنكردنی  حزب و بەرەی سیاسی
یەكێك لە دیاردە سەیرەكانی لای ئێمە ونبوونی پێوەرە زانستییەكانە لە بواری پۆلێنكردنی حزب و بەرەی سیاسی بۆ راست و چەپ و سیكۆلار و سۆسیالیست و پارێزگار و لیبڕاڵ و.. هتد.
جێی خۆیەتی بپرسین: حزب، یان بەرەی سیاسی چۆن ناو لە خۆی دەنێت؟ چونكە ناولێنانی حزب، یان بەرەی سیاسی وەك ناولێنانی منداڵ نییە، لەبەر ئەوەی منداڵ لە ساتەوەختێكدا كە هیچ ئیرادەیەكی نییە، بە بێ ویستی خۆی ناوێكی لێ دەنێن، بۆیە ئەگەر ناوی لەگەڵ ناوەرۆكیدا یەكی نەگرتەوە، ئەو بەرپرسیار نابێت، بە پلەی یەكەم، بەڵام حزب كۆمەڵە مرۆڤێكی خاوەن ئیرادە ناوی لێ دەنێن، بۆیە هەر دەبێت ناوی حزب و بەرەی سیاسی لەگەڵ ناوەرۆكدا یەك بگرێتەوە، ئەگینا هیچ مانایەك بۆ ناوی حزب و بەرەی سیاسی نامێنێتەوە.
بۆیە لە بواری ناولێنانی حزبدا بیرمەندانی بواری سیاسی ـ كۆمەڵایەتی وای دەبینن كە ناولێنانی حزب پێویستیی بە چەند هەنگاوێك هەیە لە بواری باس و توێژینەوەدا بۆ زانینی:
یەكەم: دۆزینەوەو دانانی ریزبەندی بۆ كێشە دیارەكانی ئەو كۆمەڵگەیە.
دووەم: دۆزینەوەی دیارترین و گەورەترین كێشەكانی ئەو كۆمەڵگەیە
سێیەم: دیاركردنی هەنگاوەكانی چارەسەر.
چوارەم: دەستبەكاربوون لەژێر ناوێكدا كە نیشانەیەك بێت بۆ میكانیزمی چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانە، نەك ناوێك كە لەوانی دی بچێت و خەڵك و جەماوەریش تووشی پەشۆكان بكات، بە جۆرێك كە نەتوانێت ئەو هۆیانە بزانێت كە بوونەتە مایەی بوونی چەندین حزبی دیموكرات و چەندین حزبی سۆسیال دیموكرات و ئەوەندە حزبی ئیسلامی و ئەوەندەش حزبی چەپی ماركسی و .. هتد. كەواتە ئێمە ئێستا لەبەردەم قەیرانی نەبوونی پێوەرێكین بۆ پۆلێنكردنی حزب و بەرەی سیاسی.
مەسەلەی پۆلێنكردنی حزبەكان و دانانیان لە خانە جیاجیاكانی راست و چەپ و لێبڕاڵ و پارێزگار و كۆنخواز و پێشكەوتنخوازدا، هەروا كارێكی ئاسان و رووكەش نییە، كە بەپێی بەرژەوەندی، یان حەزی ئەندامان، یان مۆدەی رۆژگار و سەردەم بەڕێوەبچێت، بەڵكو لە وڵاتانی خاوەن ئەزموونی سیاسی و ژیانی درێژخایەنی حزبیدا، مەسەلەی پۆلێنكردنی تەنیا بەپێی ئایدیۆلۆژیا نییە، بەڵكو بەپێی پێوەری جۆراوجۆری زانستیی ئەوتۆیە كە لە دواجاردا دەتوانرێت بەهۆیەوە هەر حزبێكی خاوەن بەرنامەی جیاجیا پۆلێن بكرێت.
یەكێك لەو پێوەرانە، پێوەرێكە كە لە لایەن (لۆرانس لۆویل Laurence Lo well)ـەوە دانراوە، كە حزبەكان پۆلێن دەكات بۆ چوار جۆری (پارێزگار و لیبراڵ و كۆنخواز و پێشكەوتووخواز) لە وڵاتێكی خاوەن دەستوورێكی دەنگ بۆدراو و خاوەن سیستمێكی دیموكراتی و كاركردوو بە بنەماكانی بازاڕی ئازاد و میدیای ئازاد، بەجۆرێك كە پۆلێنكردنەكە دەڕوانێتە دوو رەهەند:
یەكەم: رازیبوون، یان رازینەبوون بە دەستوور.
دووەم: خوازیاربوونی گۆڕان، یان نە .
بەم پێوەرەی لۆرانس:
- هەر حزبێك بە دەستوور رازی بێت و بۆ ئایندەش خوازیاری گۆڕان بێت تیایدا، دەچێتە خانەی حزبە لیبڕاڵەكانەوە.
- هەر حزبێك بە دەستوور رازی بێت، بەڵام خوازیاری گۆڕان نەبێت و داوای جێگیركردنی دەستوور بكات وەكو خۆی بێ دەستكاری، ئەوە حزبێكی پارێزگار (كۆنزێرڤاتیڤ) ـە.
- هەر حزبێك قەناعەتی بە تەواوی دەستوور نەبێت و خوازیاری گۆڕانیش نەبێت، ئەوە حزبێكی كۆنخوازە.
- هەر حزبێك قەناعەتی بە تەواوی دەستوور نەبێت و لە هەوڵی گۆڕانیش بێت، تیایدا بۆ ئایندە، ئەوە حزبێكی پێشكەوتنخوازە.
دیارە بەپێی ئەزموونی وڵاتانی دیموكرات، پێوەری دیكەش هەیە بۆ پۆلێنكردن لەسەر بنەمای دەستووری و زانستی كە دەكرێت لە ئایندەدا ئاماژەیان پێ بكەین.

Top