دەمەو ئێوارەی بەهارێكی ڕەش!

دەمەو ئێوارەی بەهارێكی ڕەش!
یاد و بیرەوەری
یەكێك لە نەبەردییەكانی هێزی خەبات



(پێنجوێن):
دوای ئەوەی مانگی (10)، لە بەرەكانی جەنگی نێوچەی سەركردایەتی گەڕاینەوە، من لە بەتالیۆنی (4) نەمام و بۆ بارەگەی هێزی (خەبات) گوێزرامەوە.* ئەوەی دەمەوێ، لە ئەم یادە كورتەدا باسیكەم و جەختی لەسەر بكەمەوە، دوا جەنگ و هەوڵدانی هێزی پێشمەرگە بوو، كە هێزەكانی سوپا و جاشە كورد، ماوەیەك بوو، شارۆچكەی (سەییدسادق)یان داگیركردبوو، هێڵی هاتوچۆی ناوچەكانی (پێنجوێن، هەڵەبجە، بیارە و تەوێڵە) یان، لە یەكدی دابڕیبوو. هێزەكانی (خەبات، ڕزگاری و ئەزمڕ) یش، لە ئەو نێوچە گرنگانەدا بڵاوبووبوونەوە.
ئەو كاتە من، لەگەڵ هێندێ هاوڕێ و هاوبیری پێشمەرگەمدا: (برایمی حەمەعەلی، سەروەت موحەممەد ئەمین – دوكتۆر كوردۆ عەلی – كەریم لهۆنی)، پێكەوە لە یەك ماڵدا دەژیاین. هەردوو هاوڕێم (برایم و سەروەت)، لە بەشی دارایی بارەگەی هێز كاریان دەكرد. شەهید (فەتاح موحەمەد ئەمین) فەرماندەی هێز بوو، لە ماڵەوە تەلێفۆنی بۆ دانابوون، تا هەر كارێكی پێویست هەبێ، پێوەندییان پێوە بكەن. منیش ماوەی دوو ڕۆژ بوو، نەخۆشبووم و بە تەنیا لە ماڵەوە كەوتبووم.
پاش نیوەڕۆی ڕۆژی (09. 03. 1975) بوو، چەند جارێ تەلێفۆنم بۆ بارەگەی هێز كرد، كەس وەڵامی نەدایەوە. منیش زۆر نیگەران بووم، لەبەرئەوە ناچاربووم، خۆم كۆكەمەوەو بڕۆم. ئەو كاتە، بارەگەی هێز لە بەنگەڵەكانی خوار شارۆچكەكەوە بوو. كاتێ گەیشتم، چی دەبینم، بارەگەی هێز بە تەواوی چۆڵە و كەسی لێ نییە. ماوەیە وەستام و نەمدەزانی، چی بكەم، لە دڵی خۆمدا هەر لێكم دەدایەوە، ئاخۆ دەبێ، ئەم هەموو پێشمەرگەیە بۆ كوێ ڕۆیشتبن و چییان لێ هاتبێ؟!! لە پڕ جێگری فەرماندەی هێز شەهید (عەبدوڵڵا)ی برای كاك (فەتاح)، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكدا پەیدابوون. سڵاوی كرد و وتی: ئەوە چی دەكەی؟! منیش بۆم باسكرد. ئەویش هەموو شتێكی بۆ ڕوون كردمەوە و وتی: لەگەڵ ئێمە وەرەو پێكەوە دەڕۆین. منیش وتم: چەكم پێ نییە. بە پێشمەرگەیەكی وت: بڕۆ، لە ماڵەوە كڵاشینكۆفێكی بۆ بێنە. ماڵەكەشیان، بەرانبەر بارەگەی هێز بوو.
بەرەو (شانەدەری):
پاشان سواربووین و بەڕێكەوتین. گەیشتینە (كانی مانگا)، پزیشكەكانی مەڵبەندی تەندروستیی (پێنجوێن)، لە ئەوانە دكتۆر (لەتیف ئەمین) لەسەر چەقی ڕێگەكە وەستابوون، هێندێ داوودەرمانیان هێنابوو، تا ئەگەر پێشمەرگەیەك برینداربوو، چارەسەرێكی خێرای كاتیی بۆ بكەن. كەمێ لایان وەستاین و پاشان بەرەو گوندی (شانەدەری) ڕۆیشتین. لە دوورەوە بینیم، پێشمەرگەیەكی زۆر، لە نێو گوندەكەو دەوروبەرەكەیدا بڵاوبوونەتەوە.
كاتێ گەیشتین، دابەزین و ئیدی تێكەڵاوی جمكوتەكە بووین. من بە دوای هاوڕێكانمدا گەڕام و دۆزیمنەوە. لە ئەوێ هەموو شتێ تێگەیشتم. جگە لە بەتالیۆنی (4)، لە بەرەكانی جەنگی نێوچەی سەركردایەتی شۆڕش بوو، هەموو فەرماندەو پێشمەرگەكانی هێزی (خەبات) هاتبوون. هێندەی بزانم، پێشتر كاك (فەتاح)، بەتالیۆنی (5)ی لە بەرزاییەكانی پشتی (سەرای سوبحان ئاغا) جێگیر كردبوو، تا لە هەموو لایەكەوە، بەر بە هێڕشی هێزەكانی دوژمن بگرن. فەرماندەی بەتالیۆنەكە، (شێخ موحەممەد باساكی) بوو، یاریدەدەرەكەشی هاوبیری شەهید (جەزای عەلی كاتب) بوو. سێ سەرلقی ئازای وەك (شێخ مەحموود باراوی، شێخ حوسێن باراوی و برایم ئاغا)شی لەگەڵ بوو، ئەو نێوچەیەیان تەنیبوو. واتە شارۆچكەی (سەییدسادق)، لە سێ لاوە گەمارۆدرابوو، تەنیا نێو شارۆچكەكە بە دەست دوژمنەوە بوو. بڕیار وابوو، كاژێری (5)ی سەرلەئێوارە، كاتێ دنیا كەمێ تاریك دەبێ، هێزەكانی پێشمەرگە لە هەموو لایەكەوە هێڕشبكەن، نێوچەكە لە هێزەكانی سوپا و جاش خاوێن بكەنەوە. بەڵام پێشمەرگەكانی ئەو بەتالیۆنە، فریای هیچ نەكەوتن، چونكە لە جەنگەكەوە تێوە نەگلان، فڕۆكە گوللەبارانیكردن و پێشمەرگەیەكیشیان لێ بریندابوو.
لە قەراغ گوندەكەو لەسەر سەربانی خانوویەكی نزمی قوڕین، هاوبیری شەهید (شێخ موحەممەدی سەیید عەلی حافز)، فەرماندەی هێزی (ئەزمڕ)، خوالێخۆشبوو دكتۆر (كەمال خۆشناو) ئەندامی لقی چواری پارتی، خوالێخۆشبوو (غەفوور مایاوەیی) و (كەریم دەروێش) دانیشتبوون. منیش ســـەركــەوتم و سڵاوم لێ كردن، لە تەنیشت دكتۆر (كەمال)ەوە دانیشتم، چونكە لە زانكۆ هەم مامۆستام بوو، هەم ڕاگری كاروباری قوتابیانیش بوو، پێكەوە كارمان دەكرد. كەمێك دانیشتین، سەبارەت بە ڕەوشی شۆڕش و ئاییندەی گەلەكەمان، هێندێ قسەكرا، منیش بێ دەنگ دانیشتبووم و گوێم گرتبوو، بەڵام هەستم بە شتێكی وا نەدەكرد، كە باری شۆڕشەكە، بە ئەو شێوەیە خراپ بێ و لە مەترسی دابێ!
شاڵاوی هێڕش و بەرەنگاربوونەوە:
هێندەی نەخایاند، لەبری ئەوەی ئێمە، هێڕش بەرین و پەلاماری هێزەكانی دوژمن بدەین، ئەوان دەسپێشكەرییان كردو هێرشیان هێنا. دەنگی تانك و زیلی سەربازیی دەهات، ئیدی هەر ئەوەندەمان زانی، لە چەمەكەی بەردەم ئاوایی گوندەكەوە، لوولەی تانك و (موصەفەحە) دەركەوت، بوو بە تەقە و هەرا، بارەكە بە تەواوی شێوا. كەس سەر كەس نەدەپەرژا، هەر پێشمەرگە بوو، هەوڵیدەدا، گیانی خۆی ڕزگار بكات. هێندێ پێشمەرگەش بەرگرییان كرد، بەڵام بێ كەڵك بوو!
ئەوەی بە چاوی خۆمان بینیومانەو ئەوەی دواتریش، پێشمەرگەكان گێڕایانەوە، ڕووداوەكان بە ئەم شێوەیە بوو: هەر دوو ئەفسەری سوپا شەهیدان (ئەنوەری مەجید سوڵتان) و (سەباح نووری عارف)، دوو جێبی پچووكی كورتیان پێ بوو، چەكی تانك شكێنی(B 10) یان لەسەر دابەسترابوو، زۆر مەردانە، بەرەو ڕووی تانكەكان و هێزەكانی دوژمن هەڵمەتیان دەبرد و دەیانویست، تێكیان بشكێنن و هێرشەكە بووەستێنن، دەنگی تۆپ و گوللە، پەردەی گوێی دەلەراندەوە. بەڵام هیچ كەڵكێكی نەبوو، چونكە تازە كار لە كار ترازابوو، پێشمەرگەیەكیش لەسەر جێبەكە شەهیدبوو و كەوتنەخوارەوە!
هەڵاتن و خۆدەربازكردن:
من هەر هێندەم پێكرا،(سەروەت)ی هاوڕێم بدۆزمەوە و لەگەڵ هێندێ پێشمەرگەی دیكەدا، لە نێو كێڵگەیەكدا، كەمێ خۆمان مات بكەین. چاوم لێ بوو، جێبەكەی بارەگەی هێز دەڕۆیشت و دكتۆر (كەمال خۆشناو)یش، بە دوایدا ڕایدەكرد، شۆڤێرەكە هێواشی كردەوە، تا سواری بكەن. دكتۆر (شیروان بابان) دەرگای دواوەی بۆ كردەوە، دەستی گرت و سواربوو. بەڵام لە ئەو كاتەدا، گوللەیەك بەر ڕانی كەوت و برینداربوو.
شەهید (شێخ موحەممەد)، كە بە موعاون (شێخ موحەمەد) ناسرابوو، لە ڕێی هاوبیر (حەمەقادر)ی ژنبرایەوە، پێوەندی نهێنی بە (كاژیك)ەوە هەبوو، لەسەر جادەی ئەو سەربانەی لێی دانیشتبووین، برینداربوو. لەبەرئەوەی نەیدەتوانی، خۆی قوتار بكات و نەشیدەویست، خۆی بەدەست هێزەكانی دوژمنەوە بدا. دەمانچەكەی دەرهێنا، داوای لە ئامۆزاكەی (عوسمانی مەلا موحەممەد) كرد، بیكوژێ. بەڵام ئەو نەیتوانی، ئەو كارە بكات. ئیدی لە تاواندا، شەهید (شێخ موحەمەد) گوللەیەكی بە قوڕقوڕاگەی خۆیەوە نا و دەسبەجێ كەوت. (عوسمان)ی ئامۆزاشی، خۆی بەسەر تەرمەكەیدا دابوو، بە كوڵ بۆی دەگریا. سەربازەكانیش گەیشتنە سەریان و داوایان لێكرد، هەستێ و دەست بەرزكاتەوە، بەڵام ئەو هەڵنەستا، هەر دەگریا و گوێی لێ نەگرتن. لەبەرئەوە ئەویشیان شەهید كرد.
لێرەدا دەبێ، ئەوەش باسكەم، ئەو بەرەیە بە تەنیا بەرەی جەنگی هێزی (خەبات) بوو. بەڵام شەهید (شێخ موحەمەد)، بە كارێكی فەرمی هێزەكەی خۆی، لە ناوچەی (خورماڵ) بوو. لە گەڕانەوەدا، لەگەڵ (غەفوور مایاوەیی) و دوو پێشمەرگەی دیكەدا، كە هەردووكیان ئامۆزای خۆی بوون، تووشی شەهید (فەتاح) بووبوو، داوای لێ كردبوو، لەگەڵی بمێنێتەوە. ئەویش حەزی نەكردبوو، بەجێی بێڵێ و مابووەوە. ئەم شەهیدە نەمرە، هەر لە ساڵی (1950)ەوە، تا شەهیدیش كرا، بە شێوەیەكی بەردەوام، بەشدارییەكی بەرچاو و گرنگی، لە هەموو چالاكیی ڕامیاریی و سەربازیی گەلەكەیدا كردووە، لە بەرەكانی جەنگی دژ بە داگیركەرە یەك لە دوا یەكەكانی كورد و شۆڕشی (11)ی سێپتێمبەر، هەر لە چیا سەركەشەكانی (حەمرێن)ەوە تا (زاخۆ)، وەك بێچووە شێرێكی ئازاو بوێر، دژی دوژمنان و داگیركەران وەستاوە، داستانەكانی چیای (ئەزمڕ، گۆیژە، قەیوان، چوارتا، بەرواری باڵا..)، گەواهی ئازایەتی و مەردایەتی ئەم قارەمانەمان بۆ دەدەن!
كاتێك هاوبیر (شێركۆ بێكەس)، ئەو هەواڵە جەرگبڕەی بیست، لەسەر زمانی شەهید (شێخ موحەمەد)ەوە، ئەم چوار دێڕە هۆنراوەیەی وت و لە نێو خەڵكیدا، وەك هەورەبروسكە بڵاوبووەوە:
من ئاڵایەك لە شۆڕش و لە پێشمەرگە و (بارزانیی)م وەرگرتبێ
من سەنگەرێك كە باوەڕی كوردایەتی، لە بیرما هەڵیكەندبێ
چۆن ئەهێڵم، بینەوێنن، داگیریكەن، چۆن ئەهێڵم، دەستانكەوێ
من لێرەدا، ئازادیی بۆ (كوردستان) و خۆكوشتنم بۆ خۆم ئەوێ.
***
هەروەها، خوالێخۆشبوو (غەفوور مایاوەیی) كە هاوڕێیەكی نزیكی شەهید بوو، برینداركرا و لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكدا دەسگیركران. پاشان لێبووردنێكی گشتیی دەرچوو، ئازادكران. لە ئەو هێرشە بەربڵاو و پێكدادانە كتوپڕییەدا، جگە لە ئەوانەی باسم كردن، چوار پێشمەرگە شەهیدبوون و سێ پێشمەرگەش برینداربوون، لە ئەوانە (شێخ جەلالی شێخ رەشید، خالیدی شێخ موحەممەد و حامیدی حەمە بەگ). بەڵام تا ئەوڕۆ، زیانی دوژمن نەزانراوە.
پاشان تا دەهات، دەنگی گوللەی كڵاشینكۆف و دۆشكە كز دەبوو، ئیدی ئێمەش هەستاین، خۆمان دانەواند بوو، وردە وردە، بە هێواشی و بە ترسەوە، هەنگاومان دەنا و بەرەو گوندی (هۆڵەسمت) كەوتینە ڕێ. بۆ نەگبەتی، بە نێو ئەو كێڵگەیەدا دەڕۆیشتین، هەمووی كێڵرا بوو، نەرم و قوڕاویی بوو، بە پێڵاوەكانمانەوە دەنووسا، وردە وردە بارانیش دەباری، ئێمەش جلی زستانەمان لەبەردابوو، چەكمان لە شاندا بوو، زۆر بە گران هەنگاوماندەنا و نەماندەتوانی، بە ئاسانی بڕۆین. دەممان وشك بووبوو، (سەروەت) زۆر ماندووبووبوو، نەیدەتوانی، بەپێی من بڕوا و گوتی: هێزم نەماوە و زۆریشم تینووە. منیش لە گیرفانی قەمسەڵەكەمدا، بنێشتێكی سەهمم دەرهێنا و گوتم: ئەمە بجوو، گەرووت تەڕدەكا. ڕێژنەی گوللەبارانیش، بە سەرماندا هەر گیزەی دەهات، تا كەمێ لە گوندی (شانەدەری) دووركەوتینەوە.
پێشمەرگەیەك (كەمالی حاجی غەفوور)، كە پێشتر دەمناسی و لەبەر شارەوانییە كۆنەكە كوتاڵی دەفرۆشت، هاواری لێ هەستا و وتی: ئەرەوەڵڵا گوللەیەك بەر سمتم كەوت. خۆشی كەمێ قەڵەوبوو، لەبەرئەوە نەیدەتوانی، بە باشی بڕوا. هەرچی چۆنێ بوو، بە ئەو لێزمە و بارانە، گەیشتینە گوندی (هۆڵەسمت). لە ئەوێ وڵاخێكم بۆ پەیداكرد و سواربوو. بارانەكە تا دەهات، زیادی دەكرد، دەتگوت، لە ئاسمانەوە بە كوندە ئاو دەڕێژن! ئێمە زۆر بووبووین، بە ئەو شەوە تاریك و پڕ باراناوییە، بە ئەو ڕێ سەخت و شاخاوییەدا هەڵگەڕاین، هەر دەڕۆیشتین و ساتێ نەدەوەستاین، بەڵام لە هێزەكانی دوژمن، زۆر دووركەوتبووینەوە، ترسی ئەوەمان نەمابوو، بمانگەنێ، یا گوللەبارنمان كەن.
گوندی (چەوتان):
لە ئەنجامدا، ئێوارەیەكی درەنگ گەیشتینە گوندی (چەوتان). لە ئەوێ كوێخای گوندەكەمان دۆزییەوە، بەسەر ئەو ماڵە هەژارانەدا دابەشیكردین و دامەزراین. من و (سەروەت)، بەر ماڵێكی زۆر بەڕێز و ڕووخۆش كەوتین. گەلێ ڕێزیان لێ گرتین. نان و چایمان خوارد و كەمێ گەرمبووینەوە، بەڵام هەموو جلەكانمان تەڕبوو. پاشان نوێنیان داینێ و چووین بۆ مزگەوت. هەموو پێشمەرگەكان كۆبووبوونەوە، خۆمان ڕووتكردبووەوە و بە دەرپێیەكەوە، لە دەوری زۆپا گەرمە سووربووەكەوە وەستابووین، جلەكانمان وشككردەوە، پیرە زۆپاش ناڵەی دەهات. دوایی هەرچی چۆنێك بوو، ئەو شەوەمان ڕۆژكردەوە، چونكە زۆر ماندووبووین، لە دەوروپشتی زۆپاكە، زوو خەومان لێكەوت. بەیانی زوو، نوێنەكانمان كۆكردەوە و ڕووەو ماڵی خانەخوێكەمان ڕۆیشتین. نان و چامان خوارد و ئیدی ماڵاواییمان لێ كردن.
پاشان، هەموو پێشمەرگەكان كۆبوونەوە، شارەزایەكمان پێشخست و ئێمەش بە ئەو بزنە ڕێیانەدا، بە ئەو هەڵبەزو دابەزەدا، بە ئەو چیاوچۆڵە بەرزانەدا بەڕێكەوتین، سەرەوخوار بووینەوە. دیارە چانسمان هەبوو، تا بڵێی ڕۆژێكی خۆشبوو، بارانەكە خۆشی كردبووەوە، هەتاوێكی زۆر بەتین بوو، بە تەواویی گەرمی كردینەوە. جا هەر بە ڕاستی، هەتاوی دوای بارانبارین زۆر جوان و خۆشە. تا لە دوورەوە بارەگەی لقەكەی خوالێخۆشبوو (جەزای حەمە تالیب) و چەند پێشمەرگەیەكمان بینی، ئیدی ملماننا و بەرەو ئەوێ ڕۆیشتین.
پێكشادبوونەوە:
كاتێ گەیشتین، شەهید (فەتاح) و چەند پێشمەرگەیەك دانیشتبوون. دڵمان زۆر خۆش بوو، جارێكی دیكە، ئەو برا پێشمەرگانەمان بینییەوە. مامۆستا (فارس)، لەگەڵ شەهید (فەتاح) بوو، خەڵكی شارۆچكەی (سەییدسادق) بوو، كون وقوژبنی ئەو نێوچەیە شارەزابوو، ڕێی پیشاندابوو، بە ئاسانی دەرچووبوون. بەڵام ئەو پیاوە، هەرچەندە مامۆستا بوو، هێندە ئازا و ورە بەرزبوو، هەرچەندە كوڕە ئاغا بوو، هێندە ڕووی شیرین و خۆش بوو، هێندە ئاسایی و بێ فیزبوو، قسەی خۆشی بۆ دەكردین و سوعبەتی لەگەڵ دەكردین، هەر وەك فەرماندەی هێزیش نەبێ، وابوو! ڕووی دەمی لە من كرد و وتی: وا بڵاوبووەوە، كە شەهید بووی، بەڵام سوپاس بۆ خوا، ڕاست دەرنەچوو. دوای كەمێ قسەكردن و پێكەنین، چەند پێشمەرگەیەكی هەڵبژارد، لە ئەوانە هەردوو هاوبیر (فەرهاد عەبدولحەمید، برایمی حەمەعەلی ...)، تا بچن، پردەكەی (كەوڵۆس) بتەقێننەوە، چونكە لە ئەوە دەترسا، سوپای داگیركەر بە ئەوەشەوە نەوەستن، هێڕش بێنن و بەرەو (پێنجوێن) بجووڵێن. بەڵام لە ئەوە دەچوو، هەر هێندە فەرمانیان پێ كرابێ، لە گوندی (شانەدەری) بە ئەو لاوە نەیەن و نەجووڵێن. پاشان كۆمەڵێ پێشمەرگەی دیكەی جیاكردەوە و وتی: ئێوە لێرە دەمێننەوە. بەشێكتان لە بارەگەی لق بن و بەشەكەی دیكەشتان، پەنجەی ڕاكێشا و وتی: لەسەر ئەو چیا بەرزە، تا ڕۆژدەكاتەوە ئێشك دەگرن. ئیدی ماڵاوایی كرد و لەگەڵ كۆمەڵێ پێشمەرگەدا ڕۆیشتن.
سەرچیا:
نانی ئێوارەمان خوارد، كۆمەڵێ پێشمەرگە: من و (سەروەت، دكتۆر شیروان بابان، شەهید بێستوونی مەلاعومەر، ئەحمەدی عارفی فیتك و خوالێخۆشبوو جەزای ئەحەشانە) سەركەوتین. چیاكە زۆر بەرزبوو، زەویش تەڕبوو، هێشتا تین و تاوی خۆرەكە، بە تەواوی وشكی نەكردبووەوە. سەرەڕای قورسی خۆمان و چەكەكانمان، سەروو پەتۆشمان پێ بوو. دوای ماوەیە سەركەوتین و لەسەر لووتكەی چیا بەرزەكە، پانتاییەكی باشی لێ بوو، جێگیربووین. هەرچەندە شەوێكی زۆر ساردبوو، نەشمان دەوێرا، ئاگربكەینەوە. بەڵام مانگەشەو بوو. ئێشكمان دەسپێكرد، ئێشكچیمان دیاریی كرد و هەر پێشمەرگەیەك، تا بەیانی دوو كاژێری بەركەوت. ئێشكچی ڕۆی و بە هەر چواردەوری لووتكەی چیاكەدا دەخولایەوە. ئێمەش دوو دوو پشتمان بە یەكدییەوە نووساندبوو، تا سەرخەوێ بشكێنین. بەڵام سەرخەوی چی، كێ لە تاو سەرما و قسە خۆشەكانی كاك (ئەحمەد) خەوی لێ دەكەوت!
ئەو شەوە هیچ ڕووی نەدا. بەیانی خۆرهەڵات و دوای ماوەیەك دابەزین. هەر هێندە نانی بەیانیمان خوارد، ئیدی لەبەر ئەو خۆرەتاوە، لاڵوپاڵ لێی كەوتین و كەمێ چاومان گەرم كرد. پاشان فەرمانمان بۆ هات، ئەو ناوە چۆڵكەین و بەرەو (ناوپارێز) بكشێینەوە. ئیدی چەند ڕۆژێ لە ئەوێش ماینەوە، تا كارەساتە ماڵوێرانكەرەكەی تێكچوونی شۆڕشی بەسەردا هات و هەموومان بۆ (پێنجوێن) گەڕاینەوە.
دوا وتە:
ئەوە دوا بەرەی جەنگ و خەباتی نەپساوەی هێزی (خەبات) بوو، بۆ ئەوەی ئەو نێوچە گرنگە ستراتیژییە ڕزگاركاتەوە، بەڵام بە داخەوە، ئێمە نەماندەزانی، هەموو شت كۆتایی هاتووە! نەماندەزانی، جگە لە دەوڵەتی داگیركەری (بەعس)، دەزگەی هەواڵگریی و سەرانی دەوڵەتەكانی (ئەمریكا، ئێران و جەزایر)، لە مووبەقە سامناكە نهێنییەكەی خۆیاندا، چ جۆرە خۆراكێكی ژاراوییان بۆ ئامادەكردوین! نەماندەزانی، داوی چ جۆرە پیلانێكی گڵاوی مەرگ چێنیان بۆ چنیووین! نەماندەزانی، ڕێككەوتنامە ڕەشەكەی (06. 03)ی (ئەلجەزایر)یان، دژی هیوا و ئامانجەكانی شۆڕشی چواردە ساڵەی گەلەكەمان مۆركردووە!
ئەوڕۆ (39) ساڵ بەسەر دوا بەرەنگاربوونەوە و ئەو خەباتە سەختەی پێشمەرگە ئازا و مەردەكانی هێزی (خەبات)دا تێپەڕدەبێ، بە ئەو بۆنەیەوە، سەری ڕێز و نەوازش، بۆ هەموو شەهیدە دڵسۆزەكانی شۆڕشەكەمان دادەنەوێنم، هیوادارم، وەك ئەمەكێ بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێی ڕزگاری كورد و سەربەخۆیی خاكی پیرۆزی (كوردستان)، ڕیزەكانی گەلەكەمان، لە هەموو كاتێ پتەو و بەهێز و یەكگرتووتربێ، سەركردەی هەموو پارتەكانی (كوردستان)یش، كۆنەقین لەبیر خۆیان بەرنەوە، واز لە بەرژەوەندی تەسكی پارتایەتی بێنن، تەنیا هەر بۆ سەرفرازیی و سەركەوتنی نەتەوەكەمان خەبات بكەن، چونكە هەر بە ئەو شێوەیە، گیانی شەهیدەكانمان شاددەبێ، گەلی كورد بە ئامانجە دوور و نزیكەكانی خۆی دەگا، هەموو پیلانەكانی دوژمنانی نێوخۆ و داگیركەرانی (كوردستان)یش پوچەڵ دەبێتەوە!

* كاتی خۆی لە ژمارە (794)ی ڕۆژی (16. 08. 2010)ی لاپەڕە (18-25)ی گۆڤاری (گوڵان)دا، لە گوتاری (داستانی قارەمانانەی شێرەكوڕانی كورد لە چیای گۆڕەز – شەوی 15-16. 08. 1974)دا، بیرەوەری ئەو ڕۆژانەم بڵاوكردەوە.
* نووسەر و مامۆستای زانكۆ
Top