ئەزموونی پێشكەوتن و ژینگەپارێزی، ژاپۆن وەك نموونە

ئەزموونی پێشكەوتن و ژینگەپارێزی، ژاپۆن وەك نموونە
لە ساڵڕۆژی جیهانیی ژینگەدا كە دەكاتە (5)ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك، بە پێویستم زانی تیشكێك بخەمە سەر ئەزموونی ژاپۆن، كە لە دواهەفتەی مانگی ئاداری ساڵی (2004) وەك وەزیری ژینگەی ئەوسای عێراق، هاوڕێ لەگەڵ وەزیرانی ژینگەی وڵاتانی عەرەب لە سیمیناری ژاپۆنی - عەرەبی وەزیرانی ژینگە لە تۆكیۆی پایتەخت بەشدار بووم.
ئەوەی لای من جێگەی سەرنج بوو، ئەو راستییە ساكارە بوو كە دەڵێت: لە زۆربەی كاتدا پیسبوونی ژینگە زادەی پێشكەوتنێكی بێ بەرنامەیە بە ناوی پەرەپێدانەوە .
خاتوو (یۆریكو كۆیكە)ـی وەزیری ژینگەی ژاپۆن لەو سیمینارەدا سەرەتا تیشكی خستە سەر مێژووی ژاپۆن لە دوای تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهانی و دەستپێكردنی هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی ژاپۆن بە شێوەیەكی زۆر خێرا. لەو فیلمە دۆكیۆمێنتییەی كە پیشانیداین، بینیمان هەڵمەتێكی فراوانی دروستكردنی كارگە و هۆكاری گواستنەوە و بنیادنانی فراوانی خانووبەرە هەموو گۆشەیەكی ژاپۆنی گرتبۆوە. بەڵام بەرەبەرەو لە ئەنجامی تێكەڵبوونی ماددە پیسكارەكانی كارگەكان بە ئاوی رووبار و دەریاچەكان، زۆر گرفتی ژینگەیی سەریان هەڵدا. ئەمە سەرباری دووكەڵی كارگەكان و گازە ژەهراوییەكانی دیكەش كە تێكەڵ بە هەناسەی زۆرێك لە دانیشتووان بووە و ژمارەیەكی زۆری لێ نەخۆش خستوون.
خاتوو (كۆیكە) ئاماژەی بەوە دا كە چۆن دانیشتووان داوای یاساییان لە دژی ئەو كارگانە دادگا تۆمار كردووە، ئاماژەی بەوەشدا كە كەس و كاری قوربانییانی كەنداوی (مینامۆتا) هەتا ئێستاش قەرەبووی زیانەكانی ئەوسا وەردەگرنەوە!
خاتوو (كۆیكە)ی وەزیری ژینگەی ژاپۆن باسی ئەوەی كرد كە لە دەرەوە زۆرینەی خەڵك سەرسام بوون بە ژاپۆن و پێشكەوتنەكانی، بەڵام وەك ئەو دەیگوت – زۆربەی پێشكەوتنە تەكنەلۆژی و ماددییە سەرەتاییەكانی ژاپۆن لە سەر حیسابی ژینگە بووە و، دوای دەیان ساڵی دی ئەوسا رێڕەوی پێشكەوتن و پەرەپێدان بە ئاراستەی پاراستنی ژینگە راستكراوەتەوە، پاش ئەوەی لە ماوەی نێوان دە ساڵی (1950- 1960) ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بەهۆی پەرەپێدانی بێ بەرنامەوە گیانیان لە دەست داوە.
رۆژی دواتر لە ئێوارەخوانێكی سەرۆك وەزیرانی ئەوسای ژاپۆنیشدا (جۆنشیرو كۆیزومی) لە وتەیەكدا ئێمەی لە هەمان راستی ئاگاداركردەوە كە پێشكەوتنە سەرەتاییەكانی ژاپۆن باجی گەورەی بە دواوە بووە لە بواری پیسكردنی ژینگەدا و كات و بودجە و كاری گەورەی بە دوادا ئەنجام دراوە، هەتا رێڕەوی پەرەپێدان بە ئاراستەی پاراستنی ژینگەدا راستكراوەتەوە .
لەو دیدار و كۆبوونەوانەی كە بۆمان رێكخرا لەگەڵ هەر یەك لە بەڕێزان :
خاتوو (یۆریكۆ كۆیكە) وەزیری ژینگەی ژاپۆن.
خاتوو (یۆریكۆ كاواگۆچی) وەزیری دەرەوەی ژاپۆن.
كۆیچی ئۆباتا باڵیۆزی ژاپۆن لە شانشینی ئوردن.
ماسا میتسۆ ئۆكی باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق
سوچی كاتۆ بریكاری وەزیری ژینگەی ژاپۆن.
ساتۆشی تاناكا بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوكاری ژینگەیی لە وەزارەتی ژینگەی ژاپۆن.
ئیشینۆ كۆیا بەڕێوەبەری نووسینگەی نێودەوڵەتی ژینگەیی لە وەزارەتی ژینگەی ژاپۆن.
دیپلۆماتكاران و كارمەندان لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ژاپۆن.
لە كۆی قسەكاندا، ئەم بەڕێزانە جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە ئەزموونی ژاپۆن لە بواری پێشكەوتندا ئەم سیفاتانەی هەیە:
یەكەم: دەڵێن بۆ پێشكەوتن هەمیشە جیا لە رێگە تاقیكراوەكان، رێگەیەكی دیكەی نوێ هەیە.
دووەم: دەبێت پێشكەوتنی ماددی هاوشانی پارێزگاریكردن لە داب و نەریتی خۆماڵی بێت.
سێیەم: هاوشانی پێشكەوتنی تەكنەلۆژی، پاراستنی زمان و رێنووسی نەتەوەیی پێویستە.
چوارەم: پاراستنی توندوتۆڵی و شیرازەی كۆمەڵایەتی و بوونی تاك لە خزمەتی كۆمەڵگەدا پێویستن.
پێنجەم: ئەوپەڕی پێشكەوتن بۆ ئافرەت هەیە بەو مەرجەی هاوكات بێت لەگەڵ بەختەوەریی خێزان و بایەخدان بە منداڵ.
شەشەم: هۆشیاریی ئایینی گرنگە، بەڵام بە پێناسی ئەوان ئایین واتە : رەوشت و راستگۆیی راپەڕاندنی كار.
بۆیە ئەم خاڵەی دوایی زۆر بە جوانی لەگشت بوارەكانی ژیانیاندا رەنگی داوەتەوە .
Top