ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە

ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە
(ئەو بینەرانەی لە یاد ناچن) (9)

هەمیشە بینەر مەبەست و تەواوكەری ئەو هاوكێشەیە یە كە پێی ئەڵێن شانۆ، هەروەها هەوڵ كارەكان، لە نووسەرەوە بۆ ئەكتەر و دەرهێنەر و دیزاینەر و ماكیاج ، هەمووی بۆ خزمەتی بینەر یان بۆ گەیاندنی شانۆییەكەیە بۆ ئەو وەرگرەی پێی ئەڵێن بینەر.
لەم دەفتەری یادەوەرییەدا، بە رەوام بینی و هەقی خۆیەتی، چەند نموونەیەك لەو كەسانە بهێنمەوە یاد، كە نەك بەتەنها ئاشنای شانۆكەمان بوون، بەڵكو بەشێكی هەرە گرینگ و زیندووی نواندنەكان بوون.
یەكێ‌ لەو یارانە (كاكە حەمەی جەدوا ئاخا) بوو، ئەو پیاوە بەڕێزە هەر لە سەرەتاوە بینەرێكی بەردەواممان بوو، كاكە حەمە لەخور (بەلەدییە) كۆنەكەوە قەسابی گا بوو، عەسران خۆی پۆشتە و پەرداخ ئەكرد و رووی ئەكردە شانۆكەمان، ئەگەر دوو هەفتە یان زیاتر، نواندنەكە بری بكردایە ئەوا ئەو ئامادەی گشت ئەو رۆژانەنی نواندنە ئەبوو، هەر چەندە هەوڵمان لەگەڵی ئەدا پارەی تكت نەدا، بەڵام نەك هەر قاییل نەئەبوو، بگرە تورەش ئەبوو. هەتا دوایین رۆژەكانی ژیانی بینەرێكی بەردەوامبوو، ئەوەی پەكی خستا و كە نەفتەكاری كرد، ئەو كورە بەهرەمەندە بوو كە لەگەڵ ئەو ژمارە بەهرەمەندەدا، كە تیپی مۆسیقای منداڵانیان هەبوو، بەسەرپەرشتی هونەرمەند مامۆستا (دلێر ئیبراهیم) و لە رێگای هەولێر گیانیان لە دەستداو بوونە كۆستی شارەكەو هەتا ئیمرۆش ئەو زامە لە دڵی هەموواندا هەر بەژانە و ئەكوڵێنەوە.
یەكێ‌ لە بینەرە ئازیزانەكانمان، پیاوێكی ئازای سەربەرز و راستگۆ لەژیانیدا، مامۆستای زانا و دانا (ئیسماعیل حەقی شیاوەیس) ئەوەی شێخی نەمر لە دەستەبەسەرییەوە لە شاری بەغدا ساڵی 1933 وێنەیەكی بۆ مامۆستا شیاوەیس ی مێژوونووس و خەباتكار ئەنێرێ‌ و لە پشتی وێنەكە ئەم دێرە شیعرەی بۆ ئەنووسێ‌ ((بەیادگار ئەینێرم بۆ شیاوەیسی رەفیقم لە دیدارما بیبینێ‌ بۆ میللەت شەفیقم))
بە لایەنی منەوە مامێكی گەورە بوو، جەگە لەوەی هاوسەرەكەشی كچی (خاڵە حەمە و بەگی مونحانم) بوو كە خاڵی دایكمە، دراوسێش بووین رۆژانە هامشوی یەكتریمان ئەكرد، بە هاتنی بۆ بینینی شانۆییەكانمان شەرەفێكی گەورەی پێئەبەخشین، ئێمە بنە سەرۆكی شانازی خۆمان دانابوو، كاتێ شانۆی پاڵتۆی (گۆگۆڵ)ی بینی بوو، كە من رۆڵی پاڵەوانەكەیم ئەنواند، ئەو شەوە پیرۆزباییەكی گەرمی لێكردم، كە هەرگیز لە گۆیشدا ئەو وشە پیرۆزانەیەم بیر ناچێتەوە، كاتێ‌ فەرمووی:((كاكە سالار كە ئەم جارە شانۆییەكت پیشكەشكرد، شەرەفی پەردەكردنەوەیەكەم پێ‌ رەوا بفەموون)) ئەو ئەو بینەرەمان بوو كە دەبێ‌ شانۆی كورد شانازی پیوەبكات.
زۆر جار شانازی بە مەلای گەورە(مەلا محەمەجی جەلی زادە)ەوە ئەكەم، كە لەساڵانی 1930 و 1931 كاتی شانۆی لە شاری (كۆیە) نوێنراوە، ئامادەی نواندنەكەبووە و بەر لەپێشاندانەكە وتاری بۆ خەڵكەكە فەرمووە، كە هانی داون بۆ ئەو هونەرەو ستایشی رۆڵی شانۆی كردووە. ئێمەش لە شاری سلێمانی، سەرۆكی زانایان و پێش نوێژ و وتاربێژی مزگەوتی گەورە، خوالێخۆشبوو(شێخ محەمەدی شێخ عومەری قەرەداخی) زۆر جار تەلەفۆنی بۆ ئەكردم ئەی فەرموو: كاكە ئەحمەد سالار، ئەوا بریارم داوە خۆم و دە مامۆستای ئاینی ئەمرۆ دێین بۆ شانۆكەتان، میوانی هونەرەكەتان ئەبین.
منیش خۆشحاڵی خۆم دەرئەبری و پێشوازی گەرمم لێئەكردن،
پاش تەواوبوونی شانۆییەكە بە جوانی و روون و رەوانی بەو گشت جوانبێژییەی رای خۆی بۆ دەرئەبڕین، زۆر جاریش شەوانە تەلەفۆنی بۆ ئەكردم باری سەرنجی)، زۆر بە زانستیانەو شارەزایانە بۆ دەرئەبریم، منیش بۆ رۆژی دوایی ئەو فەرموودانەم بۆ ئەندامانی تیپەكەم ئەگێڕایەوە.
یەكێ‌ لە بینەران بەردەوام كیژۆڵەیەكی ژیكاڵەی منداڵ بوو.
ناوی (دادە سروە)بوو، توند دەستی (كاكە سەربەست)ی برای ئەگرت و بەو پەڕی جۆش و خرۆشەوە لە شانۆییەكەی ئەروانی، ئەو ساڵانە هێشتا وەكو قوتابی قۆناخی سەرەتایی بوو، ئیدی بەردەوام ئامادە ئەبوو، هەندێ‌ جار لەگەڵ كاكی یان خوشكەكەیدا سەردانی ماڵیان ئەكردین ماڵەكانمان لە یەكەوە نزیكبوون و دایكم زۆری خۆشئەویست، ئەیبینی كە لەو تەمەنەدا كچۆڵەیەكی ژیر و مەنگ و زرنگە، زۆر جار گوێم بۆ شل ئەكرد باری سەرنجی دەرئەبری، رۆژێ لە رۆژان پاش پێشكەشكردنی شانۆییەكە، كە رۆڵی سەرەكیم تیادا ئەنواند، ئەگەر زەینم لێم ئاڵۆز نەكات، شانۆی (ئابلۆقە) بوو، كە بەرهەمی هاوبەش بوو، رۆڵی (داود پاشا)م ئەبینی، بە دەنگێكی نزم و كەمێك شەرمەوە ووتی: مامۆستا سالار، لەخوام داوایە تەمەنی من بخاتە سەر تەمەنی تۆ. گەلەكەمان پێویستی بە كەسانی وەكو ئێوە هەیە.
لە ئازایەتی و زیرەكی ئەم دادخانەدا، نەمئەزانی چی بڵێم، مێخەكبەندێكم بە دەستەوهات و كردمە گەردەنی، پێم ووت: دادە سروە گیان خوا پشتیوانت بێ و هەر بژیت، كورد و شانۆش كیژی ژیر و ئازای وەك تۆی ئەوێ بۆ ئایندەیەكی جوان. رۆژ و مانگ و ساڵان رابوردنی و بە هۆی ئەو دابڕینە درێژخایەنی نێوان پایتەخت و سلێمانی دا، رەنگە گەلێك شت دابرینی بە خۆوە دیبێ، بۆیە منیش ساڵەهایە بوو ئاگاداری ئەو دادیە نەبووم، وردتر بڵێم ئەوەی كە بیستووم چووبووە زانكۆ(موسل) بۆ خوێندنی زانستی (كیمیا) و بەهۆی ئەوەی خێزانێكی كورد پەروەربوون و كاكە ساماڵی برای پێشمەرگە بوون، دایك و باوك و خوشك و برای لەو خوارە لە حەپسخانە بوون و ئەشكەنجەدراون- ئەو رۆژە لەسەر شانۆی (كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی كورد) لە سلێمانی، لە دوتۆی فیستیڤاڵی یەكەمی شانۆی سالار، لە مۆنۆ درامای (پاسەوان) نووسینی (دڵشاد مستەفا)و دەرهێنانی (ئەرسەلان دەروێش)، دوای تەواوبوونی شانۆییەكە خانمێك و هاوسەرەكەی و دوو كیژۆڵەی ژیكاڵە هاتنە سەر شانۆو گوڵیان پَشكەش كردم، ئەو خانمە دادە سروەكەی جاران بوو، هەمان ئەو مێخەكبەندەی ئەو دەمەی قوتابی سەرەتای بوو پاراستبووی، پاش ئەو هەموو ساڵە، كە ئەو رۆژەی لەسەر شانۆكە لەگەڵ كاكە (تاریق)ی هاوسەر و لانۆخان و لۆناخان پێیان شادبوومەوە، بەڕێوەبەری دواناوەندی بێخاڵی نموونەیی سلێمانییە و ئەتوانم بڵێم سەركەوتووترین بەڕێوەبەرە و لەخۆی خوێندنگا وخوێندكارەكانی خۆش ئەوێ‌، پاشان بەهەمان گیانەوە بەخۆی هاوسەرو كیژەكانی و خوێندكارەكانییە ئەو پەڕی دڵسۆزی بۆ بەرهەماكانمان پێشاندا و لەئەندامە هەرە چالاكەكانمانن، بینەرێكی ئازیزی دیكەمان، كە لە دەفتەری یادگاری شانۆكەمدا، پرشنگدارترین ناو شوێنی هەیە، گەنجێكە بیر (ماركسیزمی لێنینیزم)، بوو، شەهید (ئەكرەم محەمەد ئەمین) كە لە ناو هاوەڵ و دۆستانیدا بە (كاكە ئەكرەمی دایكە حەپسەخان) ناسرابوو، گەنجێكی رۆشەنبیری هۆشیار، كاتێ‌ باری سەرنجی لەسەر بەرهەمەكانمان دەرئەبڕی، رەخنەكانی لە ئاستی شرۆڤەكردن و لێكدانەوە و بینینەوەدابوو، ئەم ئازیزە زۆر جار لەگەڵ دوو برادەری زۆر دڵسۆزیا ئەهات كە لە برادەرە هەرە خۆشەویستەكانی من بوون لە سەردەمی هەرزەكارییەوە، (كاكە ئەحمەدی حەمكۆڵ قەساب)و (كاكە حەمەی نێرگزی هونەرمەند).ماوەیەك بوو نەمئەبینی و كاتی لەو برایەم سۆراغیم كرد، زانیم بەچ مەرەیەكی خراپیان بردووە و لە قەسابخانە دڕندەییەكەی بەعس لە موسڵ سزای لە سێدارەدانیان داوە، هێندەی نەبرد ئەو دوو برادەرەم بینی ووتیان: ئەچینە موسڵ بۆ دوایین چاوپێكەوتنی كاكە ئەكرەم، چونكە لەسێدارەدانەكەی ئەنجامئەدەن.
بەراستی هەرچەندەم لەخۆم كرد، نەمتوانی بچم سەردانی ئەو گەنجە پڕ هیواو ئازایە بكەم كە ئیدی نایبینمەوە، گەلێك كارێكی سەخت و دژواربوو، كوردێك گەردەنی لەكێوی (پیرەمەگرون) بڵند ترو ورەی باڵاترو زۆر سەختتر، بۆ بەیانی گەردەن شكێن و سارد و سڕو خامۆشی بكەن...!!
هەرچەندە لەگەڵ ئەو دوو هاوڕێ‌ ئازیزەم جارانی دیكە بۆ چاوپێكەوتنی یاران سەردانی حەپسەخانەی (ئەبوغرێب) مان كردبوو.
پاش شەهیدكرنی (كاكە ئەكرەم) گەینرایەوە، ووتیان ئەوەی خەم و ترسبێ‌ لەو دلێرەدا نەبوو، هەرگیز بەو نەشئە و خرۆشییە نەبینرابوو، تەنها داوای ئەوە بوو لەسەر لێدەرەكانی ئەو دوایین چاوپێكەوتنە ئەوەبوو سەنگەری جگەرگۆشەی بە هەردوو دەستی بەرزكردبوووەو ووتبووی: تەنها داوام لە ئێوە ئەوەیە، ئەگەر منتان ئەوێ‌ و سەنگەرم بە شیوعیەت بۆ پەروەردە بكەن.
بینیمانەوە، ئەو دەمەی رووبەرووی ئەو چارەنووسە بووبووەوە، مەرگ و سێدارە و جەلادەكان لەرزیان لێهاتبوو زەندەقیان لە ئازایەتی (شەهید ئەكرەم) چووبوو، پاش ئەو كۆستە بە ماوەیەك، تیپەكەمان شانۆی (چارەنووسی ئادەمیزاد)ی (شۆلۆخۆف)ی پێشكەشئەكرد، روانیمان خانمێكی رەشپۆشی سەنگین و بەرێز بەرەو دەگاری هۆڵەكات، كە لە ئامادەیی (سەلاحەدین)بوو، ئەندامەكان ناسیان، ئەو هاوسەرەكەی (شەهید ئەكرەم)ە، واتە دایكی سەنگەر، پێشوازی گەرمیان لێكردبوو، ئەوسا منیشیان ئاگادار كرد، چوومە خزمەتی و پێشوازییەكی گەرمی كوردانەم لێكردو، بەر لە دەستپیكرن لەبەر دەمی بینەراندا وەستام و بە تایبەتی بەخێرهاتنم كرد، لە سات و شوێنەدا هەسم ئەكرد، من شكسپیرم و سەردەمی (ئەلیزابێسی)یەو لە پێشوازی پاشادام، بەدڵ بڕوام بەوە بوو خێزانی شەهیدەكەمان لەو پاشایانە شكۆدارترە.
لە كاتێكا لەو رۆژی نواندنەمادا سێ‌ ئەكتەرمان لەلایەن دەزگاكانی (ئەمن)ەوە گیرابوون، بەڵام نواندنی ئەو رۆژە زۆر تایبەتی بوو، ئەو كارە لە دەرهێنانی كاكە (مەریوان عومەر شەربەتچی) هونەرمەندبوو، بۆ رۆژی دوایی دوو ئەكتەری دیكەیان گرتین، ئیدی نەمانتوانی بەردەوامبین، هۆڵەكەش پربوو لە بینەران، داوامان لێكردن، بمانبەخشن ناتوانین شانۆییەكە بنوێنین، تكایە تكتەكان بگەرێننەوە و پارەكانتان وەربگرنەوە، بەڵام نەئەرۆیشتن، ئێمەش لەبەر ئەوەی ئەمانزانی (ئەمن) لە هۆڵەكەدایە، نەمانئەوێرا راستیەكە بدركێنین، بەڵام بینەران هەر ئیتەرمیان لەسەر زانینی راستیەكە ئەكرد.



Top