بۆ چلەی هونەرمەند كەریم كابان كابان هێشتا دوا گۆرانی نەوتووە
February 25, 2016
وتار و بیروڕا
ئەی ئەگەر، یان گریمان، دەنگ و ئاوازو شیعرو مۆسیقا رەشەبایەكی وەیشوومە لولی دا و بن هەنگڵی ناو فڕاندی بۆ ئەو دیوو. مەرزەكانی ژیان؟!
هونەرمەندێكی خۆشخوانی ئەوتۆی نەك هەر ئادەمیزاد داروبەرد بزوێنیش كەوتە دەم لێشاوی و شەپۆڵاوی ترسناكی دەریا لوشی مەرگەوە، چی دەڵێن؟! ئەمە لەو جۆرە پرسیارە سەرسوڕهێنەرەی لێوالێوی ئەندێشەی ئەوق بوون و تیادا رامانەو ساتی لە یەكدی ترازانی هەست و هۆش و سەرجەم جومەگەكانی نێوان بوون و نەبوونە...
كەریم كابان ئەو مرۆڤەی جگە لە خۆشەویستی و سۆزی زایەڵەی دەنگە ژێنەرەكەی، لەم دنیا بێ سەرو سەرحەدی تەماعكارییەدا هیچی دیكەی شك نەدەبرد، هەر چۆن شنەبایەكەی بەیانیانی شار كە لە داوێنی شاخی گوێژەوە شاری بەسەر دەكردەوەو، ئەمیش لە هەمان وادەدا لە كۆڵانەمانی شانی بەردەركی سەراوە مرۆڤێكی پەپولە جوڵەی ئێسك سووكی شەونمی سەرگونا گوڵانی هەرەتی بەهاری وەنەوشەی گوێ كەناران هەنگاو بە هەنگاوی گوڵاپژێنی نازی خۆشەویستی دەكرد، هەمووان ئەو نازەیان بە خونچە گوڵەباخی قازانقایە لە گوڵدانی سینەیان دەكردو لە بۆی هەناسەی شارەوە رۆژباشی، رۆژێكی جوانتریان لە خەڵكی شار دەكرد.
كاتی هونەرمەندێكی وەك كابان چاوی ژیانی هەڵهێنا، ژیان چاوانی كەژاڵی بە ئاورینگی خۆری تازە چاوهەڵهاتوو رشت و سوورمە رەنگ بوو، گۆرانی زاری پژاو ئاسمان ئاواز بارانی بوو، عەردو ئاسمان خۆش خەندەبوون، ئاسۆكان ئاڵ و واڵابوون بوون گوڵوانگەی جەژنی لە دایك بوون و چراخان ئەما چراخان..
كابان ئەو دەنگەبوو، تا دوایین هەناسە شیلەی چێژی و تامی ژیان و ئەڤینی لێ دەچۆڕێ، ئەو دەمەی بەر لە دوادەی كۆچی یاران لە چواردەوری كۆڕیان بە سۆزەی (ئەی تەمەنی پڕ ئەسرینم) بەستبوو، لەو دەری دەستبەردام و ماڵئاوییەیدا، خودا شایەت، ئەو شاگوڵە باخا ئاویزانەم بینی، لە تەكماندا وەرز بە وەرز دەژمێرن و، كاتێكیش هەوار لە هەوارگەری سەختی بەفرانباردا دەكەن و، پاش بارینی بەفری زیوین نوێنی تەمەن لەسەر پرچ و پەرچەمیان و هەر چەندە شەوی سایەقەی ساماڵی گوڵستان بە زوقم و شەختەكەر بەنازەوە ئەو سەرپۆشە بێگەردە لادەداو دەیان خونچەگوڵی بەناز پشكوتووی تازەسەر پەرچەم دەنێ.
گوتیان: بۆ گەلێك گۆرانی بۆ نەگوتووین؟ منیش بۆ سۆراغی ئەو پرسیارە، چوومە خزمەت گەوهەركارێكی، گەوهەر گران هەڵسێنەرـ لە وەڵامدا فەرمووی: جارێ واهەیە كێوێ دەكۆڵن و بە وردی لە بێژنگی بینینەوە دەدەن، ئەوسا ئەگەر ئەڵماسێ، پارچە زێڕێ، بە ئارق رشتنێكی ماندوو ولاەوەنان عەوداڵانی گەوهەری یەك دانە، دانە گەوهەرێكیان لە چارە دەنووسرێ، بەڵێ، كابان، بیست گەوهەری دانە دانەی بە گەردنی بووكی گەردن بەرزی هونەری مۆسیقا و گۆرانی كوردەوە كرد بۆیە هونەرەكەی شاكار بوون چونكە هەرگیز نەیوستووە هونەرەكەی زۆر بێ و بێ بایەخ بێ.
دوایین زاری پرسیارم كردە هونەرمەندەكەمان، كاك كەریم گیان دەڵێن ئۆغرت كرد؟ ئەمە چۆن بوو؟
لە بری (كابان) ئاواز گۆرانی و شیعر ئەوانەی لە گوڵدانی (كابان)دا جوانترین گونجاندن و یەكانگیرییان لە ئامێزی دەنگێكی خۆشەویستدا، دەستەملانی بووبوون، پێیان گوتم: نەرۆیشتووین و بەجێماننەهێشتووین، ئەوەتا لەلاتانین، گەلۆ نە ئاواز نەگۆرانی و نەشیعر و نە ئەڤین.. نامرن و ناڕۆن.. بە وردی سەرنج بدەن، ئەوەتا، ئەوەتا، لێرەیە، لەوێیە. هێشتا وەكو دوا گۆرانی نەچریكاندووە. كەواتە چاوەڕاوانبن.