ستراتیژیەتی دروست كردنی سوپاو پۆلیس لە كوردستاندا

ستراتیژیەتی دروست كردنی سوپاو پۆلیس لە كوردستاندا
لە دێرین زەمانەوەو لە ژێر ڕۆشنایی سروشتی ململانێی چەكدارییەوە فكری ستراتیژی هاتۆتە ئاراوە، گەشەسەندن و پشتپێبەستنی ئەم ستراتیژیەتە پێ بە پێی پەرەسەندنی توانا سەربازییەكان و فراژی بوونی ئەو هێزانەیە كە لەسەری بڕیاردەرن، یان بە پێی ئەو ئامانجانەیە كە لە پێناوی پلانداڕشتن و كاروباری جەنگیدا داڕێژرابوونەوە، جیاوازییەكی جۆرایەتی و گەوهەریانە هەیە لە نێوان جەنگەكانی تیرەگەری و پارتیزانی ناو گوندان و شارەكان لە لایەك و ئەوانەشی كە لە نێوان ئیمپراتۆریەتەكان ودەوڵەتانی هاوچەرخدا دەكەونەوە..
جیاوازیەكان بە سانایی هەستیان پێدەكرێت چ لەو پلانانەی لە فكری سەربازییانەی خاكڕاوە دروست دەبن چ لەوانەی لە هەناوی فەلسەفەی گشتگیرو قووڵەوە سەرچاوە دەگرن كە ئەمانەش پێكڕا لە كۆی بەرهەمی عەقڵی زانستانەی مرۆڤایەتی سوودمەندبوون، لێرەدا ئەوە وەبیردێنینەوە فیكری ستراتیژی لە باوەشی ئەو عەقڵانەوە لەدایك بووە كە شەڕو جەنگەكانیان بەڕێوەبردووە، باشە لەمانەوە ئێمە بۆ بونیادنانی دامودەزگایەكی كوردستانیانە بە گشتی و سەربازییانە بە دیاریكراویی چۆن بتوانین سوودێك بگەیەنین یان سوود وەربگرین لەو میراتە لە مێژینەی كە وەك پێشتر باسمان كردن..
ئێستا لەگەڵ سروشتی قۆناغبەندێكدا ڕووبەڕووبووینەتەوە كە ئامانجەكانی وێستای خۆی دەسەپێنێت، ئەویش لە چوارچێوەی كاروانێكدایە كە بۆ ئاسۆیەكی دوور دەڕوانێت، چار نییە ئەو ئاسۆیە هەر دەردەكەوێت، بە دەركەوتنی ئاسۆكەش لە قۆناغێكدا كۆمەڵێك خاڵ تۆمار دەبن كە بریتین لەمانەی خوارەوە:
1ـ شێوازی فیدراڵیەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقیدا مۆدێلێكی ئاشكرایە بۆ سەربەخۆیی بوونی هەرێمێك، كە ئەم شێوازەی هەرێمی كوردستانیش داخوازی هەموو بەشەكانی تری كوردستانی پەرت پەرتكراوە، بەش بەشكردنی كوردستان بە پێی ڕێكەوتنامەكانی نێودەوڵەتیە مێژووەكە بووە، ئەم پەرت پەرتبوونەی كوردستانیش لای هەمووان دیارە.
2ـ هەبوونی هێزی سەربازی و ئاسایشی دەوڵەمەند بە ئەزموونی كردارەكیانە لە ژێر سایەی فیكری سیاسی خەباتگێڕانەی پابەندبوو بە بەها باڵاكانی گەلی كوردستان و داخوازییەكانیەوە، ئاماژە بە هێزەكانی پێشمەرگەو دەزگاكانی ئاسایش تاد..
3ـ هەبوونی دۆخێكی گشتی ئاڵۆز كە ململانێی هەرێمایەتی تێكچڕژاوی ئاڵۆز پێكهێنەرێتی، لەم دۆخەشدا بەرژەوەندییەكانی هەرێمیی دیاریكراوو هەڕەشەكانی تیرۆریزمانی لۆكاڵی و نێودەوڵەتی هەمیشە تارمایین بەسەرییەوە بۆ تێكدانی سەقامگیری كوردستان..
4ـ بە بەردەوام هەبوونی كەلتوورێكی سیاسیانەی شۆڤێنیستانەی عەرەبی كە بە فەلسەفەی سەركێشیی و كەللەڕەقی دوژمنكارانە باركراوە، لەوەش دوورتر هەبوونی تاقم و ڕێكخراوی سەربازیانەی فەرمی و نافەرمی لە دەوروبەری هەرێم بە دەست كەسانێكەوە كە ئامانجی دوژمنكارانەیان دژ بە كوردستان هەیە..
5ـ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هێشتا كار بەو ڕێكەوتننامانە دەكرێت كە بە هۆیەوە كوردستان دابەش كراوە تا سەربەخۆ نەبێت، لە بەرانبەریشدا هەندێ گۆڕانكاری لە سیاسەتی نێودەوڵەتی هاتۆتە ئاراوە كە لە بەرژەوەندی داخوازییەكان و خەون و ئاوات و مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كوردایە، ئەوەش لەسەر ئاستێكی نێونەتەوەیی و میللی فەرمیانە ڕێكخراوە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەیی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكاندا..
هاتنەپێشەوەی ئەو بارودۆخانەی لە خاڵەكانی پێشوودا ئاماژەیانم پێدا پێویستی بە وەرگرتنی هەڵوێست و پلانی ستراتیژییە بە شێوەیەك كە خزمەت بە داخوازییەكانی كوردستان بگەیەنێت و بە باشترین شێواز ئەرك و كاروبارەكانی ڕێكبخاتەوە، بۆیە پێویستە ئاوڕ بدرێتەوە لەم خاڵانەو لە چوارچێوەی دروستكردنی دوو دەزگای سەربازیی و ئاساییشیدا بەم حەقیقەتانە بگەین:
1ـ بەردەوامیدان بە كاروانی پێشكەوتن لە بونیادنانی سوپاو پۆلیس و هەواڵگریدا بە ڕێگەی بونیادگەرانەی هاوچەرخ كە بگونجێت لەگەڵ پلانەكانی دامەزراندنی دەزگای دەوڵەتیانەی مەدەنیی ئازاددا..
2ـ توندوتۆڵكردنی پێوەندییەكان بەم دەزگایانەوە لەسەر ئاستی فیدراڵیی عیراقیی و هەروەها لەسەر ئاستی دەرەكی بە شێوەی گونجاو..
3ـ نەخشەكێشانی بەشداریكردن لە هەر چالاكیەكی ناوخۆیی و دەرەكیدا بە پێی داواكارییەكانی قۆناغەكە بە شێوەیەك خزمەت بگەیەنێت بە داهاتوو هەروەها بە سروشتی پرسیارەكان و داخوازیەكانی ئایندەوە
دەست دەكەین بە چارەسەركردنی ئەم سێ تەوەرە و لەو ئەركە هەنووكەیی و ستراتیژیانە دەپرسینەوە كە لە ناوخۆو دەرەوەدا پێشمەرگەو ئاسایش لەسەر شانیانە بیگرنە ئەستۆ:
جیاوازییەكی سەربازیانەی زۆر هەیە لە نێوان شەڕەكانی یاخیگەری پارتیزانانەو بزاوتە ڕزگاریخوازانەكان و جەنگە تەقلیدیەكان، هاوكات ئاماژەش دەدەین بەوەی كە جەنگەكانی سوپا فەرمیەكان دەكرێت لە ئەزموونەكانی خەباتی چەكداری میللی وەك ئەوەی پێشمەرگە ئەنجامی دەدا، سوودمەند بێت..
لەمەوە جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەركە ڕاستەوخۆكان كە لە ناواخندا كۆدەبێتەوە لە دوو ئەركی هەنووكەیدا:
پارێزگاری كردن لە سنوورەكان لە چوارچێوەی هەبوونی قەوارەی فیدراڵی و هەروەها پاراستنی ئاسایشی گشتی و دابینكردنی تواناكانی خۆپاراستن پێش چارەسەركردن، ئەركی یەكەمیان بە هێزەكانی پێشمەرگە دەسپێردرێت ئەو ڕاسپاردانەش بە شێوازێكی دەستوورییانەی عیراقیی و بڕیاریی كوردستانیەوە پابەند دەكرێت بە بەرگریلێكردنی و چەسپاندنی و بەرجەستەكردنی بۆ پیادەكردن لەم قۆناغەدا وەك زامنبوون و ئامادەسازیەك بۆ دروست بوونی ئەو دۆخەی لە ئایندەیەكی دووردا دروست دەبێت، ئەوەش بە هەردوو جۆری ئەركە سەربازییەكانیەوە چ ئەوەیان كە تایبەتە بە پاسەوانی سنوورە نێودەوڵەتیەكانی هەرێم هاوسنوور بە ئێران و توركیاو سووریاوە، یان ئەوەیان كە پێوەندی بە كۆنترۆڵكردنی دۆخی ناوچە هەڵایساوەكانی كە بە پێی مادەی 140ی دەستوور دیاریكراون و لە لایەن سەركردایەتی كوردەوە ناویان لێ نراوە ناوچەكوردستانیەكانی دەرەوەی هەەرێمی كوردستان..
ئەمەی پێوەندی بە دۆخی سنوورە دەوڵەتیەكانەوەیە پێویستی بە ڕێكخستنی سیاسیانەو دبلۆماسیانە هەیە تا پێوەندییەكانی پێكەوژیانی ئاشتیانە لەگەڵ ئەوانی تردا بە شێوەیەك بێت هەموو لایەك هاوكاری یەكتر بن بۆ نەبەزاندنی سنوورەكان لە لایەن هێزەكانی تیرۆریزمی جیهانی و لۆكاڵی ئەمەش بە ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی و بە پێی نەخشەی جیۆگرافیانە دەپارێزرێت و دەشكرێت توانای شاندە دیبلۆماسیە هاوبەشە فیدرالیەكان لەسەر ئاستی عیراق وەبەرهەمبهێنرێت تا ئەو وێنە فەرمیانەی دۆخی ناو مەیدانەكان بە تایبەتی جووڵەپێكردنی سەربازییانەی دەوڵەتانی دەوروبەر بە وێنەوە بگەیەنرێن بە ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و بڕیاری ئەوانیش ببنە مەسیجی ڕاستەوخۆ بۆ سەقامگیری ناوچەكە، هێزەكانی پێشمەرگە پێویستیان بەو ئاڕاستە دیبلۆماسی و سیاسیانە هەیە تا قووڵایی و ڕەهەندی زیاتر بدەن بە توانای مەشق پێكردن و چەكداركردنی چاوەڕوانكراوی هاوشان بە كاروباری هاریكاری سەربازی و دواتر ڕێككەوتننامە چاوەڕوانكراوەكانی داهاتوو..
لەم بارەیەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كوردستانیی پێویستیەكە زۆر گرنگە پەرەبسێنێت و دەسەڵاتە باڵاكانی بە پێی لێكۆڵینەوەی زانستانەی پسپۆران دیاری بكرێت و بە دامودەزگاییكردنی كارەكانی بە هەند وەربگیرێت و لە ڕووی فیدراڵیەتی نیشتمانی و پێوەندی نێودەوڵەتی دەرەكیەوە ئەركەكانی ڕاپەڕێنێت، كەواتە پێویستە بودجەیەكی سەربەخۆ تەرخان بكرێت بۆ چالاكیەكانی مەشق و ڕاهێنان لە لایەك و چەكداركردنی گونجاو بۆ ئەو ئەركانەی پێی ڕادەسپێردرێت..
ئەم ئەركە ستراتیژیانە بڕوایەكی سەربازیانەی دەوێت، بە مروونەتێكەوە ستراتیژ بۆ ئەو بڕوایە دابین بكرێت تا پێشمەرگەی كوردستان بتوانێت ڕابهێنرێت لەگەڵ چەكە هەمەجۆرەكان هەروەها خۆی ڕابێنێت لەگەڵ هاریكاری سەربازییانەی قۆناغەكەداو خۆی بە دووریش ڕابگرێت لەو زەمینلەرزانەی عیراقی فیدراڵی تووشی دێت بە تایبەتی خۆلادانی پێشمەرگە لەو هەڵوێستانەی شۆڤینیانە سەبارەت بە كوردستان دەدرێن. ئەم شێوە مروونەتە لەسەر ئاستی سیاسی كۆدەنگیەكی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی بەلای بەرژەوەندی كوردا ڕادەكێشێت، كەواتە گرنگە شێوازەكانی خولی مەشقی سەربازی و بابەتەكانی پەرەپێبدرێت لە ژێر تیشكی ئەو ڕۆڵەی كوردستان لەسەر ئاستەكانی لۆكاڵی و عیراقیی و هەرێمایەتی دەیگێڕێت، كە ڕۆڵێكە دەتوانرێت زەمینەی بۆ بسازێنرێت لە ڕێی بەستنی ڕێككەوتننامەی گونجاو لەو پێناوەدا..
كۆی ئەركە ناوخۆییەكان بریتین لە بەهێزكردنی ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی هاووڵاتیان لە گۆشەیەكی سەرەكی و زیندووە، ئاساییە كە پێویستە هاوبارگەبوونی نێوان دەزگاكانی میری و تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری بناغەیەكی پتەوبێت بۆ سەركەوتنی هەر پرۆژەیەك كە بە هۆیەوە مێژووی هێزە خەباتگڕە سیاسیەكان و هێزی جەماوەر لە بۆتەیدا كۆدەكاتەوە، چونكە شێوازی كلاسیكی لەبەر ڕۆشنایی وەرچەرخانە جۆرییەكانی كاروباری نێودەوڵەتی بۆ ئەم پرۆژانە دەست نادات، بەڵكو پێویستە بەهۆی شاندەكانی لێكۆڵینەوەو مەشقەوە بە مەبەستی پەرەپێدان ڕێی تازەش بەكاربهێنرێن..
گرنگە بە پێی ئەم ئامانجە دامودەزگای تایبەتمەند پێشبخرێت و لە ڕووی جۆرییەوە تازەبكرێنەوە تا لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەمدا بگونجێن، ئەگەر وا نەبێت سەربەخۆیی كوردستان دەكەوێتە بەر هەڕەشەو هەلی بۆ ڕەخساوی خۆی لەدەست دەدات، لای هەمووان زانراوە كە ئاسایشی هەر هەرێم و دەوڵەتێك زەمینەیەكی سەقامگیربوونی گونجاوە بۆ پەرەپێدانی گشتگیرانە..
لە پێناوی دەسەبەركردنی هەبوونێكی بونیادگەرییانەی ستراتیژی بۆ پێشمەرگە تا ببێتە سوپایەكی نیشتمانی بۆ داهاتووی كوردستان پێویستە ئەم ئومێدانە بهێنرێنە دی:
1ـ دۆزینەوەی بودجەی تایبەت و دامەزراندنی پرۆژەی ئابووری و ئەكتیڤكردنی تواناكان لە ڕووی مەدەنیەوە بۆ ساتەوەختانی ئاشتی، ئەمە كارێكە دەرفەتەكانی پشتگیری لێكردنی توانای سەربازی بەهێزتر دەكات و لەگەڵ دەزگایی كردنی دەوڵەت دەیگونجێنێت، ئەم بە دەزگایی كردنەش بناغەیەكی ئابوورییانەی پێویستە، بە هەر تواناو لە هەر بوارێكدا بێت..
2ـ خوڵقاندنی هاوپەیمانێتی نێوان گەل و سوپا بە هۆی گوتارێكی سیاسیانەوە كە لە هەناوی مێژووی دەزگا سەربازییەكانی پێشمەرگەو قوربانیەكانی گەلی كوردەوە سەرچاوەگرتووبێت و كار بكرێت بۆ دۆزینەوەی چالاكی هاوبەش لەو ڕووەوە..
3ـ كۆكردنەوەی هێزو توانای بەردەست و یەكخستنی هێزەكان لە ڕووی مەیدانی و گونجاندنیان لە ڕووی بونیادییەوەو وەرچەرخاندنیان لە بونیادی شەڕی پارتیزانیەوە بۆ بونیادی مەشقپێدانی فەرمیی سەربازیی لە سوپایەكی نیشتمانیدا..
4ـ پەنجەدانان لەسەر ئامانجێكی سەرەكی دوورمەودا كە لە ئیعتراف كردن بە بوونی كوردستانەوە سەرچاوەی گرتبێت بەوەی ناسنامەیەكی سەربەخۆی هەیە بە پێی توانا بەردەستەكانی خۆی خۆدەژێنێت.
5ـپشتگیریكردنی پلانە ستراتیژییەكان لە وەبەرهێنانی پێوەندییە دەرەكیەكاندا، لەم ڕووەوە پێویستە مەشق لەسەر چەكەكانی بەرانبەر بكرێت بۆ هەر پێشهاتێكی چاوەڕوانكرای داهاتوو ئامادەسازی هەبێت..
6ـ پتەوكردنی ئامادەسازییە مەعنەوی و دەروونیەكان و بە بەردەوامی پەەرەپێدانیان و ئامادەكردنی هێزی سەربازییانە لە سوپاو پۆلیس بۆ هەر پێشهاتێكی چاوەڕوانكراوو سوپرایزێك، ئەمەش پێویستی بە كەناڵەكانی خیتابی هاندانی فەرمی و جەماوەری هەیە، لەسەر هەموو ئاستەكانی ڕاگەیاندن و بوارەكانی سیاسی.
7ـ نەخشەداڕشتنی ستراتیژی سەربازی و ئاسایش كاركردنی زۆری دەوێت لەسەر چەسپاندنی پلانەكانی ئایندە تا لە بەرانبەر ڕاگرتن یان نەهێشتنی تواناكانی دوژمنكارانەی تیرۆریستان و هێزەكانی موخابەرات و دەنگە نەشازەكانی ڕاگەیاندنی نێگەتیڤ ڕابوەستێت چونكە ئەوانە دەبنە هۆی سەنگەرگرتن و برەودان بە كاری تیرۆریستی لە ناو كوردستان..
8ـ فەراهەمكردنی دەرفەتەكانی درێژكردنەوەو سەرپۆشی گونجاو و یەدەگی ستراتیژی لە ڕووبەڕووبوونەوەی زەمەن بۆ وەدیهاتنی ئامانج لەگەڵ قبوڵكردنی هەنگاو بە هەنگاوی گەیشتن بە ئامانجی كاتیی و كۆكردنەوەی دەرفەتەكان و ئامانجە كاتییەكان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەكە لە پێناوی فەراهەمبوونی دەزگای سەربەخۆی سەربازی و ئاسایشی بەهێز بە شێوەیەك كە بیر لەوە نەكرێتەوە كە هەموو تواناكان تەنیا بۆ جەنگ بەكاربهێنرێن لە كاتی ڕووبەڕووبونەوەكاندا بەڵكو پشتگیری بێت بۆ كاری سیاسی تا پارێزگاری نێودەوڵەتیانەی پێ دابین بكرێت.
9ـ خۆنەخستنە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەك كە مرونەت و دەرفەتی مانۆڕی تێدا فەراهەم نەكرابێت،چونكە لەوانەیە هەندێ جار ناچار بیت هەنگاوێك بێیتە دواوە تا لە شوێنێكی ترەوە هەنگاوێك بچیتە پێشەوە.
10ـ باشترین شت كە سەرنجی داڕێژەری ستراتیژ ڕابكێشێت ئاگاداربوون و بە حەزەرەوە ڕوانینی بەردەوامێتی لەسەر چالاكیەكانی خەنجەر لە پشت دانی ئەوانی تر، بە تایبەتی حەزەری بەردەوام لەو شانە خەوتووانەی تیرۆریستان كە دەبنە هەڕەشە بۆ ئاسایشی گشتی یان ڕەفتارەكانی جەمسەرەكانی تری كە مروونەت دەقۆزنەوە بەسەر خاكی كوردستانەوە، لەم خاڵەدا توانای موخابەراتی زۆرمان پێویستە تا بە هاوكاری جەماوەر نەخشەكانی ڕێكبخرێت.
11ـ جیانەكردنەوەی خیتابی ئاسایش لە خیتابی نەتەوەو خۆبەگەورەتر نەزانین لە ئاست ڕۆڵەكانیدا و دوورخستنەوەی زەبروزەنگ تێیدا و دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی بونیادنانی پێوەندی پۆزەتیڤانە لە نێوان دەزگا سەربازییەكان و ئاسایش و ڕۆڵەكانی گەلدا.
12ـ دووركەوتنەوە لە هاوپەیمانێتی دژەباوی نێودەوڵەتیانە هەروەها دەرفەتدان بە هاریكاری لەگەڵ هەر جەمسەرێكدا بە هەلومەرجی خزمەتگەیاندنی ستراتیژییمان بۆ پتەوكردنی دەزگاكان و خۆنەخستنە ناو قەیرانەكانەوە بە هۆی جیاوازییە هەرێمیی و جیهانیەكانەوە.
13ـ گۆڕینەوەی سوودو قازانج لە نێوان هەبوونی بونیادگەرانە لە چوارچێوەی سوپای عیراق و دەزگا ئەمنیەكانی عیراقی بەو ئاستەی پێوەندیی فەرمی كۆنفیدراڵی دەچەسپێنێت و بە هەندوەرگرتنی ئەو كەلەپوورە لە مێژینەی لە نێوان هەردوو جەمسەردا لە ڕووی مێژوویەوە دروست بووە كە وا دەخوازێت لە هەردوو لاوە وریایی و لۆژیك بخرێتە بەرنامەكانەوە، بە شێوەیەك ئەمەش ئەنجام دەدرێت كە سەربەخۆیی دەزگا كوردستانیەكانی تێدا پارێزراو بێت بێ ئەوەی سروشتی خۆبە گەورەزانینی هیچ كەس و لایەنێك قبوڵ بكرێن تا ئەو كاتەی بنەما دەستووری و یاسا كردارەكیەكان فەراهەم دەبن بۆ دڵنیاكردنەوەی هەموو لایەن و جەمسەرەكان بە پێوەندییەكی دادوەرانەی بڕیارلەسەردراو بە پێی بژاردەی ئازادو سەربەخۆ..
بابەتی گرنگیدان بە ستراتیژیەتی سەربازی سەربەخۆی كوردستانیی لە زەڕووڕەت زیاترە، بەهۆی ئەو بومەلەرزە سامناكانەی ناوچەكە دەگرێتەوە لەو ڕووەوە هێزەكانی پێشمەرگە دەتوانن ناوچەكە بخەنە بارێكی ئاگربەس و لە كاتی پێویستدا بیپارێزن، بە تایبەتی وەك نموونە پارێزگاری كردنی ناوچەكانی كە مادەی 140 دەیانگرێتەوە لە خۆرئاوای هەرێمی كوردستان..
لێرەدا پێویستە دۆزی تەمویلكردنی پێشمەرگە وەك دۆزێكی گەوهەریی پشتبەستوو بێت بە پەرەپێدانی بونیادەكەیەوە لە ڕووی فیدرالیەتەوەو هەروەها قەدەغەكردنی هەر زاڵبوونێكی نێگەتیڤانە لەو بوارەدا كە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی چوونەپێشەوەی سوپاو پۆلیسی كوردستانی، بۆیە لەو ڕووەوە پلانە ستراتیژیەكە پێویستی بەوەیە بگوازرێتەوە بۆ قۆناغی دامودەزگایی تایبەتمەندی پیشەیی چونكە دەوروبەری كوردستان و بارودۆخی گشتی ڕێگە نادەن بە سووتاندنی قۆناغەكانی چوونە پێشەوە و دەشكرێت پەند لە ئەزموونەكانی قۆناغی ڕاگوزاریی وەربگیرێت ئەو قۆناغەی وڵاتانی بەهاری عەرەبی كە شیرازەیان لەدەست دەرچووە بەهۆی هەوڵی كتوپڕ ئاسایان بۆ گواستنەوەی سیستم هەبووە..
لە لایەكی ترەوە پەرەپێدانی پیشەیی و چەكداركردن و هاوبەشی كردن لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی عیراقی فیدراڵی بناغەیەكی جەوهەرییە بۆ وەدیهێنانی ئامانجی ستراتیژی بە باشترین ڕێگە لەگەڵ پاڵنان بە هەوڵەكانەوە تا ناوچەكە خاڵی بكرێت لە چەكە كۆكوژەكان و گەڕان بە شوێن واژۆی نوێنەرانی گەلاندا، بە تایبەتی ئەوانەیان كە جینۆساید كراون تا گرووپگەل دروست بكەن بۆ ئەوەی ئیعترافی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن لەسەر مافی یاسایی پێدانیان بۆ دانانی پلانە ستراتیژییە گونجاوە بەرگریكاریەكان..
سەرۆكی كۆمكاری ئیبنڕوشد لە هۆڵەنداو
سەرۆكی پەرلەمانی ڕۆشنبیری عیراقی لە تاراوگە
Top