توركیا:پاش سەردانی ئیمرالی، HDP قسەی كۆتایی دەكا
June 18, 2015
وتار و بیروڕا
•بەگوێرەی داتاكان، زۆرینەی كورد لە ویلایەتە زۆرینە كوردنشینەكان و لە میترۆپۆلەكانی توركیاشدا، دەنگیان بە HDP دا. كەس ناكارێ بێژێ HDP نوێنەری شەرعی و متمانەپێدراوی خەڵكی كورد نییە، كە لە 14 ویلایەتی زۆرینە كوردنشیندا، زۆرینەی دەنگەكان و لە 6 ویلایەتیشدا، سەرجەم كورسییەكانی بۆ خۆی بردوون و ئیدی كاك بەدران ئەحمەد گوتەنی: مانگی AKP دای لە نشێوی، ئیدی ئەو قسەیەی ئەردۆگان ڤالا دەركەت كە دەیگوت:«ئێمە، واتە پارتی دادو گەشەپێدان AKP، پارتی هەرە گەورەی كوردان»ین. لێ نابێ لەو راستییەش غافڵ ببین كە بەشێكی كەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەكانی وەك(ئەرمەن، سریان، عەلەوی، عەرەب، چەركەس، ئێزیدی و...) و كەسانی لیبراڵ و دیموكرات و ئاشتیدۆست و چەپیش دەنگیان بە HDP دا... بە كورتی HDP ، بووە بە هێماو ناوونیشانی خەڵكی بەشخوراو و ئاشتیدۆست....
•پێكهاتەی هەدەپ HDP، پێكهاتەیەكی فرەڕەنگی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و كۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و ئایینییە... سەیركەن: لەناو ئەو پەرلەمەنتێرانەی دەرچوون، كەسانی میانڕۆی ئیسلامی وەك(ئالتان تان، محەمەد دەنگیر فرات)و كەسانی كوردپەروەری دیموكراتخوازو ئاشتیدۆستی وەك(لەیلا زانا، عوسمان بایدەمیر)و كەسانی عەلمانی و چەپی وەك (فیكەن، سری سورەیا ئۆندەر)و نوێنەری كەمایەتییەكان هەن... پرسیار ئەوەیە ئەوە چ بەندیوارێكە كە ئەم شەبەنگە فرەڕەنگەی لەناو حزبێكدا كۆكردۆتەوەو پێكەوە لكاندووە؟ ئەوە ئایدیۆلۆژیایە، یان بەرنامەیەكی هاوبەش؟
• ئەو بەندیوارە، مەگەر بەرنامەو پلاتفۆرمێكی هاوبەش نییە! ئەرێ ئاشتی و ئاشتەوایی و چارەسەركردنی پرسگرێكی كورد كۆڵەگەیەكی سەرەكیی بەرنامەی HDP نەبووەو نییە؟ مەگەر نووسینەوەی دەستوورێكی دیموكراتی نییە كە توركیا لە دەوڵەتی- نەتەوەی سەردەستەوە بكا بە دەوڵەتی هاووڵاتیی فرە رەنگ؟ مەگەر دەرفەت كردنەوەی زێتر نییە بۆ خۆبەڕێوەبەری و دی سەنتراڵیزم لە توركیادا؟ مەگەر نەشونمای ئابووریی هاوسەنگ نییە لە توركیادا؟ مەگەر گرتنەبەری سیاسەتێكی هێمنانەو دۆستانە نییە لەگەڵ دەوروبەر و دنیادا؟...مەگەر دیفاعكردن نییە لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ؟ بەڵێ دروشم و ئامانجەكان بوون، كەواتە HDP، وڵاتێكی دەوێ كە جێگەی رەنگە جیاوازەكانی تێدا ببێتەوە... بۆ ئەوەی ئەم ئامانج و بەرنامەیەی، یان بەشێكی بێنێتەدی، هەقە هەدەپ چی بكا؟ ئەمە پرسیارێكە، لە ماوەیەكی نزیكدا وەڵام دەدرێتەوە. یان HDP دەیەوێ بەم 80 پەرلەمەنتارە چ بكا؟ هێشتا چاوەكان لەسەر توركیان...
•ئێمە لە ماوەی رابردوودا، شایەدحاڵی پشتەوانی و هاوكاری و پیرۆزبایی بزووتنەوەی سیاسی و خەڵكی بەشەكانی دیكەی كوردستان بۆ هەدەپ HDP بووین. كەواتە، زۆر كارێكی سروشتیشە، رادەربڕەكان و بزاڤی سیاسیی كوردستان، سەرنج و تێبینی و پێشنیاز و بۆچوونی برایانەی خۆیان سەبارەت ئەو پرسیارەی سەرێ بە هەدەپ بڵێن، جا چ بە نووسین بێ یان راستەوخۆ...
•لە توركیا، بەگوێرەی ژمارەی كورسیی چوار حزبەكەی ناو پارلەمان، باس لە چەند سیناریۆیەك دەكرێ و داود ئۆغلۆ گوتەنی: هەموو بژاردەكان لەسەر مێزی گفتوگۆدان:
1ـ حكوومەتی شەراكەتی نیشتمانی كە هەر چوار تەڕەف كۆبكاتەوە. ئەم ئەگەرە زۆر رێی تێناچێ و كارێكی زەحمەتە...
2ـ حكوومەتێكی ئیئتلافی كە ئاق پارتی AKP تەڕەفێكی بەهێزبێ تیایدا، جا چ لەنێوان AKP و CHP دا بێت، یان لە نێوان AKP و MHP دا، یان لە نێوان AKP و HDP دا. ئەم ئەگەرەیان لە هەمووان عەمەلیتر و رێتێچووترە، كە یەكێ لەو سێ حزبە، یان دووانیان لەگەڵ AKP ئیئتلاف بكەن...ئەگەر HDP وریا نەبێت، لەوانەیە لەو نێوانەدا، شاش بمێنێ....
3ـ یان حكوومەتێكی ئیئتلافی لە نێوان هەر سێ حزبی: CHP, MHP, HDP دا پێكبێ بێ ئاق پارتی. ئەم ئەگەرەیان بە قسەی چاودێران لە هەموو ئەگەرەكانی دیكە بێ چانسترە...
4ـ یان حكوومەتی كەمینە كە ئاق پارتی بەتەنیا پێكیبهێنێ، بۆ ماوەی ساڵێك، یان زێتر و هەڵبژاردنێكی دیكەی بەدوادا بێت. بەو مانایەی كە لە ماوەی ساڵەكەدا AKP باری لاری خۆی راست بكاتەوە.
5ـ یان هەڵبژاردنەوەی پێشوەختەی پەرلەمان..ئەم ئەگەرە بەدوور نازانرێت.. لێ پێموانییە ئاق پارتی و ئەردۆگان پەنا بۆ تاكتیكی پێكنەهێنانی حكومەت ببەن لە ماوەی 45 رۆژدا، چونكە بەگوێرەی زۆربەی چاودێران ئاق پارتی تووشی دۆڕانێكی تر دەبێت... كام لەم سیناریۆیانە دێتەدی؟ بە رای من، سوكانەكە هێشتا بەدەست ئاق پارتی و ئەردۆگان-ەوەیە. واتە بواری مانۆر و بژاردەی جیا-جیای لەبەردەمەو پێموایە ئامادەگیی سازشكردنی تێدایە... بەو مانایە نا، كە سێ حزبەكەی تر پاسیڤ و ناكاربن و تەنیا تەماشای دەمی ئاق پارتی و ئەردۆگان دەكەن... بێشك، هەر لایەنە خوێندنەوەی خۆی بۆ هەر یەك لەم ئەگەرانەی سەرێ هەیەو كارتیشی بەدەستە... هەر تەڕەفە لە هەر ئەگەر و سیناریۆیەكدا دەزانێ چەندی قازانجە و چەندی زەرەر... ئا لێرەدا، لێزانی، سیاسەت نواندن، بەرپرسیارەتیی بەرانبەر دەنگدەرەكانی، عەمەلیبوون و مانۆری سەركردەكانی ئەم حزبانە دێنە پێشەوە...
بەرپرسیارەتیی HDP لە هەردوو حزبەكەی ئۆپۆزیسیۆن جودایە، چونكە زۆرینەی كورد بەرپرسیارەتییەكیان خستووەتە ئەستۆی HDP كە ئەوژی هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری و بەخۆداهاتنەوە «تنمیە» و خۆبەڕێوەبەرییە... واتە كورد لە توركیا چاوی لەوەیە هەدەپ چی بۆ دەكا و چی بۆ دەهێنێتەدی..لە خۆڕا بە HDP ناگوترێ: Kurdish issue-focused Peoples Democratic Partys (HDP)
•لەم قزگەیەوە، وەكو من تێی دەگەم، هەقە HDP لە تاوتوێكردنی هەر ئەگەرێكدا، سێ خاڵ لە بەرچاو بگرێ و بیكا بە بنەما بۆ دانوستاندن و جووڵەی خۆی:
1ـ لە كامیاندا پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە توركیا بەردەوام دەبێت و دەگاتە ئامانج و كورد رەنج بەخەسار نابێ...
2ـ لە كامیاندا دەستوورێك دەنووسرێتەوە كە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤی تێدا بچەسپێ و دان بە فرەڕەنگیی كۆمەڵگەی توركی بنێت و حوكمی قانوون باڵادەست ببێ...
3ـ لە كامیاندا پێوەندیی دۆستانەی توركیا لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەردا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزگرتن لە یەكدی كە خێری هەم بۆ كوردی باشوورو هەم بۆ كوردی رۆژئاوا تێدا دەبێت، زێتر رێی تێدەچێ...
• بە بڕوای خۆم، ئەگەرێكی عەمەلی بۆ نزیكبوونەوە لە هاتنەدی ئەو سێ بنەما و ئارمانجە كە لە بەردەم هەدەپ دا بێ، خۆی لە دوو بژاردە دەبینێتەوە:
1ـ راستەوخۆ لەگەڵ AKP دا بكەوێتە دانوستاندن بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت و بڕیارداندا، یان:
2ـ بە هەندێ مەرج لەناو پەرلەماندا متمانە بە حكوومەتی داهاتووی AKP بدا بێ ئەوەی بەشداریی لە كابینەكەدا بكات... بەمەش هەم رێگە لە دوو حزبەكەی ئۆپۆزیسیۆن دەگرێ لەسەر حسێبی كورد و پرۆسەی ئاشتی لە AKP نزیك ببنەوە، هەم رێگە لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی پێشوەختەی پەرلەمان دەگرن، هەم توركیا لە قەیران و ناسەقامگیری كە ناوچە كوردنشینەكان-یش دەگرێتەوە، دەرباز دەكەن...هەقە HDP لەم قۆناخەدا ريفۆرمیستانە بیربكاتەوە، دەست بەم سەركەوتنەوە بگرێت و بیچەسپێنێت و بیكاتە هەقیقەتێكی ژیانی سیاسی لە توركیا، بیكاتە بەردەباز بۆ پێشگرتن لە هەر فیتنە و ئاژاوەیەك، كە بە دوور نازانرێت لە ئەگەری ئینكەبەری و نەهاتنە رایێ، بۆ HDP لە ناوچە كوردنشینەكاندا دروست بكرێ و لە ئاكامدا ئەوەی بیناكراوە، تێكبدرێ و خەڵكی كوردی تێدا زۆر زەرەرمەند ببێ و لە ئاكامدا لە HDP نائومێد ببێ...
•هێشتا HDP دوا قسەی خۆی، پاش هەڵبژاردنی 7/6 نەكردووە. وێدەچێ نەكارێت دوا قسەش بكات، تا رێبەری راستەقینەی HDP واتە ئۆجالان لە ئیمرالی نەبینێ و فەرمان و دەستووری یەكلاكەرەوەی لێ وەرنەگرێ...پێموایە قسەی كۆتایی هی ئۆجالان-ە كە دەستێكی بە HDPەوە گرتووەو دەستێكیش بە PKK. ئۆجالان HDPی بۆ ئەوە دەوێ كە وەكو حزبێكی شەرعی رۆڵێكی گرنگتر لە نێوان قەندیل و ئیمرالی و ئەوروپا و ئەنقەرەی AKPدا بگێڕێ بۆ بەجێگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی و ئەو بەرنامەیەی خۆی گەڵاڵەی كردووە... لەم دووڕیان و هات و نەهاتەدا، ئۆجالان رۆڵێكی مەزن دەلەیزیت....