بەرگریی كورد بەرامبەر بە داعش لە موعجیزە دەچێت

بەرگریی كورد بەرامبەر بە داعش لە موعجیزە دەچێت
پڕۆفیسۆر ئەندێراس هانسكلێڤەر ئوستادی دیراساتی ئاشتی و پەیوەندەییە نێودەوڵەتییەكانە لەزانكۆی تیوبینگ لە ئەڵمانیا و تایبەتمەندە لەسەر پرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی تیرۆریستانی داعش و پرسی كورد لە ناوچەكە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی پرۆفیسۆر ئەندێراس هانسكلیڤەر كرد و ئەویش بەم نووسینە وەڵامی گوڵانی دایەوەو ئەمەش دەقەكەیەتی.

«من وا لە ناكۆكییە چەكدارییەكانی باكووری عێراق و سووریا تێگەیشتووم كە بریتین لە دەرئەنجامی ستراتیژیەتی شكستخواردووی پرۆسەی بنیاتنانی ئاشتی لە دوای داگیركردنی عێراقەوە لە ساڵی 2003دا. هەروەها گۆڕانكارییەكانی ئەوەی پێی دەگوترێت «بەهاری عەرەبی» كە هەڕەشەیەكی قووڵ بوو بۆ سەر سیستمە خۆسەپێنە جێگیرەكانی ناوچەكە. لە كاتێكدا میسر و لیبیا و سووریا دەوڵەتگەلێكی بەهێز بوون، بەڵام بە هەمان ئەندازە داماڵدرابوون لە شەرعییەت، ئەوا عێراق دەوڵەتێكی كارای نەبوو. پێكەوە تێكەڵەیەكی مەترسیدار لە ناوچەكەدا هەبووە. سەبارەت بە بارودۆخی سووریا ئەوا لە روانگەی منەوە ئەوە ئاكامی دەوڵەتی شكستخوارد نەبوو، بەڵكو ئەوە حوكمڕانی خراپ بوو كە سەری كێشا بۆ روودانی كارەسات لە سووریا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوونی حوكمڕانی خراپ بەس نەبوو بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و گرووپە چەكدارە هاوشێوەكانی ئەوەندە بەهێز بن. لە كۆتاییدا ململانێی ئیقلیمی لەسەر دەسەڵات ئەوسا و ئێستاش رۆڵێكی كوشندەی هەبووە و هەیە. بارودۆخی ناوچەكە هێندە ئاڵۆزە زەحمەتە لەم دوورەوە و لە بورجی عاجی ئەكادیمییەوە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە. لەڕووی مەبدەئییەوە، كورد مافی ئەوەیان هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. هەرچۆنێك بێت، پرسیارەكە ئەوەیە، چۆن دەكرێت لە سایەی هەل و مەرجی ئێستای ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانیدا مافی بڕیاردانی چارەنووس مومارەسە بكەیت كە چەندین یاریزانی جیاواز هەن كە خاوەنی بەرژەوەندی ناكۆك بە یەكن.
لەلایەكەوە، دەستكەوتە سیاسی و ئابوورییەكان لە هەرێمی كوردستان دیار و بەرچاون، توانای دەسەڵاتی كوردی بۆ پەرەپێدان بە دامەزراوە گونجاوەكان بۆ بەرەوپێشبردنی هەرێمەكە و هەروەها بەرگریكردنیان لە دژی دەستدرێژیەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) نزیك دەبێتەوە لە موعجیزە. لەلایەكی دیكەوە، ئەزموون ئەوەمان پێ دەڵێت كە بنیاتنانی نەتەوە بە بێ رەزامەندیی ئیقلیمی كارێكی زۆر مەترسیدارە. بەو پێیە، لە روانگەی منەوە كارێكی پێویست دەبێت، كە دەسەڵاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا هەر كارێك بكەن كە لە دەستیان بێت بۆ ئەوەی ئەو راستییە بۆ دراوسێكان روون بكەنەوە بوونی كورد- كە ناوماڵێكی رێكخراویان هەبێت- سەرمایە و سامانێكە بۆ ناوچەكە نەك مەترسی. ئەگەر بە باشی رێكخراو بێت، ئەوا رەنگە لە كۆتاییدا بە مانای دەوڵەتێكی كوردی سەربەخۆ بێت، یاخود بە مانای یەكەیەكی فیدڕاڵی كوردی بەهێز بێت لە نێو سیستمێكی فیدڕاڵی عێراقدا كە هاوسەنگی تێیدا راگیرابێت، كە هێشتا دەبێت چاوەڕێ بكەین و روودانی ئەمە ببینین. هەرچۆنێك بێت، بەلای منەوە روونە كە بنیاتنانی دەوڵەتی كوردستان لە عێراقدا بە شێوەیەكی سروشتی دێتەئاراوە- هەروەها بە شێوەیەكی خێرا- ئەگەر هاتوو رەوشە ئەمنییەكە بە شێوەیەكی دراماتیكی بەرەوپێش نەچێت لە ماوەی مانگەكانی داهاتوودا و ئەگەر دەركەوت حكومەتی بەغدا بێتوانایە لە پەرەپێدانی روانگەیەكی فیدڕاڵی متمانەپێكراو و كارا بۆ تەواوی وڵاتەكە. لە هەمان كاتدا، هەرچۆنێك بێت، تەنانەت دەوڵەتێكی كوردی بەهێز ناتوانێت تیرۆریزمی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) تێكبشكێنێت. بۆ ئەوەی ئەم كارە بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێت، ئەوا هاوپەیمانێتییەكی ئیقلیمی پێویستە، بۆ ئەوەی ئەم مەسەلە ئاڵۆز و دوور و درێژە كورت بكەینەوە.
من ئیعجابێكی قووڵم هەیە بۆ ئەو دەستكەوتانەی كورد لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا بەدەستی هێناوە. من لە خواستی بەهێزی كورد تێدەگەم بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان. لەوەش زیاتر، تەنانەت پێموایە دروستبوون و سەرهەڵدانی دەوڵەتی كوردی لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەگەرێكی بەهێز نییە. چونكە پرسیار ئەوەیە ئەم دەوڵەتە دەتوانێت ئەمنییەت بۆ كورد دەستەبەر بكات لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)؟ ئایا دەتوانێت ئاشتی دەستەبەر بكات بۆ كورد، ئەمە مایەی گومانێكی زۆرە، ئەویش بەهۆی بوونی پێكهاتەی دەسەڵاتە ئیقلیمییەكەوە كە لەئارادایە. لەوەش زیاتر، ناكۆكییە چەكدارییە بەردەوامەكان پێشمەرجێكی زۆر باش نین -بەلای كەمەوە- بۆ هاتنەئارای دیموكراسییەتێكی كارا و سەروەریی یاسا. من نیگەرانم لەوەی وەڵامەكانم بۆ پرسیارەكانی ئێوە زۆر یارمەتیدەر نەبن، بەڵام لە بورجە عاجییە ئەكادیمییەكەی خۆمەوە بەم شێوەیە لە جیهان دەڕوانم. لە كۆتاییدا ئەمە بڕیارێكە كە دەبێت سەركردایەتی كورد بیدات و لەلایەن گەلی كوردستانەوە پشتیوانی لێ بكرێت، بڕیارێك كە یەكلاكەرەوە بێت بۆ ئایندەی كۆمەڵگەكەتان- هەروەها ئەو بڕیارانەی لەلایەن -دەوڵەتە- دراوسێكانتانەوە دەدرێن. بەلای كەمەوە ئەمە ئەزموونی ئەوروپای ڕۆژئاوایە: ئاشتیەكی سەقامگیر دەرئەنجامی هاوكاریكردنە و ناكرێت تاكلایەنانە بەدەست بهێندرێت- ئەگەرچی دەكرێت ئاستێك لە ئەمنییەت بەدەست بهێندرێت بەو شێوەیە».
Top