ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە(رووەو چیا - بەرەو شۆڕش)(11)

ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە(رووەو چیا - بەرەو شۆڕش)(11)
یەكەی سینەمای شۆڕش
یەكەم فیلمی سینەمایی رۆمانئامێزی دیكۆمێنتاری، لە مێژووی گەلی كورددا لە سای شۆڕشی ئەیلوولەوە لە دایكبوو، لە رێگای (تاران)ـەوە نوێترین كامیرای سینەمایی (16ملم) مان بە دەست گەیشت لەگەڵ بەشی (10) سەعات پارتی فیلمی خام، كەوتینە كار و شەو و رۆژمان بە یەكەوە ئەبەستەوە. ئەوەی لە ئەستۆی من نرابوو، بابەتی چیرۆك و سیناریۆی ئەدەبی فیلمەكە بوو، بەو پەڕی پەرۆشییەوە كارەكەم گەیاندە ئاستی قایلبوونی خۆم و كاكە (زوهێر عەبدولمەسیح) و ناوی خوامان لێهێنا و لەگەڵ گرووپی كارەكە كە بریتی بوون لە هونەرمەندان (نەوزاد مەجید، نوری هونەر، سەعدون) و ئەندامانی شانۆی شۆڕش لە (مەكتەبی سیاسی) پارتیمانەوە بەڵگەنامەیەكیان بۆ كردبووین كە هەموو كارئاسانی و كۆمەكمان بكەن بەتایبەتی هێزەكانی پێشمەرگە.
هەر هەموویان لە ئاستێكی باڵای بەرپرسیاریەتیدا بوون، زۆر جار لە پێناوی سەركەوتنی گرتەیەكدا، چ پێشمەرگەكان و چ ئەكتەرەكان جەربەزییان ئەنواند، زۆر جار پێویستی بە بەشداری بەرەكانی جەنگ و بەرەنگاربوونەوە ئەكرد، لەو كاتانەدا هەستمان ئەكرد، ئاستی هۆشیاریی پێشمەرگە و فەرماندەكانیان لەو ئاستەدا بوو كە پاراستنی هونەرمەند و كەرەستەكانیان بە ئەركێكی پیرۆزی لە ئەستۆ نراویان دائەنا.
حەز ئەكەم لێرەدا بۆ مێژوو ئەو راستییە تۆمار بكەم كە وەرامێكی روون و رەوانی حاشاهەڵنەگرە بۆ گشت ئەو كورت بیركەرەوانەی لەبەر خۆری نەورۆزدا بێژنگی خۆگێلكردن ئەدەنە بەرچاویان، كەوای دائەنێن شۆڕشی ئەیلوول گوایە مایەپووچ بووە و نەیتوانیوە هیچ بە هیچ بكات. ئەڵێم: شۆڕشێكی ئەوتۆی كە گشت پێكهاتەكانی گەلی كوردستانی لە خۆگرتبوو، بەرگرییەكی لە خاكەكەی كرد بەو رادەیەی لە سەرانسەری مێژوودا بێ وێنە بوو، بەرامبەر دوا تەكنۆلۆژیای سۆڤیەت و پشتیوانە دڕندەكانی عێراق خۆی بگرێ و سەرەڕای ئەوەی گشت ئەو شتانەی بۆن و بەرامەی ژیانی راستەقینە و خەون و خولیا بەرزەكانی مرۆڤی كوردی لێوە ئەهات، دەشتا و پەرەی سەند، ئەو مۆسیقایە، كە هەتا ئەمڕۆش گڕكانی لە سروودی و نەبەزینی بە میراتی بۆ بەجێهێشتووە، ئەو شانۆ و شانۆی گەڕۆك كە بە نۆبەرە و نوخشەی سەرجەم شۆڕشەكانی جیهانی دائەنرێ، ئەوە سینەما و یەكەی سینەمای شۆڕش و یەكەم شاكاری سینەمایی (بەرەو خۆر)، ئەوە هونەری شێوەكاری، بەتایبەت ئەو پۆستەرانەی ئاگریان ئەكردەوە لە تەك ویژدانی مرۆڤایەتی و كۆی رای گشتی جیهانیدا هەتا هەنوكەش لە دیالۆگ و گفتوگۆدان....
راگەیاندن، چ بیستراو و چ نووسراو ....تاد، بۆیە ئێستاش و لە ئایندەكانیشدا بنەمای پتەون بۆ سەرجەم بونیادنانەكانی ژیانی نوێ. كەواتە رەوایە بەوانە بڵێن كە لە ئاستی حەقیقەتی گەوهەرێتی شۆڕشەكەدا هەر بە زۆر خۆیان گێل ئەكەن، بگوترێ: ئیدی خۆتان لەو خەیاڵاتە بێ سەروبەرانە بەردەن و كڕنووش بۆ بەژن هەڵگوردیی ئەیلوول بەرن، لە كاتێكا ئەبێ ئەوە بە چاكی لەبەر چاو بگرن، ئەیلوول ئەو رۆژە سەختانە بوو هەر چۆن بارزانی نەمر واتەنی: تەنها چیا و چەكەكانمان پشتیوانمان بوو.
ئەو رۆژانەی كار لە بەرهەمهێنانی ئەو فیلمەدا ئەكرا، رۆژانێكی تووش و نالەبار بوو، بەڵام توانرا لە ماوەی چوار مانگدا تەواو بكرێ، ئەوسا بە دڵێكی كەیلی سەركەوتنەوە گەیەندرایەوە (ئازادی) و ئیدی مامۆستای خوالێخۆشبوو (ئەنوەر تۆڤی) بۆ شتنەوە و مۆنتاج و چاپكردنی نێردرایە (تاران) و پاش ماوەیەك گەڕایەوە و مژدەی سەركەوتنی كارەكەی پێداین و، هەروەها پێی وتین وەك قسەی لە كۆمپانیای سینەما وەرگرتبوو خانمە مۆنتێرێكی فەرەنسی رەگەز ئامادە و خۆشحاڵە كاری (مۆنتاج)ی بۆ بكات.
بە راستی چاوهەڵهێنانی فیلمێكی دیكۆمێنتاری رۆمانئامێز ئەتوانێ زیندووترین گەواهی راستگۆیی شۆڕشی گەلەكەمان بێ، بەڵام هێندەی نەبرد ئەو سەرگەرمی سەركەوتنە كەوتە لێوارێكی ئاڵۆز و پەشێوییەوە، گەورەترین دوژمنكاری و ستەم دەرهەقی گەل و شۆڕشە نازدارەكەمان كرا و چواردەوریان بە پیلانی ترسناكانە لێی تەنین، ئەگەر هۆشیاری و دانایی بارزانی نەمر نەبوایە، هیچ دوور نەبوو گەلەكەمان بكەوتایەتە بەر گەمارۆی قەڵاچۆكەر لە گشت لایەكەوە. ئیدی گۆڕانكاری روویدا، ئێمەش دڵمان هەر لە لای فیلمەكەمان بوو، داخۆ دەبێ بە چ مەرەیەك بچێ، یان چووبێ.
ئاگادار بووین گەلێك بەڵگە و كاری هونەریمان لە رێگای كەسانێكی دڵسۆزی وەك (پ.د كەمال مەزهەر)ـەوە قوتار كراوە بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام لە هەواڵی فیلمەكەمان بێ هەواڵ بووین، هێندەمان زانی گوایە لەلایەن دەزگاكانی (ساواك)ی ئەو سەردەمە (شاە)وە دەستی بەسەردا گیراوە.
پاش ئەوەی شۆڕشی ئیسلامی لە (ئێران)دا بەرپابوو بۆ ماوەیەكی كورت ئاهێكی سەرفرازی هەمووانی گرتەوە، شەوێك لەو شەوانەدا لە ماڵئاوایی كردنی چەند خەباتكارێكی (دیموكرات)دا كە مامۆستا (هێمن)یشیان تیادا بوو، تكام لێكردن ئەگەر بارەكە بۆیان كۆك و لەبار بوو، ئەوا فیلمێكمان لە (تاران) بێ سەروشوێنە و سۆراغێكمان بۆ بكەن، بەڵام بەداخەوە ئەو ئازیزانەش نەپەرژانە سەر ئەو سۆراغە.
جاروبار لێرە و لەوێ هەواڵێكمان بەرگوێ ئەكەوێ، بەڵام لەوە ناچێ دەستەوملانی ئەو یادگارە هەرە شیرینە ببینەوە، ناچار گەلێك جار بە خەون دەستمان ئەكەوێتەوە، بەڵكە خوایە ئەو خەونە بێتەدی.... ئامین.
ساڵەهایە رابورد و فیلمی (نێرگز بووكی كوردستانە) هاتەدی لە شارۆچكەی (سەروچاوە) یەكەم گرتەی گیرا، كەسانێك بە دڵ گریان، گریان جۆشی، شامەرگ بوون... ئەوە قەدەری ئێمەی كورد بوو، دەسا خوا ئەوە بگرێ تانوت لە بەژنی جوانهەڵچووی گەلەكەم ئەدات.
Top