ئەو ساتانای ناسڕێنەوە(رووەو چیا، بەرەو شۆڕش)(5)

ئەو ساتانای ناسڕێنەوە(رووەو چیا، بەرەو شۆڕش)(5)
دەبوو بۆ سبەینێ سەردانی ئەمانەتی گشتی رۆشنبیری لە ناوپردان بكەینەوە، لەگەڵ (كاك نوری وەشتی) لەوێ ئامادە بووین، بەمەبەستی وەرگرتنەوەی فەرمانە كارگێڕییەكان، چاومان بە هەڤاڵان كەوت، فەرمانی كاركردنی هەر چل هونەرمەندەكەمان پێدراو دەستنیشانی شاری قەڵادزەیان بۆ كردین، بەشە هونەرییەكانی دیكەش، هەر بەشەو بەپێی كارەكەی، بۆ نموونە، دەبوو تیپی مۆسیقای شۆڕش هەر لەو ناوچە بن، لەبەر كاری رادیۆ و بوونی ستۆدیۆ، جگە لە شێوەكاران كە دیارترین هونەرمەندانی شێوەكاری كورد بوون، ئەوەی مایەی دڵخۆشی بوو، یەكانگیریی گشتی هونەرمەندانی كوردستانی گەورە بوو، بەڕاستی شۆڕشی ئەیلوول سەلماند بوو، شۆڕشی گشت كوردستانە و سەیوانی سەرسەری هەمووانە، پاش وەرگرتنی كەلوپەلی پێویست وەك كەلوپەل و پەتۆ و ئامێری تایپ، بە من و كاك نوری سەرو تفەنگی بڕنەوی سەرتۆپیان داینێ و بەرلە خواحافیزی، گوتیان وا چاكە سەردانێكی (كاك دارا تۆفیق)یش لە ئازادی بكەن، كەلوپەلەكانمان گەیاندووە هەڤاڵە هونەرمەندەكانمان و ئاگادارمان كردنەوە كە سبەینێ هەر لە شەبەقی خوایار بێ ملی رێگای قەڵادزە ئەگرین، بەخۆمان و تفەنگەكانی شانمانەوە روومان كردە ئازادی، من بەشبەحاڵی خۆم تفەنگم بە كەرەسەیەكی رەوا ئەبینی، چ لەرووی مانەوی و چ لەلایەنی دیكەوە، پێشمەرگە واتە چەك لەشان، راستە هونەرمەند چەكی خۆی هەیە، كە هونەرەكەیەتی، بەڵام چەك ئەركی تەواو كردنی ئامانجەكەی دەگەیەنێ. لە مێژووی شۆڕشگێڕی جیهاندا، خەباتی ژێرزەمینی و نهێنی نییە، ئەوە مەگەر تەنها بۆ كاری رێكخستنی نهێنی بێ، دەنا هونەر واتە رووبەڕبوونەوەی راستەوخۆ، گەلێك نموونەی درەوشاوەمان لە مێژووی دوور و نزیكی هونەری شۆڕشگێڕیدا هەیە، بەتایبەت لە هەردوو جەنگی جیهانیدا، دژی داگیركەران و داكۆكی لەگەل و خاكەكانیان.
لەلای خۆشمان لە رۆژە نووتەك و تاریكەكاندا و لە رووبەڕووبوونەوەی ڕەشەبای وەیشوومەی ڕەشی هەڕەشەی لەناوبردنی كورددا، هەر لە سای ئەو رژێمە شەڕئەنگیزە تۆقێنەرەدا، توانرا بەتایبەت لە هونەری شانۆدا،ورەی خەڵكەكە بەرزبكاتەوە، و بەرپەرچی دڕندەكارییەكانیان بداتەوە، زیرەكانە بەو زمان و شێوازەی بەسەر سەرجەم بەربەست و سانسۆڕەكانی چاوسوری رژێمدا رابوری و بپەڕێتەوە، من زۆرجار گوتوومە لەو شۆڕشەی ئەو رۆژانەدا مایەپووچ نەبووم و هەڵنەهاتم و هەر بەرەنگار بوومەتەوە، گشت بەرهەمەكانم گەواهی زیندووی ویژدان پەروەرمن.
بەهەر حاڵ ئەوە لەوادەی خۆیدا بە كۆی بەڵگەكانەوە لەبری من ئەدوێن، هەمیشەش وتوومە، بەرهەمی هونەرمەند لە زار و زمانی هونەرمەندەكە رەوانبێژتر و جوانبێژترە و راستگۆترە.
بە دیداری (كاك دارا تۆفیق) گەیشتینەوە، پیاوێكی زیرەك و بیرتیژ و ئازام ناسی، كەتەواو شارەزای ئەركی لە ئەستۆ نراوی بوو، دەگمەن لای خۆمان سیاسیم دیوە، بەو رادەیەی لە بنەماكانی رۆشنبیری و راگەیاندن شارەزا بێ.
لە هەر باسێكەوە دەچووە سەر باسێكی دیكە، جۆرە چێژێكی تایبەتی بە بیسەر ئەبەخشی و لە هەمانكاتدا گشت باسەكانی لەناو یەك چوارچێوەی تۆكمە و توندوتۆڵدا رادەگرت.
پاش رێنماییە ورد و بەرچاو رۆشنكەرەكانی ماڵئاواییمان لێكرد و هاتینە دەرێ چاومان بەهونەرمەندی ئازیزم (زوهێر عەبدولمەسیح) كەوت و چووینە ئەو چێشتخانەیەی تایبەت بوو بە رۆشنبیری و راگەیاندن، چووین لە مام (حەنا)ی چێشتكەر چێشتمان وەرگرت و نانمان خوارد، كاتێ گەیشتینەوە بە هەڤاڵەكانمان لە گەڵاڵە كات درەنگی كردبوو، بەڵام هەمووان خۆیان ئامادە كردبوو، پێمان گوتن، سبەینێ بەر لە سپێدە بەرەو شاری قەڵادزە رێدەكەوین، ئیدی لە كات و وادەی خۆیدا، هەتا ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێل بڕی دەكرد رۆیشتین، بووین بە چەند گروپێكەوە، زۆربەی ئەندامانی تیپەكەم و كاكە (پەیمان بەگۆك) و( سوبحی كۆیی) و ژمارەیەك بووینە گروپێك، دیارە لەسەرەوە گورجوگۆڵتر بووین، پاش چەند قۆناغێك بە چەند رۆژێ گەیشتینە قەڵادزە، شەو بووینە میوانی(مامۆستا جەعفەر مەجید) گێڕانەوەی ئەو بەزم و رەزمە لە رێگادا دیبوومان، ناخۆشییەكانی بوو بوونە خۆشی و پێكەنین، راستە یادی تاڵی شیرین ئەبێ، چونكە لە كورتە تەنگانەدا دەستەو كۆڵە و كەوی نەبووین، بەیانی قاقە (كاكە مستەفا ئەحمەد) بە ئاگای هێناینەوە و چووینە بازاڕ بۆ نانخواردن، لەسەر قەراغی پیادەڕەوەكە كوڕێكی گەنج جگەری ئەفرۆشت، یەك دوو تەنەكە و تاكی كورسی دارینەی بێ پاڵپشتی دانابوو، خۆشی چوار مەشقی لەسەر پارچە مقەبایەك لێی دانیشتبوو، دیاربوو ئەمەكاری ئەو نەبوو كارامە و شارەزا نەبوو، برادەرێكمان گوتی: سەیری دەستوپلی بكەن، ئەو جگەر لێدانە یان رەحەتەلقوم، كاكە وا لێنادرێ ئەو هەر نابرژێ و هەم زەرەر ئەكەی.
كاكە مستەفا هەڵیدایێ، ئادەی هەستە ئەو شوێنەت بۆ كاكی خۆت بەجێبهێڵە، بتكەم بە قوربانی دەستوپەنجەی (ئەحەی گوڵێ) قاقە كەوتە شیش لێدان و كوڕە گەنجەكەی نارد لەو بەرەوە نانی گەرممان بۆ بێنێ، جاروبار مشتەریشی بەرێ ئەكرد، هەر لەسەر ئەو پیادەڕەوە چایخانەیەكی لێ بوو، بە خەڵوز لێنابوو، بەپێوە سەروچایمان خواردەوە و روومانكردە قایمقامییەت،(حاكم حەسەن سەید ئەحمەد) قایمقام بوو، كەسایەتییەكی هەرە قسەخۆش و خۆشەویستە، پێشوازی گەرمی لێكردین، ئەی یاخوا بەخێر بێت، جەنابی (قائم ولمەقام) فەرموو لە شوێنەكەت دانیشە (ئاماژەی بۆ كورسییەكەی خۆی كرد و ئەو لەقەمەش بۆ كەسایەتی قایمقام ئەگەڕێتەوە كە لە شانۆی (جەنابی موفەتیش)دا نواندوومە، برادەران گێڕایانەوە، گوایە لەناو پۆلیسەكاندا بۆتە مقۆمقۆ كە من قایمقامی نوێم، بۆیە كە هاتمە دەرێ بەڕێزەوە لەبەرم هەستان، ئەوەی پێویست بوو (كاك حەسەن) بۆی كردین و ئەویش ژمارەیەك بەتانی پێداین، وتمان: زۆر سوپاس چاوەڕوانی برادەرەكانمان ئەكەین ئەمڕۆ یان سبەینێ ئەگەنە ئێرە.
هاتینە دەرەوە بەرەو بەر (پانك)ەكە چووین، هەر ئەوەندەمان زانی زرمەیەك لامانەوە هەستا، پێشتر گوێم لە دەنگی وا گەورە و هەژێنەر نەبوو بوو، تۆمەس بۆمبای (ناپاڵم)ە و بە سەر ئەو شارو خەڵكەدا بەریان دایەوە. دونیا تاریك بوو، دوكەڵ پیاوی ئەخنكان، كاتێ چاوم كردەوە كەوتوومەتە ژێر جێبێكی وەستاو و خوێن لەسەرچاومەوە فیچقەی ئەكات، قەڵادزە بۆ كروزێ خوێن و لاشە باروتە، هاوار و شین و واوەیلایە، ریزە خانوو لەگەڵ شەقام و كۆڵانەكاندا یەك تەختایین، مێشكم وڕوكاسە، كاكە مستەفا هاتە ژێر باڵم و بەو كۆڵانە وێرانبووەدا گەیاندمییە دەری شارو و لەناو دەغڵێكا كە ناو قەدی بەرزبووبوویەوە لێی كەوتین و ئاوی بۆ هێنام، مزگەوت بەلاشەی قوربانیان سیخناخ بوو، بریندارەكانیشیان بەرەو شاری (سەردەشت) ئەبرد.
ئەو شوێنەی كە منی تیادا بریندار بووم بە تاك و تەرای لێ رزگار بووبوو، (پەیمان بەگۆك) كە بە دیار بەتانییەكەوە بوو، مامۆستایەكی دیبوو سەری نەمابوو، بەڵام هەر بەپێوە وەستابوو، بەتانییەكانیش لە قوربانیانەوە پێچرابوو.
براكەم شپرزەی من بوو، قوربانی بە قوربانی سەری هەڵدابوونەوە، پاشان برادەرێ پێی ئەڵێ دیوومە بریندارە، بەڵام بەپێی خۆی ئەڕۆیشت لەگەڵ كاك مستەفادایە، بەرەو دەری شار ئەچوون، درەنگ وەختانێ گەیشتە لامان، وتی: پێویست بەوێ ناكات، گوێدرێژێكی بەكرێ گرت و سواری بووم بەرەو (نورەدین) واتە دۆڵی (سفرە و و زەروون) تاریكی كردبوو، لە دۆڵەكەوە وتیان ئا ئەوە گوندەكەیە، من چەند ئەستێرەیەكم دی، بە بەرۆكی ئاسمانی ئەو شەوەوە، وتیان: ئەوە ئەستێرە نییە، ئەوە چرای ماڵانی گوندەكەیە.
نەخێر بە شەڕەشەق بەو كەژەدا هەڵزناین، گەیشتینە بەردەم مزگەوتێكی كۆن لەبەردەمیا حەوزێكی ئاوی ساردو سازگار تاقەتاقی بوو، دەموچاوم بە دوو سێ جامدانی هەڵپێچرابوو، دەماغم كردبوو هەر ئەتگوت بۆ بڕینی كووڕە مێش هەنگوین ئەچم.
كاك (حاجی محەمەد سەرداری) برام كەوتە سۆراغی پەیداكردنی كاسەیەك دۆشاوی ترێ، بۆ ئەوەی خوێنم بە بەردا بێتەوە، ئەوە ناوچەیەش پیشەی سەرەكیان رەزوانییە، بۆیە بەنامێیە بە ترێ و دۆشاو و مێوژ، هێندەی نەبرد بەكاسەیەكی لێوان لێوی دۆشاوی خەست و خۆڵەوە هاتەوە و كاسەیەكیش لەو ئاوە ساردەی حەوزەكەی بۆ هێنام، چونكە برسیم بوو جگە لەوەی خوێنێكی زۆرم لەبەر رۆیبوو، خێرا نام بەسەرمەوە و چۆڕم لێ بڕی و ئەوسا بینمگرت بە ئاوەكەوە و هێندەی نەبرد ئاخم پێدا هاتەوە و بەرچاوم رۆشن بوویەوە و كەوتمە چاوگێڕان بە ژووری مزگەوتەكەدا، شمشێرێكی ژەنگگرتووی گەورەی كۆن بە گورگەی دارەرا راگرەكەدا شۆڕبووبوویەوە، لەسەر رەفەیەكی دارین قورئانێكی بەرگ چەرمین و یەك دوانی لەناو چیتێكی سەوز رەنگ نرابوو، چرایەكی دیواربەند قوتیلەیەك لەبەر دەرگاكە، زۆپایەكی داری زەبەلاح هەموانی لەخۆی گردكردبوویەوە.
هەستام و چوومە بەر حەوزەكە جامانەكەم لەسەرچاوم كردەوە یەك دوو مشت ئاوم شڵپ و هوور بەدەموچاوما ئەكرد، ئەوسا هەستامەوە پڕ بە سینەم هەوای سازگاری ئەو سەرچیا و نەوبەهاریەم هەڵمژی، ئای چی لەوە چێژبەخشترە، بە سەری بەرزەوە و لە دۆندی چیایەكی هەور بەجێبهێڵە و چەك بە شانەوە و هونەرمەندی كورد بێ خۆشتر هەیە، ئەوپەڕی دەماغ بەرزی و شا بە سەپان راناگرێ.


مانگانە بۆ گوڵان دەینووسێت
Top