ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە(چوونە بەغدا و سیر و زوڕن (1)

ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە(چوونە بەغدا و سیر و زوڕن (1)
هێندە بارەكە گران بوو، كۆستێكی گەورە بوو، لەو رەشەخەمانەی سات بە سات خەستتر و تاریكتر ئەبوون، دۆستان، كە زۆرینە بوون رەشپۆشی ئازیزان مەردەن ئاساو نەیارانیش جرت و فرتیان بوو، وەك نەزانێ، پاش خامۆشی مەشخەڵی شۆڕش، چۆن بەڵایەك ئێخانگیری هەمووان ئەبێ.
جاروبارێ سەردانی تیپەكەم كرد، پاش ماوەیەك، برای رۆشنبیرم (د. فوئاد سەید عەلی بەرزنجی) سەردانی كردم و داوای لێكردم بۆ رۆژی دوایی بچم و لەگەڵیدا سەردانی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی (د.تارق ئەلعەمادی) بكەین. دیارە لە بارەی منەوە گفتوگۆیان كردبوو، ئەو سەرۆكی زانكۆیە كوردێكی خاوێن و پوخت بوو.
ئەو كات كاك فوئاد بەرپرسی بەشی (میلاك)ی زانكۆ بوو. لەكاتی خۆیدا سەردانی سەرۆكی زانكۆمان كرد. پێشوازییەكی گەرمی كردین و هەستی جوانی سەبارەت بەم بەرهەمەكانم دەربڕی، ئەوسا باسی دامەزراندنی كرد، گوتم: سەرەتا ناوم بۆ مامۆستای ئامادەیی دەرچووبوو، بەڵام دەستبەكار نەبووم و چوومە دەرێ.
-: هیچ گوێی پێمەدە، لێرە دائەمەزرێیت. زۆر باشە كاك فوئاد بزانە چ شوێنێكمان ماوە شایستە بێ و بەرامبەر بڕوانامەكەی بێ، هەر ئەمڕۆ نووسراوی بۆ بكە و بنێردرێت بۆ بەغدا.
چەند رۆژێكی نەبرد، لە رۆژنامەدا بڵاوكرایەوە، ماڵیان ئاوابێ، هێندە دەستدوورییانە نووسیبوویان، هەر بە تەنها منی ئەگرتەوە. هەرچی پێویست بوو ئامادەم كرد و پاشان وادەی دیمانەكەم لە ئەنجومەنی خزمەت (مجلس الخدمة) بوو لە بەغدا. باوكم فەرمووی: كوڕم حەز ئەكەم نامەیەكت بۆ (كامیل ئەفەندی) بۆ بنووسم. ئەو دەمە (كامیل ئەفەندی) قایمقامی (ئەعزەمییە) بوو، خزم و خۆشەویست بوو، نامەیەكی كورت و پوختی بەو خەتە جوانەی خۆی بۆ نووسی كە كەم كەس دەستوخەتیان هێندە خۆش بوو.
بەیانی بەرەو بەغدا بە ڕێكەوتم، چوومە (ئوتێل مستەفا) لەسەر شەقامی (جمهوری). بەخێرهاتنێكی گەرمی لێكردم و وتی: ئادەی لە فڵانە ژوور داینێن، ئەزانم مێشكی ماندووە با پشوو بدات، شەو درەنگ و وەختانێ، لە كاری شەودا نەمابوو دەمەو سپێدەبوو، برادەرێكم خۆی كرد بە ژووردا، یەكتریمان ماچ كرد، دیار بوو ئەو شەوی بۆ نەهاتبوو، قاپێ عەرەقی رەشی عەسڕی لەسەر مێزەكە داناو كاسەیەك ماست و عەلاگەیەك سیر، بۆن و بەرامەی سیر و ئەو عارەقە مێش و مێشوولەشی وەڕس ئەكرد. قومی لێئەدا و بە كەوچك سیر و ماستی بەسەرا ئەكرد، جارێكی دیكەش خەو بردمیەوە، لە پڕا وتی: ئەرێ كاك ئەحمەد سالار، بۆچی كورد وتوویەتی (سیر بخۆ و زوڕنا لێدە)؟
: ئەزانی بۆ ئەو فەرموودەیەی فەرمووە؟
: نەوە ڵڵا لە حیكمەتی ئەوە ناگەم.
: سیر ئەبێتە مایەی باوبژ، ئەو زوڕنایەش بەدەم لێنادرێ. كەواتە ئەوانەی بەم كوێرەوەی و رەش ئاكامییەمان دڵشادن، دەبا لەخۆشیانا، با هەر سیر بخۆن و با هەر زوڕنایانیش لێبدەن.
تازە خەوم لێنەئەكەوتەوە، ئەو برادەرەش خەوێكی بێ ئامان دایپۆشیبوو، هەستام و چووم لە گەرماوەكە جوان خۆم شوشت، بۆ ئەوەی بۆنی سیر و جگەرە و عەرەقی رەش بەرۆكم بەردا، پاشان عەترم بەخۆمەوە كردو چوومە خوارەوە هەتا نانی بەیانی بخۆم، هەستم ئەكرد ئەگەر قسە لەگەڵ هەر كەسێ بكەم ئەو بۆن و بەرامەی ئەو برادەرە، گرژ و بێزاری ئەكات.
شەوێ كاك (فریاد فازڵ) تەلەفۆنی بۆ كردم، كە بەیانی چاوەڕوانی بكەم. بۆیە سەركەوتمەوە ئوتێلەكە و وا بزانم برای شاعیر و رۆژنامەنووسم كاكە (مارف ناسراو) نووسەری ئۆفیسی ئوتێلەكە بوو، پاش چاك و چۆنی، وتی: ئەمشەو باش خەوتی؟
: بە دڵی تۆ خەوتم! براكەم خەوی چی، ئەرێ بۆنی شتی بێزاركەرم لێنایە؟
: وەك بۆنی چی؟
: مار بەچی قارس ئەبێ؟
: سیر
: هەر سیر لە سیر خراپتریش. ئەرێ بۆنم ناكەی، ئەڵێی سەر بە دەرگای قەیسەری (نەقیب)دا ئەكەی؟
: راستەكەی، بۆنی سابونی رەقی و سەدان بۆنی مێخەك و سڵ و داودەرمان.
: جاران ئەو بۆن و بەرامە خۆشانە، لە لانكی كۆرپەكان ئەكرد كە بەدەیان (حەتحە تنۆكە)ی رەنگاوڕەنگی بۆن خۆشی ئەڕازێنرایەوە، یان بە بەرۆك و سینەی شۆڕەخانمانی كوردەوارییەوە ئەكرا. كاتێكم زانی كاكە (فریاد فازڵ) بەخۆی و جانتا دیپلۆماسییە قەبەكەیەوە، كە ئەتگوت كتێبخانەی گەڕۆكە، سەركەوتە سەرەوە. برادەرێكی زۆر دڵسۆز و ئازیزم بوو. یەكسەر فەرموودەكەی (مام فازڵ)ی باوكم بیرهاتەوە: ماوەیەكە شان و قۆڵم دێشێ؟
-: كوڕم چۆن نایەشێ؟ ئەزانی تۆ بیست وچوار سەعاتە ئەم باوڵە قورسەت بە دەستەوەیە، هێندەی كتێبخانەكەی (رەئووف مەعروف) كتێبی تیایە.
پاش دەمەتەقێیەكی كورت وتی: نیازی كوێت هەیە؟
-: بۆ مەسەلەی دامەزراندنەكەم، نامەیەكی باوكم پێیە بۆ ئەو خزمەی، ئەیبەین و ئەوسا بۆكوێ دەڵێی بەسەر چاو.
-: ئەو كابرایە لە كوێیە؟
-: لە (ئەعزەمیە) قایمقامە.
-: ئێ زۆر باشە، لەوێش ئەچین بۆ ئەو هۆڵەی ڤیستیڤاڵی ساڵانەی چالاكیی قوتابخانەكانی عێراقی لێیە. هەر لە سەر ئەو راستەڕێیە. ئەم بەیانییەش، كاتی چالاكییەكانی شاری سلێمانییە.
-: زۆر باشە، كەواتە با بچینە خوارەوە و تەكسییەك بگرین.
بە درێژایی رێگاكە هیچمان نەئەپرژاین سەیری ئەملا و ئەولا بكەین. هێندە قسە و باس زۆر بوو، بڕینەوەی بۆ نەبوو. گەیشتینە بەردەم شوێنەكە دوو پۆلیس لە بەردەم دەرگاكە بوون، چووینە ژوورەوە. نامەكەم دایە دەست دەرگەوانەكەی، تاوێكی نەبرد، دەرگەوانەكە هاتە دەرەوە و فەرمووی لێكردم، (كامیل هەمەوەندی) پێشوازی كوردانەی خۆی نواند و كەوتە هەواڵپرسین و دەستبەجێ نامەیەكی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی خزمەت بۆ نووسیم و هاتە دەرێ و بە پەلە خۆمان گەیاندە هۆڵی ڤیستیڤاڵەكە، هەر كە خۆم كرد بەژوورا، بە چەپڵە رێزانێكی كەم وێنە بەخێرهاتنیان لێكردم و بە پەرۆشەوە دەستەوە ملان بووین. ژمارەیەكیانم ناسییەوە ئەو بەهرەمەندانە بوون، كە بەر لە دەستپێكردنەوەی شەڕ لە شانۆی (كاوەی ئاسنگەر) بڕیار بوو من دەرهێنەری بم و لە هەمان كاتدا رۆڵی(كاوە) بنوێنم.
لەگەڵ كاك (فریاد)دا بردینیانە ریزی پێشەوە و مامۆستا (حەقی شبلی)
رابەر و راگری شانۆی عێراقی بە سۆز و پەرۆشەوە منی بە سینەی هونەرمەندانەیەوە نووسان. هەستم كرد، ئەو هەستە خۆشەویستییەی ئەو خەڵكە بەرامبەرم دەریانبڕی، جوانترین دەربڕین بوو بەرامبەر شۆڕشی ئەیلوول و باشترین بەڵگەی خامۆش نەبوونیەتی.
شانۆ رووناك بوویەوە و دەنگی ئاوازی شایی و هەڵپەڕكێ گیان و هەستی گەشاندمەوەو، دەستەی كیژان و كوڕان بە پۆشاكی كوردییەوە، هەر ئەتگوت دەسكە گوڵی هەڵاڵەی كۆسارانی ئەو بەهارانەی كوردستانەكەمە، پاشان هەڵپەڕكێ چووە شێوازی بازنەییەوەو كاتێ بازنەكە كرایەوە، كیژۆڵەیەك بە كەمەرە و هەیاسە و تاسكڵاوەوە (سۆڵۆ) شایی ئەكرد، منیش كسپە لە جەرگمەوە ئەهات و لەبەر خۆمەوە هەر گیان گیانم بوو.
كاكە فریاد گوتی: ئەوە چییە؟
-: ئەی بە قوربان نابینی چۆن چۆنی باوەشێنی گیانم ئەكا و ئەیلاوێنێ؟
-: بە دڵتە؟
-: بۆ لەمە جوانتر هەیە؟
كاكە فریاد لێنەگەڕا و هەر ئەیبزواندم، مینش كتێبی ناخم پەڕە پەڕە بۆ هەڵدایەوە و وشە بە وشە، حەرف بە حەرف بۆم حونجە كرد.
بەرنامە كۆتایی هات و چووینە دەرێ. ئەو هەر دڵی ئەژاندم، نەمئەزانی ئەم پرسە و رایەی بۆ چییە! بەیانیش تاقیكردنەوەكەیە. گوتم: ئەرێ برسیت نەبووە؟
-: چۆن برسیم نەبووە؟ حەزت لە چییە؟
-: كاكە فریاد گیان هەتا كەبابەكەی مامە رەشیدت هەبێ، هیچ شتێ نایگاتێ.
-: ئەی بەسەر چاو.
بە تەكسییەكەی وت: بۆ سەر شەقامی سەعدون. نانمان خوارد، بەڵام گۆشت و كەبابی تایبەتی، بەدەم چاخواردنەوە، كەوتە سەر لێدانی هەمان قەوان: ئێ خۆ زۆر بە دڵت بوو؟
-: كاكە گیان یەكجار ئەگوترێ زستان ساردە و بڕایەوە. پێكەنینە تایبەتییەكەی بۆ كردم و خۆی چەند سوور و سپی بوو، دە ئەوەندە ئاڵتر بوویەوە و لە پڕا پێی وتم: كەواتە دەستت بێنە، پیرۆزبێ.
-: چی پیرۆزبێ؟!
-: ئەوە حەزم نەكرد لێت تێكبدەم. بەڵام ناچارت كردم بیدركێنم، خزمە ئەوە ساڵەهایە هەڵبژاردەی دڵمە، بەڵام پیرۆز بێ. لە كوێ هەڵمەگری و لە كوێ دامئەنێی، لە شەرمانا نەمئەزانی چی بڵێم و چی نەڵێم.. خۆ هیچ نەما نەمگوتبێ! :هیچ گوێی مەدەرێ، ژنهێنان و دڵخوازی قەدەرە، ئەوا قەدەرەكەمانی وا نووسی و بڕایەوە.
تووشی دەردێكی كردم هەر مەپرسە، گوناهی من نەبوو، كاكە پرسیاری وای لێئەكردم جڵەوی دەربڕینی پێ شل كردبووم. گوتم: كاكە سوپاس بۆ ئەو كەبابە، بەڵام بەدڵمەوە نەنووسا، تۆ دەردێكی شەرمەزاربوونی ئەوتۆت نەداومەتێ. دیار بوو دڵی نەرم بوو، زانی بۆتە ژان و گینگڵی پێوە ئەخۆم، ناچار وتی: دە فەرموو بە كەمالی ئیسراحەت چایەكی تری بەسەرا بكە و هێدی بەرەوە و دڵ و دەروونت بێنەرەوە سەر خۆت، بەسەری تۆ گاڵتەم لەگەڵ كردی نایناسم و یەكەم جار بووە بینیومە.
-: ئەی ماڵت ئاوا، دەنا منیش بۆ حاڵی خۆم ئەكەوتمە سیر خواردن، بەڵام بەبێ زوڕنا لێدان.
Top