سیستانی و خەڵاتی ئاشتیی نۆبل

سیستانی و خەڵاتی ئاشتیی نۆبل
لەسەرەتای مانگی ئازاردا كۆمیسیۆنی خەڵاتی نۆبل دەكەوێتە گەڕ بۆ تاوتوێ كردنی دۆسێی ئەو كەسانەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە كاندید كراون و نەریتەكە وایە كە لەمانگی تشرینی یەكەمدا ناوی براوە رابگەیەنرێ. تا چەند ساڵێك لەمەوبەر تەنها ئەو كەس و دامەزراوانە كاندید دەكران كەكۆشش و هەوڵی جوامێرانەیان بۆتە مایەی گێڕانەوەی ئاشتی بۆ ناوچەیەكی گرژی جیهان. بەڵام هەمەجۆركردنی براوەكانی خەڵاتەكە لەماوەی ساڵانی رابرد,ودا، لەبەرەنجامدا وای كرد چەمكی «ئاشتی» لەقاوغی كتومتی زمانەوانی دەرچێ و دورایی فراوانترو گشتگیرتر وەرگرێ. كولین فریمان لەڕۆژنامەی «دەیلی تەلگراف»ی بریتانی پێیوایە لە لیستی كاندیدەكانی ساڵی 2014دا ئاشتی بەشێوەیەكی نەرمتر پێناسە كراوە بەچەشنێك وای لێهاتووە چەمكی «ئاشتی» تەنها مانای كۆتایی هێنان بەشەڕ یان رێگرتن لەهەڵایسانی شەڕ نادا. بەڵگەش كاندیدكردنی ئیدوارد سنۆدنە كەهەزاران دیكۆمێنتی نهێنیی لەئینتەرنێت بڵاوكردۆتەوەو سەرئێشەیەكی زۆری بۆ حكومەتی ئەمریكا دروست كردووە. پەیوەندیی سنۆدن بەخەڵاتی ئاشتییەوە چیە؟ بەكردەوە، سنۆدن هیچ هەوڵێكی جوامێرانەی بۆ هێنانە دیی ئاشتی نەداوەو خۆیشی ئەوە دەزانێ كەناتوانێ هیچ كێشەیەكی ئاڵۆزی جیهان بەشێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر بكات. ئەوەی كەسنۆدنی كاندید كردووە پارتی سۆسیالیستی نەرویژە. ئەویش بەو پاساوەی كەگوایە سنۆدن بۆتە هۆی «گێڕانەوەی متمانەو شەفافیەت بۆ سیاسەتە ئەمنییەكانی جیهان». لێرە چەمكی «شەفافیەت» تێكەڵ بەچەمكی «ئاشتی» كراوە.
ساڵی 2012 خەڵاتی نۆبل پێشكەش بە یەكێتیی ئەوروپا كرا، نەك لەبەر ئەوەی یەكێتیی ئەوروپا رۆڵێكی دیاری لەڕاگرتنی خوێن رشتن و كوشتن هەبووە، بەڵكو لەبەر ئەوەی یەكێتی ئەوروپا لەو ساڵەدا رۆڵێكی دیاری لە»سەقامگیركردنی دیموكراسی و مافی مرۆڤ»دا هەبووە كەلێرەش چەمكەكانی «دیموكراسی» و «مافی مرۆڤ» تێكەڵ بەچەمكی «ئاشتی» دەكرێن.
فریمان لەوتارەكەیدا رابەری گەورەی شیعەكان، ئایەتوڵڵا عوزما سیستانی، لەهەموو كاندیدەكانی تری لیستی خەڵاتی نۆبل بەشایستەتر دەزانێ و لەو بڕوایە دایە كەسیستانی «دەنگێكە گوزارشت لەمیانڕەوی و ئاشتی و لێبوردەیی دەكاو ئەگەر ئەو نەبوایە رەنگە عێراق ببوایە بەوڵاتێكی خوێناویتر». لەڕاستیدا ئەمە یەكەم جار نییە سیستانی بۆ خەڵاتی ئاشتیی نۆبل كاندید بكرێ. لەساڵی 2006دا مەسیحییەكانی عێراق، وەك ئاماژەیەك بۆ رۆڵی دیاری لەهاندانی موسڵمانان بۆ دووركەوتنە لەتوندوتیژی، كاندیدیان كرد بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە.
سیستانی لانی كەم دووجار بەشێوەیەكی زەق وەك پیاوی ئاشتی دەركەوتووە. جاری یەكەم لەساڵی 2003دا، كاتێك فەتوای كوشتنی ئەمریكییەكانی دەرنەكردو بانگەشەی بۆ «بەرگریی ئاشتییانە» كردو جاری دووەم لەساڵی 2006دا، كاتێك رێكخراوی قاعیدە شوێنە پیرۆزەكانی شیعەی لەسامەرا بۆردومان كردو لەبەرامبەردا سیستانی داوای لەشیعەكان كرد دان بەخۆیاندا بگرن و بیر لەتۆڵەسەندنەوە نەكەنەوە.
ئاشكرایە كەخوێندنگەی نەجەف لەناوەڕۆكدا خوێندنگەیەكی ئاشتیخوازە. لەسەردەمی عوسمانییەكاندا نەجەف تا پێی كرابێ هەوڵیداوە لەململانێی ئێران- دەوڵەتی عوسمانی دوور بێ و بەدرێژایی حوكمڕانیی عوسمانییەكان كە لەعێراق نزیكەی 400 ساڵی خایاندووە، بانگەشەی بۆ بەرپاكردنی هیچ شەڕێكی پیرۆز نەكردووە. بەپێچەوانەوە، لەكاتی هێرشی وەهابییەكان بۆ سەر باشوری عێراق، نەجەف هاوپەیمانی عوسمانییەكان بووە. لەسەردەمی بریتانییەكانیش، نەجەف هەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ ئەوە چڕ كردەوە كەپێوەندیی لەگەڵ بریتانیا نەگاتە لێواری هەڵدێرو كار گەیشتە ئەو رادەیەی كەرەزامەندیی لەسەر ئەوە نیشان بدا كەپاشایەتیی عێراق بدرێ بەبنەماڵەیەكی سوننی. ساڵی 1964 نەجەف دژی جەنگی كوردستان وەستایەوەو پاش ساڵی 2003، بەهەوڵ و رەنجی سیستانی، هەموو توانای خۆی بۆ هەڵنەگیرسانی شەڕی تایفەگەری خستە گەڕ.
بەدڵنیاییەوە، سیستانی چاوی لەوە نییە خەڵاتی نۆبل وەرگرێ. ئەو بەبێ نۆبل، بەردەوامە لەسەر پەیامی ئاشتیی خۆی. بەڵام ئەگەر مەسەلەكە بێتە سەر شایستەیی و ناشایستەیی، گومانی تێدا نامێنێ كەسیستانی لەزۆر كاندیدی تر شایستەترە.
Top