دەستووری كوردستان لەنێوان قووڵایی مەدەنی و گوتاری یاسایی و گوشاری سیاسیدا

دەستووری كوردستان لەنێوان قووڵایی مەدەنی و گوتاری یاسایی و گوشاری سیاسیدا
نووسینەوەی دەستوورەكان بە هەموو ناوەڕۆكەكانیانەوە وەك پرۆسەیەكی یاسایی رەها دەمێننەوە، كە رێكەوتنێكی كۆمەڵگەیی لەخۆ دەگرن لەسەر گرێبەستێك كە بە گیانی یاسایی و بە جەوهەرو پرەنسیب و میكانیزمەكانی دادەڕێژرێتەوە. دیارە چارەسەركردنی یاسای سەرتاپاگیر لەخۆدەگرێت بۆ هەموو كایەكانی ژیان، كە نەبێتە گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی سەرتاسەری و نەشبێتە دەستوورێكی هاوچەرخ كاتێ دەكەوێتە ژێر باری گوتاری سیاسی و حزبی یان تاقمێكەوە.





لە ئێستادا هەرێمی كوردستان سەرقاڵی داڕشتنی دەستوورە، كە ئەمەش خواست و ئامانجەكانی گەلی كوردستانە لە ژیانێكی ئازادو سەربەرزدا، هەروەها لە دانانی جەوهەری گرێبەستی كۆمەڵایەتی كە لەسایەیدا هەموو لایەن و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی لە مێژوودا بە گیانی برایەتی و ئاشتی ژیاون.
نووسینەوەی دەستوورەكان بە هەموو ناوەڕۆكەكانیانەوە وەك پرۆسەیەكی یاسایی رەها دەمێننەوە، كە رێكەوتنێكی كۆمەڵگەیی لەخۆ دەگرن لەسەر گرێبەستێك كە بە گیانی یاسایی و بە جەوهەرو پرەنسیب و میكانیزمەكانی دادەڕێژرێتەوە. دیارە چارەسەركردنی یاسای سەرتاپاگیر لەخۆدەگرێت بۆ هەموو كایەكانی ژیان، كە نەبێتە گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی سەرتاسەری و نەشبێتە دەستوورێكی هاوچەرخ كاتێ دەكەوێتە ژێر باری گوتاری سیاسی و حزبی یان تاقمێكەوە.
لەپێناو ئەمەدا و بۆ ئەوەی دەستوور گوزارشت لە هەمووان بكات بەبێ هیچ جیاوازییەك یان پەراوێزخستنێك، بۆیە لیژنەی داڕشتنی دەستوور لە كەسانی یاساناس و لە نوێنەرانی فرەپێكهاتەی كۆمەڵگەی كوردستانی پێكهات. ئەم رێكارەش لەپێناو بەرجەستەكردنی مۆركی جوداخوازیی نەبووە بە شێوازگەلی كانتۆن، هەروەكو هەندێ هەرزەكاری سیاسی دەیخەنەڕوو، ئەوانەی لە تۆڕەكانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی دەنگیان بەرزدەكەنەوە. هاوكات ئەو پێكهاتەیە فرەڕەنگە لە پێناو نووسینەوەی ئەو دەستەواژانە نییە كە ئەم ئاراستە نەرێنییە دابەشكارە مەبەستییەتی، هەروەها كە هەندێكیشیان لەم چوارچێوەیەدا دەیانەوێت دەقی پارچەكراو و بەش بەشكراو بەم دەستوورەوە بلكێنن كە تەنیا گوزارشت لە بیروبۆچوون و حەزو ئارەزووی ئەوان بكات، ئەوانەی كە لە سیاسەتی حزبەكانیان لەسەر حیسابی رۆڵەكانی ئەم گەلە تاكە سوودمەندن.
كەواتە ئەم فرەییە لە نوێنەرانی لیژنەكە بۆ رێزگرتن لە پرەنسیبی فرەیی و هەمەرەنگیی و لەپێناو رێگەگرتن لە دەستدرێژی بۆ سەر هاووڵاتیان و ماف و ئازادییەكانیان هاتەئاراوە، كە بە پاساوی كەمینەو پەراوێزخستن وزەوتكردنەوە پیادە دەكرێت. ئەمەش سیمایەكی پۆزەتیڤە لە بنیادنانی لیژنەكە بە شێوازی یاسایی لەلایەك و بۆ گوزارشتی سەرتاپاگیریی هەمووان لەلایەكی دیكەوە، بەڵام بە بنەماگەلێكی ساغ كە دوورن لە هەر گوزارشتێكی سیاسیی بەرتەسك.
پێویستە لیژنەی داڕشتنی دەستوور تەئكید لە ئینتیمای ئێستای كوردستانی بە هەموو ئاڕاستەو بۆچوونەكان و لۆژیكی نوێخوازیی لە بنیادنانی دامەزراوەكان بكاتەوە. نەك بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی سەدە تاریكەكان یان گوزارشت لە گوتاری سیاسیی هەندێ لایەن بكات، بەڵكو دەبێ لیژنەكە گوێڕایەڵی لۆژیكی سەردەمیانە و بۆچوونەكانی بێت تایبەت بە بوونی دەوڵەتی مەدەنی كە هەموو لایەن و رەنگەكان لەخۆدەگرێت بە گیانی(دەوڵەتی هاووڵاتیبوون) كە تێیدا گشت ماف و ئازادییەكان بێ هیچ كەم و جیاوازییەك فەراهەمكراوە كە ئەمەش ئەركی جەوهەری و كۆتایی ئەو دەوڵەتەیە.
ئەزموونی گەلان سەلماندوویانە بەتایبەتیش ئەوەی لە عێراقی فیدڕاڵ رووی داوە، كە رێزگرتنی ئەو مافە بنەڕەتییانە كە لە بەڵگەنامەو پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان چەسپاون تەنیا لە داڕشتنی دەستوورێكی مەدەنیدا بەرجەستە دەبن، كە رێز لە فرەیی فرەرەنگیی دەگرێت، هاوكات رێگە بە دەستدرێژی و پەلاماردان بۆ سەر هیچ پێكهاتێك نادات، بەڵكو بوون و ماف و ئازادییەكانی دەپارێزێت.
لەبەر رۆشنایی ئەو ئاماژە یاساییانە، پێویستە پرۆسەی داڕشتنەوەی دەستوور ئاماژە بكات بۆ رێزگرتن لەم فرەییە لە چوارچێوەی دامەزراندنی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون، هاوكات هەموو لایەكی ناو لیژنەكە پێوەی پابەندبن نەك بە مەرجەعە حزبییەكانیان یان پاشخانەكانی بیروباوەڕیان كاریگەر بن.
ئێمەش لێرەداو لە بواری كاری مافگەری و سیاسیی مەدەنیدا، دەبینین كە بە راستی پشتیوانیی لەو ئاڕاستە پۆزەتیڤە دەكرێت، بۆیە هەموومان بە گشت توانایەكمانەوە شان بەشانی هێزەكان كە خەمی خەڵكی كوردستانیانە بە هەموو پێكهاتەو شەبەنگەكانییەوە هاوكاری ئەو هێزانە دەبین كە پابەندن بە كوردستانێكی دادپەروەر، دوور لە چەمگەلی زۆرینەو كەمینە كە هەندێ جار دەبێتە هۆی ئەگەری تێپەڕاندنی رەفتاری پەراوێزخستنی هەندێ لایەن كە بە هیچ شێوەیەك لێی قبووڵ ناكرێت، لێرەدا ئاماژە دەكەین بەو لایەنانەی لەبەر رۆشنایی ئەوەی كە پێی دەڵێن زۆرینەی موسڵمان و دەیانەوێت وا پیشان بدەن كە ئەوان زۆرینەی حزبە ئیسلامیە سیاسییەكانن و جیاوازیی زۆریش هەیە لە ئازادیی بیروباوەڕی ئایینی و گوزارشت كردن لە بڕواهێنانی تاك بەو بیروباوەڕەی كە لە دەستووری مەدەنی پێیی سپێردراوەو لە نێوان بانگەشەی ئەوەی كە هەموو موسڵمانێك ئەندامێكە لە حزبی ئیسلامی سیاسی، كە ئەمەش بە یەكجاری دوورە لە راستییەوە، بەڵكو لەوەش خراپتر ئەوەیە كە گوزارشت لە دەسەڵاتخوازی و فەرمانخوازیی حزبەكانی ئیسلامی سیاسی دەكات كە بەسەر هاووڵاتیانی ئازاددا دەیسەپێنن كە مافی ئەوەیان هەیە ئەم لۆژیكە رەت بكەنەوە یان لە ئینتیما یاخود ئینتیما نەبوون بۆ هەر ئاراستەیەكی سیاسی.
هێزەكانی خێرو ئازادی خوازیارن كە هەمووان بەتایبەتی لە ئەندامانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور بە گیانی كارلێك و دەستەجەمعیی هاوبەش كاربكەن و رشت بن لەسەر بەردەوامیی هەوڵەكان، نەك بە شێوازەكانی سەپاندن یان تەگەرەخستنە بەردەم تەواوكردنی كارەكە جا بە هەر شێوەیەك بێت، ئاماژەش بەوە دەكەین كە داڕشتنی دەستوور پێویستە لە چوارچێوەی گوتارێكی یاساییدا بمێنێتەوە كە نە گیانی حزبی و گوتاری تەسكی سیاسی بیشێوێنێت، ئەمەش وا دەكات كە هەموو ئەندامانی لیژنەی داڕشتن هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بە هەموو بێلایەنییەكەوە و پشت بە كارپێكراوە یاساییەكان ببەستن، نەك بە شێوازگەلی نوێنەرایەتیكردنی تەسكی تاقمی حزبی كاربكەن، هەروەكو هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئیسلامی سیاسی دەیكەن لەگەڵ گوتاری مەدەنییەتی دەوڵەت و مەدەنییەتی چاوەڕوانكراوی داڕشتنی دەستوور، كە لەم چوارچێوەیەدا و لە پەراوێزی ئەم هەڵوێستە حزبییە حاڵەتی كشانەوەی ئەم لایەن و ئەو لایەن روودەدات.
لەلایەكی دیكەوە دیاریكردنی بڕگەكانی دەستوور و تەوەرو بەشەكانی، لەسەر ئەگەری سیستەمەكانی نێو كۆمەڵگا رێكدەخرێن كە زۆرینەی گەل و نوێنەرانی بەچاكی دەزانن، بەڵام لە كاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لەسەر كێشەیەك ئەوا زۆر رێگا هەن بۆ چارەسەركردن، نەك لەوانە گوشاركردن بۆ سەپاندن یان رەفتارێكی نەرێنی هەروەك چۆن لە هەڕەشەی هێزەكانی ئیسلامی سیاسی روودەدات كاتێ پەنادەبەنە بەر تێكدان و ئاژاوەنانەوە، وەك ئەوەی كە هەندێ لایەن دەیكەن بەوەی كە دەكشێنەوە، كە بە رای ئەوان دەبێت ئەگەر داواكارییان هەبوو ئەوا لەنێو دەستووردا جێی بكەنەوە یان بیسەپێنن، كە دەستوور گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی یاساییە نەك سیاسی.
بارودۆخ و هەلومەرجی هەرێمی كوردستان بە درێژایی ئەو هەموو ساڵانە لەوەتەی شۆڕش سەركەوتووە و هەر لەو كاتەوەی كە سیستەمی سەرۆكایەتی بە رێگەی دروستی خۆیدا دەڕوات، تا ئەو چركەیەی كە پێویستە بەردەوام بێت و دەستوور ئامادە بكرێت و بڕیاری لێبدرێت، دەكرێ لە قۆناغەكانی داهاتوودا میللییانە بەدوای گۆڕانكاریەكانی هەر قۆناغێكدا بگەڕێین بەو شێوەیەی كە بارودۆخی دواتر بەسەرماندا دەیسەپێنێت. هەڵبەتە هەموومان دەزانین كە ئەوەی ئەمڕۆ رووبەڕووی كوردستان دەبێتەوە لە هەڕەشەی هەموو لایەك و لە سەركێشەی پەیوەست بوون لەنێوان داڕشتنی دەستوورو گۆڕینی سیستەم لە نێوان جێبەجێكردنی خێرای ئەو راوبۆچوونانەی دەخرێنەڕوو بۆ گۆڕینی سەرۆك لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەدا. بۆیە ئەگەر سەیری ئەزموونی گەلان بكەین هیچ بەو شێوەیە رووی نەداوە كە لە نێو جەرگەی ئەو شەڕەی وڵات دژی هەڕەشەكانی دەرەكی دەیكات گۆڕانكاری بەسەر وڵاتدا بسەپێنرێت، تەنیا لە دۆخی مەترسیدار نەبێت یان لە كاتی كۆچی دوایی یان پەككەوتەیی یاخود خیانەتكاری، ئەمانەش ئەو مەرجانەن كە روویاننەداوە بەڵكو ئەوەی روویداوە ئەو قوربانیانەیە یان ئیدارەدانی ئەو كەشتییەیە كە بە باشترین رێڕەودا تێدەپەڕێت و كوردستان و گەلەكەی لە هەموو ئەو مەترسی و كارەسات و مەینەتیانە دووردەخاتەوە كە لەگشت لایكەوە دەورەی دەدەن.
لەبەر ئەوە پێویستە لیژنەكە بەردەوام بێت لەسەر كارەكانی بەپێی بنەما دروستەكانی یاسا و بە پرەنسیپی مەدەنیانەی ئاڕاستەو رەتكردنەوەی هەموو سەپاندنێكی ئیسلامگەراییانە و پارچەكردن و لێكترازان لەسەر حیسابی پڕۆژەكانی ڤیتۆی جوداخوازیی چ لەسەر بنەماكانی ئاینی بێت یان نەتەوە یاخود ئایینزایی، ئەوانە هەموویان ناكۆكن لەگەڵ لۆژیك و میكانیزمەكانی دەوڵەتی مەدەنی و یاسا و دەستوورەكانی ئەو دەوڵەتە.
لە هەمان كاتیشدا مەسەلەی سیستەمی كۆمەڵگەیی سیاسیی گشتی بوونی دەبێت لەسەر بنەمای بەردەوامبوون بەو شێوەیەی كە ئەزموونی كوردستانی تێیدا سەركەوتوو بووەو و هەر گۆڕانكارییەكی رادیكالیانە بۆ قۆناغەكانی داهاتوو دوابخرێت كاتێ رەوشی دەوروبەری كوردستان سەقامگیر بێت و كوردستانیش وەك ئەمڕۆ لە هەڕەشە بەدووربێت.
لێرەدا پێویستە دوپاتی ئەوە بكرێتەوە كە سەرەڕای ئەو هەموو شتانەی رووبەڕووی لیژنەكە بۆتەوە لە پاشخانی حزبی و بیروباوەڕی ئایینی، بەڵام پێداگیری لە هەڵوێست و دانایی ویست و یەكلایی كردنەوەی بە بنەمای دەستووریی هاوچەرخ، ئەوە دەسەلمێنێت كە پێویستە متمانە بەوە هەبێت كە ئەو لیژنەیە كۆتایی بە نووسینەوەی دەستوور دەهێنێت، هیچ سەپاندنێك قبووڵ ناكات لە رووی ئینتیما بۆ ئایین و بانگەشەی نوێنەرایەتیكردنی خودا لەسەر زەوی بە پاساوی تێپەڕاندنی هەڵوێست و گوتاری سیاسی. بڕواشمان بەوە قایمە كە هەموو ئەندامان هەوڵ دەدەن دەستوورێك بە ئاڕاستەی دەوڵەتێكی مەدەنی بێننەكایەوە كە رێز لە هاووڵاتیان و مافەكانیان بگرێت هەروەك چۆن رێز لە ئینتیمای ئایینی و نەتەوەیی و ئایینزاییان دەگرێت، پیادەكردنی رێگاكانی ژیانیان بۆ دابین دەكات لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی مەدەنیدا كە هیچ لایەك بەسەر لایەكەی دیكەدا زاڵ نەبێت، بە پاساوی زۆرینە جیایان نەكاتەوەو لەسەر بنەمای كەمینەش هیچ لایەنێك پەراوێزنەكرێت، چونكە دەستوور گرێبەستێكی كۆمەڵایەتیی دادپەروەریی تەواوی نێوان هەمووانە، واتا یاسای گشتییە بۆ هەموو كایەكانی ژیان بە باشترین شێوازەكانییەوە.

* توێژەری ئەكادیمی زانستە سیاسیەكان و
سەرۆكی زانكۆی ئیبن روشد لە دانیمارك
Top