ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە رۆژە هەرە تەڵخەكان (14)

ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە رۆژە هەرە تەڵخەكان (14)
كاتێك پیلانی رەشی جەزائیرمان بیست، هەتا ماوەیەك لە نێوانی خەونە و خەون نییە، گومان و بڕوا پێكردندا ماینەوە، كوردستان و شۆڕشە خوێناوییە بێ وێنەكەی لە هەر چوارلاوە گەمارۆ دراوە، هەمووان جگە لە خۆفرۆشان، تیادا مابوون و سڕبووی هەواڵەكە و ، ئاگر گرتووی قین وتووڕەیی، بەڵام سەرۆكی سەربەرزی ئێمە، چونكە سەراپای تەمەنی قاڵی ئەزموونی هێرشی نەیاران و پیلانی چەپەڵی دوژمنان بوو، زۆر دانایانە بە رووی ئەو تراژیدیایەوە چوو، لای ئەو كارێكی سەیر و نامۆ و نوێ نەبوو، بەڵكو دووبارە بوونەوەی رووداو و مێژووە بەسەرچووەكان بوو.
ئەوەی خەمی گەورەی بوو بە پلەی یەكەم چارەنووسی ئەو ژمارە زۆرە ئاوارانەی پتر لە چارەگە ملیۆنێك ئەبوون، كە پتر پیر و پەككەوتە و ژن و منداڵ بوون، هەروەها ئەیزانی گەلی كورد بە چ مەرەیەكی خراپ ئەچوو، بۆیە بەوپەڕی واقعبینانە هەنگاوی نا، دەستبەرداری خەباتی چەكداریی و بەردەوامیی خەباتی سیاسی و رۆشنبیری، واتە بەردەوامی شۆڕش، ئەوە بوو كرایە قۆناغی گواستنەوە لە شۆڕشی (ئەیلوول)ـەوە بۆ شۆڕشی (گوڵان). دەنا هیچ كاتێ بارزانیی نەمر سڵی لە جەنگ و مەرگ نەكردۆتەوە، بەڵام گیانی هەر كوردێك لە لای ئەو باوكە لە گیانی خۆی ئازیزتر بوو.
شۆڕش لە دڵ و بیری بارزانیدا لە ئاگرەكەی بابەگوڕگوڕ بەردەوام و زیندووتر بوو. گرووپەكەمان بەڵكو سەرجەم گرووپەكانی هونەری شۆڕش، كە لە گەشتی هونەریی ئۆردوگاكاندا بووین، هەمووان كۆستمان كەوتبوو، هەر رادیۆیەك و دە كەس گوێی پێوە چەسپ كردبوو، تەنها بە چاو ئەدواین و هەموو ئاخافتنەكانیش یەك شت بوو.
شەو داهات ئەو برایانەی بەرپرسیارێتییان هەبوو، لە ژوورێك كۆبووینەوە، ئاكام بڕیار درا، چەند كەسێكمان وەك لە زەینما مابێ، كاكە مەم بۆتانی و نوری وەشتی و من راسپێراین برووسكەیەك ئاڕاستەی بارەگای پیرۆزی بارزانیی نەمر بكەین، زۆر بە خوێنگەرمانە هۆنرایەوە كە ئێمەی هونەرمەندانی شۆڕش ئامادەیی خۆبەخت كردنین و بەرەنگار ئەبینەوە.. بەهەرحاڵ كار لە كار ترازا بوو، ئەوە قەدەری سەرۆك و گەلەكەمان بوو.
خۆمان گەیاندە پێنجوین، ئیتر تەنها رێگای خۆدان بە دەستەوە بوو، واتە چوونە سای رژێمەوە، من بەش بە حاڵی خۆم بێزم لە رژێمی شای بەرباد ئەبووەوە، مەرگی خۆمم پێ رەواتر بوو، نەك چوونە سای ئەو شایەی گەورەترین كارەساتی بەسەر هێناین.
كاتێ گەیشتینەوە بارەگەكانمان رووەو بارەگای هێزی (خەبات) چووم، باوكەڕۆ زۆر وێران بوو! چاوم بەو نەبەردانەی وەك شەهید فەتاح ئاغا و شەهید نوری حەمە عەلی و شەهید مەجید سوڵتان كەوت، كە هەر ئەتگوت ئەو شێرە زامدارەن كە بە بەرچاویانەوە بێچووەكانی كوژراوە.
ئەوەی لە نزیكەوە لە پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی هێزی (خەبات) و هێزی (ئەزمڕ)م بینی هەموویان مەرگیان بۆ خۆشتر بوو. دیارە ئەوە رای هەر هەموو پێشمەرگەكانی كوردستان بوو، ئەو شەوە چۆن لە ئێمە رۆیشت، لە كەس نەڕوا، هەر ئەتگوت شەو بۆتە مێردزەمەیەكی ترسناك و نینۆكەكانی لە گەروومان گیر كردبوو.
بۆ بەیانی بڕیاری گەڕانەوەمان دا، جارێ بەر لە گشت كارێ دۆڵابێكی ئاسنی گەورەم لا بوو، كە چی دۆسییە و تۆمار و نهێنی رێكخراوی (یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان) بوو، لە سەرەتاوە هەتا ئەو رۆژە لە ژوورەكە هێنامە دەرێ و نەوتم بەسەردا كرد و ئاگرم تێبەردا، دانیشتم بە دیارییەوە هەتا دوایین لاپەڕەی دامردەوە، نەبادا دەست دوژمنان بكەوێ.
ئەوسا بۆ دواجار ئاوڕم لە گوندەكە دایەوە و بە سەڵتی كەوتمە رێگا، پاشان لەگەڵ حاجی برام و چەند هونەرمەندێكی گرووپەكە بە پێ ملی رێگامان گرتە بەر. دیارە پارەی ئۆتۆمبیلم پێ نەبوو، هەرچەندە هەمیشە بۆ تەنگانە ئەموستیلەیەكی زێڕی تۆكمەم لە پەنجە ئەكرد، بەڵام بەر لە ماوەیەك فرۆشتبووم، مانگێك بەر لە كارەساتەكە، دایكی ئەندامێكی گرووپەكەمان سەردانی دایكمی كردبوو، كە سەردانی كوڕەكەی ئەكات، ئەوسا دایكم بڕی دوو سەد دیناری دابوویێ كە بمداتێ، هەرچەندە ئەو ژنەشم بینی، بەڵام باسی نەكرد، تومەز لە مەریوان پارەكەی دابوو بە كەلوپەلی ئێرانی بۆ فرۆشتن.
هەرچۆنێ بێ، رێگامان گرتە بەر، شەوێكی درەنگ گەیشتینە سەر ئاوەكەی (قەڵاچوالان)، هەرچەندە ئاوەكە هەستا بوو، بەڵام بوارمان لێی بینییەوە و پەڕینەوە، پشوویەكمان بو داو هەتا گەیشتینە دەمەو سپێدە، نانێكی سەرپێی ئەوتۆمان خوارد، كەمێك بەری دڵمان بگرێ، پەیتا پەیتا خەڵكی بە لێشاو رێگایان ئەبڕی، رێگا بڕینێك كە نازانی چیت بەسەردێ.
لە تاقی نیوەڕۆدا پاش ماندووبوونێكی ئەژنۆ پسێن، گەیشتینە گوندی (قڕگە)ی رۆژهەڵاتی سلێمانی، لەبەر بەرۆشكەیەك وچانمان بۆدا و ئیدی هەرچییەك پیادە بوایە، یان كاروانچی پرسیار و سۆراغی ئەوانەمان ئەكرد كە لەو چەند رۆژەدا گەڕاونەتەوە لە چیا، چ گرفتێكیان تووش بووە. چارە نییە و (هەرچییەك ئەبێ با ببێ)، كاتێ بە دیواری شاردا شۆڕ بووینەوە، چایخانەیەكی پەرپووتی لێ بوو. چەند پۆلیسێ بە كەمالی ئیسراحەتەوە خەریكی دۆمینە بوون. لە خوارەوە مەخفەرێكی پۆلیس بوون خەڵك ریز كرابوون و ناونووس ئەكران و دەستە دەستەش سواری لۆری زیلی سەربازی ئەكران و رەوانەی ناو شار ئەكران، ئێمەشیان سەرخست و بە ناو شاردا بردیانین بەرەو بارەگای (فرقە) كە جاران شوێنی نزرگەی خدری زیندە بوو، خەڵكی ئێوارانی چوارشەممە مۆمیان لێ دائەگیرساند، كاكە (حەسەن گەرمیانی)ی هونەرمەندیش لە تەنیشت منەوە بوو. خواخوامان بوو كەس نەمانبینێ و نەمانناسێتەوە، خەڵكەكەش بە لێشاو رژابوونەوە ئەو ناوە. بە ریز بە بەردەمی گرووپی وێنەگرتنی تەلەفزیۆنیدا براین. وێنەگرەكەم ناسییەوە، لە ئەكادیمی قوتابی بوو (وەلید)ی ناو بوو، دیارە بە هۆی سەر و جامانەكەمەوە سوپاس بۆ خودا نەیناسیمەوە، پاشان دەستە دەستە براینە ئەو بەرەوە كە بەڕێوەبەرایەتیی (ئەمن) بوو، هەریەكە فۆرمێكیان داینێ كە هەشتا پرسیاری تیا بوو، ئەبوو وەرامی بدەینەوە. پاشان پسوڵەی دەستبەردارییان داینێ و هاتینە دەرێ. هەر لە شەقامەكە (كاك بەهادین عەلی رەشە) كە زاوامە چاوەڕوانمان بوو، بردینیەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام هێندە سەیری دڵتەنگییەكەی ئەوم ئەكرد، ئەوەندە سەیری دەوروبەرم نەئەكرد! منێك چەندین جار خەونم بە بەردەركی سەرا و رەشەباكەی شارەوە ئەبینی، ئەوە من نەبووم كە هەر ئاوڕیشم لێ نەئەدایەوە، گەیشتینە ئاستی كۆڵانەكەمان لە گەڕەكی (تووی مەلیك) نزیك شەقامی (ئیبراهیم پاشا)، دایكم خێرا هەواڵی گەیشتینەوەی بیستبووین، بۆیە تاكێكی دەرگاكەی خستبووە سەر پشت، ئای لەو سات و وەختەی دەستم كردە ملی دایكم و وەك منداڵێكی ساوا دامە پرمەی گریان، چووینە ژوورێ باوكم لە هەیوانەكە چاوەڕوان بوو، دەستەكانیم ماچ كرد و دیارە دایكم ئەیزانی حەزمان لە چ چێشت و خواردنێكە بە دڵ و گیان لێینابوو، ئێمەش چونكە گەیشتبووینە نزیكەی عەسر، بۆیە تەواو برسیمان ببوو، چووینە سەر مێزی خوان و بۆن و بەرامەی ئەو (تاسكەبابی)یەی ئەهات كە بەتایبەتی لێیئەنا و بۆن و بەرامەی حەوت گەڕەك ئەڕۆی. پلەگۆشتی بەرخ و پلە دووگ و پیازی فیچقەی بە توولەداری هەنارەوە ئەكرد و چین چین بە داو دەرمانەوە دایئەچەنی، لەگەڵ قوبوڵی برنجی بازیان و چەشنەها شلە....
پاش نانخواردن، گەرماوی (جەهەننەمی)مان هەبوو، داغ ببوو، خۆشتنێ بە هەموو ئەو ساڵە خۆشتنی وام بەخۆمەوە نەدیبوو، پاشان جلوبەرگی خاوێنم پۆشی و وتم سەرخەوێكی بۆ بشكێنم، بەڵام هەر ئەوسەر خەوە پتر لە حەوت سەعاتی خایاند، بەڵام هەر وڕی و كاسی كارەساتەكە بەری نەدابووم، بۆ بەیانی وەك جاری جاران خۆم گۆڕی، بەڵام هەر قاتم تاقی ئەكردەوە بە بەرم دەڵپ و گەورە بوو، ئەتگوت قەرزم كردوون، كەوتمە پێشوازی دۆست و خزمان، كاكە (حیكمەت هیندی) كە زۆر بیری یەكترمان ئەكرد هات و بەخۆشییەوە نەوەستا منیشی خستە گریان، ئەوەی لە هەموو شتێ ناخۆشتر و گرانتر بوو، گێڕانەوەی مایەی كارەساتەكە بوو.
Top