لە پەراویزی بڕیارەکەی سەرۆک بارزانی دا "چاکسازی، پرۆسەیەکی بەردەوام"

لە پەراویزی بڕیارەکەی سەرۆک بارزانی دا
چاکسازی و پرۆسەی دژە گەندەڵی دوو پرۆسەی بەردەوام و کۆتایی نەهاتووی ناو هەموو دامەزراوەیەکە کە مەبەستی مانەوە و بەردەوامی و بردنەوە بێت، جا رێکخراو و حیزبی سیاسی بێت، یان حکومەت و کۆمپانیا و دامودەزگای بەڕیوەبردن. دامەزراوە گرنگەکانی جیهان ساڵانە بڕی زۆری توانای ماددی و مرۆیی لە لێکۆڵینەوەی زانستی بەکاردەبەن بۆ دەستنیشانکردنی باشترین شێواز بۆ داهێنانی میکانیزمەکانی چاکسازی و بەرەوپێشبردنی شێوازەکانی بەڕێوەبردن و دژە گەندەڵی و جێبەجێکردن و راهێنانی بەرپرسان و کارمەندان لە سەر پێگیری بە یاسا و رێساکان و ئاشناکردنیان بە سزاکانی ئەنجام دانی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. هەروەها جیاکردنەوە و دیاریکردنی دەسەڵاتەکان لە هەر ئاستێک، لەوانەش گرنگتر، کارکردن و تۆکمەیی دەزگا چاودێریەکان و توانا و بەهێزیی پرۆسەکانی بەدواداچون و پاراستنی یاسایی ئەو کەسانەی کە لادانەکان ئاشکرا دەکەن. ساڵانێکە کورستان و تاقیکردنەوەکەی وەک هەموو تاقیکردنەوە هاوشێوەکانی کە لە قۆناغی راگوزەردایە بەرەو دروستکردنی کیان و دامەزراوە، لە هەندێ شوێنی بەرچاو و هەندێ جاریش بە نادیاری، دووچاری پەتای گەندەڵی و سستی بەڕێوەچونی پرۆسەی چاکسازی هەمەلایەنە بووەتەوە، هۆکارەکان هەرچی بن و چۆن بن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەم بابەتە لە باسکردنی ناوخۆیی دامەزراوەکان دەرچووە و بۆتە بابەتێک کە هاوڵاتیان درکی پێدەکەن و باسی دەکەن وکاریگەری لەسەر ژیانیان دروستکردووە، تەنانەت لایەنگیری سیاسی و دەنگدانی خۆیان بەو هۆیەوە دەگۆڕن. هەر دیاردەیەکی هاوشێوەش کە ترس و دڵەڕاوکێ و گومانی لە ریزەکانی میللەت دروستکرد و کاریگەری سەلبی هەبێت و ببێتە هۆی بڵاوکردنەوەی گیانی بێباکی و لاوازکردنی ئینتیما و هەستی دڵسۆزی بەرامبەر نیشتمان، پێویستی بە بڕیار و ئیرادە و توانای ئەو کەسانە هەیە کە دەتوانن لە ساتە وەختە مێژوویەکاندا بڕیار بدەن و ئاراستەکان راست بکەنەوە. نابێ نادیدە بگیرێت کە سەرەکیترین و زەحمەتترین هەنگاوی پرۆسەی چاکسازی، لەبەریەک هەڵوەشانەوەی تۆڕی بەرژەوەندیە هاوبەشەکان و تێکەڵاوبوونی سیاسەتە بە ئابوریەوە، ئەم کارە چەند زەحمەت بێت، بەڵام پێویستیەکی حەیاتیە بۆ بەرەوام بوونێکی دروستیی دامەزراوەکان و سەنگ و بڕوا و متمانە پێکردنیان لەلایەن خەڵکەوە.
جێبەجێکردن و سەرکردایەتیکردنی پرۆسەی چاکسازی، بەردێکی ترە کە (سەرۆک بارزانی) دەیخاتە سەر بونیادی دروستکردنی کیان و داهاتومان، هەنگاوێکی ترە لە شاڕێگای سەربەخۆخوازی، کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان و ئەو کاتەی کە دەیخایەنێت، پرۆسەیەکە پێویستی بە دەستخۆشی و هاندان و بەردەوامی ویارمەتی و پشتگیریکردن هەیە، ئەمەش ئەرکی هەموو دڵسۆزانی نیشتمانە بە جیاوازی بیروبۆچونەکانەوە، کە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەیەکی گرنگی نیشتمانیی، هەمووان بەشداری تێدا بکەن.
Top