هەولێرشارە دڵگیرەكەم

هەولێرشارە دڵگیرەكەم
جاران وا باو بوو، ئەو هەوارەی بەشیرینی دەچووە بەر چاوان و بەر دڵان پێیان دەوت (هەوارە دڵگیرەكە)، ئیدی دەكەوێتە مەیل و ئەڤینییەوە و،هەرگیز دڵت نایێت لێی دووركەویتەوەو، ئەو ئەژنۆو هەنگاوی بەجێهێشتنەت گیرو ئەوق ده‌بی، دیارە سات لەدوایی سات ئازیزترو دڵگیرتر ده‌بێ، ئەوسا ئەگەر ناچاری دووركەوتنەوەش ببویتایە، ئەوە به‌ جەستە لێی دوور دەكەوتیتەوەو دڵ و هۆش و گۆشت هەر دەبووە سپاردەی ئەو شارو هەوارە.
ئەم وشانەم لەپایی دڵبەندیمەوە بۆهەولێرەكەم .هەر لەسەر ئەم هۆگربوونە،(كەمالی) شاعیری دوا تنۆكەكانی شیعری كلاسیكی كوردی، لە شیعرێك دا نموونەی بەدڵ گیری ئەو دونیایەی دیكە هێناوەتەوە، كە دەڵێ:
((سەیری چەند دڵگیرو خۆشە ئاوی سەحرایی عەدەم
هەركەسێ رۆیی خەیاڵی هاتنەوە ناكا ئەبەد))
واتە دیارە ئەو هەوارە هێندە خۆشە،ئیدی دڵان شەیداو حەیرانی دەبن، هەر لەبەر ئەوەیە، مەیلی هاتنەوە لەسەر دەردەكەن و ئیدی ناگەڕێنەوە. وا رێكەوت بەری چل ساڵێ لەمەو بەر، هه‌وای گه‌شتی وڵاتی میسر له‌ كه‌له‌ی دام و ملم بۆی نا، لەوێ بەدیداری دۆستێكی میسریم گەیشتم، لە میانەی گفتوگۆماندا، باسی قاهیرەم كرد، كە ئەو گوڵە ئاڵ و واڵایەی سەرپەرچەمی رووباری نیلی بەژن هەربەرز، كە چەندە موپتەلاو عاشقی بووم. لە وەڵامی ئەو باسی حەیران بوونەم دا،فەرموویی: ئەی كاكە ئەوه‌ ئه‌و وتەیەت نەبیستووە، كە لە ناو خەڵكی ئەم شارەدا بەردەوام دەوترێتەوە «ئەوەی لە ئاوی نیلی نۆشیبێ،هەر دەبێ بۆی بگەڕێتەوە».
بەڵێ ئەو ئاسەوارو دەیان مۆزەو بازاڕەكانی وەك (خان ئەلخەلیلی)و گشت ئەوانەی،كەسانی وەك (نەجیب مەحفوز)بەسەری كردۆتەوە، خوڵقێنەری ئەو سیحرو نهێنیەن، دیاربوو بەقەولی میسریان جارێكی دیكەش لەو ئاوە سازگارەی (نیل)م نۆشی.
دەبێ بۆخودا بڵێم، هەر لە تەمەنی هەرزەكاری و پاشان لاویەتیدا گەلێك جار هاتوومەتە دیاری هەولێر، هەرجارە كەلە قەڵاو قەیسەریەكەی و منارە بە ساڵاچووەكەیم دەڕوانی وانەیەكی نوێی خۆشەویستیم لێ وەردەگرت، لە لەبزی ئاخافتنیاندا، ئه‌وه‌ بۆ و بەرامەی خاكەكەیم دەكرد، لە ره‌فتار و كرداریاندا داستانی مەردایەتی باوانم دەخوێندەوە، لە خۆراگریی و نۆچدانەداندا، دێڕە شیعرەكەی كوردیم دەوەتەوە:
گەردنی كوردی لەكێوی بێستوون مەحكەمترە
چونكە سەد ساڵە لەژێر باری خەمایەو نانەوێ
جاران هەرخۆم لەخۆم دەپرسی: یاران دەبێ نهێنی ئەوە چی بێ،ئەوەی چووە هەولێر و تیایدا ژیا، ئیدی ئارەزوویی هاتنەوە ناكات ؟ ئەوە هەر لە دۆست و هاوەڵانی هونەرمەندانم، تایەرتۆفیق، شەماڵ سائیب،حەمە جەزا، عەزیز سەلیم، شكور مسته‌فا ...دەیان و پتریش، پاشان هەر باری ژیانی خۆم و ژیانم لەشاری هەولێردا، وەڵامی دامەوەو جوانترین سەلماندن بۆی سەلماندم.بۆیە هەر كاتێ، ئەگەر بۆ تاكە یەك رۆژیش بێ،دڵم بۆیی لێدەداو غەریبی دەكەم، بەڵام بۆ؟ بۆ؟ بۆ؟، چونكە بەدڵ هەستم كردووە، هەولێر بۆ من چی دەگەیەنێ؟، هەولێر ژیان و گەشەكردنی ژیان، بەردەوام گه‌شاوەو لە نوێ نوێتر، شاری قەدرگرانیی تەمەن و جوانی و هونەر، لەتەك گزنگی هەر بەرەبەیانێكدا بەرگێكی رازاوەتر دەپۆشێ.. بۆیە كە لێی دوور دەبم وادەزانم لەخۆم دابڕاوم و نامۆیی دامدەپۆشێ.
پێشینان ئەگەر گوڵێكی جوانیان ببینیایە، پاش سەڵەوات لەدیداری پێغەمبەری ئازیز، رەحمەت بووی باخەوان و ئاودێرو خەمخۆرەكەیان دەكرد. دە كەوایە با ئەوانەی دەستیان لە ئارایشتی ئەم هەولێرە دولبەرەمدا هه‌یە، هەزار ئافەرین و هەزارەها دەستخۆشی بۆ ئێوەی نازكێشی ئەم پایتەختە شكۆدارە و هەرە دیاره‌ی دنیا. ئەمە مەتەڵ نییەو هه‌مووان خەمخۆرو باخەوانانی ئەم باخ و گوڵشەنە دەناسن كه‌ پارتی و بارزانییه‌، دەبا بەهەمووان میدالی شانازی مێژوو له‌ بەرۆكیان بدەین.
Top