پێویستی ئەم قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازە یەكڕیزیی و یەكدەنگییە

پێویستی ئەم قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازە یەكڕیزیی و یەكدەنگییە
بەپێی هەڵسەنگاندنی شارەزایان و ئەو ئەزموونەی خۆشمان هەمانە، هیچ كاتێك وەكو ئێستا بە قۆناخێكی هەستیارو چارەنووسسازدا تێپەڕ نەبوون، جا ئەم قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازە چ لەو رووەی كە دۆزی كورد بەرەو پێشەوە دەچێت یان چ لەو رووەی ئەو تەحەددیانەی لەم قۆناخە رووبەروومان دەبنەوە.
ئەگەر بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بارودۆخە هەستیار و ناسكە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بزاڤی رزگاری خوازی كوردستان، لەو مێژووە پڕ سەروەرییەوە وانەیەك فێربین بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ قۆناخە سەخت و چارەنووسسازەكان بكەین، ئەوا هەموو قۆناخەكانی ئەو مێژووە هەر لەدەسپێكی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە تا دەگاتە قۆناخی راپەرین و پاشتریش رووخانی رژێمی پێشووی عێراق و رۆڵی كورد لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری عێراقی 2005 و بونیادنانەوەی عێراق، ئەوا ئەو مێژووە پێمان دەڵێت تەنها رێگە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو ئەو تەحەددیانەی رووبەڕووی كورد و كوردستان دەبێتەوە، تەنها یەكڕیزی نێوماڵی كورد و هاوهەڵوێستی حزبە سیاسیەكانی كوردستانە، هەربۆیە هەركاتێك ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە بوونی هەبووبێت، ئەوا بارودۆخەكە چەند سەخت و ناخۆش بووبێت، گەلی كوردستان توانیوویەتی ئاكامی زۆر باش بەدەست بهێنێت و ئەو قۆناخە سەختەی بەسەركەوتوویی تێپەڕاندووە، وەك گەڕانەوەیەكی خێرا بۆ ئەو مێژووە دەكرێت بەچەند خاڵێك ئاماژەی پێبكەین:
لە دەستپێكردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا لەبەر ئەوەی گەلی كوردستان یەكڕیز و یەكهەڵوێست بوو، توانی گەورەترین شۆڕش بەرپا بكات و گەورەترین دەسكەوتی مێژووییش بەدەست بهێنێت.
لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق گەیشتە ئەوەی چەكی كیماویی بەكار بهێنێت و پرۆسەی بەدناوی ئەنفال دژی گەلی كوردستان پیادە بكات، بەڵام لەبەرئەوەی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان توانیان بەرەی كوردستانی دابمەزرێنن، ئەوا ئەو قۆناخەش تێپەربوو، بەرەی كوردستانی لە بەهاری 1991 توانی سەركردایەتی راپەرینی جەماوەری خەڵكی كوردستان بكات و هەموو كوردستان ئازاد بكەن.
لە كۆڕەوی هەمان ساڵدا، چونكە گەلی كوردستان یەكڕیز و یەكهەڵوێست بوو، ئەنجوومەنی ئاسایش ناچار بوو بڕیاری 688 دەربكات و ناوچەی ئارام بۆ كوردستان دابمەزرێنێت، دیسان تەنها لەبەرئەوەی یەكڕیز و یەكگرتوو بووین، بەرەی كوردستان بڕیاری هەڵبژاردنی دەركرد و لەئاكامی ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا.
له ساڵی 2003 لەبەرئەوەی كورد یەكڕیز و یەكهەڵوێست و بەیەك بەرنامە بەشداری لە پرۆسەی رزگاركردنی عێراق و دووبارە بونیادنانەوەی عێراقدا كرد، جیا لەوەی كوردستان بووە بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراق، لەپرۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و نووسینەوەی دەستووری عێراق، توانرا مافە بنچینیەكانی گەلی كوردستان لەو دەستوورەدا بچەسپێنرێت.
لە دوای یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارە و دامەزراندنی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك حكومەتێكی یەكگرتووە، دیسان لەبەر ئەوەی یەكڕیز و یەكهەڵوێست بووین، توانرا هەوڵەكان بخرێنە گەڕ بۆ ئەوەی ژێرخانێكی پتەوی ئابوری پشت بەستوو بە سەرچاوەی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان دەستی پێبكرێت و یاسای نەوت و گازی هەرێمی كورستان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند بكرێت.
ئەم پرۆسەیە لەگەڵ ئەوەی ئاستەنگ و كۆسپی زۆری هاتە بەردەم، بەڵام لەبەر ئەوەی یەكڕیز و یەكهەڵوێست بووین، توانرا هەموو ئەو ئاستەنگانە تێپەڕێنین و پرۆسەی گەڕان بەدوای دۆزینەوەی نەوت و گاز هەنگاوی گەورە بۆ بەرهەمهێنان و پاشان بەبازاركردنی ئەم سامانە هەڵبگرێت، لەمەش زیاتر لەبەر ئەوەی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمایەكی پتەوی زانستی و دەستووری و شەفافیەت دارێژرابوو، بەدەیان كۆمپانیای گەورەی پەترۆڵ هاتنە كوردستان و كۆنتراكتیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیمزا كرد، لەمەش زیاتر بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا هێڵی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان درووستكرا، ئەو هێڵەی ئێستا حكومەتی عێراق ناچارە نەوتی پێدا رەوانەی دەرەوە بكات.
هەروەها بەم تەبایەی نێوان لایەنە سیاسیەكان و ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان توانی پێوەندییەكی زۆر باش لەگەڵ دەوڵەتانی ئیقلیمی و دەوڵەتانی دراوسێی كوردستان و بەرژەوەندییەكی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ دراوسێكان بێتە ئاراوە، ئەمەش رەنگدانەوەی ئیجابی هەبووە لەسەر دوزی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان بەتایبەتی لە توركیا كە بووە سەرەتای پرۆسەی كرانەوە و چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد لە توركیا، ئێستاش ئاكامەكەی دەبینین گەیشتۆتە كوێ.
لە ئاكامی ئەم یەكهەڵوێستی و یەكڕیزیەی خەڵكی كوردستان و ئەو ئارامی سەقامگیریەی دابین كرابوو، شان بەشانی پێشكەوتنی سیاسی و ئابوری، پێشكەوتنی دبلۆماتیش هاتە ئاراوە و نزیكەی 30 دەوڵەت كونسوڵگەری خۆیان لە هەرێمی كوردستان كردەوە كە چواریان لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین.
ئەگەر لەسەر ئەم پاشخانە هەڵوەستە لەسەر شەڕی داعش و هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان بكەین، ئەوا دەیبنین وێڕای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك پێویست چەك و تەقەمەنی لەبەر دەست نەبوو، لە بەرامبەردا تیرۆریستانی داعش نوێترین چەك و تەقەمەنی و تانك و زرێپۆشی مودێرنی 6 فیرقەی سوپای عێراقیان لەبەر دەست بوو، بەڵام دیسان لەبەر ئەوەی یەكڕیز و یەكهەڵوێست بووین، سەرۆك بارزانی خۆی هەم وەك سەرۆك و هەمیش وەك پێشمەرگە راستەوخۆ وەك سەركردەیەكی مەیدانی هاوشانی پێشمەرگە لەبەرەكانی شەڕدا بوو، لەگەڵ ئەوەی قوربانیەكی زۆرمانداوە برایانی كوردی ئێزدی كارەساتی كۆمەڵكوژی و ژینۆسایدیان بەرامبەر پیادە كرا، بەڵام توانرا دڕندەترین هێزی دەوڵەتێكی تیرۆریستی كە وڵاتانی جیهان لەدووری چەندین هەزار كیلۆمەترەوە لەم تیرۆریستە دڕندەیە دەترسن، پێشمەرگە توانی لەبەرەیەكی شەڕی زیاتر لە 1000 كیلۆمەتر ئەم دوژمنە دڕندەیە تێكبشكێنت و ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش بەتاڵ بكاتەوە. ئەم سەركەوتنەش بەسەر تیرۆریستانی داعش پێگەی هەرێمی كوردستان و تەواوی كوردستانی لەسەر ئاستی جیهان بەرز كردەوە، وەك لە ماوەكانی پێشوو بینیمان سەرۆكی هەرێمی كوردستان جیا لەوەی وەك سەرۆكی دەوڵەت لە كۆشكی سپی پێشوازی لێكرا، لەهەمانكاتدا لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا و تەواوی ستافی ئیدارەی ئەمریكی باسی پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان بكات. بۆیە ئەم مێژووە پێمان دەڵێت نهێنی سەركەوتنی كوردستان یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە.
ئەم باكگراوەندە خێرایە پێویست بوو بۆ ئەوەی لێرەوە لەسەر ئەو پرسیارە هەڵوەستە بكەین لە ئێستا چیمان پێویستە؟ لەبەر ئەوەی ئێمە وێڕای ئەو بەرەو پێشەوە چوون و سەركەوتنانەی بەدەست هاتوون، چەندین تەحەددیش رووبەروومان بۆتەوە، بۆیە دەبێت پرسیار بكەین چۆن ئەم سەركەوتنانە لەدەست نەدەین لەكاتێكدا سێ تەحەددی گەورە رووبەروومان بۆتەوە، ئەوانیش بریتین لە:
1. شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كە تائێستاش هەر بەردەوامە.
2. قەیرانی ئابووری كە بەغدا بۆ هەرێمی كوردستانی درووستكردووە و بەردەوامە.
3. تەحەددییە سیاسییە ناوخۆیی و ئیقلیمییەكان.
سەبارەت بەشەڕی داعش قۆناخی باشمان بڕیوەو بەشی هەره زۆری ناوچەكانی كوردستان لەدەستی داعش رزگار كران، لەو قەیرانە ئابورییەشی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان دروستی كردووە، بێگومان هەڵوێستی خۆراگری خەڵكی كوردستان كە بەرگەی ئەو بارە قورسەیان گرت جێگەی تەقدیرە، لەبەر ئەوەی ئەو خەونەی پێی وابوو بە درووستكردنی قەیرانی ئابووری لەناو گەلی كوردستان لیكترازان دروست دەبێت، ئەو خەونە شكستی هێنا و ئێستا لەم پرسەشدا بەرەو چارەسەری كۆتایی هەنگاو هەڵدەگرین، ئەوەی دەمێنێتەوە تەحەددی سێیەمە كە تەحەددی سیاسی ناوخۆیی و ئیقلیمییە، سەبارەت بەم پرسە دەمەوێت بەراشكاوی ئەوە بڵێم كە خەڵكی كوردستان چاوەرێی ئەوەی لە حزبە كوردستانیەكان دەكرد، ئەگەر لەناوخۆیاندا جیاوازی و كێشەشیان هەبێت، ئەم جیاوازی و كێشانە بكەن بە كێشەی لاوەكی و لەسەر پرسە سەرەكییەكە هەڵوەستە بكەن، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە فەزای سیاسی كوردستاندا دەخوێندرێتەوە، پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییەی خەڵكی كوردستانە لە حزبە سیاسییەكان.
بۆیە ئەگەر لێرەوە باسی تێروانینی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەم وەك مافێك بۆ پەرۆشیمان بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی خەڵكی كوردستان، گرنگە باسی نەفەس درێژی پارتی و هەوڵەكانی كاك نێچیرڤان بارزانی لە پێكهێنانی كابینەی هەشتەم وەك كابینەیەكی بنكە فراوان بكەم، لەمەش زیاتر ئەو زەمینەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی هەشتەم دروستیان كردووە بە رەخساندنی زەمینەی چاكسازی، پشتگیری كردنی هەنگاوی وەزیرەكان بۆ چاكسازی و كرانەوە، ریگە خۆشكردن بۆ ئاسانكاری لە پێوەندی نێوان حكومەت و پەرلەماندا، زەمینەسازی بۆ رۆڵی چاودێری پەرلەمان بەسەر حكومەتەوە، ئەمانە كۆمەڵێك راستین و خستنەرووی پیشاندانی بیربۆچوون و تێروانینی پارتی دیموكراتی كوردستانە بەوەی ئێستاش بژاردەی ئێمە وەك پارتی ئەوەیە كە زەمینە لەبارە بۆ پێكەوە كاركردنی دروست، بەڵام ئەم پێكەوە كاركردن لەپرسە سیاسیەكاندا، پێویستی به مامەڵەی دروست و بەرپرسیارانە هەیە. بەتایبەتی كە لە ئێستادا دوو پرسی گرنگ و هەستیار كە پرسی دەستوور و یاسای سەرۆكایەتی هەریم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە موناقەشەی لەسەر دەكرێت، گرنگە مامەڵەی دروست بەرپرسانە لەگەڵ ئەم دوو پرسە هەستیارە بكرێت.
سەبارەت بە پرسی دەستوور خۆشبەختانە نەرمی نواندن و مامەڵەی دروست لە هەموو لایەنەكانەوە بوونی هەبووە، بەڵام دیارە لایەنێك كە بەرپرسیاریەتی گەورەی لەسەر شان بێت، دەبێت لە چارەسەركردنیشدا گەورەترین هەنگاو لای ئەوەوە هەڵبگیرێت، دیارە ئەو لایەنەش پارتی دیموكراتی كوردستانە، پارتی لەم پرسەدا بە دید و تێروانینێكی تازەوە هەنگاوی هەڵگرت، بۆیە كاتێك بینیمان بارودۆخی كوردستان لەچاو ئەو بارودۆخەی پێشتر دەستووری تێیدا نوسرابووە گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتووە، بەبێ دوودڵی و دوور لە گرژی و ململانێی و بەرژەوەندی حزبی، بەقەناعەتێكی تەواوە بیرمان لەوه كردەوە ئەم قۆناخە پێویستی بە نووسینەوەی دەستوورێكی تازە هەیە، لە تێڕوانینی پارتیدا پرسەكە ئەوە نییە كێ دەباتەوە و كی دەدۆڕێنیت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە دەستوورێكی تازە بۆ ئەو ئایندەیەكی گەشە بنوسرێتەوە كە میللەتی ئێمە چاوەڕێی دەكات، ئەمە لەكاتێكدا زۆر كەس گرەوی لەسەر ئەوە دەكرد بەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رازی نابێت دەستوورەكەی 2009 دەستكاری بكرێت بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو كەسانەی لەلایەن پارتییەوە بۆ لیژنە 21 كەسیەكەی نووسینەوەی دەستوور هەڵبژیراون كەسانی شارەزاو پسپۆرن لەبواری كاری خۆیاندا و سەركردایەتی پارتی ئەو بیروبۆچوونەی تێپەڕاندووە دەستوور بە دیدێكی سیاسی حزبیانە سەیر بكرێت. دەستوور بۆ ئایندەیەك دادەنرێت كە ماف و ئازادییەكان گەرەنتی بكات و فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و ریزگرتن لە بنەماكانی مافی مرۆڤ و ریزگرتن لەبەهاو پیرۆزەكانی ئەم وڵاتە بەرجەستە بكات لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی مەدەنیدا، لە تێروانینی پارتیدا قۆناخی ئەمرۆ و ئایندە ئەمە دەخوازێت.
سەبارەت بەپرسی دووەم كە پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و شیوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، من لێرەدا نامەوێت زۆر هەڵوەستە لەسەر ئەو تێڕوانینە ئاڵۆزە بكەمەوە كە بیروبۆچوونی لایەنێك كە بزووتنەوەی گۆڕانە دروستی كردووە، دێمەوە سەرپرسی كۆدەنگی لەسەر ئەو یاسایانەی كە رەهەندی نیشتمانییان هەیە، ئەمە لەسەرەتاوە داواكاری ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانە بوو كە زۆر بە توندڕەوی لە ئۆپۆزسیۆن كاریان دەكرد، بەڵام خۆش بەختانە ئێستا ئەو لایەنانە ئەو رەوتە توندەیان نەماوە بەشداری دەسەڵاتیان كردووە، بۆیە ئەوان خۆیان داوای ئەوەیان دەكرد ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، پێویستە بە كۆدەنگی بێت و نابێت بەزۆرینەو كەمینەی ناو پەرلەمان بێت، هەر ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی دەركرد هەر یاسایەك رەهەندی نیشتمانی هەبێت ئەگەر كۆدەنگی لەسەر نەبێت ئیمزای لەسەر ناكەم، هەر واش بوو یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی كۆدەنگی نیشتمانی لەسەر نەبوو لە خولی پێشوو ئیمزای لەسەر نەكردوو، لەم خولەی پەرلەمان دوای ئەوەی كۆدەنگی لەسەر كرا یاساكە دەرچوو. ئەوكات ئێمە رازی نەبووین لەسەر ئەو فەرمانەی سەرۆك، بەڵام ئێستا تێدەگەین كە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەند دووربین و پەرۆش بووە بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی خەڵك و حزبە سیاسییەكانی كوردستان، بۆیە لە ئێستاشدا یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە گرنگترین پرسی نیشتمانییە، ئایا دەكرێت لایەنێك هەوڵبدات بە بیروبۆچوونی تایبەتی تاك لایەنە ئەو پرسە چارەسەر بكرێت؟ ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە وەڵامی زۆربەی زۆری خەڵك و زۆربەی لایەنە سیاسیەكان بۆ پرسیارە نەرێنیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەمە پرسێكە ئایندەی كوردستان وێنا دەكات و، بەرپرسیاریەتێكی ئەخلاقی دەخاتە سەرشانی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان بەوەی نابێت پرسێكی وا گرنگ لە روانگەی حزبی و وروژاندی شەقام و لەبەرچاو نەگرتنی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی ئابووری كوردستانەوە سەیر بكرێت، بۆیە دەبێت بە دیدێكی بەرپرسیارانەی نەتەوەیی وكرانەوەی زیاترو بەشێوازێكی سیاسیانەی كورد و كوردستانیانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بكرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
ئەوەی لەئێستادا جێگەی خۆشحاڵییە، وێڕای جیاوازی بۆچوون لەسەر پرسە لاوەكیەكان، بەڵام لەپرسە سەرەكیەكاندا زۆربەی زۆری حزب و لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان لایەنگیری ئەو بۆچوونەن ئەم پرسە بە كۆدەنگی نیشتمانی چارەسەر بكرێت.
لەبەرامبەر ئەم پرسە هەستیار و گرنگەدا، هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایە، كە بەهیچ جۆرێك هەنگاوی تاكلایەنە هەڵناگرێت و پشت ئەستورە بە زۆربەی زۆر خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان كە پەرۆشن بۆ ئایندەی كوردستان چارەسەرێك بۆ ئەم گرفتە دەدۆزنەوە.
من گەشبینم بەوەی لە دواجاردا زۆربەی زۆری لایەنە سیاسییەكان ئەم پرسە بە كۆدەنگی یەكڕیزی نێوانیان چارەسەر دەكەن، لەبەر ئەوەی ئەم پرسە پرسی نێوان دوو حزبی سیاسی یان مەسەلەكە دۆڕاندن و بردنەوه نییە، بەڵكو پرسێكی نیشتمانییە و دەبێت بە كۆدەنگی نیشتمانی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.

* ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و راوێژكاری تایبەتی سەرۆك وەزیران هەرێمی كوردستان
Top