لەبەرچی داعش چەكێكی زۆری مۆدێرنی لەبەر دەستە؟

لەبەرچی داعش چەكێكی زۆری مۆدێرنی لەبەر دەستە؟
یەكێك لە دیاردە و ڕۆاڵەتە هەرە دیارەكانی هەڵكشانی شەڕ لە عیراقدا، بریتییە لەو خێرایی و ماوە كورتەی كە داعش تێیدا توانیویەتی لە عیراق و سووریادا پانتاییەكی بەربڵاوی خاك كۆنترۆڵ بكات. مایەی سەرسوڕمانێكی زۆر سەیرە، گرووپێكی توندڕەوی ئایینی كە لە كەسانێكی ئەتنیی تێكەڵ و پێكەڵ پێك هات بن، وا بە خێرایی بە سەر سوپایەكی وەك سوپای عیراقدا زاڵ بن! بە مەرجێك ئەم سوپایە لە لایەن ئەمەریكاوە هەم مەشقی پێ كراوە، هەمیش چەك و جبەخانەی پێ دراوە. ڕۆژانە لە وێنەی ڤیدیۆییەوە ئەو ڕاستییە ڕوونتر دەسەلمێت، كە داعش زۆر چەكی مۆدێرنیان بە دەستەوەیە، كاریگەرێتیی ئەم چەك و كەلوپەلە سەربازییەش لەو كاتەدا بەدەركەوت، كە داعش ئاراستەی هێرشی خۆی بۆ سەر پێشمەرگەی كوردستان چڕ كردەوە.
پرسیار لەوەدایە، چۆن ئەو یاخییانە هێزێكی زەبەلاحی ئاگرینیان لە ماوەیەكی كەمدا كەوتە دەست؟ بەرپرسانی خۆرئاوایی پێداگیری لە سەر ئەو ڕاستییە دەكەن، كە داعش لەو كاتەدا چەكیان كەوتووەتە بەر دەست، كە هێزی سەر بە حكوومەتی بەغدا بە شێوازێكی چاوەڕوان نەكراو كەوتە بەر شاڵاوی ترس و تۆقینەوە، هەموو پێگەكانی خۆی، بە تایبەت ئەوانەی دەكەوتنە دەوروپشتی مووسڵ، چۆڵ كرد و داعشیش دەستی بە سەریاندا گرت. بێگومان ئەوە سەرەكیترین سەرچاوەی بنەڕەتی بەدەست هێنانی چەكی تیرۆریستانە، كە هەموو سیاسەت داڕێژەرانی ئەمەریكای نیگەران كردووە، چونكە زۆربەی ئەو كەلوپەلە سەربازییەی درابووە حكوومەتەكەی نووری مالیكی، لە لایەن ئەمەریكاوە دابین كرا بوون، ئێستاش ئیدارەی ئۆباما بە نیگەرانی و ترسەوە دەڕوانێتە ئەو چەكە ئەمەریكیانەی بوونەتە پاڵپشت بۆ بەهێز كردنی دڵڕەقترین ڕێكخراوی تیرۆریستی لە دنیادا.
ڕوونكردنەوەی بەرپرسان سەبارەت بە هۆكاری زۆر و زەوەندیی جبەخانەكەی داعش، وەك گوتم لەبەر ئەو چەكانەیە كە لە پاش سوپای عیراق بەجێ هێڵدران و توانای شەڕكەرانی داعشیان زیاتر كردووە، بە تەنیا هۆكاری بەهێز بوونی ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستییەش ئەو چەكانە نەبوو، بەڵكوو دابین كردنی ئەو پارە و كەلوپەلانەشە كە سعوودیە و قەتەر بۆ هۆزەكانی عەرەبی سوننەیان ناردووە. هەندێك لەو لایەنانە بوونەتە هاوپەیمانی داعش، لەوەش زیاتر ئەو دوو حكوومەتە هاوشانی توركیا، هەر بە ئاشكرا هاریكاریی سەربازیانەی ئۆپۆزسیۆنی سووریایان دەكرد، لە پێناو ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد كاریان دەكرد. هەروەها هەوڵەكانی واشنتن و وڵاتانی دی بۆ ئەوەی یاخییانی سووریا بە میانڕەو و عەلمانی دابڕێژنەوە، لە كاتێكدا تەنیا و تەنیا چەند بەرهەڵستكارێك ئەم ناساندنەیان بە سەردا دەچەسپا، دواتریش ئەوە ڕوون بووەوە كە بەشی هەرە زۆری باڵادەستانی نێو لایەنەكانی دژ بە ئەسەد، توندڕەوانی ئیسلامی بوون، كە ئامانجیان زاڵ بوونە بە سەر كورد و عەلەوی و مەسیحی و كەمینەی دیكەی نەتەوەییدا. لەم لاشەوە هەندێك لە هۆزەكانی سوننەی عەرەبی عیراق چوونەتە بن ڕەشماڵی داعشەوە، پێكەوە هەڕەشەی دروست كردنی خەلافەتێكی توندڕەوانە دەكەن.
ئەم پەرەسەندنە خێرایانەی ئەم دواییە، بە تەواوی واشنتن و هاوپەیمانانی لە ناتۆ سەغڵەت كردووە، كە پێشتر زۆر ساویلكانە و بە ڕۆمانسیانەوە باسیان لە یاخییانی سووریا دەكرد، لە ڕاستیشدا هەر سێ وڵاتی سعوودیە و قەتەر و توركیا، ئەو سێكوچكە تەنیایە نەبوون كە هاریكارییان بۆ یاخییانی سووریا دەنارد، دواتر ئەمەریكاش هەمان سیناریۆی دووپات كردەوە و بە خراپی بە سەریدا شكایەوە، چونكە بووە هۆی بەهێز كردنی داعش، ئێستاش داعش هەڕەشەیە نەك تەنیا بۆ ڕژێمەكەی ئەسەد، بەڵكوو بۆ حكوومەتی بەغدا و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەڕەشەیە، ئەگەرچی حكوومەتەكەی مالیكی بە ڕواڵەت دیموكرات و لایەنگری ڕۆژئاوا بوو، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە دڵنیاییەوە لایەنگری ڕۆژئاوایە، یەكێكە لە هاوپەیمانانی سەرەكی لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە جیهاندا.
پێویستە شكستێكی سیاسیی لەم چەشنە ببێتە زەنگێكی هۆشیار كردنەوە بۆ سەركردەكانی ئەمەریكا، ئەوانەیان بە فیز و لووت بەرزییەوە باوەڕیان بەوە بوو، كە لە توانادایە كەسانی لایەنگر بە خۆیان لە وڵاتانی دیكەدا هەڵبژێرن و لە سەر هێڵ بیانهێڵنەوە، هەڵكشانی داعش بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگرە سەبارەت بەوەی چۆن پشتیوانییەكانی ئەمریكا لە جێی خۆیاندا نەبوون، دەرەنجامی پێچەوانەی لێ كەوتەوە دژ بە بەرژەوەندییەكانی ڕۆژئاوا.
ئەوەتا یاخییانی سووریا و هاوپشتانیان لە سعوودیە و قەتەر و توركیاوە، سەركەوتووانە بەرپرسانی ساویلكەی ئەمریكاییان چەواشە كرد، ئێستا لایەنانی هاوسۆزی ئەمەریكا، كە هاوسۆزن لەگەڵ دیموكراتیەت لە كوردستان و بەشەكانی دیكەی عیراقدا، كەوتوونەتە بەر شاڵاوی مەترسییەكانی داعشەوە، باجێكی گرانی هەڵە كوشندەكانی واشنتن دەدەن.
* تۆژەری باڵا و جێگری سەرۆكی پرۆگرامەكانی ئامۆژگای كاتۆ و نووسەری گۆڤاری (زە ناشناڵ ئینتریست) و (وەرزنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و (گۆڤاری گوڵان).
Top