ئامادەیی هۆكارێك بۆ سەربەخۆیی ... ساسان عەونی
May 31, 2016
وتار و بیروڕا
سایكس پیكۆ ئەگەرچی دابەشكردنێكی بەرژەوەندخوازانەی كۆلۆنیالیزمی بەریتانیا و فەرەنسا بوو بۆ ئەو بەشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە چەندین سەدە بوو لە ژێر فەرمانڕەوایی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو، بەڵام لێكەوتە و ئەنجامەكانی بۆ چەند میللەتێكی ناوچەكە كارەساتی گەورەی بەدواوە بوو. ئەگەر بۆ میللەتی كورد تەنیا بووە هۆی جارێكی تر دابەشكردنەوەی خاكەكەی، بەڵام بۆ هەندێ نەتەوەی تری وەك ئەرمەن و ئاشوورییەكان بووە هۆی داخستنی فایلی گەورەی كۆمەڵكوژی و راگواستنیان لەسەر خاكی خۆیان، كە لە ئەنجامدا بوونە دوو میللەتی بێ خاك و بەردەوام هەڕەشەلێكراو. بۆیە زەرەرمەندە گەورەكانی سایكس پیكۆ بە پلەی یەكەم ئەرمەن و ئاشوورییەكان و میللەتی كوردن.
ئەوەی جێی سەرنجە كە ئەو رێككەوتنامەیە بۆ دوو میللەتی تری ناوچەكە بووە خاڵی وەرچەرخان و هۆكار بۆ دروستبوونی دەوڵەت. عەرەب ئەگەرچی بەردەوام خۆیان بە قوربانی دەستی سایكس پیكۆ نیشان دەدەن، بەڵام بە هۆی ئەم رێككەوتنەوە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونە خاوەنی چەندین دەوڵەتی نەتەوەیی، كە ئەگەر هەر سەرنجێك لەسەر جۆر و شێوازی دروستبوونەكە هەبێت، بەڵام لە ئەنجامدا دەوڵەتی نەتەوەیی عەرەبن. سوودمەندی دووەم لەو رێككەوتنە جووەكان بوون كە لە دوای سەدان ساڵ لە پەرت بوون و هەڕەشەی لەناوچوون، دوای ساڵێك لە رێككەوتنەكە لە ساڵی ١٩١٧ بەڵێنیان پێدرا كە ببنە خاوەنی نیشتمان و دواتریش دەوڵەتی سەربەخۆ.
جگە لە بەرژەوەندی، فاكتەری ئامادەیی، ئامادەیی بژاردەی سیاسی و میللی لە سەروبەندی گۆڕانكارییە گەورەكان، هۆكاری هەرە گرینگی گەیشتنی میللەتانن بە مافی چارەنووسیان. ئامادەیی عەرەب و جوولەكە لە سەروەختی گۆڕانكارییەكان لە سایكس پیكۆ و نائامادەیی ئەرمەن و ئاشووری و كورد لەو سەردەمانەدا، عەرەب و جوولەكەی كردە خاوەنی دەوڵەت و ئەرمەن و ئاشوورییەكانی دوای كۆمەڵكوژی رووبەڕووی راگواستن و كوردیشی بە چارەنووسی دابەشكردن سپارد.
-٢-
هۆشیاربوونەوە بەرامبەر سیاسەتی لكاندن و توانەوە و رەتكردنەوەیان، یاخیبوون و گرتنەبەری شۆڕش و بزووتنەوەی چەكداری كردە رێگای میللەتی كورد لەو پارچانەی كە بەسەری دابەشكرا. بەڵام جارێكی تر نائامادەیی بووە یەكێك لەو فاكتەرانەی كە شۆڕش و بزووتنەوە چەكداریەكانی ساڵانی بیست و سییەكانی سەدەی بیستەم رووبەڕووی شكان و كۆمەڵكوژی ببنەوە.
لە ئەنجامدا دوای ٣٠ ساڵ لە سایكس پیكۆ، پارتی دیموكراتی كوردستان بە رێبەریی (مستەفا بارزانی) لە ساڵی ١٩٤٦وە بووە ئەو بزاڤە سیاسی و شۆڕشگێڕییەی كە یەكێك لە كارەكانی بووە دروستكردنی ئامادەیی سیاسی و میللی خەڵكی كوردستان و پاراستنی ناسنامە و شوناسی نەتەوەیی میللەتی كورد و پێكهاتەكانی تری كوردستان و دیاریكردنی پانتایی خاكی كوردستان وەك نیشتمانێك بۆ هەمووان.
لەوساوە تا ئێستا، دوای ٧٠ ساڵ لە تەمەنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ١٠٠ ساڵ لەو رێككەوتنە نادادپەروەرە، دوای سەدان هەزار قوربانی و تێكۆشانێكی بێ سرەوتنی خەڵكی كوردستان و بزووتنەوە سیاسییەكەی، دوای بەڕێكردنی زۆر قۆناغی جیا و گونجان لەگەڵ سەردەمەكان و خۆڕاگری و سەركەوتن، لە بەردەمی ئەگەری گۆڕانكارییەكی گەورەی دیكە و رێككەوتنێكی نوێی نێوان زلهێزەكانین.
-٣-
دوای ٢٥ ساڵ لە راپەڕین و خۆبەڕێوەبردن، ئامادەیی میللی لە ململانێی مانەوە و خۆسەلماندن، گۆڕاوە بۆ سەربەخۆیی، ئەم ئامادەییە میللیە ئەگەرچی هیوایێكی زیندووەی هەر تاكێكی كوردستانی بووە، بەڵام بە كاركردنی بزووتنەوە سیاسییەكە و بژاردەكەی، لە قۆناغی تەنیا هیوا بوونەوە خەریكە بنچینەكانی دەچەسپێ و لە گەیشتن بە ئاكام نزیك دەبێتەوە.
لە مێژووی میللەتان دروستكردنی ئەم ئامادەیی و ئامادەبوونە میللییە بۆ سەربەخۆیی، كاری سەركردە و رێبەرە كاریزماتیك و حەكیمەكانە كە دەتوانن لە دژوارترین ساتەوەختە مێژووییەكان، ئەم ویستە لە ناخی خەڵكدا دروست بكەن و بە رێگا راستەكەدا ئاراستەی بكەن. سەركێشی ئەم بزووتنەوە سیاسییەی ئەمڕۆش بەرەو سەربەخۆیی و دروستكردنی ئامادەیی و خۆداماڵین لە پاشماوەی ١٠٠ ساڵ لە زوڵمی مێژوویی سایكس پیكۆ، سەرۆك مسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانن.
ئەگەرچی هەڵمەتێكی هەرێمی و (بەداخەوە) كوردستانیش كار لەسەر بێ هیوابوون و نائومێدی و رەشبینی دەكەن، تا لە ئەنجامدا هەستی نائامادەیی و نائامادەبوون لە نێوناخی كوردستانییان بەرامبەر گۆڕانكارییە گەورەكان دروست بكەن و بانگەوازی سەربەخۆیی وەك پڕوپاگەندە لە قەڵەم دەدەن، بەڵام ئاشكرایە كە رەوتی سەربەخۆخوازی و بڕوابەخۆبوون و هەستكردن بە شانازیی نەتەوەیی و نیشتمانی گەیشتۆتە ئاستێك كە پرسی سەربەخۆیی نە رێگای لێ دەگیرێت، نە دەشتوانرێت رەوتی رۆژگار بوەستێندرێ و مێژوو بۆ دوا بگەڕێندرێتەوە.
رێبوارانی رەوتی سەربەخۆیی لە داهاتوو شانازی تۆمار دەكەن، ئەوانەش كە دەڵێن پڕوپاگەندەیە، وەك چۆن ئێستا پاساو بۆ رابردوو دەهێننەوە، لە ئایندەش دەبێت پاساو بۆ ئێستا ئامادە بكەن.