با لەم هەڵبژاردنەوە هەوڵی ماڵئاواییكردن لەعێراق بدەین
April 27, 2014
وتار و بیروڕا
ئایا ئەو كاتیش دەچینە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی عیراق؟ یان ئەوسا خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمانین؟
ئەم پرسیارە زۆر رەوایەو، وەڵامدانەوەیشی لەبەرژەوەندیی نەتەوەییماندا، رەوایەتی زیاتر بەدۆزە رەواكەمان دەدات بەرەو سەربەخۆیی كوردستان، چونكە :
یەكەم : عیراق دەوڵەتێكی ناسروشتییەو پەككەوتووە:
ئەم عیراقە ناسروشتیی و دەستكردە، رۆژێك زووتر بێتە هەڵوەشاندن بۆ ئاییندەی پێكهاتەكانی باشترە، عیراقێك كەبەهێز دروستكراو، هەر بەهێزیش مامەڵە دەكات، پێویستە بەهێزێكیش بێتە هەڵوەشاندن.
عیراقی هەڵگیرسانی شەڕی یەك لەدوای یەك، عیراقی گەندەڵیی و كێشە ئابوورییەكان و داڕووخانی ژێرخان و شەڕی نێوان سووننەو شیعەو وێرانكاریی و نەبوونی خزموتگوزاریی و كێشەیەكی زۆرو لەرادەبەدەری هەڵپەسێردراو، بوونی حەوت ملیۆن عیراقیی لەخوار هێڵی هەژارییەوە، بەهەموو پێوەرەكان نموونەی دەوڵەتێكی پەككەوتووە.
بۆیە ئەمڕۆ ئەگەر كاربەدەستانی عیراق یەكپارچەیی و یەكگرتووییان بۆ عیراق دەوێت، ئەوا تەنیا رێگەی راگەیاندنی هەرێمە فیدراڵییەكان و دابەشكردنی ئازادانەو عادیلانەی دەسەڵات و سامانیان لەبەردەمدایە، بەپێچەوانەوەو لەسایەی بەردەوامیی ئاسەواری جەنگەكان و هەژاریی و كوشتارو تەقینەوەكان و تاكڕەوی سیاسییدا، ئەوا عیراق لەم دابەشبوونە رانەگەیەنراوەی ئێستای زیاتر دەڕوات و لەبارودۆخێكی دیكەدا رووەو دابەشبوونی راستەقینە دەڕوات، چونكە عیراق ئەوساو ئێستاش قەیرانی ناسنامەی نیشتمانیی هەیەو كەمینە ئاینیی و مەزهەبیی و نەتەوەییەكان هێشتا ترسی سڕینەوەی ناسنامەی خۆیانیان هەیە.
شەڕو كوشتارو جەنگە زۆرەكانی ئەم عیراقەی ئەوساو ئێستا بەڵگەن لەسەر نەبوونی مافی هاوڵاتیبوونی وەك یەك و، بوونی ناعەدالەتیی نێوخۆیی، هەموو كاتێكیش ئەوە ناعەدالەتی نێوخۆییە كە رێگە خۆش دەكات بۆ هاتنە ژوورەوەی عەدالەتی دەرەكیی و پێشوازی لێكردنیشی لەلایەن مافخوراوانی نێوخۆییەوە.
بۆیە كە دەسەڵاتدارانی عیراق لە فیدڕاڵیزم ناگەن یان نایانەوێت تێبگەن، ئەوا تاكە رێگە بۆ چارەسەر بریتییە لە هەڵوەشانەوەی عیراق و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان.
دووەم: یەكڕیزیی و تەبایی نێوخۆمان پێویستە:
لەدوای ئەم هەڵبژاردنەوە پێویستە وەك یەك تیم هەموومان كار بۆ دەوڵەتی كوردستان بكەین، پێویستە لەو راستییە بگەین كە گەلی ئێمە لەزیاد لەبەرەیەكەوە لەململانێیەكی سیاسیی توندو سەختدایە بەرامبەر هەندێك هێزی سیاسیی عیراقی و هەندێك دامودەزگای چەند دەوڵەتێك، بۆیە ناكرێت ئێمە هەر لەبیری شەڕە قسەو لێدوانی نەخوازراوی ئەوتۆدا بین كە دڵی هیچ كوردێكی دڵسۆز خۆش ناكات.
بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان یەكریزیی و یەك هەڵوێستیمان دەوێت، با لەنێوخۆشماندا كێشەی لاوەكیمان هەبێت.
لەم چوار ساڵەی دادێت پێویستە ئەو راستییە دووپات بكەینەوە كە ئێمە هەر بیرو بۆچوونێكمان هەبێت، دواتر ئەوە نیشتمانە كە رێنماییمان دەكات بۆ (خۆدۆزینەوە) لەم ئەركە پیرۆزە، نەك (خۆدزینەوە) لێی!
بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، ئەزموونەكانی دنیا پێمان دەڵێن كە سیاسەت نەوەی مێژووە، مێژووش نەوەی جوگرافیایە، جوگرافیاش ماڵی هاوبەشی هەموومانە، كەواتە با لەم جوگرافیا هاوبەشەوە كە كوردستانی هەموومانە، مێژووی هاوبەش و سیاسەتی هاوبەش بەرهەم بێنین.
سێیەم: سیاسەتی وزە، وزەی سیاسەتە بۆ كوردستان
جاران كە سیاسەت ئاراستەی بەجووڵەی ئابووری دەدا، رەنگە كێشەكانی كۆمەڵگە وەك ئەوەی ئەمڕۆ ئاڵۆزو گران نەبووبن، بەڵام ئەمڕۆ كە ئابووری ئاراستە بەجووڵەی سیاسەت دەدات، كێشەكان لەلای حكومەتەكان زیاد لەپێویست ئاڵۆزتر بوونە لەبەر نەمانی یان نەبوونی دیدگایەكی رۆشن كە بوارە لەپێشینەكانی ئابووریی دیار بكات.
بۆیە حكومەتەكانی یەكێتیی ئەوروپا، پاش گفتوگۆو شیكردنەوەی زۆر، گەیشتنە ئەو خاڵە سەرەكییەی كە دەڵێت: ئەمڕۆ ئەوروپا پێویستیی بەحكومەتی ئابووری هەیە، لەكاتێكدا دوێنێ پێویستیی بە ئابووریی حكوومەت هەبوو.
ئابووریی بەهێزو عەدالەتی كۆمەڵایەتی یەكێكە لەتایبەتمەندییەكانی هەر دەوڵەتێك كە دەیەوێت ئارامیی و سەقامگیریی سیاسیی و كۆمەڵایەتی لە شەقامدا بەرقەرار بێت، لەبەرئەوەی تەواوی چالاكیی و كارەكانی دەوڵەت لەسایەی ئارامیی و هێمنیدا بەڕێوە دەچن، دەبێتە هەلێك بۆ بیركردنەوە لەچارەسەری ریشەیی هەڵەكان وەك: رێزگرتن لەمافەكانی مرۆڤ و دابینكردنی لای كەمی ژیانێكی خۆشگوزەران و بیمەی كۆمەڵایەتی و شوێنێكی نیشتەجێبوونی شایان بەمرۆڤ و، نەهێشتن یان كەمكردنەوەی رادەی هەژاریی و بێكاریی لەنێو چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵگەو كەناری شارەكان.
لێرەوە دەگەینە ئەم هاوكێشە سادەو گرنگە لەیەك كاتدا، بۆ سەربەخۆبوونی كوردستان:
هەوڵدانی دەرەكیی لەسەرخۆ + تەبایی سیاسیی نێوخۆ = كوردستانی سەربەخۆ.