ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە(رووەو چیا، بەرەو شۆڕش)كاوڕەكەی كاك ئەوڵڵا (12)
July 9, 2015
وتار و بیروڕا
كاك ئەوڵا هەر لە سەرەتاكانی شۆڕشەوە پێشمەرگە بووە و تاك و تەرا لە هاوسەنگەرەكانی مابوون، زۆربەیان شەهید بووبوون.
كاك ئەوڵڵا بێ حەد كوژراوی خواردنی خۆش و بەتام بوو، ئەگەر ناوی هەر خواردنێكیشت ببردایە، یەكسەر پێی ئەوتی: كێ بە چاكی لێیئەنێ؟ یان كام چێشتكەر و چێشتخانەیە نەك هەر لە شاری سلێمانی، بگرە لە سەرانسەری كوردستان و تەنانەت عێراقیشدا، بۆ خۆی ( ئەنسكلۆپیدیا)یەكی هەرە فراوانی جیهانی نەوس و خواردن بوو، هەر شوێنێكت ناو ببردایە، دەستبەجێ هاوچێشتخانەكەی پێی ئەگوتی. كاك ئەوڵڵا ماوەیەك بوو خواردنی گۆشتی كاوڕ لە سەری دابوو، سەر زمان و بن زمانی هەر گۆشتی كاوڕ بوو.
جاروبار كە لێرە و لەوێ بە یەكدی ئەگەیشتین، ئەیوت: خاڵە سالار كەی دووكەڵێ بكەین؟ مەبەستی لە گۆشت برژاندن بوو.
: كاك ئەوڵڵا گیان، لێرەوە دووكەڵ كردن؟! ناكرێ، گوناهە بۆن و بەرامەی بەسەر ئەو خەڵكەدا ئەڕوا، ئەوە لێرە نابێ.
دیارە ماوەیەك بەو بیانووە خڵافانم.
رۆژێكیان لە كاتی چێشتهەنگاوا بوو، پەیدا بوو، خێرا پەلیم گرت و وتم: بە خودا دڵم ناشكێنی، ئەمڕۆ پێكەوە قاوەڵتی ئەكەین.
دیار بوو برسێتی زیفی لێ سەندبوو، بەبێ چەند و چوون كردم بە چێشتخانەیەكی پێنجوین-دا، داوای تێگوشین و دەوری برنجم بۆ كرد، ئیتر زمانی لەسەر بابەتی برنج پژا و كرایەوە: لە سلێمانی ئەگەر جاروبار خۆت پیادا كردبێ، ئەوە لە خوار بازاڕی (ئەسحابە سپی)یەوە بازاڕی (حاجی محەمەدی سەڵتە) هەیە كە چوویتە ناوەوە لە گۆشەیەكا چێشتخانەی (وەستا دەروێش) هەیە، خواردن بە دەستاوە، ئەو برنجەی ئەو لێی ئەنێ، قەستە دەست و پەنجەی پێوە بخۆی. ئیتر لەگەڵ هەر پارو گلانێكا چێشتكەر و چێشتخانەیەكی بە سەر ئەكردەوە، تەنانەت ئەوانەش كە بەر لە لەدایكبوونی ئەو بوون وەك چێشتخانەی (حاجی مستەفای چێشتكەر...) .
پاش نانخواردن چووینە چایخانەكەی ئەو بەرەو، سەروو دیژلەمەمان هەڵدا، بەر لە هەستان و بە رێككەوتنەكەمان بەرەو گەراجی جێبەكان، وتم: كاك ئەوڵڵا ئەو پرۆژەی كاوڕخواردنەتان لە كەللەی منیشی یاوە، بەڵام ئەو برژاندنە ناكرێ. یەكسەری هەڵیدایە: كاكە برا نەچووە، بچێ، خوا دایناوە كاوڕ و تێگوشین (تشریب) ئەوە من و تۆ، ئەوە جەعفەر و حەمە....
: زۆر چاكە، خوا یار بێ لەم شەوانەدا ئەیخۆین.
رەنگ و رووی كرایەوە: هەر ئەڵێی لە دڵی مندای، بە گۆڕی جوانەمەرگ، ئەوە برادەرێكم راسپاردووە لە شار بچێتە لای (حاجی عارف برنووتی) و داو و دەرمانی تایبەتیم بۆ بێنێ، خۆم هەمووی وەكو گوڵ ئامادە ئەكەم، ئێی كاكە دە تۆ دوو قسەی ئاوا ماقووڵم بۆ بكە، ئینجا بزانە برای خۆت چ تێگوشینێ لێئەنێ، بە سەری خاڵە ئەو شەو ئەیكەینە گوڵمەز گوڵمەزێ سەگ ساحێبی خۆی نەناسێتەوە.
گەیشتینە (بناوە سووتە) لەبەر باسی كاوڕ و گوڵمەزەكەی كاك ئەوڵڵا، حاشا ئەگەر زانیبێتم چۆن گەیشتووینەتەوە، وا بینی بەو بۆنەیەوە گرتبوو، دەرفەتی چاوتروكانێكی نەئەدا، لە خۆشیانا هەموو لەشی پێئەكەنی و زەقێ گرتبووی، كورد واتەنی (ئەڵێی كچە جافی بۆ دابەزیوە.)
بەر لە جیابوونەوە دەستم كرد بە باخەڵما: كاكە ئەوڵڵا من چەندم بەرئەكەوێ بێنمە خزمەتت؟
: ناچاری تۆ پەلەت نەبێ، با لەو برادەرانەش وەربگرم.
جارێكی تریش كەوتەوە سەر باسی كاوڕ و چەند گۆشتت بۆ تەندروستی پێویستە: كاكە تووشی شەوكوێری ئەبیت، خوانەخواستە شەوانە ئەبێ وەك (حافز قورئان) دەستمان بگرن.
دوو رۆژی نەبرد، كاك ئەوڵڵام پێگەیشت، لە خۆشیانا ئازای ئەندامی لەشی پێئەكەنی.
: خێرە وا دڵخۆشی؟ دیارە مژدە و مزگێنیت پێیە؟
:بە سەری تۆ لەو لا (هەرگینە)ـەوە، كاوڕێكم كڕیوە، حەوت كوڕ ئەهێنێ، ئەوە تۆزێكی تر سەری ئەبڕم، خوا یار بێ ئەمشەو لوولی ئەدەین. تو سەری خۆت سەری سەعات سێ وەرە، برادەرانیش لەوێ ئەبن، هەموو شتێ ئامادەیە.
: ئەی ئەو شتەی بن هەنگڵت چییە؟
: برام ئەوە چووم، كولێرەی ئەسمەرم پەیا كردووە، ئەوە هەر خوا دایناوە بۆ تێگوشین، بە پرتا و رابورد و بەڵام گیرفانەكانی ئەهاتن و ئەچوون و خڕەیان لێئەهات، پاشان زانیم ئەوە لیمۆی بەسرە بووە كڕیویەتی.
لەكاتی خۆیدا بە تەنیا چوومە هۆدە و هەیوانە پەرپوتەكەی كاك ئەوڵڵا، نەموێرا كەس لەگەڵ خۆم بەرم، چونكە هەزار سوێند و قورئانی دابووم نە بە كەس بڵێم و نە كەس لەگەڵ خۆما بەرم.
كاتێكم زانی كاك ئەوڵڵام لێ بووە قەسابباشی مەملەكەت لە چاو ترووكانێكا سەری بڕی و كەوتە فووتێكردنی بۆ ئەوەی كەوڵی بكات، هەر ئەتگوت بە سەلاقی لەدایكبووە، گوپەكانی ئەتگوت مووشەدەمەی بەر كوورەی ئاسنگەرن، سوور سوور ببوونەوە، ئەوەندەی تر زەقببوون، تەواو دەرپۆقیبوون، ئەوسا كاوڕە سپیكراوەكەی بە گورگەی هەیوانەكەدا هەڵواسی و كەوتە پارچەپارچەكردنی، لەگەڵ هەر پارچەیەكا پێناسەیەكی ئەكرد و ئەیگوت بۆ چ خۆراكێ خۆشە، نازانم لە كوێ ئەو تەشت و سینی و پڵاوپاڵێو و مەنجەڵە مسە گەورەیەی پەیدا كردبوو كە جێگای ربەیە برنجی تیادا ئەبوویەوە.
چ دووگ و چەوری هەبوو، نایە مەنجەڵەوە، ئەوسا پارچە پارچە بە دڵ و گیان گۆشتەكەی تیادا داچاند، سێپایەیەكی بە سێ بەردی گەورە درووستكرد و داری لە بن نا و وتی: ئەو دار بەڕووانە تەڕن و بە كەڵك نایەن، ئەمە لەو خانووە داڕووخاوەم هێنابوو، بۆ ئەم بەزمە، خوا لێمان تێكنەدات توورەكەی داو و دەرمانی هێنا و جوان جوان پێوەی كرد، لەگەڵ دوو مشت لیمۆی بەسرە و شیرازی، ئاگری جۆش و تاوی سەند.
: كاك ئەوڵڵا ئاوی تێناكەی؟
: حەیفت نەكرد، هەر بە ئاوی ششتنەوەی خۆی بەتام بێت. ئیتر فەرمووی ژوورەوەی لێكردین و لە خۆشیانا دوو سێ چەقەنەی لێدا، هەر یەكیان هێندەی بڕنەوێكی سەرتۆپ زرمەی لێوە ئەهات. دیار بوو بیرۆكەی نوێ بە كەللەیا گوزەری ئەكرد: ئەرێ كوڕینە ئەڵێن چی، ئەگەر قبووڵییەكی تەڕ و پڕی لەگەڵ ڵێنێین، ئەو توورەكەیەی هەڵمواسیوە كەمێك برنجی بانی خێڵانە بۆم هاتووە و لەتكە نۆكی عەجەمی تێكراوە، قبووڵییەكی دەنك دانەر دانەری لێ دەرئەچێ؟
: بابە ئەو هەموو گۆشتە هەیە ئەوەیان زیادە.
كاك ئەوڵڵا لە سەر دەستووری عەشایەری هەرچەندە بە تەمەن لە هەر چوارمان گەورەتر بوو، بەڵام لە خوار هەموومانەوە دانیشتبوو.
دانیشتنەكە بەزم و رەزم و قسەی خۆش و جاروبارە بە مقام و بەستە كۆنەكانی شار، لەپڕا كاك ئەوڵڵا ئەچووە هەیوانەكە و سەردانی خواردنەكەی ئەكرد و كۆڕی گەرم ئەكردەوە، كاتمان درەنگ كرد و بۆن و بەرامەی كاوڕ، كۆڵانەكە و گشت ئاواییەكەی پڕ كردبوو.
: ئەرێ كوڕینە كاتی خۆیەتی بە خوا ئەزانم تەواو برسیتان بووە، نەچم خواردنەكە تێكەم؟
: ئەی بۆ نا؟ هەتا كەی رەحمەت لە بابت.
كاك ئەوڵڵا هەستا و دەرگاكەی كردەوە هەر ئەوەندە و پەلاماری تفەنگە كلاشینكۆفەكەی دا و دەرپەڕییە بەر هەیوانەكە و ریزێكی كرد و نەڕەنەڕی شەوەكەی هەژاند، سەیری یەكترمان كرد و هەریەكەو چەكەكەی بە دەستەوە گرت و رامانكردە دەرێ.
: كاك ئەوڵڵا چی بووە؟
: چۆن چی بووە؟ لەمە پەند زیاتر؟ لەمە خراپتر... كاوڕەكەیان بە مەنجەڵەكەوە بردووە. وەڵڵا لەسەر هەر كوتە گۆشتێك پیاوێك ئەكوژم.
چەندمان كرد و چەندمان كۆشا، سارد نەئەبوویەوە، خوێن گرتبووی، ئەمان خوێن..
: چی بكەین؟ چارە نییە... بەهەر حاڵ خۆ كولێرەكانیشیان نەبردووە؟
: كاشكای خۆشمیان ببردایە، مامۆستا نافەرمووی كولێرەكانیشیان بۆ بەرم، وەرە مێشكت نەتەقێ، ناچار بیت لە كاوڕ خواردنەوە بێیتە سەر كولێرە رەقە كرماندن!
: ئەگەر بچێتە قوولەی قافیش لە دەستم دەرباز نابێ، چۆن لە ئەو كاوڕەیان كردین.. كاك ئەوڵڵا هەر بە هیوایەوە سەرینایەوە و دزەكەی نەبینیەوە.