عەببادی . دوایین نەخوێنەواری مێژوو

عەببادی . دوایین نەخوێنەواری مێژوو
لەوەتەی ئەوان هەن داوای كشانەوە و تەسلیم بوون و دەستهەڵبڕینمان لێ دەكەن. لەوەتەی ئێمەش هەین بە جێ پێی خوێناوی شەهیدەكانماندا تا دێ هەڵدەكشێین و پێشڤەدەچین و ناكشێینەوە و لە مقاوەمەت ناكەوین. لەوەتەی ئەوان هەن گەلەكۆمەكێ و پیلانمان لە دژ دادەڕێژن و دواجار ئێمەی مەزڵوم لە بن دارو پەردووی پیلانی داڕماوی ئەوان دێینەوە دەرێ و دوبارە رێدەگرینەوە بەر و ئەوان بەدیار شكستی پیلانەكانی خۆیانەوە هەڵدەكروشێن. . لەوەتەی هەن بە ئاگر و ئاسن خاك و خەڵكمان سوتماك ئەكەن و بەڵام دواجار ئەوان دەبنە عیبرەتی مێژوو و ئێمەش لەگەڵ هەر بەهارێكی نوێدا دوبارە شین دەبینەوە. لەوەتەی هەن دژ بە ئێمە سەربەیەكدا دەكەن و خڕدەبنەوە و سەرباری ناكۆكییەكانی نێوانیان، لەسەر تینویەتی بە خوێنی ئێمە رێكدەكەون و بەڵام دواجار خوێنی ئێمە بەسەر شمشێری ئەواندا سەردەكەوێ و ئێمە دەمێنین و تەخت و تاراجی ئەوان نغرۆ دەبێ.
عەببادی و ئەوانەی هەڵیدەسوڕێنن، دوایین نەخوێنەواری مێژوون. دوایین نەسلی بێ سەواد و بێ ئاگا و بێبەشن لە وانە و عیبرەتەكانی مێژوو. ئاخر تەنیا نەخوێندەواری و نەخوێندنەوەی مێژووە وا لە كەسێك دەكات هێشتاش پێی وابێت زمانی هەڕەشە و خۆ گیڤ كردنەوە دژی میللەتێك كە بە خوێن دە بەرامبەر نرخی ئازادی و سەربەخۆیی داوە، جەدوا و سودێكی ماوە. تەنیا عیبرەت وەرنەگرتنە لە مێژوو كە لەم كۆتایی كێشمەكێشەدا، دەسەڵاتدارێكی بێ دەسەڵات تازە بە تازە بیەوێ سەری خۆی بە بەردی رەقی چیای ئیرادە و نەبەزین و دەستبەرنەدانی كورددا بكێشێ.
نابینایی و نەخوێندنەوەی مێژوو و تێنەگەیشتنە لە ئاڕاستەی مێژوو و پێشهات و روداوەكان، هێشتا عەببادییەكان و خاوەنەكانیان ئومێد بە گەلەكۆمەكێ ببەستن. وا بزانن ساڵ ساڵانی سەدەی رابردووە و دونیا دونیا بێ هەست و بێ گوێ و بێ چاوەكەی جاری جارانە تا سوك و ئاسان بە خۆ و بە سیستمە شڵۆق و رژێمە بێزراو و بیرە نكۆڵیكارە ژەنگگرتوە لە مێژوو بەجێماوەكەیانەوە كورد بێكەس كوژ بكەن و دەستی بەخوێن سوریان بشارنەوە و بۆیان بچێتەسەر.
تێنەگەیشتنە لە مێژوو كاتێ كورد و پێشمەرگە و شەڕڤانی كورد لە ناوجەرگەی روداوە مێژووكردەكانی ناوچەكەدا نەبینن و بەڵام پەراوێزكەوتویی خۆیان بەلاوە هێز و هەژمون و دەسەڵات بێ. بێ ئاگاییە گەر پێیان وابێ هیچ نەگۆڕاوە و كورد بۆ خۆپاراستن لە كەڵبەی نامەردفورسەتانەی ئەوان خەمێكی لە خۆی نەخواردووە و پشتێكی قایم نەكردووە تا بتوانن كەی بیانەوێ لە پشت دیوارەكانی سنورە نەفرەتییەكانیان وەك جاری جاران قەتل وعام و مایەپوچمان كەن و كەس نەیەتە دەنگ و دوو بەرد تەقەی نەیەت. بێ ئاگاییە گەر پێیان وابێت وەكخۆمانەوەی دەوڵەتە ملهوڕ و گەلنەویست و مرژڤكوژەكانی ئەوان حەقیقەتی نەگۆڕەو بەڵام بەدەوڵەت بوونی كوردستان وەهم و خەیاڵە.
بێ هۆشی و نابیناییە كە دەنگی زوڵاڵی كورد و پێگەی كورد لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و لە هاوكێشە نوێیەكاندا نەبینن. بێ گوێیە دەنگی نەعرەتەی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بۆ داكۆكی لە هاوپەیمان و هاوسەنگەرەكەی نەبیستن. بەجێمانە لە مێژوو گەر خوێنی ئاوێتەی پێشمەرگە و جەنگاوەرانی هاوپەیمانان لە سەنگەرەكانی دژە تیرۆردا نەبینن. عیبرەت وەرنەگرتنە لە مێژوو گەر پێیان وابێت ئەو میللەتی كوردەی لە رۆژگاری بێ پشت و پەنایی و تاكە باڵیدا مقاوەمەتی كرد و نەبەزی و تەسلیمتان نەبوو، ئێستا و لەم سەردەمە زێڕینەدا و لە ئاستانەی گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادیدا خۆی بەدەستانەوە بدات.
عەببادی و خاوەنەكانی و میحوەربەندییەكانی ناوچەكە تەنیا یەك دیمەن بە بیری خۆیان بێننەوە دەزانن كورد ناشكێ . تەنیا بارزانی بێننەوە یادی خۆتان ئەودەمەی لە ئاوی ئاراس پەڕییەوە و لە سێگۆشەی سنوردا بە خۆ وتفەنگێكی بێ پشت و پەناوە بەگژ سوپای هەموتاندا چووەوە و خۆی بەدەستانەوە نەدا . دەی میللەتی كورد رۆڵە و نەسلی ئەو قارەمانە ئەفسانەییەن. . مێژوو بخوێننەوە.
Top