ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە(رووەو چیا، بەرەو شۆڕش)شەوە تووشەكە و بەفر و لوورە لوور(13)

ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە(رووەو چیا، بەرەو شۆڕش)شەوە تووشەكە و بەفر و لوورە لوور(13)
دەبوو ئەو رۆژە بۆ كاروباری یەكێتی لاوانی كوردستان كە بەرپرسێتی لقەكەیان لە ئەستۆم نابوو، سەردانی بارەگای لقی (4)ی پارتیمان لە گوندی (هەرگێتە) بكەم.
رۆژەكەی تەم و مژاوی و باران بوو، بەرەو گوندەكە بەڕێكەوتم، هەستم كرد بەرەبەرە رووی ئاسمان تەڵخ و تار ئەبێ، لە دڵی خۆمدا وتم: بە خوا بەو نیشانەیەی شەوێدا، كە لە مانگم روانی خەرمانەی دابوو، ئەیكاتە بەفر بارین. ئەوە قسەی پێشینان بوو، دیارە هەر شتەو لە ئەزموونێكەوە وەریانگرتووە. پاش سەرقاڵبوونم بە كارەكەمەوە ئەو شتەم لە بیر چووبوو. كاتێكیش ویستم بگەڕێمەوە كات خۆی لە وادەی عەسر دابوو، لە زستانیشدا هەر كە گەیشتیتە پاش نیوەڕۆ، بەتایبەتی لەو ناوچە چیاییانەدا دنیا تاریك دادێ. لە پڕا ئۆتۆمبێلێكی جێب پەیدا بوو. كابرایەكی تەنگ ئەستوورەی رەزاگرانە هێرشی برد و خۆی خزاندە پێشی جێبەكە، كابرایەكی ئەوتۆ بەدڕەفتار بوو، خەڵكی بە گومانەوە لێیان ئەڕوانی. هیچی لە بارا نەبوو، كاتێكیش كە رادەبورد، ناز و نوزی بە سەر عەردەكەدا ئەكرد.
هەرچەندە سەرم هێنا و سەرم برد، نەمتوانی خۆم قایل بكەم لە پشتە جێبەكەدا و لە دوای گەڵوگیپاڵی ئەوەوە سوار بم، هاتمە دواوە، هەڤاڵێ لە حاڵەكەم گەيی، بۆیە لێمی پرسی: ئەرێ چۆن لەو زەلامە دەگەی؟
: ئەوە تەنها بۆدی بێ مەكینەیە و هیچی تر.
بە هەر حاڵ جێبەكە بە سیخناخی كەوتەڕێ و ئەوسا زانیم ئەوە دوایین ئۆتۆمبێلی گەیاندنی ئەو رۆژە بووە.
ناچار ملی رێگام گرت و بەپێ كەوتمە هەنگاوی گەورە و بە گوڕ، جووتێ پێڵاوی توكمەم لە پێدا بوو، كە پێشتر پۆستاڵی ئەمەریكی بوو، پێڵاودروو كورتیانی كردبووەوە.
بەفربارین لە پروشە بە دەرچوو، كەوتە بەفری كڵۆ كڵۆ و بینینیش كز بوو، بەرەو كورتهێنان ئەچوو. وتم: ئەگەر وابڕوا، ئەوا هەر ناگەمەوە، باشە بۆ قەدبڕی نەكەم و بە قەد ئەو باڵەدا هەڵنەگەڕێم؟ لەگەڵ هەر بستۆكە هەڵگەڕانێكا دارستانەكە چڕتر و پڕتر ئەبوو. هەر رۆیشتم و هەر یاڵە و یاڵم كرد و هیچ هەستم بە نزیكبوونەوەی گوندەكەم نەكرد، هەرچوار دەورم تاریك و نوتەك، بەفر ببووە بەرگی دار و بەرد و ئاسمان، رەنگی رەش و جاروبارە تەڵزمێكی سپی بوو... لوورە لوور لە دوور ئەهات، ناسیمەوە ئەوە لوورە لووری گورگە و گورگیش بە گەل رەو ئەكەن.
وتم: باشە بۆ هەر نەبێ دەمانچەكەم نەبەست، یان بڕنەوەكەم بۆ نەهێنا، ئەوەم بە بیرا ئەهات كە جاران ئەیانگوت: (ئەگەر چوویتە گەشت، چەرخ و قەڵەمبڕت بیر نەچێ).
ئەوا لوورە لووری گەلە گورگە و بازنەی دانگ و دەنگدانەوەی لە هەر چوار لایەوە نزیك ئەبێتەوە، منیش لەم دەمی زریانی دۆزەخ دەیجور و نەهاتییەدا گیرم خواردووە. هەرچەندە سەرئەكەوتم بە ئومێدی بینینەوەی چرای ئاوایی، بەڵام نەك ئاوەدانی، بگرە بەرپێی خۆم بە چاكی نەئەبینی، بۆیە هەر تاوە ناتاوێ، هەڵئەتووتیم و پێیەكانم تێك ئەئاڵا و سەرسمم ئەبرد و خۆم بە لق و چڵی درەختەكان ئەگرتەوە.... نایشارمەوە لەگەڵ زیادبوونی لوورە لوور و نزیكبوونەوەی ترس دایگرتم، ناچار مام كەوتمە پەلكوتان بۆ لقەدارەكان و لە یەكێكیان نەویم و لاقێكم لە دارەكە گیر كردبوو و ئەوی دیكەم لە زەوییەكە، ئەو سەردەمەش هێشتا وەكو هێزی گوڕی رۆژانی ئاسنبازیم مابوو، لقەكەم هێنایە خوارەوە و توند بە دەستمەوە گرت و چەند تاریكییەك خەستتر ئەبووەوە، پتر چاوم ئەكردەوە. شەوگار كردی و من هەزار و یەك سەر بوردە و خەیاڵاتی مەرگ و گورگان خواردوویی بە مێشكما ئەهات و ئەچوو. لە لایەكەوە شەكەتی هەڵزنان و هەڵگەڕان و لەو لاشەوە برسێتی، چونكە كاتی ژەمی نانی نیوەڕۆ هەرچەندیان لێكردم، وتم: نانم پێناخورێ. بەیانییەكەی كۆلێرە بە رۆنێكی پەنجەكێشیم بە ماست و چای شیرینەوە خواردبوو.
لە بیر ئەوەدا بووم، ئەگەر بكرێ وچانێكی بۆ بدەم، بەڵام چۆن چۆنی؟! ئەمجارە هەستم كرد گەیشتوومەتە تروپكی دارستانەكە و گوێم هەڵخست بە حاڵ دەنگی خوێندنی كەڵەباب لە گوێما ئەزرنگایەوە. زانیم شەوگار بە رووی رۆژێكی نوێدا شكاوەتەوە، جاروبار زریانەكە دەنگی سەگوەڕی بە گوێما ئەدا، خوا شایەت، چونكە دەنگی ئاوەدانی و دڵنیایی لێئەهات، ببووە ئەو ئاواز و سۆزەی دڵ و دەروونی ئەلاوانم.
ئیدی رێگاكەم سەرەو خوار بوو. جاروبار ئەخلیسكام، بەڵام بە دار و دەوەن و ئەملا و ئەولا خۆم ئەگرتەوە. چەند سەركەوتن ماندووت ئەكات، هاتنە خوارەوەش لەو كەمتر نییە. رەنگە پتر بە ئاگابوون و وریایی گەرەك بێ، بۆنی دووكەڵی زۆپای ماڵەكان هەستێكی خۆشبەخش بوو، لەگەڵ هەر هەنگاوە نزیكبوونەوەیەكدا، ئەو پەندە جوانەی پێشینانم بە بیر ئەهاتەوە (هەر عەقڵە و لە خەسارێ)، ئەوا خوا كردی ئەمجارەیان بە گورگانخواردوویی نەچووم، بەڵێن بێ بۆ جارێكی تر هەموو حيساباتێكی ورد و درشت بۆ گەشت بكەم. جموجۆڵ كەوتبووە ناو ئاوایی. روانیم لە گۆڕستانەكەوە ئاگرێكی گەورە دیار بوو، ویستم سەرەتا روو لەوێ بكەم، بەڵام لەبەردەم مزگەوتەكە یەكێك لە ئەندامانی گرووپەكەمانم بینی، لێم پرسی: ئەوە خێرە؟
: ئەمشەو تەرمی شەهیدانیان هێناوەتەوە، لە هەیوانی مزگەوتەكە دانراون، برادەرانیشمان لە بانگی بەیانییەوە خەریكی گۆڕ هەڵكەندنن، منیش لەوێ بووم. ئەی تۆ بۆ وا شەكەت و ماندوو دیاری و گشت ئازای ئەندامت ئاوی لێ ئەچۆڕێ؟
: دوایی بۆتان ئەگێڕمەوە، جارێ زۆرم برسییە و گەلێكیش سەرمامە، بابچم لای نانەواخانەكە دوو كۆلێرەی پەنجەكێشی وەربگرم و بچمە چایخانەكەی (تۆفیق)، بە ماست و چای شیرینەوە بیخۆم و خۆم بە گڕی زۆپاكە وشك بكەمەوە.
هەر لە دەرگای نانەواخانەكە (عوسمان رەحمان) واتە(حەسكۆ) ئەندامی ئێمە بوو، بەڵام پێویستی بەوە بوو نانەواییش بكات، چاك و چۆنیم لەگەڵ كرد، بە حەپەسانەوە سەیری كردم.
: وەرە ژوورەوە ئەوە چیت بەسەر هاتەوە؟ بەسەر چاو ئەوە كولێرەیەكی هەرە دەبڵێ جوانت بۆ ئەكەم. تۆ جارێ وەرە ژوورەوە، هەتا كۆلێرەكەت ئەبرژێ، وەرە نزیك كوورەكەوە با كەمێك گەرمت بێتەوە.
چەند ساتە ئاهێكم پیا هاتەوە، كولێرەكەم نایە باخەڵمەوە و خۆم كرد بە چایخانەكەدا، لەوە ئەچوو یەكەم كەس بووبم، كاسەيەك ماستی بەسەر توێژی لەگەڵ چایەكی شیرینی بۆ دانام، كورسییەكەم خستە بەردەم زۆپاكە و پشتم لێكرد و كەوتمە نانخواردن. داوای كاسەیەكی تری ماستم كرد، چونكە زۆر ژەمبوردە بووم، ئەوسا دوو دیژلەمەشم بەسەرا كرد، بووژامەوە و كەمێك لە زۆپاكە دوور كەوتمەوە و تەواو گەرمم بوویەوە، ئیدی پێڵوەكانم قورس بوون و خەو دایگرتم، ئەوە خەوتووم، بەڵام گوێم لە ئاخافتنی برادەرەكانم بوو: هەرگیز بەو شێوەیە نەماندیوە!
: تۆ بڵێی چی بەسەر هاتبێ؟
: با پاڵ بەو سندوقە باتەوە.
:ئا.. خیری ئیمانت ئەو پاڵتۆیەی پیا دە.
: نەخۆش نەبێ باشە.. لێی گەڕێن با جارێ لێرە بێ.
دەنگ نەما و جارێكی دیكە ئەوەی شەوێم بە خەون ئەدییەوە لوورەلوور و كڕێوە و بەفری كڵۆكڵۆ.
Top