باڵی ڕەشی تیرۆریزم بەسەر ئەوروپاوەلە پاریسەوە تا كۆپنهاگن

باڵی ڕەشی تیرۆریزم بەسەر ئەوروپاوەلە پاریسەوە تا كۆپنهاگن
كاتێك دوو كوڕەكەی كواشی (سەعید و شەریف) لە قۆڵێكەوە و ئەحمەدی كولیبالی لە قۆڵێكی دیكەوە پەلاماری پاریس دەدەن و قەسابخانەیەكی ترسناك لەنێو دڵی ئەم شارە جوانەدا بۆ ڕۆژنامەنووسەكان لەلایەك و جوولەكەكان لەلایەكی دیكەوە دروستدەكەن، عومەر عەبدولحەمید ئەلحوسەینی، تیرۆریستەكەی دەنیماركی 14ی فێڤریوەری 2015 دا، لە زینداندا بوو. ئەو لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەكەی زیندانەوە، وێنەی خوێنی ڕژاوی ڕۆژنامەنووسە فەرەنسییەكانی بینی.
چەند ڕووداوەكان لەیەكدەچن! تیرۆریستەكانی پاریس، لە پەلاماری یەكەمیاندا، یەكێك لە ڕەمزەكانی ئازادی ڕادەربڕینیان كرد بە ئامانج، كە بریتی بوو لە هەفتەنامەی شارلی ئیبدۆ. عومەر عەبدولحەمیدیش، تیرۆریستەكەی كۆپناهاگن! لە پەلاماری یەكەمیدا، كۆبوونەوەیەك بۆ گفتوگۆ لەسەر ئازادی ڕادەربڕین دەكات بە ئامانج. لە پەلاماری دووەمدا، كولیبالی تیرۆریست پەلاماری مەگازەیەكی جوولەكە لە پاریس دەدات، عومەر عەبدولحەمیدیش لە كۆپنهاگن، پەلاماری دووەمی تەرخاندەكات بۆ پەرەستگایەكی جوولەكەكان! هیچ گومانی تیادا نییە كە ڕووداوەكانی پاریس، وەك سەرچاوەی ئیلهامبەخشین بەكارهێنراون و گریمانەی دووبارەبوونەوەیان لە چەندین وڵاتی دیكەی ئەوروپیشدا، بەشێوەیەكی بەهێز هەیە. ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی دەنیمارك و سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا، لە دوو مینبەری جیا و دوو كاتی جیاوازدا وتیان: دەبێت هاووڵاتیان ڕابێن لەگەڵ مەترسی و پەلامارە تیرۆریستییەكاندا كە دەكرێت لە هەر ساتەوەختێكدا ڕووبدەن.
ڕۆژی شەممە، 14 ی فێڤریوەری 2015، كاتێك كە كۆمەڵێك ڕۆشنبیر و دیپلۆمات، بە ئامادەیی لارس ڤیكس، ئەو هونەرمەندە سویدییەی كە لە ساڵی 2007دا بۆ یەكەمجار كاریكاتێری پێغەمبەری ئیسلامی كرد و پاشان فەتوای كوشتنی دەرچوو، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی ئازادی ڕادەربڕین لە ئەوروپادا كۆبوونەوە. كاتژمێر 15 و 33 خولەك، یەكەم كەس كە بەر دەستڕێژ دەكەوێت و دەكەوێتە سەر زەوی و گیانی دەسپێرێت، فین نۆرگاردی تەمەن 55 ساڵەی هونەرمەند و دەرهێنەری سینەماییە، كە هێشتا نەگەشتبووە نێو كۆبوونەوەكە و لە دەرەوەی سەنتەرەكەدا بوو. پاش كوشتنی فین، تەقەكردن لەنێوان عومەر و پۆلیسەكانی بەردەرگا دادەمەزرێت. عومەر تێدەگات لەوەی كە ناتوانێت بڕواتە ژوورەوە و وەك منداڵەكانی كواشی، هەموو ئەوانەی كە لەنێو سەنتەرەكەدان بكوژێت، ئیدی بە سواری ئۆتۆمۆبیلێك بۆی هەڵدێت و پاش دوو كیلۆمەتەر بەجێیدێڵێت.
دەزگاكانی پۆلیس بە خێرایی و لە ڕێگەی كامێراكانی چاودێرییەوە سۆراخی دەكەن. یەكێك لە كامێراكان دەریدەخات كە عومەر لەنێو كابینێكی تەلەفۆندایە و قسەدەكات. كەمێك دواتر تەكسیەك دێت و هەڵیدەگرێت و دەیبات بۆ شوقەكەی خۆی. نزیكەی بیست خولەك لەنێو شوقەكەیدا دەمێنێتەوە و پاشان كاتژمێر 4 و 37 خولەكی پاش نیوەڕۆ بەجێیدەهێڵێت. لێرەبەدواوە عومەر وندەبێت و كەس نازانێت لە چ شوێنێكدا خۆی شاردووەتەوە. بەڵام كاتژمێر 12 و 45 خولەكی شەو، لە قووڵایی نیوەی شەودا، عومەر دیسانەوە دەردەكەوێتەوە و پەلاماری پەرەستگایەكی جوولەكەكان دەدات. لەنێوان ونبوونی عومەر و دەركەوتنەوەیدا، دەزگاكانی پۆلیس ڕژابوونە بەردەم هەموو ئەو جێگەیانەی كە گومانی ئەوەیان لێدەكرا ببن بە ئامانجی هێرشی دووەم. بۆیە كاتێك لە نیوەی شەودا عومەر لەبەردەم پەرەستگای جوولەكەكاندا دەردەكەوێتەوە، پەرەستگایەك كە پێشتر ئامادە كرابوو بۆ ئاهەنگێك و نزیكەی 80 كەس بانگهێشتی فەرمی كرابوون، دەبینێت كە دوو پۆلیس پارێزگاری لێدەكەن. ناچار دەستدەكاتەوە لەو كەسەی كە لەبەر دەرگا میوانەكان دەپشكنێت، بەڵام چەكی پێ نییە. دەستبەجێ دەیكوژێت. پاشان لەگەڵ پۆلیسەكاندا شەڕە تەقە دادەمەزرێت و دیسانەوە عومەر هەڵدێت و ناوچەكە بەجێدێڵێت و بەرەو شوێنێكی نادیار دەڕوات.
لە هێرشی یەكەمەوە، دەزگاكانی پۆلیس توانیبوویان شوێنی عومەر دەستنیشان بكەن و شوقەكەی بدۆزنەوە و بیخەنە ژێر چاودێریی چالاكەوە. كاتژمێر 5 ی سەرلەبەیانی، عومەر دیسانەوە ڕێگەی شوقەكەی دەگرێتە بەر و كاتێك نزیك دەبێتەوە، دەبینێت هەر چواردەوری بە هێزی پەلاماری پۆلیس گیراوە. دەستبەجێ عومەر، وەك ئەوەی كە چاوەڕوانی مردن بێت، وەك ئەوەی كە چیدی نەیەوێت لە ژیاندا بەردەوام بێت، بێ هیچ گفتوگۆ و دان و ستانێك، دەستدەكات بە دەسڕێژ بە چەپ و ڕاستدا؛ چەند خولەكێك دواتر، بێدەنگی و تەواو: عومەر كوژرا.
ڕۆژی یەكشەمە، چوار كەسی دیكە بە تۆمەتی هاوكاریكردنی عومەر دەستگیركران، بەتایبەتی بە تۆمەتی ئامادەكردنی چەك بۆ عومەر.
بەڵام بەڕاستی عومەر عەبدولحەمید كێیە ؟ دوو ڕەگەزی گرنگ كە بەشداری دەكەن لە دروستكردنی شوناسی عومەردا، سەرنجی تایبەتمەندەكان ڕادەكێشن.
یەكەمیان بریتییە لەوەی كە عومەر، نە لە سووریاوە هاتوە نە لە عێراق. عومەر نە منداڵی كۆمەڵگەی ئەفغانییە، نە لەنێو جەنگەڵستانی نێجیریای (بوكو حەرام)ـەوە هاتووەتە دەرەوە. عومەر لە دەنیمارك لەدایكبووە و لەنێو قوتابخانەی دەنیماركدا گەورە بووە ! لێرەوە پرسیارەكان دێن و لەیەك كاتدا سیاسییەكان و زاناكان ناچار بە وەڵامی تازە و گەڕانی تازە و توێژینەوەی تازە دەكەن: ئەو هۆكارانە چین كە وادەكەن یەكێك لە منداڵەكانی كۆمەڵگای دەنیماركی، بەم شێوە وەحشییە، پەلاماری وڵاتەكەی خۆی بدات و خەڵتانی خوێنی بكات؟
دووهەمیشیان بریتیە لە تەمەنی عومەر. ئەم كوڕە گەنجە تەمەنی تەنها 22 ساڵە. لە لوتكەی لاوێتیدا بڕیار دەدات پشت بكاتە ژیان و ڕێگەی مردن بگرێتە بەر. لە تەمەنی 22 ساڵدا، ماناكانی ژیانی، ماناكانی بوونی لە نێو كوشتنی ئەوانی دیكەدا و لەنێو تیرۆریزمدا دەدۆزێتەوە. تەنها چەند ڕۆژێك بەسەر ئەم كارەساتەدا تێپەڕیوە، بەڵام دیسانەوە كۆی لاشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی كۆمەڵگەی ئەوروپی بەگشتی و دەنیماركی بەتایبەتی دەلەرزێتەوە: ئەو هۆكارانە چین كە وادەكەن گەنجێكی 22 ساڵەی ئەوروپی، لە سەدەی بیست و یەكدا، ماناكانی ژیانی لەنێو تیرۆریزم و قەسابخانە و كوشتنی هاووڵاتییە بێ تاوانەكاندا بدۆزێتەوە؟
عومەر و منداڵەكانی كواشی و ئەحمەدی كولیبالی، منداڵە بەرەڵاكراوەكانی نێو كۆڵانە تاریكەكانی مۆدێرنیتێ، چەندین كەسیان كوشت و خۆشیان كوژران، چیرۆكی هەر یەكێك لەو تیرۆریستانە لەسەر ئاستی تاك كۆتایی پێهات، بەڵام چیرۆكەكانی دیكە لەدوای مەرگی ئەوان دەستپێدەكات. بەتایبەتی چیرۆكی تێگەشتنی زانستییانە لەو هەلومەرجە بابەتییەی كە وەك كارگەیەكی ڕانەوەستەواوی بیست و چوار سەعات لەسەر بیست و چوار، پۆل پۆل تیرۆریست بەرهەمدەهێنێت.
من گومانم نییە كە لەنێو ئەم چیرۆكەدا، بەشێكی زۆر لە كۆمەڵگە ئەوروپییەكان ناچاردەبن بەوەی كە سەرلەنوێ بە پرسی پێكەوەژیان، لێبوردەیی، كرانەوە و فرەكەلتووریدا بڕۆنەوە. بێهودە نییە كە لە ڕۆژی 16 ی فێڤریوەری 2015، سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا داوادەكات كە دەستكاری دەستووری فەرەنسی بكرێت بۆ ئەوەی زانكۆكانی فەرەنسا مافی ئەوەیان هەبێت ئەركی پێگەیاندن و ئامادەكردنی مەلای مزگەوتەكانی فەرەنسا بگرنەئەستۆ! بێگومان ئەمە ئەو هێڵە سوورەیە كە لەساڵی 1905وە كەس زاتی ئەوەی نەكردووە باسی تێپەڕاندنی بكات، چونكە پەیوەندی بە پرسی جیاكردنەوەی ئایین لە دەوڵەتەوە هەیە. بۆ یەكەمجار جمهوریەتی فەرەنسی بیر لە دەستكاریكردنی ئەو یاسایە دەكاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ئاڕاستەی فاكتە ئایینییەكان بكات و بە ژێرزەمینی ڕادیكاڵەكانی نەسپێرێت.


* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس
Top