"بالانسی هێز"

(١)
لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەد، لە گەرمەی رۆژانی سەختی شەڕی ناوخۆدا، کاتێ پارتی لە هەولێر نەبوو، هەندێ کەس کە ئێستا رەنگیان گۆڕیوە، ئەوسا وەک ئێستا، هەڕەشەی ئاگرینیان لە پارتی دەکرد و پێیان وابوو کە دەتوانن پارتی لە گۆڕەپانەکە وەدەرنێن. رەحمەتیی شەهید (سامی عبدالرحمن) کە ئەوکات کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی راگەیاندن بوو، لەوەڵامی ئەو هەڕەشە و گوڕەشانە بە زەردەخەنەیەکەوە و زۆر بە هێمنی، تەنها بە دوو ووشە وەڵامی دەدانەوە و دەیگوت: "خەونی حوشترە"!!
(٢)
دۆخ و پێکهاتەی هەرێمی کوردستان لەوە هەستیار تر و ئاڵۆز ترە بە هاوپەیمانی و رێکەوتنی نێوان دوو هێزی سیاسی یان زیاتر، زیاد بوونی چەند کورسیەکی پەرلەمانی هاوپەیمانیەک بەرامبەر لایەنێکی تر، بالانسی هێز بگۆڕرێت.
بۆیە تا ئەو رادەیە بەکارهێنانیی دەستەواژەی (گۆڕینی باڵانسی هێز) عەقڵانیە کە مەبەست لێی بەکارهێنان بێت وەکو کارتێک بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستانی سیاسی و دەستپێکردنی قۆناغێکی تازە، ئەگەر نا، بە پێچەوانەوە، بەکارهێنانێکی ناعەقلانی و نادروستە.
(٣)
بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێمی و بەرژەوەندیە نێودەوڵەتیەکان وا دەخوازێت کە نەوەک تەنها لە ناوخۆی کوردستان، بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە باڵانسی هێز پارێزراو بێت.
ئەو دەردەسەری و نەهامەتیانەی کە بەرۆکی خەڵکی عیراقی گرتووە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥وە لە ئەنجامی تێکچوونی باڵانسی هێزە لە نێوان دوو پێکهاتەی سەرەکی عیراقدا و تا هێزی نێوان ئەو دوو پێکهاتەیە باڵانس نەبێتەوە، عیراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت، تەنانەت ئەگەر لە دوای پارچەبوونیشی باڵانسی هێز لە نێوان عیراقی عەرەبی سوننە و عیراقی عەرەبی شیعە پارێزراو و هاوسەنگ نەبێت، ئەوا هەرگیز ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
(٤)
بالانسی هێز تەنها چەند کورسیەکی پەرلەمانی نیە، کورسیەکانی پەرلەمان تەنها فاکتەریکی (هێز)ن نەوەک هەموو فاکتەرەکانی (هێز)، بۆیە باڵانسی هێز ناگۆڕرێت.
ئەگەرباسکردنیش لە بالانسی هێز بۆ بەرزکردنەوەی مەعنەویاتی لایەنگرانە، ئەوا بابەتێکی ترە.
Top