دەوڵەتی كوردستان ئاواتی هەمووان

دەوڵەتی كوردستان ئاواتی هەمووان
ئەمساڵ (2014)، ڕێك (500)ساڵ بەسەر جەنگی (چاڵدێران)ی ساڵی (1514)ی دابەشكردنی كوردستان لەنێوان سەفەوی و عوسمانیدا تێپەڕ دەبێت ، (100)ساڵیش بەسەر جەنگی یەكەمی جیهان ساڵی(1914)دا تێپەڕ دەبێت.
بۆیە بۆ ئێمەی كوردستانیان گرنگە لەبیری نەخشەڕێگەیەكی نیشتمانیدا بین بۆ گەیشتن بەئاواتی دێرینی گەلەكەمان لەسەربەخۆیی كوردستاندا.
نەخشەڕێگا یان (ڕۆد ماپ) بەزمانی ئینگلیزیی، زاراوەیەكە بۆ یەكەمجار لەساڵی(1883)دا بەكارهاتووە، بریتییە لە: پلانێكی وردەكار، بۆ گەیشتن بەئامانجێك.
یان بریتییە: لەو رێنمایی و هاوپێچ و خشتەی كاتانەی سەرەتاو كۆتایی و، ئەو هەنگاوانەی كە یارمەتیمان دەدەن بۆ نیشاندانی رێگەی گەیشتن بە: باشترین بژاردە، كەمترین تێچوو، مسۆگەرترین ئەنجام.
نەخشەڕێگا یارمەتیمان دەدات لەوەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە:
بۆچی ئەم باسە بەم شێوەیە بەڕێوە بچێت، نەك بەشێوەیەكی دیكە؟
بۆچی هەنگاوەكانی بەم شێوەیە داڕێژراوە نەك بەشێوەیەكی دیكە؟
هەر نەخشە ڕێگایەك (3) بنەمای پێویستە:
1- رێككەوتن لەسەر ئامادەكارییە پێویستەكان.
2- میكانیزمی راگەیاندنی ناوەڕۆك.
3- چوارچێوەیەكی گشتیی بۆ هەماهەنگیی بەرەوپێشچوونەكانی، ئەمەش لە(3) لایەنەوە:
یەكەم: چالاكییە سەرەتاییەكان كە بریتییە لە زەمینەی پلانەكە، كە (3)قۆناغی هەیە:
1- روونكردنەوەی ئەو بارودۆخەی كە هەڵمەتی بانگەشە بۆ پلانەكە تێیدا كاردەكات.
2- دیاركردنی چوارچێوەی كاری پلانەكە لەنەخشە رێگاكەدا.
3- دیاركردنی سەركردەیەك بۆ ئەم قۆناغە.
دووەم: بەرەوپێشچوونی پلانەكە لەكاتی جێبەجێكردنیدا كەبریتییە لە:
ناساندنی ئامانجە راگەیەنراوەكە، شوێنەكەی، كاتەكەی.
سێیەم: بەدواداچوون، چونكە نەخشەڕێگا بەردەوامیی و دەستكاریكردنی تێدایە.
بۆیە پێویستە لەئێستاوە بۆردێكی نیشتمانیی پێك بهێنین، كە چالاكیی جۆراوجۆری تێدا ئەنجام بدرێت، بەمەبەستی:
1- خستنەڕووی هەموو ئەو كارەسات و نەهامەتییانەی تووشی كورد بوون لەماوەی سەدان ساڵی رابردوودا.
2- خستنەڕووی زۆر لەو كتێب و بڵاوكراوە نێودەوڵەتیی و نێوخۆییانەی كە لەبارەی دابەشكردن و لكاندنی كوردستانەوە نووسراون تائێستا (بۆ نموونە سیاسەتوانی بەریتانی (تۆبی دۆچ) كە لەدوای رووخانی رژێمی سەددام، ماوەیەكی باش لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا كاری كردووە، لەساڵی (2007)دا كتێبێكی نووسیوە بەنێوی(داهێنانی عێراق) یان (اختراع العراق)و، تیایدا دەڵێت: (ئێمەی بەریتانیی عێراقمان داتاشیی، ئەگەر نا لەمێژوودا شتێك بەناوی عێراقەوە نەبوو).
3- شیكردنەوەی وردی ئەو بەندە یاساییانەی كە مافی بڕیاردانی چارەنووس بەگەلی كورد رەوا دەبینن، لەلایەن یاساناسانەوەو، لەگۆشە نیگای یاساییەوە.
4- ورووژاندنی ڕای گشتی بەریتانیی و فەرەنسیی و ئەمریكی لەبارەی ئەرك و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی و مێژووییان سەبارەت بەكوردو كوردستان.
5- پێوەندییكردن بە باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەی وڵاتانی بەریتانیاو فەرەنسا و ئەمریكاو رووسیا، لەعێراق و هەرێمی كوردستان بۆ هەمان مەبەست.
6- خستنەڕووی ئەو دیكیۆمێنت و نووسین و شیعر و گوتارە كوردییانەی كە لەبارەی دابەشكردن و لكاندنی كوردستانەوە نووسراون، وەك هەڵوێست و رای دەستەبژێری كوردیی لەو سەردەمەدا.
7- زۆر بابەتی دی كە دەكرێت كەسانی پسپۆڕ و شارەزای ئەم بوارە ئاماژەی بۆ بكەن.
هەموو ئەم كارانەو هاوشێوەكانیشی دەكرێت لە وەڵامی ئەو پرسیارە هەمیشەیی و بەردەوامە نزیكمان بخەنەوە كە بۆچی تائێستا دەوڵەتی كوردستان دروست نەبووە؟
زۆربەمان زۆرجار گوێبیستی ئەم پرسیارەی سەرەوە بووینە، كە لە ڕاستیدا زەحمەتە وەڵامێكی كۆنكریتی و تەواوی بۆ بدۆزینەوە، بەڵام دەتوانین بڵێین هۆكارەكان زۆرن كە هەندێكیان ناوخۆیین و هەندێكیشیان دەرەكین.
هۆكارە نێوخۆیی و خوودییەكان هەرچەندە زۆر بن، دواجار دەتوانرێت لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا ئاماژە بۆ دیارترینیان بكەین:
1- ناتەبایی و خودپەرستیی و ململانێ و پەرتەوازەبوونی بەرژەوەندییەكان.
2- ناكامڵیی هەست و رۆشنبیریی نەتەوایەتیی.
3- نەبوونی فەرهەنگی دەوڵەتداریی.
4- ئامادەنەكردنی زەمینەی سیاسیی و ئابووری كۆمەڵایەتی و ئایینیی لەبار بۆ پرسی دەوڵەت.
سەبارەت بە هۆكارە نێودەوڵەتییەكانیش، دەتوانین بەلای كەمەوە ئاماژە بەم خاڵانە بكەین:
1- دەوڵەتانی جیهان بە بەرژەوەندیی كار دەكەن نەك بە ویژدان، بۆیە ئەوسا مەسەلەی ئەرمەن و جوولەكە زیاتر لە بەرژەوەندییان بووە هەتا مەسەلەی كورد.
2- ئەم مەسەلە مرۆییانە لای ئەوان لە ڕووی سیاسییەوە تەماشا دەكرێت، بۆ نموونە، دارفۆر گرنگە چونكە ئەوان دژی ڕژێمی سودانن، ئەمریكا لە دژی (سربیا) دان بە (كۆسۆڤا)دا دەنێت، بەڵام لەبەر دۆستایەتی لەگەڵ (جۆرجیا) دان بە سەربەخۆیی (ئۆسیتا)دا نانێت، روسیا ریفراندۆم لەدوورگەی كریما بەڕەوا دەزانێت، بەڵام رۆژئاوا دژی ئەوەن.
بەڵام پرسیارە گەورەكە هێشتا ماوە، ئەویش ئەمەیە چۆن لەم سەردەمی كرانەوەو بەیەكگەیشتنەی كوردو جیهاندا، ببینە بەشێك لەبەرژەوەندیی زلهێزانی سەردەم بەئاڕاستەی یارمەتیدان و پشتگیریی لێكردنمان بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان؟
بێگومان فاكتەری دەرەكیی هۆكارێكی سەرەكییە لەم رێگەیەدا، بەو مەرجەی هەموومان یەك دەنگ و یەك دەست و یەك دڵ، بەسەركردایەتیی و هاووڵاتییانەوە، لەدەوری بەرنامەیەكی كۆڕا لەسەر، كۆك بین.
بۆیە لێرەدا ئەوەی بۆ ئێمەی كورد گرنگە ئەوەیە كە:
1- پێكەوە بین، لەیەكدی نزیك بین، كۆبین پەرت نەبین، بۆ ئەمەش وا پێویست دەكات كە لەسەر ئاستەكانی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و سەرۆكایەتی حزبە كوردستانییەكاندا، بەرچاو ڕوونییەك هەبێت سەبارەت بەئاڕاستەی رووداوەكان و، خۆ دوور بگرین لە(ستراتیژیەتی دوودڵیی)و، ئامانجی ژمارە یەكمان و یەكەم ئامانجی خۆمان دیار بكەین و، هەوڵەكانیشمان لەپێناو گەیشتن بەو ئامانجە چڕ بكەینەوە، بە دۆزینەوەی رێگەیەك كە كەمترین زیانی هەبێت و، زۆرترین قازانجی بۆ كوردستان تێدابێت.
2- لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش ئێمەی كوردستانیان پێكەوە خۆمان لەتای تەرازووی براوەدا بدۆزینەوەو، گرەو لەسەر ئەسپی دۆڕاو نەكەین و، بەپێچەوانەی ئاڕاستەی تەوژمی گۆڕانكارییە جیهانییەكەوە مەلە نەكەین، لەم پێناوەشدا بەجیاوازیی رەنگەكانەوە دەتوانین چەپكە گوڵی خەبات و تێكۆشان دروست بكەین.
Top