ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە(رووەو چیا، بەرەو شۆڕش)(10)
March 25, 2015
وتار و بیروڕا
ئەوەی مایەی شانازیمە سەرجەم بەرهەمەكانی ئەو شانۆ گەڕۆكە لە دەرهێنانی من بوون، هەر بۆیە منیش ئەبوو رەچاوی چەند لایەنێكی گەوهەرین بكەم، كە یەكەمیان ئەركی ئەو شانۆیە، یان فەلسەفەی ئەو جۆرە شانۆیە لە گەرمەی شۆڕشی گەلێكی ئازادیخوازیی مرۆڤایەتی پەروەردا، دووەم روویان، بریتی بوو لە شوێنی نواندن و جۆری بینەرانی بە ژمارەی هەزارەهایانەوە لە تەك ئازارەكانی باری ژیانیاندا و زەقكردنی هۆكارەكانی گەیاندنی مەبەستە سەرەكییەكە.
یەكەم ئەزموون و بەرهەمی سەر شانۆ گەڕۆكەكە لە ئازادی پێشكەشكرا، زۆربەی بینەرەكانمان ئەو پێشمەرگانە بوون كە لە بەرەی بەرەنگابوونەوەی(گەرووی هۆمەرئاغا) گەڕابوونەوە و ئاڵۆگۆڕیان پێكرابوو، ژمارەیان پتر لە سێ سەد پێشمەرگە ئەبوو، گرووپەكەمان دوو شانۆی نواند، كە هەردووكیان لە ئامادەكردن و دەرهێنانم بوو، شانۆی(شاڵی جەرگی پیرێژن)ی مامۆستا(حسێن عارف) و شانۆی (كاتێ وێنە دێتە وەڵام)ی مامۆستا (محەمەد رەشید فەتاح)،(تیپی مۆسیقای شۆڕش)یش بە چەند سروودێ بەشدارییان كرد. ئەوەی لە یاد ناچێ، ئەوە بوو لە ماوەی ئەو ئاهەنگە چیایییە شۆڕشێگڕییەدا، دووجار فڕۆكە جەنگییە بۆمب هاوێژەكانی رژێم بۆردومانی ناوچەكەیان كرد، بەڵام بە زەبری تۆپە فڕۆكە شكێنەكانی شۆڕش لە ترسا هەڵهاتن، ئەوەی دیاردەیەكی سەیربوو، لەگەڵ ئەو بۆمبابارانەشدا هەر كەس تاوی ئەدا خۆی بهاوێژێتە چاڵە(تەیارە)كانەوە، كە بۆ خۆ پاراستن لێدرابوو.
بۆ رۆژی دوایی بە دیداری پێشمەرگەی ئازاكانی(عەریف حەمید) گەیشتم، كەوتە باس و لێكدانەوەو و تاووتۆی كردنی هەردوو شانۆییەكە، ئەوەم بۆ دەركەوت ئەو مەردە لە ئاستێكی تێگەیشتنی بەرزدایە و بە جوانی شرۆڤە و تاووتۆی بابەتەكانی ئەكرد.
پاشان لە ناوچەكەی خۆمان لە نزیك گوندی(بناوە سووتە)ی سەر بە شاری (پێنجوێن) كەوتینە خۆئامادەكردن بۆ گەشتی ئۆردوگای ئاوارەكانم لە رۆژهەڵات، كە پتر لە دە هەزار كوردی لەخۆ گرتبوو، خۆم پێشتر هەندێكیانم بەسەر كردبووەوە، بیرم لە هۆكارەكانی، یان كورتە رێگەكانی گەیاندنی بیرۆكەی شانۆییەكان ئەكردەوە، لە هەڵبژاردنی شوێنی شانۆكە و لە دەستنیشانكردنی شوێنی بینەران، كە لە هیچ رەشماڵ و خێوەتێكدا جێگەیان نەدەبویەوە.
بەپێی ئەندازەی دەنگ، ئەوە سروشتی دەنگەكە هەمیشە لە شوێنی كراوەی بێ بنمیچیدا، دەنگ لە خوارەو بەرەو ژووری ئەڕوات، نەك لەسەرەوە بۆ خوارەوە، ئەمەش بە پێچەوانەی دەنگە لە هۆڵی بنمیچداردا، جارێكی دیكەش و سەر لە نوێ، كەوتمە بەراوردكاریی نێوان ئەم شانۆ نوێیەی شۆڕش و شانۆ دێرییەكەی وڵاتی یۆنان كە پتر لە (2500 ساڵ) مان لە نێواندا بوو، شانۆیەكی بێ بنمیچی بەرفراوان كە ژمارەی بینەرانی دەچووە پتر لە دە هەزار بینەر. كەواتە بۆ گەیاندنی دەنگ و بەهێزكردنی بینین، هەر چۆن ئەونی پەنایان بۆ زەقكردن و دەمامك كاری و نموونە خستنەڕوویەك، ئاماژە بوو بۆ كۆیەك، بۆیە ناچارمام بە زۆر هۆ جێگرەوەی ئاخافتن ببینمەوە، زۆر پەناشم بۆ هونەری(مایم) یان(پانتۆمایم) ئەبرد، لە لایەكی دەربڕین كردەوە و پەنام بۆ برد، جگە لە هەندێ تەكنیكاریی هونەری سینەمایی، ئەم لایەنە تێوریانەم لە هزر و سەر كاغەزەوە گواستەوە سەر تەختەی شانۆ شۆڕشگێڕییەكەی شۆڕشی ئەیلوولی مێژوویی، لە یەكەم ئەزموونەوە ئارام و دڵنیایی سەركەوتنی شێوازەكەم چێژ كرد,
ئەم شانۆییە بووە چاوگێكی هەرە گرنگی هوشیاركردنەوە و لە هەمان كاتدا ورە پێدان و بەرزكردنەوەی، لەو ماوەیەدا پتر لە چارەكە ملیۆنێ كەس بەرهەمەكانی بینی، بەڵام ئەوەی لە گۆڕیشدا لە لەوحی بەردینی زەیتم ناسڕێتەوە ئەو كارەساتە رەشە بوو، هێزەكانی تاریكی و دوژمنانی گەلانی ئازادیخواز، گەلەكۆمەكییان لە گەلەكەمان كرد و دەستی چەپەڵیان نایە بینی باڵاترین شۆڕشی ئازادیخوازیی گەلان لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، كاتێكم زانی كەسانێكی بیر لاوازی رووخاو، كەوتبوونە شۆخی كردن بە شانۆكەمان، بەڵام لەو بڕوایەدابووم، شانۆكەمان هەر چۆن بەشێكی گچكەی هەر زیندووی شۆڕشەكەیە، شۆڕشەكەش نەمرد و ژیا، بۆیە ئەو شانۆیەش لە بیری، ئەو رۆژانەدا هەر زیندووە و بە رووی مێژوودا هەر رۆشنبەخشە.
دوای شەوی شانۆكەمانی رۆژانی شۆڕش لە شاری پاوە، ئەو ئێوارەشانۆیە بە تەنها چوومە سەر شانۆ و بۆ یەكەم جار شانۆیەكەی تاكە ئەكتەریی(مۆنۆ دراما)م نواند، باسی ئەو گەمەی شەترنجە بەربادەم ئەكرد، كە نیازی كشكردنیان لە توانا و خواستی گەلانە، شانۆییەكی بە رووخساری نەك(كۆمیدی، بەڵكو ڤارس)ویتریش بوو، ویستبووم تراژیدیای گەلی كورد لە چوارچێوەیەكی پێكەنین ئامێزدا بنوێنم، دیارە پێكەنین لە مشتی گریاندا بوو، بە هەر حاڵ، هەر لە دووتۆی ئەو رۆژانەدا، ساتەهایەكی ئەوتۆی تیادا هەیە كە سڕینەوەیان گەلێك مەحاڵە، رۆژانە تێورەكانی هونەری شانۆم بە ئەندامەكان ئەگوتەوە و لەسەرووی ئەوەشەوە ئێواران كاری قەڵاچۆكردنی نەخوێندەوارییان بۆ خەڵكەكە ئەكرد، بەتایبەتی ئەو پێشمەرگانەی ژیان دەرفەتی خوێندنی نەدابوون، بیستراوی پێشمەرگەیەكی گەرمیان هەمیشە لەبەرچاومە، ئەو ساڵە زستانێكی سەختی تەڕ و تووش بوو، بەفرێكی هەتا ناو قەد باریبوو، سەیرم ئەكرد كاكی پێشمەرگەی گەرمیانی، كە یەكێك بوو لە قوتابییەكانمان، بە گۆچانەكەی بە درێژایی، پێشمەرگە لەسەر بەفرەكەی ئەنووسی:(دارا دوو داری دی.)
((كــــۆتایــی))