(رووەو چیا، بەرەو شۆڕش)(4)
November 2, 2014
وتار و بیروڕا
هەموومان بە دڵێكی لێوان لێوی كەف و كوڵ و جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕییەوە بەرەو ناوپردان چووین، بارەگای ئەمانەتی گشتی رۆشنبیری و لاوان بوو، چەند ژوورێكی ساكار و ژمارەیەك خێوەتی بەمبەر و ئەو بەردا، بایەكی گوێتەزێن و خوڕەخوڕ و قەڵبەز و تاقە تای ئاو چەمەكە و بنیراوی بەردەوامی پێشمەرگە و چەك و چیا و ئاخافتنی سەرجەم دەڤەرەكانی كوردستانی یەكپارچەی لە كەشی شۆڕشی مان یان نەمانی بارزانی باوكی كوردا نەخاشاندبوو.
بە گەیشتنمان دەستەملانی و گەشاندنەوەی روخساری هونەرمەندان بوو.
پێشوازییەكی گەرممان لێكرا و، لەبەر خنجیلانەیی ژوورەكان، تەنها داوای چوونە ژوورەوەی سەرۆكی گرووپ و تیپەكانیان لێكردین، شەهیدی نەمر كاكە(دارا توفیق) بە دڵ و گیان بەخیرهاتنێكی وەهای لێكردین، گشت ماندووبوون و هەڵبەزە و دابەزەی ئەو رێگە دوور و درێژ و سەختەی لە بیر بردینەوە.
بەپێی پێكهاتەی ئەو حكومەتەی شۆڕش، ئێمە خراینە سەر بەشی رۆشنبیری و هونەر، واتە هەر چۆن تیپی مۆسیقای شۆڕش، ئێمەش گرووپی شانۆ و سینەما، هەروەها گرووپی شێوەكار تیپی هەبوون، كە خوالێخوشبوو كاكە(تەلعەت نادر) بەرپرسی بوو، هەروەها (كاكە مەم و مەخری بۆتانی) راستەوخۆ سەرپەرشتی دەكردین.
سەرجەم ناوەكانیان تۆماركرد و هەر یەكەش بەپێی كار و پیشەیان بڕوانامەی خوێندنی مووچەی بۆ دەستنیشانكرا و دەسبەجێ باخەڵیان گەرمكردینەوە. ئەو سێ چوار كەسەی سەرۆكایەتی تپیەكانمان ئەكرد، سەرەتا یەكێ تفەنگێكی(غەدارە)ـەو چەند پاكەتێ فیشەكیان داینێ، پاشان بۆم دەركەوت ئەو جۆرە چەكە لەلای خەڵكەكە مایەی مەترسی بوو، گوایە بەر هەر شتێ بكەوێ، ئەو سی فیشەكەی ئەتەقێنێ، بەش بە حاڵی خۆم لەو بڕوایەدا نەبووم، بەڵام پاش ئەوەی لەگەڵ كاك(نوری وەشتی) و كاك(عومەری عەلی ئەمین) .. سەردانی زانای كورد(د. كەمال مەزهەر)مان لە ئازادی كرد، لە گەڕانەوەدا لامان دایە چایخانەیەك، هەر كە دانیشتین، هێشتا داوای دیشلەمەیەكم نەكرد بوو، یەك دوانێ هاواریان كرد:
مامۆستاگیان چاكییەك بكەو لوولەی ئەو دەعبایە بكەرە دیوارەكە، مەترسیدارە هاكە ریزی لێكردین.
: كاكە ئەوە ئامانی نییە.
: میسرییە، ئاخر میسر و تفەنگ كوجا مەرحەبا -
: بەخوا ئەو میسرە، هەر خوا دایناوە بۆ راقیسە و ماقیسە..
ناچار هاتمەوە قسە و خۆم پێ نەگیرا: براینە خواتان بێ ئێوە، هیچتان تیا نەهێشتەوە، میسر قیبلەگای رۆشنبیری و زانستی وڵاتانی عەرەبە و شوێنی مەزنە ئەدیبان و هونەرمەندانە.
لە گەرمەی ئەم چەندو چوونانەدا بووین، زرمەی ناپاڵم هەستا، دنیای كردە دۆزەخ! و بوو بەهەرا.
: خۆتان بگەیێننە كونە تەیارەكە.
: ئەو رۆژانە ئەگەر بوردوومانی رادیۆكە نەكا خوا ئەیگرێ.
: ئەی بە قوربانی دەستتان بم پێشمەرگەكانی سەر تۆپە تەیارە شكێنەكان، چاكیان هەڵبڕی، ئەو ئاسمانە بێ سەر و سەرحەدەیان لێكردە كونەمشك، چەرمە چوولەكە.
: ئەوە تەیارەی سۆخۆی رووسیە.
: كاشكای سۆڤیەتیش لە بری ئەو فڕۆكە جەنگییانە راقیسەی بناردایە.
هێندەی نەبرد، هەموو شتێ ئاسایی بووەوە، هەروەك هیچ لە گۆڕێ نەبووبێ، كابرای چایچیش رادیۆیەكی بەلای گۆێیەوە نابوو، بە زەمق و هەمە جۆر شت پێنەوە پەڕووی كردبوو، چەند هەنگاوێ لە ئێمە دوور كەوتبوەوە پەرۆشی هەواڵی رادیۆكە بوو.
: چاك ئەم هانی هاتییە سەگ بابە لێمان بۆتە بەڵا و دڕكی مەم و زین.
لە نزیك چایخانەكەوە جێبێكی سەوز بۆ نەفەر وەستاوە، خێرا هەتا جێگەیان نەگرتووین تیادا قیت بووینەوە، لە رێگە لەولا ناوپرادنەوە ئەوەی باری سەرنجی راكێشاین ئەو وێنەیەی بارزانی نەمر بوو، كە برادەرێكمان بە قەوارەیەكی گەورە كردبووی، نەمابوو، ناچار كەوتینە پرسیار: ئەرێ هەڤاڵ ئەو وێنەیە جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ نەماوە؟!
وەڵڵا بەر لەو برادەرێ هاتە وەرام: ئەوەی من ئاگادار بووم جەنابی بارزانی لێرەو بە سواری جێب قەمەرەكەیەوە تێدەپەڕی، كە وێنەكەی بینی، زۆر تووڕە و گرژ بوو، بە پێشمەرگەكانی فەرموو: هەر ئێستا لایدەن و مەیهێڵن، هەتا خوارەوە دەچم و ئەگەڕێمەوە، خوام لەو خوایەی ئەو وێنەیە مابێ، بۆ وێنەی من هەڵئەواسن، تەنها و تەنها پێشمەرگە شایستەی شكۆمەندی و بەرزنرخاندنە، من هیچم لەو هەزارەها پێشمەرگەیە زیاتر نییە، دەستبەجێ ئەو رووداوە و هەڵوێستێكی لەو شێوە خۆنەویستییەی بارزانی نەمرم بۆ هەڤاڵەكانم گێڕایەوە:
پاش شۆڕشی(14)ی گەلاوێژ، رێگەدرا بارزانی نەمر لە یەكێتی سۆڤیەتی بگەڕێتەوە كوردستان، نەك تەنها كورد و كوردستان، بگرە سەراپای عێراق لە خوار بەسرەوە هەتا ئەمسەر و ئەوسەری وڵات بە جۆش و گوشادییەوە لە پێشوازی، قارەمانی سەربەرزی گەلەكەماندا بوون، پاش داب و نەریتی بە خێرهاتنەوە و پەیمان نوێكردنەوە بۆی، كە شوێنی حەوانەوەی لە هوتێل(سندباد)ی سەر شەقامی(ئەلڕەشید)ی بەغدا بوو، سەردانی شارەكانی كوردستانی كرد، كاتێ بەرەو شاری سێلمانی هات، بڕواناكەم كەسێ لە ناوشارا مابێ، هەمووان رێگەی شاریان تەنی بوو. ئەو دەمە لە خوار بارەگای لقی(4) ، (پ.د.ك) چۆڵەوانی بوو، ئێمە لەو بۆنەیەدا كە ساڵی (1959) بوو، كوڕوكاڵی گەڕەكی چوارباغ گەیشتبووینە گردەكەی ماڵی(پارێزگار) كە ئەوسا تەنها دارستان بوو، لە نێوان تەوژم و شەپۆلی وتنەوە(بابی كوردانە بارزانی) گەیشتە ماڵی خوالێخۆشبوو(شێخ لەتیف حەفید) كە دۆستایەتییان لە سەردەمی شێخی نەمرەوە گیانی بە گیانی بوو. دەستە دەستە نوێنەرانی رێكخراو و پیشەو پێكهاتەكانی شار دەچوونە خزمەتی، ئەوەی بەرپرسی رێوڕەسمی پێشوازییەكە بوو، هونەرمەند(شێخ مستەفا بەرزنجی) دەست زێڕین بوو، بۆ دەربڕینی ئەو گشت هەستە خۆشەویستییە، پەیكەرێكی جوانی كەللە سەری بارزانی نەمری كردبوو، بردییە خزمەتی، بارزانی نەمر وەریگرت و دای بە زەویدا و بەهەمان شێوەزار فەرمووی: من پەیكەرم ناوێ، بۆ ئەوەی بكەن گیانی كردۆتە قوربانی سەرفرازی گەلەكەی.
سەبارەت بە بڕیارەكانی كاركردنمان و جێگەو رێگە و پێداویستییەكانم دەبوو سەردانی هەڤاڵان بكەینەوە، بۆیە جارێكی دیكە گەڕاینەوە ناوپردان.
بارەكە ئاسایی نەبوو، هەر لە سەر ئەو راستەو رێگەیەی تەنیشت بارەگای راگەیاندن، شوفێری ئەو جێبە ئەمریكییەیان كوشتبوو، كە رۆژێ لەوەو بەر ئێمەی گەیاندبوو، خێرا بكوژەكەیان باڵبەست كرد و بە سەرپەرشتی پێشمەرگەی هەرە ئازا(عەریف حەمید) لێكۆڵینەوە لەسەر رووداوەكە كرا، زانرا ئەمە بەری ساڵەهایە و منداڵێكی خزمی بكوژەكە ئۆتۆمبێلی، ئەم شوفێرە شێلاویەتی، پاش ئەوەی بە رێكەوتنی عەشایەری هیچیان لە نێواندا نەماوە، بكوژ دەرفەتی هێناوە، لەو شوێنە گرنگەدا و بە بەرچاوی دەیان پێشمەرگەوە، ئەو تاوانەی كردووە، گوایە(شاری بێ حاكمە)، بەڵام دەستبەجێ كە هێشتا خوێنی قوربانییەكە وشك نەبووبووەوە، بە بەرچاوی هەمووانەوە بە سزای رەوای گەیێنرا. ئەمە بووە باشترین وانە بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵكی، كە شۆڕش ناهێڵێ و هەقی كەس بەسەر كەسەوە بڕوات، یەكێ لە هۆكارەكانی توند و تۆڵی و هێز و گوڕی شۆڕشی ئەیلوول، ئەو دەزگا هۆشیار و بەئاگایە بوو، كە هەمیشە ئێشكچی سەر و ماڵی گەلەكە بوو، بۆیە ئەگەر لەسەر رێگەدا زێڕ هەڵڕێژدرایە، كەس بیری لە بردنی نەدەكردەوە.
وابزانم زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم شۆڕشی ئەیلوول مەزنترین قوتابخانەی دادانی رەوشتی گیانبەخشانی كوردستان بوو.
لە دیدارێكی شەهید مامۆستا(سامی عەبدولڕەحمان)دا كە گفتوگۆمان لەسەر ئەو رەوشتبەرزییەی پێشمەرگە ئەكرد، گێڕایەوە: جارێك دەستەیەك پێشمەرگە لە كاتی ئەنجامدانی ئەركێكا بە رێكەوت بەلای چەمێكا رادەبوورن، لەو دەمەدا چەند ئافرەت خۆیان دەشۆن، یەكێ لە كیژەكان هاوار دەكات: ئەو پیاوانە هاتن، دایكێكیان ئارامیان دەكاتەوەو دەڵێ: مەپەشۆكن، ئەوانە برا و كوڕەكانمانن، ئەوانە پێشمەرگەی بارزانین.
بەڵێ بارزانی نەمر كوردستانی كردبووە یەك خێزان، بەخۆڕایی ناڵێین شۆڕشی ئەیلوول تاجی شانازی شۆڕشی ئازادیخوازییە.