ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە(رووەو چیا - بەرەو شۆڕش)(10)شانۆی شۆڕشێگێریی گەڕۆك

ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە(رووەو چیا - بەرەو شۆڕش)(10)شانۆی شۆڕشێگێریی گەڕۆك
رەنگە بۆ یەكەم جار بووبێ لە سەراپای مێژووی شانۆدا، شانۆیەكی شۆڕشێگێڕیی گەڕۆك لە شۆڕشی ئازادیخوازیی گەلاندا هەبووبێ. ئێمە بیستوومانە كە سەرەتاوە لە وڵاتی(یۆنان) شانۆی گەڕۆك هەبووە، لەلایەن یەكەم ئەكتەرەوە كە ناوی (سیپیس) بووە. ئەم مەزنە مرۆڤە؛ لە سەرەتاكانی سەدەی شەشەمینی پێش زایینەوە، لە (ئیكاریا) لەدایكبووە، لەو ساڵەدا كە میری (ئەسینا) بڕوای بە ڕەوایی دراما هێنا، واتە ساڵی (534- پ،ز) ئەم هونەرمەندە لە دوایین تروپكی ئەفراندنەكەیدا بوو، كاتێك بە گالیسكەیەكەوە شارەوشار ئەگەڕا و شێوە شانۆییەكەی ئەنواند، بەڵام شانۆكەی شۆڕشی ئەیلوول، شانۆیەكی لێوانلێوی شۆڕشگێڕیی بوو. ئەوە ئەركی بنەڕەتی هونەرمەندانی شانۆڤانی شۆڕشەكە بوو. كەواتە رەوایە كاتێ باسی شانۆكەمان ئەكرێ، ئەو دیاردە هەرە گرنگە وەلانەنرێ و، لە گەلانی دیكەشی بگەێنن.
ئەوەی مایەی شانازیمە سەرجەم بەرهەمەكانی ئەو شانۆ گەڕۆكە لە دەرهێنانی من بوو. هەر بۆیە منیش ئەبوو رەچاوی چەند لایەنێكی گەوهەرین بكەم، كە یەكەمین ئەركی ئەو شانۆیە فەلسەفەی ئەو جۆرە شانۆیە لەگەرمەی شۆڕشی گەلێكی ئازادیخوازی مرۆڤایەتی پەروەردا. دووەم روویان، بریتی بوو لە شوێنی نواندن و جۆری بینەرانی بە ژمارەی هەزارەهایانەوە لە تەك ئازارەكانی باری ژیانیان دا و، زەقكردنی هۆكارەكانی گەیاندنی مەبەستە سەرەكییەكە.
یەكەم ئەزموون و بەرهەمی سەر شانۆ گەڕۆكەكە لە ئازادی پێشكەشكرا. زۆربەی بینەرەكانمان ئەو پێشمەرگانە بوون كە لە بەرەی بەرەنگاربوونەوەی (گەرووی هۆمەر ئاغا) گەڕابوونەوە و ئاڵۆگۆڕیان پێكرابوو، ژمارەیان پتر لە سێ سەد پێشمەرگە ئەبوو. گرووپەكەمان دوو شانۆیی نواند، كە هەردووكیان لە ئامادەكردن و دەرهێنانم بوو، شانۆیی (چاڵی جەرگی پیرێژن)ی مامۆستا (حسێن عارف) و شانۆیی (كاتێ وێنە دێتە وەڵام)ی مامۆستا (محەمەد رەشید فەتاح)، (تیپی مۆسیقای شۆڕش)یش بە چەند سروودێ بەشدارییان كرد. ئەوەی لە یاد ناچێ، ئەوە بوو لە ماوەی ئەو ئاهەنگە چیاییە شۆڕشگێڕییەدا، دوو جار فڕۆكە جەنگییە بۆمب هاوێژەكانی رژێم بۆردومانی ناوچەكەیان كرد، بەڵام بە زەبری تۆپە فڕۆكە شكێنەكانی شۆڕش لە ترسا هەڵهاتن، ئەوەی دیاردەیەكی سەیربوو، لەگەڵ ئەو بۆمبابارانەشدا كەس تاوی نەدا خۆی بهاوێژێتە چاڵە(تەیارە)كانەوە، كە بۆ خۆپاراستن لێدرابوو.
بۆ رۆژی دوایی بە دیداری پێشمەرگەی ئازاكان (عەریف حەمید) گەیشتم، كەوتە باس و لێكدانەوە و تاوتۆكردنی هەر دوو شانۆییەكە، ئەوەم بۆ دەركەوت ئەو مەردە لە ئاستێكی تێگەیشتنی بەرزدایە و بە جوانی شرۆڤە و تاوتۆی بابەتەكانی ئەكرد.
پاشان لە ناوچەكەی خۆمان لە نزیك گوندی (بناوە سووتە)ی سەر بە شاری (پێنجوێن) كەوتینە خۆئامادەكردن بۆ گەشتی ئۆردوگای ئاوارەكانم لە رۆژهەڵات، كە تیایاندابوو پتر لە دە هەزار كوردی لەخۆ گرتبوو. خۆم پێشتر هەندێكیانم بەسەر كردبووەوە. بیرم لە هۆكارەكانی، یان كورتە رێگەكانی گەیاندنی بیرۆكەی شانۆییەكان ئەكردەوە، لە هەڵبژاردنی شوێنی شانۆكە و لە دەستنیشانكردنی شوێنی بینەران، كە لە هیچ ڕەشماڵ و خێوەتێكدا جێگەیان نەدەبوویەوە.
بەپێی ئەندازەی دەنگ، ئەوە سروشتی دەنگە كە هەمیشە لە شوێنی كراوەی بێ بنمیچدا، دەنگ لە خوارەوە، بەرەو ژوور ئەڕوات، نەك لە سەرەوە بۆ خوارەوە، ئەمەش بە پێچەوانەی دەنگە لە هۆڵی بنمیچداردا، جارێكی دیكەش و سەر لە نوێ، كەوتمە بەراوردكاریی نێوان ئەم شانۆ نوێیەی شۆڕش و شانۆ دێرینەكەی وڵاتی یۆنان كە پتر لە (2500 ساڵ)مان لە نێواندابوو. شانۆیەكی بێ بنمیچی بەرفراوان كە ژمارەی بینەرانی دەچووە پتر لە دە هەزار بینەر، كەواتە بۆ گەیاندنی دەنگ و بەهێزكردنی بینین، هەر چۆن، ئەوان پەنایان بۆ زەقكردن و دەمامك كاری و نموونە خستنەڕوویەك، ئاماژە بوو بۆ كۆیەك، بۆیە ناچارمام بە زۆر هۆ جێگرەوەی ئاخافتن ببینمەوە، زۆر پەناشم بۆ هونەری (مایم) یان (پانتۆمایم) ئەبرد، لەلایەكی دیكەوە بیرم لە میوزیك، وەك زمانێكی باڵای دەربڕین كردەوە و پەنام بۆ برد، جگە لە هەندێ تەكنیكاریی هونەری سینەمایی. ئەم لایەنە تێوریانەم لە هزر و سەر كاغەزەوە گواستەوە سەر تەختەی شانۆ شۆڕشگێرییەكەی شۆڕشی ئەیلوولی مێژوویی. لە یەكەم ئەزموونەوە ئارام و دڵنیایی سەركەوتنی شێوازەكەم چێژكرد.
ئەم شانۆیە بووە چاوگێكی هەرە گرنگی هوشیاركردنەوە و لە هەمان كاتدا ورە پێدان و بەرزكردنەوەی. لەو ماوەیەدا پتر لە چارەگە ملیۆن كەس بەرهەمەكانمانی بینی، بەڵام ئەوەی لە گۆڕیشدا لە لەوحی بەردینی زەینم ناسڕێتەوە، ئەو كارەساتە ڕەشە بوو، هێزەكانی تاریكی و دوژمنانی گەلانی ئازادیخواز، گەلەكۆمەكیان لە گەلەكەمان كردو دەستی چەپەڵیان نایە بینی باڵاترین شۆڕشی ئازادیخوازی گەلان لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا. كاتێكم زانی كەسانێكی بیر لاوازی رووخاو كەوتبوونە شۆخی كردن بە شانۆكەمان، بەڵام لەو بڕوایەدا بووم، شانۆكەمان بەشێكی گچكەی هەرە زیندووی شۆڕشەكەیە، شۆڕشەكەش نەمرد و ژیا، بۆیە ئەو شانۆیەش لە بیری ئەو رۆژانەدا هەر زیندووە و بە ڕووی مێژوودا هەر رۆشنبەخشە.
دوا شەوی شانۆكەمان رۆژانی شۆڕش لە شاری پاوە بوو. ئەو ئێوارە شانۆیە بە تەنها چوومە سەر شانۆ و بۆ یەكەم جار شانۆیەكی تاكە ئەكتەریی (مۆنۆ دراما)م نواند، باسی ئەو گەمەی شەترەنجە بەربادەم ئەكرد، كە نیازی كشكردنیان لە توانا و خواستی گەلانە، شانۆییەكی بە رووخساری نەك (كۆمیدی) بەڵكو (فارس)و پتریش بوو، ویستبووم تراژیدیای گەلی كورد لە چوارچێوەیەكی پێكەنین ئامێزدا بنووسم. دیارە پێكەنین لە مشتی گریاندا بوو.
بە هەرحاڵ، هەر لە دوو تۆی ئەو رۆژانەدا، ساتەهایەكی ئەوتۆی تیادا هەیە كە سڕینەوەیان گەلێك مەحاڵە، رۆژانە تێورەكانی هونەری شانۆم بە ئەندامەكان ئەگوتەوە و لەسەر و ئەوەشەوە ئێواران كاری قەڵاچۆكردنی نەخوێندەوارییان بۆ خەڵكەكە ئەكرد، بەتایبەتی ئەو پێشمەرگانەی ژیان دەرفەتی خوێندنی نەدابوون. بینراوی پێشمەرگەیەكی گەرمیان هەمیشە لە بەرچاومە، ئەو ساڵە زستانێكی سەختی تەڕ و تووش بوو، بەفرێكی هەتا ناوقەد باریبوو، سەیرم ئەكرد كاكی پێشمەرگەی گەرمیانی، كە یەكێك بوو لە قوتابییەكانمان، بە گۆچانەكەی بە درێژایی رێیەكە لەسەر بەفرەكەی ئەنووسی: (دارا دوو داری دی).
Top